Saturday, January 5, 2019

بیره‌وه‌ریی خۆم و بازید

بیره‌وه‌ریی خۆم و بازید
یه‌كه‌م:
من و بازید محه‌مه‌د داود هاوته‌مه‌ن و هاوڕێ بوین. دو گه‌نجی بێ ئه‌زمون و خوێن گه‌رم و سه‌ره‌ڕۆ بوین. خوێندنگه‌مان شوان كاری و مه‌ڕداری، په‌روه‌رده‌مان سروشتی و خۆڕسكی بو، داهاتمان جۆتیاری و ئاودێری بون، نه‌خۆشیمان نه‌ده‌ناسی، به‌س هه‌كه‌ نه‌خۆش كه‌وتباین، نه‌خۆشخانه‌مان سه‌ر مه‌رقه‌د و قه‌بران‌ بون، ده‌رمانمان نوشته‌ و دوعا و، ده‌وای برینداریمان بنیشت و جه‌وی و گیایه‌كان بون، دكتۆری شكه‌سته‌مان به‌یتاری كورده‌واری و، حه‌ز و ئاره‌زو و خۆشه‌ویستیش هه‌ر زۆر شه‌رم و شوره‌یی بون، هه‌موو شتێك ڕه‌نگ و ڕه‌سه‌نی خۆی هه‌بو، ژیان چه‌نده‌ دواكه‌وتو و پڕ زه‌حمه‌تی بو، ئه‌وه‌نده‌یش به‌تام و له‌زه‌ت و كه‌یف و ته‌بایی بو. ئێمه‌ مالمان له‌ گه‌لیی سولكێ و، ئه‌وانیش بانه‌ییان له‌ گه‌لیی ختره‌ی له‌ به‌ینی گونده‌كانی شۆشنێ و به‌نێ بو. مالی ئێمه‌و بانه‌یی ئه‌وان، نزیكه‌ی نیو سعاته‌ڕێ له‌ یه‌كتر دوور بون. هه‌رگیز بێ ئیش و ده‌ست به‌تال نه‌ده‌بوین، به‌س هه‌ركاتی كه‌لێنه‌ ده‌رفه‌تێكمان بۆ ده‌ڕه‌خسا، ده‌گه‌یشتینه‌وه‌ یه‌كتر، ئه‌و كه‌لێنه‌ ده‌رفه‌تانه‌شمان به‌ زۆر ده‌ڕه‌خساندن و هه‌ولمان ده‌دا، به‌لایه‌نی كه‌م، حه‌فتانه‌ یه‌كتر ببینین و هه‌والی یه‌كتر بپرسین.
له‌ سالی ١٩٧٦ تازه‌ كه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك په‌یدا ببونه‌وه‌. پێشمه‌رگه‌كانیش گشتیان خه‌لكانێكی نه‌ناسراو بون، سه‌ره‌ڕای نه‌ناسراویش بێ ڕێكخستن و به‌ڕه‌للا بون. ڕۆژێك بازید به‌ته‌نیا له‌ بانه‌ییێ ده‌بێت. دو چه‌كدار به‌ناوی پێشمه‌رگه‌ لێی مێوان ده‌بن، ئه‌ویش تفه‌نگێكی په‌ڕه‌شوتی له‌لا بو، ئێمه‌ زۆربه‌مان به‌ قاچاخ تفه‌نگمان هه‌لده‌گرتن، هه‌رده‌م ترسمان هه‌بو به‌هۆی چه‌ك پێبون بكه‌وینه‌ به‌ر په‌لاماردانی له‌ناكاوی حكومه‌ت، ڕۆژانه‌ هه‌لیكۆپه‌ر به‌و گه‌لیاندا ده‌سوڕانه‌وه‌، هه‌ر كاتی گڤه‌ گڤیان ده‌هات، ئه‌وانه‌ی چه‌كیان پێبو، ده‌بێ خۆیان له‌ناو دار و دره‌ختاندا شاردبایه‌وه‌. دوای به‌خێرهینانیان، بازید به‌ هه‌ردو پێشمه‌رگه‌كانی گۆتبو دانیشن، ئاگر هه‌لده‌كه‌م و نان و ماست و چایه‌تان بۆ حازر ده‌كه‌م. بازید تفه‌نگی له‌ پشته‌خۆ به‌ دیواری هه‌لپساردبو، له‌و ده‌مه‌ی خه‌ریكی چایه‌ چاكردن بووه‌، هه‌ردو چه‌كداره‌كان