Monday, February 18, 2019

بیره‌وه‌ری و بیلمه‌ز

چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌ك:

سه‌ره‌تای پاییزی ١٩٧٥ بو، كه‌پرێكمان به‌ سێپێكان له‌سه‌ر بانی دروست كردبو. بیلمه‌زی خوشكم زۆربه‌ی شه‌وان ده‌چو له‌سه‌ر كه‌پرێ ده‌نوست. شه‌وێك له‌پاش مال نوستنان، هوڕه‌یه‌ك ده‌ستی پێكرد، هوڕه‌كه‌ هنده‌ به‌هێز بو، له‌ كه‌پرێیدا له‌و سه‌ر‌ی بانی فڕێیدابۆ ئه‌و سه‌ری بانی. ئێمه‌یش له‌گه‌ل ڕمبه‌ی كه‌پر كه‌وتنێ، هه‌موومان ڕاپه‌ڕین و گۆتمان له‌وانه‌یه‌ بیلمه‌ز بریندار بوبێت، یان جێگایه‌كی شكابێت. كه‌ گه‌یشتینه‌ كه‌پره‌كه‌، ته‌ماشاین كرد بیلمه‌ز بێده‌نگه‌ و ناجولێت‌، ترساین و وامانزانی له‌هۆش خۆی چووه‌. بانگمان كرد، گۆتمان بیلمه‌ز بیلمه‌ز، كچێ ئه‌تو نه‌مردی؟ هه‌سته‌ له‌سه‌ر داره‌ كه‌پران وه‌ره‌خوارێ، كه‌پر له‌گه‌ل زه‌وی ته‌خت ببو، ئه‌ویش به‌ چاوی خه‌والووه‌وه‌ هه‌ستا و گۆتی به‌كێنده‌رێدا بێمه‌خوارێ؟ هه‌موومان تێكڕا به‌ربوینه‌ پێكه‌نین و گۆتمان كچێ كه‌پر كه‌وتۆته‌‌ خوارێ، ئه‌وه‌ تۆ باسی چیده‌كه‌ی؟ دوای له‌سه‌ر جێگا هه‌ستا و ته‌واو خۆی هۆشیار كرده‌وه‌، ئه‌و كاتی شانگه‌شكه‌ ببو و ده‌یگۆت، به‌و خوایه‌ بانگتان نه‌كردبام، هه‌ر ئاگام له‌ به‌ربونه‌وه‌ی كه‌پر نه‌بو و له‌خه‌و هه‌لنه‌ده‌ستامه‌وه‌.


