Saturday, July 21, 2018

حه‌مه‌دۆكی شوان

حه‌مه‌دۆك
له‌ سالانی سیه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردودا
حه‌مه‌دۆك شوانی باپیرمان بووه‌، قه‌ت لێمان نه‌پرسی داخوا حه‌مه‌دۆك خه‌لكی چ گوند و   له‌ چ مالباتێك بووه‌، ته‌نها له‌ناو گێڕانه‌وه‌كانی باپیرماندا گوێبیستی ساویلكه‌یی و ناوی حه‌مه‌دوك ده‌بوین، باپیر له‌
گێڕانه‌وه‌كانیدا باسی كردو گۆتی، حه‌مه‌دۆك شوانمان بو، من تاكه‌ زه‌لامی مالێ بوم له‌گه‌ل خه‌مێی خێزانم، زۆرمان پێویستی به‌ شوان هه‌بو، بۆیه‌ حه‌مه‌دۆكمان وه‌ك كوڕێكی خۆشه‌ویستی خۆمان ده‌بینی و نازدارمان كردبو، ڕۆژێك بۆ كێشت (تێشت) ته‌نها ماستی چێل (مانگا)مان هه‌بو، كه‌ نان داندرا، حه‌مه‌دۆك ڕكی گرت و گۆتی ماستی مه‌ڕی نه‌بێت، ماستی چێل ناخۆم، ئه‌و سه‌رده‌میش خه‌لك زۆربه‌یان پڕ كه‌ماسی و نه‌بونی بون، هه‌موو كه‌س نان و ماستی چێلی به‌ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، چه‌ندی هه‌ولماندا و گۆتمان حه‌مه‌دۆك، هیچیترمان نییه‌، ئه‌مڕۆ نان و ماستی چێل بخۆ، ڕۆژانی دادێت، ماستی مه‌ڕت له‌بۆ هه‌لده‌گرین، نه‌هه‌رێ حه‌مه‌دۆك له‌سه‌ر ڕك نه‌هاته‌خوار و گۆتی له‌برسان بمرم، ماستی چێلێ ناخۆم، منیش لێی توڕه‌ بوم و گۆتم، به‌ته‌مای من بی ماستی مه‌ڕت بۆ په‌یدا بكه‌م، تامی ناكه‌یێ، خه‌مێی خێزانم هاته‌ ده‌نگ و گۆتی، حه‌مه‌دۆك، ئه‌و ترگاره‌ ماسته‌ی چێلم وێده‌وه‌، ده‌چم له‌ مالی جیرانان بۆت ده‌گۆڕمه‌وه‌، خه‌مێ ترگاری ماستی له‌ حه‌مه‌دۆك وه‌رگرت و ڕۆیشت، هه‌تا ده‌مێكی باش بزر بو، پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ و گۆتی ده‌ها حه‌مه‌دۆك، ماستی مه‌ڕی بخۆ، چوم له‌ مالی فلانی ماستی سافی مه‌ڕیم بۆت هێناوه‌، حه‌مه‌دۆك وه‌رگه‌ڕا نان و ماستی هه‌تا ڕاست بو خواردی و گۆتی، ئه‌دی ئه‌وه‌ ماسته‌، ئه‌من كو ده‌توانم ماستی شێلاوی چێلان بخۆم؟ كه‌ تێر بو و ده‌ستی له‌ خواردن هه‌لگرت، خه‌مێ گۆتی، هه‌ی گێله‌وه‌ر، به‌خوا هه‌مان ماستی پێشه‌خۆت بو بردمه‌ ده‌رێ و بۆتم هێنایه‌وه‌، ئه‌وكاتی حه‌مه‌دۆك، ده‌یگۆت، كو ئه‌و فێله‌ت لێكردم، به‌خوا سگم به‌و ماسته‌ی چێل ژان ده‌كات. به‌س تێری خوارد و هیچ ژانیشی نه‌گرت.