هه‌ستابونه‌ سه‌رپێ و بۆ لای بازید چوبون، بازیدیش ترسابو، ده‌ستی هاویشتبووه‌ تفه‌نگ و پێیگوتبون بكشێنه‌وه‌ ده‌تانكوژم، ئه‌وانیش جنقیبونه‌وه‌، به‌ بازید،یان گۆتبو، كاكه‌ به‌خوا ئێمه‌ هه‌ستاین بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیت بده‌ین و هیچ نیازی خراپمان لێت نییه‌، به‌س تازه‌ بازید نه‌یتوانیبو بڕوایان پێبكات، تفه‌نگی لێیان سوار كردبوو پێیانی گۆتبو، لێره‌ بڕۆن و ئاوڕ مه‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌وانیش ناچار ئه‌وێیان به‌جێ هێشتبو. هه‌ر ڕێوبارێكیش به‌و گه‌لیدا هاتبا، ئاوه‌دانی كه‌م بو، بۆیه‌ ناچار بو بۆ پشودان و خواردن لاداته‌ ماله‌كانی ئێمه‌. به‌هار بو، منداله‌كان له‌به‌ر به‌ڕۆژكی پێش ده‌رگا دانیشتبون و یاریان ده‌كرد، دایكم خه‌ریكی ئیشی ناومالێ بو، من له‌ناو ده‌ره‌دیی پێش ده‌رگا خه‌ریكی په‌رژین نوژه‌ن كردنه‌وه‌ بوم، كاتێك دایكم مندالی به‌دوادا ناردم و گۆتیان وه‌ره‌وه‌ میوانمان هاتون، منیش ئیشم به‌تال كردو چوم به‌خێر هاتنم لێیان كردو هه‌ر له‌ بێلاوی دانیشتین، دایكم خواردنی بۆیان ئاماده‌ كرد، منیش له‌گه‌لیان كه‌وتمه‌ گفتوگۆ، هاتنه‌ قسه‌ و گۆتیان مالێك له‌و گه‌لیه‌ی خواره‌وه‌یه‌، لاماندایه‌ ئه‌و ماله‌، ئه‌ویش یه‌ك تاقه‌ گه‌نجی لێبو، چه‌كی لێڕاكێشاین و ده‌ری كردین. من پێم گۆتن كاكه‌ هیچ مال له‌وێ نینه‌، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ به‌ مالتان زانیوه‌، خانووێكی به‌تاله‌، ته‌نها زستانان مه‌ڕی لێ به‌خێو ده‌كرێ، هاوینانیش ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ناو به‌رو بیستان، بۆ پشودان له‌و خانوو داده‌نیشن، به‌س شه‌وان چۆلی ده‌كه‌ن و كه‌س به‌رده‌وام لێی ناژیێت. هه‌رچۆنێك بێت، خواردنی خۆیان خوارد و دایكم دو نوردیه‌ نانی زیاده‌ی بۆیان دانان، خاتریان لێمان خواست و به‌ڕێكه‌وتن. نزیكه‌ی نیو كاتژمێر دوای ڕۆیشتنی ئه‌وان، بازید په‌یدا بو، له‌گه‌ل سلاو كردن و دانیشتن، گۆتی هیچ چه‌كدار ئێروه‌ نه‌هاتن؟ منیش گۆتم، با  دو چه‌كدار هاتن لێره‌ نانی نیوه‌ڕۆیان خوارد و ڕۆیشتن. بازید گۆتی، ئه‌و چه‌كدارانه‌ نیازیان زۆر خراپ بو، هاتنه‌ لام و منیش ویستم نان و چایان بۆ ئاماده‌ بكه‌م، به‌س كه‌ چاویان به‌ تفه‌نگی من كه‌وت، هه‌ردوكیان بۆم هاتن، ئه‌گه‌ر تفه‌نگم لێیان ڕانه‌كێشابا، خه‌ریك بون پڕده‌نه‌ تفگه‌كه‌م و له‌چه‌كم بكه‌ن. منیش گۆتم كاك بازید، به‌ڕاستی ئه‌و دو چه‌كدار لێره‌ بون، ئه‌وانیش هه‌مان بابه‌تیان بۆ باس كردم، به‌س ئه‌وان گۆتیان ئێمه‌ ویستمان یارمه‌تیی بده‌ین، كه‌چی ئه‌و لێمان ترسا و چه‌كی لێ ڕاكێشاین و وه‌ده‌ری ناین. بازید گۆتی، درۆ ده‌كه‌ن، به‌خوا تفه‌نگم لێیان ڕاست نه‌كردبایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌شیان كوشتبام، چه‌كیان ده‌كردم و ده‌ڕۆیشتن، چونكی سه‌ره‌تا زۆر جوان دانیشتن، پاشان كه‌ بینیان هه‌ر من به‌ ته‌نیا له‌وێم و تفه‌نگم به‌ دیواری پشته‌خۆم هه‌لپساردووه‌، هه‌ردوكیان هه‌ستانه‌ سه‌رپێ و بۆ لای تفه‌نگم هاتن، بۆیه‌ منیش ترسام و نه‌مویست ده‌رفه‌تیان پێبده‌م كه‌ بتوانن چه‌كم بكه‌ن. گۆتی ئه‌گه‌ر له‌گه‌لم بێیت، ده‌ڕۆین هه‌ردوكیان له‌ چه‌ك ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر جورعه‌ت نه‌كه‌ن هه‌ولی كاری خراپ و تێكدانی ئارامیی گونده‌كانمان بده‌ن‌. من ڕازی بوم و ده‌ستمان دایه‌ تفانگ و كه‌وتینه‌ ڕێگا به‌دوایاندا، هه‌رچه‌نده‌ زۆر به‌ توندی ڕۆیشتین هه‌تا گه‌یشتینه‌ باوێشه‌كانی‌ بڕه‌پیر، كه‌‌ نزیكه‌ی سعاته‌ڕێیه‌ك ده‌بو، ده‌تگۆت زه‌وی قوتی دان، نه‌مان دۆزینه‌وه‌ و ناچار به‌ره‌و ماله‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌. دوای ئه‌و كاتی، له‌دلدا ده‌مگۆت، به‌ختی هه‌ژاریی و ساده‌یی ئێمه‌ بو نه‌مان دیتنه‌وه‌، چونكی ده‌كرا بماندیتبانه‌وه‌ و هه‌ولمان دابا چه‌كیان بكه‌ین، ئه‌وانیش ده‌ستیان كردبایه‌وه‌ و یه‌كترمان كوشتبا، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كتر بناسین و گرفتێكی دیارمان له‌ به‌ینێدا هه‌بێت.

دووه‌م:
هه‌ر كۆتایی به‌هاری هه‌مان سال، ڕۆژێك بازید هاته‌ لام و گۆتی، گوندی زیاره‌ت، چۆله‌، هه‌ر شه‌و هرس (وڕچ) پڕ بن داره‌ تووه‌كان ده‌بن، وه‌ره‌ بچینه‌ هرس كوشتن. جه‌نتایه‌كی نانمان دانا و تفه‌نگمان هاویشتنه‌ ناوملان و به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و زیاره‌ت. هێشتان ڕۆژ مابو، گه‌یشتینه‌ جێی مه‌به‌ست، چوین كامه‌ داره‌ توو زۆر به‌ردار و شون ده‌وسی هرسانی لێبون، كه‌پرێكمان له‌سه‌ر دوتایی بنه‌ تووه‌كه‌ چاككرد، به‌س ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بیرمان لێی نه‌كردبویه‌وه‌، هه‌بونی پێشكه‌ و تاریكایی شه‌و بوو.
