ڕاوو شكار.
له پاش كۆچی دوایی باوكمان له سالی ١٩٧٥ قرمهیهكی ئه‌مه‌ریكیی له‌دوا به‌جێ مابو. قرمه چه‌ند ناوێكی تری هه‌بون. (قرمه، ساچمه، جفت، تاپڕ). ئه‌و ناوانه هه‌موویان به‌كار ده‌هاتن بۆ قرمه. ئه‌و قرمه ئه‌وه‌ند ڕێز دروست و نیشان شكێن بو، كه‌و و كهوباڕی له‌به‌ر ده‌رنه‌ده‌چون. دوای كۆچی دوایی باوكمان، دلمان نه‌ده‌دا، شته‌كانی ئه‌و به‌كاری هێنابون، به‌كاریان بهێنینه‌وه.
به‌لام پاشان خه‌لكانێكی زۆر كه شاره‌زای قرمهكه بون، داوایان ده‌كرد و ده‌یانگۆت، مادام به‌كاری ناهێنن، پێمان بفرۆشن، چه‌ندی داوا بكه‌ن ده‌تانده‌ینێ. ناچار بوم گۆتم، نه نایفرۆشم و بۆخۆم به‌كاری ده‌هێنم.

ئیتر گه‌نج و عه‌قل هه‌رزه بوم و كه‌یفم پێ ده‌هات كه میوانمان ده‌هاتن و گۆشت كهومان له‌پێشیان داده‌نا و ده‌یانپرسی، ئه‌و كهوانهتان له كوێ بو؟ ماله‌وه‌مان وه‌لامیان ده‌دایه‌وه و ده‌یانگۆت، عیسا به قرمه كوشتینی.

وه‌رزی زستان هه‌تا ڕه‌وه‌نده كه‌وی بهاری به‌سه‌ر ده‌كه‌وت له‌بۆ كوێستانان، به‌رده‌وام گۆشت كهومان هه‌بو.
وه‌ك ده‌زاندرێ، له سالی ١٩٧٥ پاش ئاشبه‌تالی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، حكومه‌تی عێڕاق هه‌موو جۆره چه‌كی قه‌ده‌غه و یاساخ كرد. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه، هیچ شتێك به ئاشكرا په‌یدا نه‌ده‌بو. فیشه‌كی قرمه‌م خه‌لاس بون. ناچار بوم به قاچاخ چومه توركیا ناو گونده‌كانی گه‌ردیان. له‌وێ چه‌ند قالكێكی زه‌رده ئاسنم كڕین له‌گه‌ل باروت و هورده ساچمهكانی قرمه و گه‌ڕامه‌وه بۆ گونده‌كه‌مان. ئیتر هه‌ركاتی پێویستی ڕاوكردن بامه، شه‌و چوار پێنج فیشه‌كم به‌خۆ داده‌گرتن و ئاماده‌م ده‌كردن بۆ كه‌و كوشتن.
ئه‌وانه‌ی ڕاوه كهویان ده‌كرد له ناوچه‌ی برادۆست، به‌شی زۆری دێمجامهیان به‌كار ده‌هێنا. دێمجامه په‌ڕۆیه‌كی سپی ته‌مه‌ت به‌ژنی ڕاوچی، لاكێشی دروست دهكراو و كۆمه‌له نیگارێكی جۆراو جۆری له‌سه‌ر دهنهخشێندرا. وێنه‌ی مارو ڕێوی و بالنده‌ی له‌سه‌ر دهنهخشرا. قولینچكهكان ده‌كرایه قوفل، یان بلێین كونی هه‌نگل. دو داری قه‌میش به‌قه‌د په‌ڕۆكه ده‌بڕدران و سه‌ره‌كانیان ده‌كرده خرك. ئه‌و دو داره قه‌میش ڕاست‌و چۆپ له ههنگلهكانی په‌ڕۆ ههلدهكێشران. جێی چاوی ڕاوچی و لوله‌ی قرمه له ناوه‌ندی په‌ڕۆ یان بلێین خام ده‌كرایه‌وه. به‌و دێمجامه كهویان ڕاو ده‌كردن. كه كه‌و چاویان به دێمجامه ده‌كه‌وت، هه‌ستیان نه‌ده‌كرد كه مرۆڤه، هه‌ر تێكدههاتن و ده‌چون و ده‌یان چیغاند و نه‌یانده‌زانی ئه‌وه چجۆره شتێكه. ڕاوچی به فێلبازی دێمجامهی ده‌جولان و خۆی له كه‌وه‌كان نزیك ده‌كرده‌وه، هه‌تا لێیان دهخێوایهوه و به قرمه ده‌یكوشتن.
من له ژیانی ڕاوكردندا پێویستیم به به‌كارهێنانی دێمجامه نه‌بو. زۆر جاران مێردی پلكم ده‌یگۆت، برام عیسا كلاوی ئه‌جنده‌ی له‌سه‌ره. به‌بێ دێمجامه كه‌وان ڕاوده‌كات، ئێمه‌یش به دێمجامهوه كهومان پێ ڕاوناكرێن.