باپیر له‌ باسی حه‌مه‌دۆكی به‌رده‌وام بو و گۆتی، چه‌ند ڕۆژێك بو حه‌مه‌دۆك خۆی شله‌ كردبو و پاته‌ و په‌ڕۆیه‌كی له‌ گۆزینگی پێی چه‌په‌ی ئالاندبو و ده‌یگۆت ناتوانم بچمه‌ به‌ر مه‌ڕی، لاقم دێشی، گۆتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منیش هه‌ر به‌ته‌نیا بوم، نه‌مته‌دوانی له‌به‌ر جۆتكاری بچمه‌ به‌ر مه‌ڕی و هه‌ر ڕۆژێ داوای یارمه‌تیم له‌ دراوسێیه‌ك ده‌كرد كه‌ له‌گه‌ل مه‌ڕه‌كانم بڕۆن و حه‌مه‌دۆكیش له‌ مالێ لێیپالدابویه‌وه‌ به‌ناوی لاق ئێشان، شه‌وێك حه‌مه‌دۆك له‌كووره‌ خه‌ودا بو، چوم په‌ڕۆیه‌كه‌م له‌ لاقی چه‌په‌ی كرده‌وه‌ و له‌ لاقی ڕاسته‌یم به‌ست، به‌یانی كه‌ له‌خه‌و هه‌ستا ڕۆیشت بۆ سه‌ركانی بۆ ده‌ستنوێژ هه‌لگرتن، بیری نه‌كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژانی پێشتر په‌ڕۆی به‌ لاقی چه‌په‌وه‌ بووه‌ و خۆی به‌سه‌ر لاقی چه‌په‌دا ده‌شلاند، یه‌كسه‌ر كه‌ ده‌ستی به‌ ڕۆیشتن كرد، خۆی به‌سه‌ر لاقی ڕاسته‌دا شلاند و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ مالێ، خۆم لێی بێده‌نگ كرد هه‌تا كێشتمان خوارد، ئه‌و كاتی گۆتم حه‌مه‌دۆك، ئه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ ناچارم ده‌كه‌ی داوای یارمه‌تی له‌ دراوسێكانم بكه‌م و هه‌ر خۆت به‌سه‌ر لاقی چه‌په‌دا ده‌شلاند، شه‌وی ڕابردو په‌ڕۆم له‌ لاقی چه‌په‌ت‌ گواسته‌وه‌ بۆ لاقی ڕاسته‌ت، هنۆكه‌ خۆت به‌سه‌ر لاقی ڕاسته‌دا ده‌نزمێنی، واته‌ هه‌ر به‌درۆ ئه‌و كه‌تنه‌ت پێكردم و هه‌سته‌ هه‌ڕوه‌ به‌ر مه‌ڕی، گۆتی حه‌مه‌دۆك، هیچ قسه‌ی نه‌ماو ڕێك ده‌ستی به‌ شوانی كرده‌وه‌ و لاقه‌كانی نه‌ده‌ئێشان.

هه‌ر باسی حه‌مه‌دۆكی شوانی ده‌كرد و گۆتی، ڕۆژێك هنده‌ك فالچی به‌ناوی سه‌ید و پیاوچاك هاتبونه‌ گوندی و فالیان بۆ كۆمه‌لێك خه‌لكی ساویلكه‌ گرتبویه‌وه‌ و پاره‌ و شتیان لێیان وه‌رگرتبو، گۆتی منیش ناردمه‌ دویان و گۆتم ئێمه‌ شوانێكی زۆر نه‌خۆشمان هه‌یه‌، نه‌خۆشیه‌كه‌شی به‌ داوو ده‌رمان و دوعایان چاك نه‌بووه‌، پێویستیمان به‌ ئێوه‌یه‌ بۆمان چاكی كه‌نه‌وه‌، گۆتی فالچیه‌كان به‌ گه‌رمییه‌وه‌ هاتن و ویستیان فال بۆ حه‌مودۆك بگرنه‌وه‌ و پرسیان داخوا نه‌خۆشیه‌كه‌ی چییه‌؟ منیش ده‌مزانی فالچینه‌ و ته‌نها به‌دوای فڕت و فێله‌وه‌ن، گۆتم كاكه‌ شوانه‌كه‌م، بای لێبه‌رده‌بێت و هه‌ر كاتی ورگی غازاتی كرد، ده‌بێ به‌ریبدات و با خۆی تێناگری، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رده‌ی چاره‌ ده‌كه‌ن، دیاره‌ ئێوه‌ سه‌ید و دوعاخوازی خوایین، ئه‌گه‌ر پێتان چاره‌ ناكرێ، ده‌بێ گونده‌كه‌مان به‌جێ بهێلن و نێنه‌وه‌ ئێره‌، گۆتی كه‌ بینیان من فێله‌كانیان ده‌زانم، ده‌فته‌ر و جه‌نتاكانیان هاویشته‌ مل و به‌بێ به‌دوعایی 
ڕۆیشتن و جارێكتر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌

وێنه‌كه‌ له‌ گوگل وه‌رگیراوه‌