له‌پاش دروست كردنی كه‌پر، به‌ربوینه‌ توو چنین، هه‌ر له‌وێنده‌رێ، به‌ توره‌ داران یه‌ك چێنكی گه‌وره‌مان چاككرد و پڕ توومان كرد، تووه‌كانمان بردن، كانیه‌كی زه‌لال و ئاو ساف و ساردی لێبوو، چوین له‌سه‌ر كانیه‌كه‌ دانیشتین هه‌تا ڕاست بوین توومان خواردن، كه‌ شه‌و داهات و ته‌واو دونیا تاریك بو، هه‌ردوكمان چوینه‌ سه‌ر كه‌پر له‌ بلندایی چوار به‌ژن دانیشتین، به‌ نیازی خۆمان نۆبه‌دارین هه‌تا هرس دێن، به‌س پێشكه‌ ئه‌وتۆ به‌ریان داینێ، لاڕومه‌تمان سۆر هه‌لگه‌ڕان هندی‌ زلله‌ بوه‌شێنین و له‌خۆمان بده‌ین گوایه‌ پێشكه‌كان ده‌كوژین. سه‌ره‌تا مانگه‌شه‌و بو، هه‌ر چه‌ندی پێشكه‌ بێزاریان ده‌كردین، هه‌ر كۆلمان نه‌دا و چاوه‌ڕوانی هرسان بوین و هه‌ر دیار نه‌بون، پاشان هه‌وی (مانگ) ئاوا بو، ئه‌وتۆ تاریك داهات، له‌ دووریی یه‌ك به‌ژن، هیچمان به‌دی نه‌ده‌كرد. وه‌ختێك بووه‌ لرفه‌ لرف و مرخه‌ مرخی هرسان له‌ بن داره‌ توو، ئێ چه‌ندی هه‌ولمان دا، هیچمان نه‌ده‌بینی، ترسمان هه‌بوو هرسه‌كان هه‌لباوزنه‌ داره‌توو و بگه‌نه‌ ئێمه‌ هێشتان نه‌یانبینین، هه‌ر له‌ گۆتره‌ و تاریكاییدا، دو تفه‌نگمان پێوه‌نان، بووه‌ ڕپێنی هرسه‌كان هه‌لاتن و وابزانم گولله‌ هه‌ر به‌لایاندا نه‌چوبون، دوای ته‌قه‌ كردن، گۆتمان تازه‌ هرسه‌كان ته‌قیان و ناوێرن بگه‌ڕێنه‌وه‌، پێشكه‌یش هیچیان تێنه‌هێلابوین، هه‌ستاین به‌و شه‌وی كه‌وتینه‌ ڕێگاو به‌بێ كوشتنی هرس گه‌ڕاینه‌وه‌، هه‌موو سه‌رو چاومان گرێ گرێ ببون ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌ پێیانوه‌دابوین.