چلو بڕین

له‌ پاییزی سالی ١٩٧٥دا، من و هه‌ردو خوشكه‌ گه‌وره‌كانم چوینه‌ خوار مه‌زراوی گونده‌كه‌مان، گوندی به‌نێی خوكوڕك بۆ چلو بڕین. من دار به‌دار پێدا ده‌ڕۆیشم و  دامده‌پرژنین و چلوم ده‌بڕی. خوشكه‌كانیشم چلویان ده‌كرده‌ مه‌لۆ و ده‌یانكێشاوه‌ جێی دیاریكراو بۆ ئه‌وه‌ی پاش نیوڕانێ ده‌ست به‌ نژنینی گیودار بكه‌ین. ده‌وری كاتژمێر ده‌ی به‌یانی، كۆمه‌له‌ دارێكمان داپه‌رژنین و مه‌لۆ چلوه‌كان كێشرانه‌وه‌ بۆ جێی مه‌به‌ست. 
ئه‌و سه‌رده‌می به‌رنامه‌ی زۆربه‌ی ئێمه‌ی گوندی وه‌ها بون، له‌گه‌ل ڕۆناك بونی سبیانێ، له‌خه‌و ڕاده‌په‌ڕین و نوێژی به‌یانیمان له‌سه‌ر كانیاوان ده‌كرد، پاشان به‌ په‌له‌ سه‌ركێشت(سه‌رتێشت)مان ده‌خوارد و ده‌چوینه‌ سه‌ر كار و ئیش كردن. كه‌ ڕۆژ ته‌واو به‌رز ده‌بویه‌وه‌، بلێین كاتژمێری هه‌شت و ئه‌و ده‌ورانه‌، كه‌سه‌ك ده‌هات نان و پێخۆری له‌بۆ ده‌هێناینه‌ سه‌ر كار، ئه‌وكاتی كێشت(تێشت)ی ته‌واومان ده‌خوارد. دوای كێشت خواردن، ده‌ستمان به‌ ئیش ده‌كرده‌وه‌ و له‌ ده‌وری ده‌مژمێر ١٠ بۆ ١١ی پێش نیوڕانێ، ده‌با چایه‌ چاك كرابا، كه‌ چایه‌ دێمی ده‌كێشا، ڕه‌گه‌ل چاخواردنه‌وه‌ڕا، هنده‌ك ڕونی مه‌ڕیمان له‌سه‌ر هسان داده‌نا و داسه‌كانمان ده‌هسون و تیژ ده‌كردنه‌وه‌. كه‌ داس تیژ ده‌كرانه‌وه‌ و چایه‌ ده‌خورایه‌وه‌، ده‌ستمان ده‌دایه‌وه‌ چلو بڕین و مه‌لۆ كردن و كێشانه‌وه‌. له‌ ده‌وری كاتژمێر دو هه‌تا سێی پاش نیوڕانێ، ده‌بایه‌ نیوڕۆژ بخۆین، دوای نیوڕۆژ خواردن، ده‌بایه‌ ده‌ست به‌ نژنینی گیودار بكه‌ین، هه‌رده‌م من كاری نژنینم ده‌كرد و خوشكه‌كانم چلویان ده‌هێنایه‌‌ به‌رده‌ستم، به‌س كه‌ گیودار له‌  به‌ژنێك و زێده‌تر بلند ده‌بو، ده‌بایه‌ به‌ كنۆران مه‌لۆ چلوم بۆ به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و بگه‌یننه‌ به‌رده‌ستم. ئه‌و پاییزی، ڕوی ڕه‌وه‌نداتی هه‌ركیان نه‌كه‌وتبووه‌ گونده‌كه‌مان. پوش و په‌لاخ هه‌تا چۆكی مرۆڤ ده‌هات و له‌گه‌ل شه‌نقاو هاوێستن، خشپێن و قرچێنی پوش شكان بو. له‌پاش كێشتان، خه‌ریكی دامالینی دارێك بوم، بانگی بیلمه‌زی خوشكمم كرد و گۆتم، ده‌توانی ئاگرێك هه‌لكه‌ی و كتری پڕ ئاو كه‌ی و چایه‌مان بۆ دانێی؟ ئه‌ویش چوبو پێكوچكی دانابون، به‌ نیازی خۆی، ده‌وره‌ی پێكوچكانی ڕامالیبو و پوشی له‌ ده‌وره‌ نه‌هێلابو. به‌س تاره‌ بایه‌ك ده‌هات و جار به‌جاره‌، گوفیه‌كی توند هه‌لی ده‌كرد و قه‌نگه‌لاشك و پوشی له‌ یه‌كتر ده‌ئالاندن و بۆ لایه‌ك ڕایده‌مالین. بیلمه‌ز ئاگری هه‌لكردبو و كتری (قۆڕیه‌)ی پڕ ئاو كردبو و له‌سه‌ر ئاگری دانابو. كاتێك له‌ناكاو گوفیه‌ بایه‌ك هه‌لی كردو بووه‌ بابه‌لوسك و پوش و قه‌نگه‌لاشكی لێك سوڕاندن و به‌سه‌ر ئاگری وه‌ركردن. بیلمه‌ز هاواری كرد و گۆتی ئاگر به‌ربووه‌ ئێره‌، ئاگر به‌ربووه‌ ئێره‌. كه‌ ئاوڕم دایه‌وه‌، بینیم گوڕیی ئاگر، ئه‌و پوش و ته‌ڕاشی داگرتن و قرچێنی سوتانیان بو. خۆم له‌سه‌ر دارێ فڕێدایه‌ خوار و ده‌ستمان دایه‌ هه‌شكه‌ چلووان و وه‌رگه‌ڕاینێ كه‌ ئاگر بكوژێنینه‌وه‌، به‌س نه‌هه‌رێ، ئاگر له‌ده‌ست چوده‌رێ و ئه‌و ته‌لانی داگرت. ئه‌و چلووه‌ی كێشامان بویه‌وه‌ و حازرمان كردبو بۆ نژنین، ئاگری گرت و ده‌تگۆت، نه‌فتی پێدا كراوه‌، هه‌ر لرفه‌ی ده‌هات و ده‌سوتا. دوكه‌ل و دومان ئه‌و جێگایه‌ی هه‌موو داگرت. هه‌تا لایه‌كمان ده‌كوژانده‌وه‌، له‌ دو لایتر ئاگری ده‌گرت و ته‌واو له‌ كۆنتڕۆل ده‌رچو. هه‌مووی چارێكه‌كی نه‌برد، زێده‌تر له‌ بیست مرۆڤ له‌ گوندیڕا ده‌هاوارمان هاتن بۆ كۆنتڕۆل كردنی ئاگر. به‌س هه‌تا ته‌واوی ئاگرمان كوژانده‌وه‌، ئه‌و چلووه‌ی كێشرایه‌وه‌ و نه‌كێشرایه‌وه‌، هه‌مووی سوتا و زیادتر له‌ ده‌ دۆنمان پوش و دار و ته‌ڕاش و چلو سوتان. ئێمه‌ هه‌موومان ڕه‌ش هه‌لقه‌مریابوین هه‌تا ئاگره‌كه‌مان كوژانده‌وه‌. ئه‌و ڕۆژی نه‌ك هه‌ر ڕه‌نج به‌خه‌سار بوین، بگره‌ به‌ كۆلێكی خه‌مباریی و هیلاكییه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ مالێ. ئه‌گه‌ر هیممه‌تی به‌هاناوه‌ هاتنی گوندیانیش نه‌بایه‌، دوور نه‌بو ئاگر هه‌تا گوندی بگرتبایه‌وه‌ و پوش و چلوی بۆ گوندیانیش نه‌هێلابایه‌وه‌.

