هه‌ستی مندالان
جۆتیار گێڕایه‌وه و گۆتی، خاوه‌نی دو مندالی خنجیلانه بوم، بوژانی ٤ سالی و ژوانی ٦ سالی. فیلمێكی نوێی پڕ له په‌ند و پێكه‌نین هاتبووه سینه‌ما، به پرس و ڕای هه‌ردو منداله‌كانم، چوین بۆ بینینی فیلمه‌كه. له ناوه‌ڕاستی ته‌ماشا كردنی فیلم‌دا، بوژان له‌سه‌ر كورسی خه‌و بردییه‌وه. خۆم و ژوان ماینه‌وه هه‌تا فیلم ته‌واو بو. له‌پاش كۆتایی فیلم، بوژانم له باوه‌ش كرد و هاتینه ناو ئۆتۆمبێل، شه‌وێكی زیك و ته‌زی بو، منیش عاباكهمم داكه‌ناند و به‌سه‌ر بوژانم دادا و به‌ره و ماله‌وه كه‌وتینه‌ڕێ. كه گه‌یشتین، بوژانم له باوه‌ش كرد و بردمه سه‌ر جێگا‌و لێفكم به‌سه‌ری دادا. له‌گه‌ل ژوانیش چومه سه‌ر ته‌خته‌ی نوستنی و له ته‌نشتی ڕاكشام و ده‌ستمان به قسان كرد.
هه‌م ده‌مویست گفتوگۆ بكه‌ین هه‌تا خه‌وی لێدهكهوی، هه‌میش ده‌مویست بزانم هه‌تا چه‌ند پێكه‌وه چونمانی پێ خۆش بووه و چۆنی سه‌رنج داوه‌ته فیلمه‌كه.
گۆتم ژوان پێت چۆن بو پێكه‌وه چوینه پێش فیلمه‌كه؟
ژوان گۆتی، بابۆ زۆر خۆش بو.
دوباره پرسیم، چیدیت پێخۆش بو له‌و پێكه‌وه چونهمان و فیلمه‌كه‌یش؟
ژوان وه‌لامی نه‌بو و ڕوی سوڕانده دیواری و بێده‌نگ مایه‌وه.
نه‌مزانی چیبو و بۆچی ژوان وه‌لامی نه‌دامه‌وه و ڕوی وه‌رگێڕا!. پرسیم و گۆتم ها كوڕه خۆشه‌ویسته‌كه‌م، چیته؟ بۆ ڕوت وه‌رگێڕاو وه‌لامت نه‌دامه‌وه؟ كه ژوان ئاوڕی دایه‌وه، ده‌بینم هه‌ردو چاوی پڕ ئه‌سرین بونه و به خرینگێن و ده‌نگ له قوڕگ داماوی، پرسیاری كرد‌و گۆتی، بابۆ، هه‌كه جاره‌كیدی منیش خه‌وم لێبكهوی و سه‌رما بیت، چاكه‌ته‌كه‌ت داده‌كه‌نی و به‌سه‌رم داده‌ده‌ی؟
جۆتیار گۆتی، هه‌رچه‌نده دلیم دایه‌وه و پێم گۆت كه ئه‌و و براكه‌ی هه‌ردوكیان خۆشهویستمن و جیاوازی له‌به‌ینیان نییه، به‌س ئه‌وه‌نده له‌و هه‌سته ناسكه پڕ سۆز‌و سۆیه‌ی ژوان فێربوم، به درێژایی ته‌مه‌ن له‌بیرم نه‌كردووه و له‌بیری ناكه‌م.
مندالان ناسكن، ده‌بێ به ناسكی هه‌لسوكه‌وتیان له‌گه‌ل بكرێ و متمانه‌یان بۆ دروست بكرێ و به باوه‌شی خۆشه‌ویستیه‌وه په‌روه‌رده بكرێن. توند‌و تیژی، متمانه و بڕوا بخۆبون لای مندالان ناهێلی و هه‌ست به سۆز و خۆشه‌ویستیی دایكان و باوكانیان ناكه‌ن. بۆیه زۆر پێویسته به عه‌قلێكی ژیر و دلێكی ڤیندار و له‌سه‌رخۆ له‌گه‌ل ته‌مه‌نی منداله‌كاندا بگونجێن و فێركاری ته‌ندروست بن و هه‌لوێسته له‌سه‌ر بیر و هه‌سته‌كانیان بكرێ، هه‌ر ئه‌وتۆ گوێ له هه‌موو هه‌ست و پرسیاره‌كانیان بگیردرێ. به ئومێدی ژیانێكی خۆش و پڕ خۆشه‌ویستی و ئازادی بۆ هه‌موو لایه‌ك.
No comments:
Post a Comment