سێ یه‌م:
هه‌ر ئه‌و سالی بۆ سه‌ره‌تای زستان، ڕۆژێك له‌ شیوی ڕه‌نیانڕا بڕه‌كی بزنه‌ كیویانم به‌ دووربین بینین له‌ حساری هنداو شیوی ڕه‌نیان له‌ ئاسێتیدا له‌ بن لات و ڕازاندا ده‌هاتن و ده‌چون. چومه‌وه‌ مالێ جه‌نتایه‌كی نان و كتری و قۆغه‌ و چایه‌ و تفه‌نگم هه‌لگرتن و ڕۆیشتم بۆ مالی محه‌مد داود له‌ شیوی گوندی، به‌ بازیدم گۆت، خۆت حازركه‌ هنده‌ك بزنه‌ كیویم به‌چاو كردونه‌ و ڕاویان بۆده‌به‌ین. بزنه‌ كیویه‌كان عاده‌تیانه‌ كه‌ شه‌و داهات، خۆیان به‌رده‌دایه‌وه‌‌ خوارێ بۆ ناو دارستان و له‌وه‌ڕگه‌، به‌یانیانیش هه‌لده‌كشانه‌وه‌ بۆ حسار و هه‌لدێره‌ ئاسێكان. بۆیه‌ ڕاوچی ئێواران ده‌چونه‌ پارێزگه‌ و بۆیان داده‌نیشتن. ئێمه‌یش ڕۆیشتین به‌ره‌و جێی مه‌به‌ست، به‌س كه‌ هه‌لكشاین بۆ بنیی چیا، له‌ هنده‌ك جێگایان به‌فر هه‌تا چۆكان ده‌هات و ڕۆیشتن زۆر زه‌حمه‌ت بوو، به‌س به‌هه‌ر شێوه‌ توانیمان خۆ بگه‌ینینه‌ سه‌رگه‌ی شیوی ڕه‌نیان، چوینه‌ پێشوه‌ی ئه‌و جێگایه‌ی كیویه‌كانی لێبون، هه‌ركه‌ ته‌م و مژ چیای به‌رده‌دا، كیویه‌كان به‌چاویش ده‌بیندران، به‌س كه‌ ته‌م و مژ له‌ چیا ده‌ئالا، هیچمان نه‌ده‌بینی، ئێمه‌یش له‌بن بستیه‌ شاخێك دانیشتین و ئاگرێكی خۆشمان هه‌لكرد، هنده‌ك به‌فرمان تاوانده‌وه‌ و كتریی چایه‌مان دانا سه‌ر ئاگری. دیاره‌ محه‌مد عه‌لی و مسته‌فا یه‌حیایش هه‌مان بڕه‌ كیویان بینیبون و ته‌گبیریان كردبو كه‌ بهێنه‌ هه‌مان جێگا. نه‌ ئه‌وان ئاگایان له‌ ئێمه‌ بو، نه‌ ئێمه‌یش ئاگامان له‌وان بو، كاتێك گومتله‌ به‌فرێك به‌ناو ئاگرمان كه‌وت، من و بازیدیش تێكوه‌ڕابوین و ته‌ماشامان كرد، ده‌بینین ئه‌وانن. كه‌ هاتنه‌ لامان، گۆتیان ئه‌وه‌ ده‌مێكه‌ ته‌ماشاتان ده‌كه‌ین ئێوه‌مان نه‌ده‌ناسین، به‌س مسته‌فا یه‌حیا گۆتی، كه‌ كلاوی تۆم دیت، به‌ محه‌مه‌د عه‌لی،م گۆت، ته‌نها عیسا كلاوی عه‌جه‌میی له‌سه‌ره‌، هه‌بی و نه‌بی، ئه‌وانه‌ یه‌كیان عیسایه‌. پاشان هه‌ر خۆیان گرتبو هه‌تا ته‌واو ئێمه‌یان ناسیبو. هه‌رچوارمان گه‌یشتینه‌وه‌ یه‌كتر و پاش نان خواردن و چایه‌ خواردنه‌وه‌، چوینه‌ پارێزگه‌، به‌س ته‌م و مژ ئه‌وتۆ چیای داپۆشی، نه‌مانده‌توانی چوار متر پێشه‌ خۆمان ببینین، ئه‌و ته‌م و مژ چیای به‌رنه‌دا هه‌تا شه‌ومان به‌سه‌ردا هات، ناچار بوین به‌بێ نێچیر گه‌ڕاینه‌وه‌، هه‌تا گه‌یشتینه‌وه‌ گوندی، كاتی مال نوستنان داهاتبو.

