Monday, March 20, 2017

جه‌ژنی نه‌ورۆز

جه‌ژنی نه‌ورۆز
جه‌ژنی بهاری و گه‌شه‌ كردن و ڕه‌نگین بونی سروشت و ژیانه‌وه‌، له‌ هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ پیرۆز ده‌كه‌ین كه‌ مرۆڤدۆستانه‌ هه‌لسوكه‌وت له‌گه‌ل بۆنه‌كان ده‌كه‌ن و ڕێز له‌ گه‌لانی بڕواداری ئه‌و جه‌ژنه‌ بهاریه‌ ده‌گرن و به‌شداری خۆشی و شادیه‌كانیان ده‌بن.

جه‌ژنی نه‌ورۆز جه‌ژنی تاكه‌ گه‌لێك، یان ناوچه‌یی نیه‌. ئه‌و جه‌ژنه‌ بهاریه‌، له‌گه‌ل گه‌شه‌ كردنی شارستانیه‌تی كۆندا هه‌بوه‌ و بۆ دژایه‌تی هیچ بڕواو دین و مه‌زهه‌بێك دروست نه‌كراوه‌. وه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر هه‌ر بیرو باوه‌ڕێك بێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤانه‌و ژیاندۆست بێت، دژایه‌تی نه‌ورۆزو هیچ بۆنه‌یه‌كیتری خۆشی ده‌ربڕین ناكات. بڕواناكه‌م خوداكانی ناو دین و مه‌زهه‌به‌كانیش، مرۆڤ ئاسا ئه‌وه‌نده‌ ڕق و كینه‌ له‌دل و ده‌روون بن، كه‌ دژی جه‌ژن و خۆشیه‌كانیتر ڕابوه‌ستن.

ئه‌وانه‌ی به‌ناوی خوداپه‌رستی و دین و مه‌زهه‌به‌وه‌، هه‌ر جه‌ژنێك كه‌ خۆشی هێنه‌ربێت بۆ زۆرێك له‌ مرۆڤه‌كان و نه‌بێته‌ دژبه‌ری بۆ گه‌لانیترو نه‌بێته‌ ئاژاوه‌گێڕی، به‌بێ هۆ حه‌ڕام و یاساغ ده‌كه‌ن، ئه‌وان نه‌ دیندارن، نه‌ خوداپه‌رستن، نه‌ كردار مرۆڤن. به‌لكو دڕونده‌ ئاسا ناوی دین و خوداپه‌رستیش له‌كه‌دار ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست و ڕێگرو ئاژاوه‌چی و خۆشی و شادمانی هزاران مرۆڤ تێك و پێك ده‌ده‌ن. ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌دوای پڕوپاگنده‌ی ئه‌و چین و زۆردارو تێكده‌رانه‌ش ده‌كه‌ون كه بۆنه‌كان به‌ناوی جیاجیاوه‌ حه‌ڕام و یاساخ ده‌كه‌ن و به‌ربه‌ست له‌به‌ر شادمانی گه‌لاندا، داده‌نێن، به‌شداری تاوانی زۆردارانن و ئه‌گه‌ر خودایه‌كی عادل و دادپه‌روه‌ر هه‌بێت، حیساب له‌گه‌ل ڕوحی شه‌ڕه‌نگێزو ئاژاوه‌گێڕیان ده‌كات و له‌ ڕوحم و به‌زه‌یی خۆی بێبه‌شیان ده‌كات.

له‌م كورته‌ نوسینه‌دا، نه‌مویستوه‌ به‌ مێژوودا بچمه‌وه‌ و چیڕۆك و ئه‌فسانه‌كانی دامه‌زرانی جه‌ژنه‌كان داڕێژمه‌وه‌، خودا ده‌یكرد، دوێنێ جه‌ژنێك داده‌مه‌زرا. مادام ئه‌و جه‌ژنه‌ ده‌بێته‌ هۆی خۆشی و شادی بۆ كۆمه‌لگاكانی به‌شه‌ریه‌ت، ده‌بێ به‌ جه‌ژنێكی پیرۆز دابندرێ و شادمانی و خۆشیی ئه‌و گه‌لانه‌ پیرۆز بكرێ و لێیان تێكنه‌درێ و فتواو قراری نامرۆڤانه‌ به‌ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ ده‌رنه‌كرێ و ده‌رنه‌بڕێ بۆ دژایه‌تی كردن و خۆشی تێكدان.