چیڕۆكی باپیرم و په‌ندی بیلمه‌زی خوشكم:

هه‌مان سال له‌ پاییزێكی دره‌نگ و سارد و باراناویدا، شه‌وێك هه‌موومان له‌ مالێ له‌به‌ر سۆبه‌ی داران دانیشتبوین، باپیرمان به‌سه‌رهات و چیڕۆكی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌می بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌. له‌و گێڕانه‌وه‌دا، گۆتی له‌شكری عورس هێرشیان هێنا هه‌تا له‌ گه‌روی داییلا و له‌ گوندی به‌له‌سه‌نانێ به‌سه‌ر كه‌وتن و هاتن بۆ‌ باوێشه‌كانی نزاری گوندی شۆشنێ. له‌وێ خه‌لكان به‌رپه‌ڕچیان دانه‌وه‌ و لێنه‌گه‌ڕان بێنه‌ پێش. له‌و گێڕانه‌وه‌دا، گۆتی، لوتكه‌ به‌ردێكی به‌رز له‌ خوار ڕێگای شۆشنێ هه‌بوو، شه‌ڕكه‌رێكی عورس خۆی گه‌یاندبووه‌ كۆپكی ئه‌و به‌ردی و  كه‌س نه‌یده‌توانی سه‌ر به‌رز بكاته‌وه‌. ناوی كه‌سێكی مێرخاسی ده‌هێنا، به‌داخه‌وه‌، ناوه‌كه‌م له‌بیر نه‌ماوه‌، ده‌یگۆت، فلانه‌ كه‌سه‌ به‌بێ چه‌ك پارسته‌ شه‌ڕكه‌ری ڕوسی، لێی چوبووه‌ دیوی پشته‌وه‌، شه‌ڕكه‌ره‌كه‌ مه‌شغولی پێشه‌ خۆی بو، ئه‌و مێرخاس له‌ پشته‌وه‌ڕا به‌سه‌ر لوتكه‌ به‌رد كه‌وتو شه‌ڕكه‌ری عورسی دایه‌ به‌ر خه‌نجه‌ران و كوشتی. له‌و سه‌روبه‌ندیشدا، له‌شكری عورس شكاو جه‌نازه‌ی ئه‌و شه‌ڕكه‌ریان له‌وێ مایه‌وه‌، هه‌تا پاییزێش هێسك و به‌رگی هه‌ر دیار بون و كه‌س خۆی لێنه‌ده‌كرده‌ خاوه‌نی شاردنه‌وه‌، واته‌ ژێرگل كردن. له‌گه‌ل قسه‌كانی باپیرم تێكڕا چوبوینه‌ ناو خه‌یال و خافله‌تیه‌كی كوور و گوێڕاهێلیی گێڕانه‌وه‌كانی.

كاتێك بیلمه‌ز چووه‌ ده‌رێ و گه‌ڕایه‌وه‌. باپیریش پرسیاری لێی كرد و گۆتی ئه‌رێ هه‌ور بو یان سامال؟ بیلمه‌ز له‌سه‌ره‌ خۆ وه‌لامی دایه‌وه‌ و گۆتی، به‌خوای نه‌متوانی ته‌ماشا بكه‌م له‌به‌ر بارانێ! ئه‌و وه‌لامه‌ی بیلمه‌زێ، وه‌ك هژانێكی هۆشیار بونه‌وه‌ بو بۆمان و تێكڕا پێكه‌نین و گۆتمان چما قه‌ت باران له‌ سامال بارییه‌؟ بیلمه‌ز به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ ته‌ماشایه‌كی كردین و گۆتی، بۆ پێده‌كه‌نن، به‌خوای به‌ڕاستیمه‌. زێده‌تر بووه‌ گۆشه‌ی پێكه‌نین. پاشان باپیر گۆتی، بیلمه‌ز كچم، باران له‌ هه‌وری ده‌باری، نه‌ك له‌ سامالی.
سالی پاشتر باپیرمان بیلمه‌زی خوشكمی له‌ عه‌باس مه‌حمود ماره‌ كرد، به‌و مه‌رجه‌ی مالی مه‌حمودی یارمه‌تیمان بده‌ن له‌ كاری وه‌ك جۆتیاری و بژاره‌ و زه‌وی هه‌لوژاردن و په‌رژین كردن و گیا درون و گێڕه‌ و چلو بڕین و كاروانه‌كاندا. ئێستا بیلمه‌ز و عه‌باس خاوه‌نی كۆمه‌له‌ مندالێكی گه‌نج و چه‌ند نه‌وه‌یه‌كن. به‌س به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌ سالی ٢٠٠٦ وه‌ نه‌متوانیوه‌ بیانبینم و دوعاخوازم ته‌ندروستیان باش بێت و كه‌مخه‌م بژین. له‌گه‌ل دوعای به‌خته‌روه‌ری بۆ هه‌موو لایه‌كتان.
وێنه‌كه‌م له‌ گوگل وه‌رگرتووه‌.