دیاره گوناحی كه‌وه‌كان بو، ماله جیرانێكمان به‌ناوی حاجی محه‌مه‌د زیاره‌تی ژنیان بۆ كوڕه‌كی ده‌گواسته‌وه و له هه‌موومانیان گێڕایه‌وه. به‌پێی نه‌ریتی ئه‌و گوندان، دو هه‌تا سێ شه‌وان پێش بوك گواستنه‌وه، گه‌نجانی گوندی له‌پێش مالی زاوا كۆده‌بونه‌وه و ده‌ستیان به شایی و گهڕهبهندی ستران و گۆرانی ده‌كرد. تیپی مۆزیقا و دۆل و زوڕنا و ده‌نگبێژی تایبه‌ت كه‌م بون. زۆر جاران هه‌ر گه‌نجانی ئاوایی ده‌ستیان به گهڕهبهند و ستران لێك گێڕانه‌وه دهكردو داوه‌ت و دیلانیان گه‌رم ده‌كرد. به‌تایبه‌ت شه‌وی پێش بوك گواستنه‌وه هه‌تا پاش نیوه‌شه‌و گه‌ڕه شایی بهرنهدهبو.
مالی ئێمه هندێك دابڕاو بو. نزیكه‌ی بیست خولهك هه‌بو به پێیان له گوندی دوور بوین. له‌گه‌ل یه‌ك دو گه‌نجیتر ته‌گبیرمان كرد كه بچین بۆ ناو شایی. خه‌لكان زۆربه‌یان چه‌كی وه‌ك كلاشینكۆف و بڕنۆی دارشوشهیان پێبون. چونكی ئه‌و چه‌كانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ئاشبه‌تال فڕێیان دابون، زۆربه‌ی كه‌وتبونه ده‌ستی گوندیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره. سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه كردنیش، حكومه‌تی عێڕاق نه‌یده‌توانی كۆنتڕۆلی ئه‌و ناوچه بكات و گوندیان گوێیان به بڕیاری قه‌ده‌غه كردنی سیلاح نه‌ده‌دا. منیش فیشه‌كێكی قرمه‌م هیناو هه‌تا پڕ بو، باروتم تێكردو له‌گه‌ل براده‌رانم به‌ره‌و شایی كه‌وتینه‌ڕێ. شه‌و تاریكه، گه‌یشتینه تیره باسكی ته‌نیشت مالی زاوا. مالی زاوا، هۆلی مه‌ڕیان له‌په‌نای تیرهباسكهكه هه‌بو.
له سه‌ری تیرهباسكی ته‌نیشت مالی زاوا، ئه‌و فیشه‌كه پڕ له باروتم هاویشته به قرمهو قوتاخم له عهردیداو په‌نجه‌م له جله‌وی كێشا، له‌گه‌ل په‌نجه كێشان، گرمه‌یه‌كی كه‌وتێ له ده‌نگی تۆپ ده‌چو، هه‌ر یهكسهرهش قرمه‌م له هۆلی مه‌ڕ شارده‌وه و به‌بێ سیلاح ڕومان دایه ناو شایی. كه گه‌یشتینه ناو شایی، هه‌موویان تێك دهقژ قژان و نه‌یانده‌زانی ئه‌و گرمه به‌هێزه چیبو. كه چاویان به ئێمه كه‌وت، هاتن به پیرمانه‌وه و گۆتیان ئه‌وه چ گرمه بو؟
ئێمه‌ش خۆمان نهشارزا كرد‌و گۆتمان ئێمه چه‌كمان پێنییه و ئاگامان له‌و گرمه نیه. به‌لام بڕوایان نهكردو هه‌ر گۆتیان تۆوخوا پێیمان بلێ چی‌بوو چجۆره شتێكتان به‌كار هێنا ئه‌و ده‌نگه گه‌وره‌ی لێههلستا؟ ناچار بوم پێم گۆتن.
به‌لام دیاره باروت ئه‌وه‌نده زۆر بو، خانه‌ی قرمهكهی هه‌موو تێكدابون. له‌پاش ته‌قاندنی ئه‌و فیشه‌ك، قرمهكه ڕاوی پێنهكرایهوه. ته‌قه‌ی پێده‌كرا، به‌لام ساجمهكانی به ستێره یان بلێین به نیشانه نهدهڕشاندن و كه‌وه‌كان تۆزێك له‌ده‌ستم حه‌سانه‌وه.
خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست، وه‌ك ده‌زانن ژیانی گوندان له زۆر باره‌وه له‌گه‌ل سه‌ختی و زهحمهتیهكانیشی، ژیانێكی خۆش و دوور له كه‌رب و كینه‌و خه‌مباری و نه‌خۆشی ده‌روونی بو. ژیانێكی نه‌بونی و كه‌ماسی بو. به‌لام به تام و چێژ‌و خۆشی بو.
له‌گه‌ل ئه‌و جۆره ژیانه‌شدا، زۆربه‌ی هه‌ره زۆرمان نه‌خوێنده‌وارو كۆلهوار بوین. په‌روه‌رده‌یه‌كی ئه‌وتۆمان نه‌بو كه هه‌ست به ئێش و ئازاری گیانداره‌كانی تر بكه‌ین و بزانین چی گوناحه و چی خێره. ئێستا ئه‌گه‌ر پێمبگۆترێ، یان به قرمه ده‌تكوژین، یانیش به قرمه گیاندا‌رێك یان پهڕهولێكیمان بۆ بكوژه، ئاماده‌م گه‌ردنیان ئازا بكه‌م و بلێم بمكوژن، ئاماده نیم گیاندا‌رێك بكوژم.
No comments:
Post a Comment