چواره‌م:
جارێكیش من و بازید مێشه‌ هه‌نگوینێكمان دۆزیه‌وه‌ له‌ دار چنارێكی زۆر زۆر گه‌وره‌دا، ئێمه‌یش ته‌گبیرمان كرد كه‌ ئه‌و مێش ببڕینه‌وه‌، ڕۆژێك ده‌سمان دایه‌ ئه‌شیای پێویست چوینه‌ گژ دار چنار، دار چنار ئه‌وه‌نده‌ پان و به‌رین بو، بڕوامان نه‌ده‌كرد بتوانین بیبڕینه‌وه‌، وه‌رگه‌ڕاینه‌ دار چنار به‌ بیوران، بۆ ماوه‌ی كاتژمێر و نیوێك لایه‌كی دار چنارمان دادڕی و لێكرده‌وه‌، نزیكه‌ی دو ته‌نه‌كه‌‌مان له‌ هنگوین پڕ كردن، هێشتانیش ته‌واو نه‌ببو، به‌س نه‌مانده‌توانی زێده‌تر ببه‌ین و به‌و شێوه‌ به‌جێمان هێشت. دیاره‌ پاشی هه‌نگی، محه‌مه‌د عه‌لی به‌سه‌ر هه‌ل ببو و بینیبوی كه‌ ئه‌و داره‌ چناره‌ گه‌وره‌یه‌ لایه‌كی ته‌واوی لێ داتراشراوه‌ و مێش له‌بای مایته‌وه‌. زۆر پێی دلگران ببو، ئێوارێ به‌دوایدا ناردم، كه‌ چوم، پێیگۆتم ڕاستم پێبلێ، تۆ ئاگات له‌ بڕینه‌وه‌ی مێشه‌ هه‌نگوینی شیوه‌كوورێ هه‌یه‌ یان نا؟ ئێمه‌یش، ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ بوین، نه‌مانده‌توانی درۆ بكه‌ین، له‌ وه‌لامدا گۆتم، به‌لێ من و بازید بڕیتمانه‌وه‌ و دو ته‌نه‌كه‌ هه‌نگوینمان لێی ده‌رهێناوه‌. محه‌مه‌د عه‌لی گۆتی، عیسا من كۆلیتێكی پڕ مێشه‌ هه‌نگوینم هه‌یه‌، هه‌ركاتی حه‌زت چووه‌ هه‌نگوین، وه‌ره‌ له‌ كۆلیتی من مێشێك بۆخۆت به‌ره‌، به‌س جارێكی تر دار چنار خراپ مه‌كه‌ و مێشیش بۆ هه‌نگوینی به‌ڕه‌للا مه‌كه‌ گوناحت ده‌گاتێ، منیش سۆزم پێیدا كه‌ جارێكیتر ئه‌و هه‌له‌ دوباره‌ نه‌كه‌مه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، هه‌موومان به‌شی خۆمان مێشه‌ هه‌نگوینمان هه‌بون، به‌س ئه‌وه‌ی من و بازید ده‌مانكرد، ته‌نها سه‌ره‌ڕۆیی و خولیایه‌كی سه‌رگه‌رمانمان بو. بازید له‌ ژیاندا ماوه‌، به‌س به‌داخه‌وه‌، ئه‌وه‌ سی سال زێده‌تره‌ یه‌كترمان نه‌بینیوه‌، به‌هیوای ته‌ندروستیه‌كی زۆر باش بۆ بازید و هه‌موو هاوڕێیانم.