جه‌ژنی نه‌ورۆز، ته‌نها جه‌ژنی گه‌لی كورد نیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ دین و ئاگرپه‌رستیه‌وه‌ نیه‌. ته‌نها گه‌لانی زۆرده‌ست و داگیركه‌ر، هه‌رده‌م بۆ كۆنتڕۆل كردنی مێشكی ژێرده‌ستان، پڕوپاگنده‌ی نابه‌جێ و ناڕه‌وایان به‌ناوی دینه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ناوو ناتۆره‌ی هه‌لبه‌ستراویان بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز هه‌لبه‌ستوه‌ و بوینه‌ به‌ربه‌ست و دژایه‌تی نه‌ورۆزیان كردوه‌ و ناوی ئاگرپه‌رستیان بۆی به‌كار هێناوه‌. 

هه‌ر به‌ هۆی یاساخ و به‌ربه‌ست كردنیش، له‌ سه‌ده‌ی بیست و هه‌تا ئه‌مڕۆ، جه‌ژنی نه‌ورۆز بۆ گه‌لی كورد، وه‌ك ڕۆژی سه‌رهه‌لدان و ڕاپه‌ڕین و ژیانه‌وه‌ هاتۆته‌ ئه‌ژمارو بلندو پیرۆز ڕاگیراوه‌. ئه‌ویش، كاردانه‌وه‌یه‌ دژی داگیركاران و زۆرداران و به‌ربه‌ست دانه‌ران. جه‌ژنتان پیرۆز بێت و نه‌فره‌ت له‌وانه‌ش كه‌ به‌ربه‌ست داده‌نێن و ئه‌وانه‌شی كه‌ پالپشتی له‌ به‌ربه‌ست ده‌كه‌ن. ئازادی بۆ ئاشتیخوازان. شه‌رمه‌زاری بۆ داگیركه‌ران و پیلانگێڕان.

عیسا سێودین

Sunday, March 5, 2017

یاده‌وه‌ری ڕاپه‌ڕین و به‌رهه‌می دوای ڕاپه‌ڕین.

زۆر به‌كورتی له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕین.
ڕاپه‌ڕین به‌ كورد كراو ته‌سلیم به‌ مه‌لایی و جه‌لالی كرا.
كه‌ ده‌لێم مه‌لایی و جه‌لالی، حیزبه‌ هورده‌واله‌كانیش له‌ هه‌مان عه‌قلیه‌تدا به‌ڕێوه‌ ده‌ڕۆن و نه‌یانتوانیوه‌ سه‌ربه‌خۆو هه‌لقولاوی ناخی جه‌ماوه‌ر بن.

هیچ هێزێكی ژیرو بیرتیژیش له‌ناو كوردی عێڕاقدا نه‌بو كه‌ عه‌قلی پێدا بشكێ و بزانێ كه‌ مه‌لایی و جه‌لالی له‌ بناغه‌وه‌ دروستكراوی ده‌ستی ده‌ره‌كین و ده‌بێ له‌و به‌رنامه‌و ڕێگایه‌ ده‌رنه‌چن كه‌ بۆیان داندراوه‌ و ده‌ستنیشان كراوه‌.

دوای ئه‌زمونی زیاتر له‌ بیست و پێنج سالیش، هه‌ر كه‌سێك دلی به‌ به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین و كوردایه‌تی مه‌لایی و جه‌لالی خۆش بێت و به‌ سه‌ركه‌وتنی بزانێت، له‌و ناوانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌رناچێت.
به‌رژه‌وه‌ندیداری بێ ویژدان، سه‌رسه‌ری و بێعار، گه‌مژه‌و كۆیله‌، نه‌زان و هه‌لخه‌له‌تێندراو، گه‌وادو نیشتیمان لاقه‌كه‌ر.
كێش له‌گه‌لم هاوڕا نیه‌، با بۆخۆی بچێته‌ به‌ر ئاوێنه‌و خۆی بدۆزێته‌وه‌.


عیسا سێودین. ٥-٣-٢٠١٧