كۆتا:
به‌ كورتی شێوه‌ی مێش بڕینه‌وه‌مان چۆن بو! ئه‌وه‌نده‌ له‌ش ساخ و ته‌ندروست بته‌و بوین، باكمان به‌ پێوه‌دانی مێش و سه‌نگه‌سۆر(زه‌نگه‌زۆره‌) و زه‌رگه‌ته‌ و شتی ئه‌وتۆ نه‌بو، كه‌ مێشی ناو دارانمان ده‌بڕینه‌وه‌ یانیش كۆلمان ده‌كردن، سه‌ره‌تا بۆ بڕینه‌وه‌، به‌ بیور، لایه‌كی داره‌كه‌مان داده‌تراشی و كونمان ده‌كرد، كه‌ ته‌واو شانه‌ هه‌نگوینه‌كان به‌دیار ده‌كه‌وتن، ئاگرێكی دوكه‌لاویمان هه‌لده‌كرد، كامه‌ سه‌ركه‌ بزۆت زۆر كادوی لێ هه‌لستابا، به‌و سه‌ركه‌ بزۆتی مێشمان دو ده‌دا، هه‌تا ته‌واو شانه‌كانیان به‌رده‌دان، ئه‌وكاتی به‌ كێرد و سیكارد شانه‌كانمان ده‌بڕین و ده‌كخستنه‌ ناو ته‌نه‌كه‌، یانیش زه‌رك و په‌قره‌جه‌( به‌قره‌جه‌) و ده‌مان هێنایه‌وه‌، زۆر كه‌م مێشمان خراپ ده‌كردن و به‌جێ ده‌هێشتن، هه‌تا بۆمان كرابا، ئه‌و مێشانه‌ی له‌ناو داری له‌ قام و ڕاست دابان، كۆلمان ده‌كردن و ده‌مان هێنانه‌وه‌.  شێوه‌ی كۆل كردن، پیوانمان له‌ بۆ مالی مێش ده‌كرد و ده‌مانزانی هه‌تا چه‌ندی شانه‌ی لێداون، داره‌كه‌مان له‌ سه‌ریڕا شه‌قه‌ ده‌كرد، پاشان له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌قه‌د مالی مێشه‌كه‌، دارمان داده‌تراشی و ته‌نكمان ده‌كرد، ئه‌و كاتی له‌ بنیڕا سه‌قه‌مان ده‌كرد و كۆله‌كه‌‌مان به‌ كۆله‌پشت ده‌هێنایه‌وه‌، یانیش ئه‌گه‌ر دو كۆله‌مێش بانه‌، ده‌مانكردنه‌ باره‌ كه‌ر. دوای كۆل كردنیش، ده‌بایه‌ لێیگه‌ڕاباین هه‌تا مه‌غریبی به‌سه‌ردا ده‌هات و مێش ته‌واو هه‌لده‌نیشته‌وه‌ و ده‌چووه‌ ناو كۆل، ئه‌وكاتی كونه‌كان قه‌پات ده‌كران و بار ده‌كران بۆ هێنانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر وانه‌بایه‌، نیوه‌ی مێش به‌جێ ده‌مان و ده‌كرا ئه‌وانه‌ی ده‌هاتنه‌وه‌، خۆیان پێ به‌خێو نه‌كرێ و خێر نه‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر داره‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناله‌قام و ناڕێك بایه‌ كه‌ به‌ كه‌لك كۆل كردن نه‌هاتبا، ئه‌وا داره‌كه‌مان ته‌واو ده‌شكاندو خه‌لێفه‌كمان ده‌هێنا، هه‌نده‌ك شه‌كراومان لێی ده‌ڕشاند، له‌گه‌ل چه‌ند پارچه‌ له‌ شانه‌ی هه‌نگوین، مێشه‌كه‌مان ناچار ده‌كرد، بچیته‌ ناو خه‌لێف و ده‌مان هیناوه‌ بۆ به‌خێو كردن و هه‌تا دوایی.

وێنه‌كه‌ سالی ١٩٨٠ له‌ كوێستانی ڕه‌نیه‌پیرێ گیراوه‌، خوشكه‌ زوله‌یخای خێزانی كاك سالح خالند بۆی پاراستبوم و نه‌یدابوه‌ كه‌س، به‌داخه‌وه‌ زوله‌یخا له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌، ڕوحی شیرین و ساده‌ی به‌هه‌شتی بێت.