Wednesday, November 29, 2017

سوغره‌ ١٩٧٤

سوغره‌: 
پاییزی سالی ١٩٧٤

مانگی ڕه‌مه‌زان بو. خه‌لكانی گونده‌كه‌مان گچكه‌و گه‌وره‌ سه‌رجه‌میان به‌ڕۆژو بون. 
به‌ زمانی ڕۆژوداریش له‌ به‌یانیه‌وه‌ هه‌تا ئێوارێ له‌ناو كارو كه‌سابه‌ت بوین بۆ ئه‌وه‌ی پێڕا بگه‌ین و شته‌كانمان به‌سه‌ر یه‌ك بهێنینه‌وه‌.
ئێواره‌ دره‌نگ قاسدێكی عه‌ولا پانۆی گه‌ردی په‌یدا بو. به‌ گوندیدا گه‌ڕاو گۆتی، من نێردراوی عه‌ولا پانۆ،م و سبه‌ینێ چه‌ند كه‌سێكمان ده‌وێن بۆ چلو بڕین بۆ بانه‌یی شێخ بابۆ بارزانی له‌ گوندی هه‌یاتێ.

به‌ینی گۆندی ئێمه‌، بۆ گوندی هه‌یاتێ، بۆ كه‌سانی توندڕۆو چه‌له‌نگ شه‌ش سعاته‌ڕێ بون. خه‌لكانی گونده‌كه‌مان هه‌موویان هاتنه‌ لای قاسد و پێیانگۆت، به‌ڕێز، حه‌فت ڕۆژ ماون ڕه‌مه‌زان ته‌واو بێت. ئێستا پاییزه‌و چلو هه‌مووی تۆزو گه‌رده‌. به‌ زمانی به‌ڕۆژو چلو بڕین زۆر زه‌حمه‌ته‌. بگه‌ڕێوه‌ و سلاوو ڕێزمان به‌ عه‌ولا پانۆ بگه‌ێنه‌‌. پێی بلێ. خۆمان لێبگری هه‌تا ئه‌و حه‌فت ڕۆژه‌ ته‌واو ده‌بن، پاشان هه‌موومان دێین، له‌ جیاتی ڕۆژێك، سێ ڕۆژان چلوتان له‌بۆ ده‌بڕین.

قاسد گه‌ڕاوه‌ و ئێمه‌ش ڕۆژی پاشتر چوینه‌وه‌ سه‌ر كه‌سابه‌تی خۆمان. ئێوارێ قاسدێكیتر لێمان په‌یدا بویه‌وه‌ و ئاگاداریی داینێ و گۆتی، عه‌ولا پانۆ فه‌رموویه‌تی، ئه‌وشۆ نه‌گه‌نه‌ هه‌یاتێ بۆ چلو بڕین، چه‌ند كه‌سێك ده‌نێرم هه‌موویان داركاری بكه‌ن و به‌ شه‌ق بیانهێنن. 

ئێمه‌ش چارمان نه‌ما، حه‌فت كه‌س خۆمان ئاماده‌ كردو له‌گه‌ل قاسدی دووه‌م به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و گوندی هه‌یاتێ. بانگمان به‌ڕێوه‌ خواردو شه‌و گه‌یشتینه‌ بانه‌یی شێخ بابۆ بارزانی. 
عه‌ولا پانۆ وه‌كیلی شێخ بابۆ بو بۆ به‌ڕێوه‌ بردن و سه‌رپه‌رشتی مه‌ڕو مالات و بانه‌یی.

كه‌ گه‌یشتینه‌ وێنده‌رێ و سه‌لام و كه‌لام كراو دانیشتین. عه‌ولا پانۆ له‌ دیوه‌خاندا دانیشتبوو گۆپاله‌كی كه‌م خڕی كنێری له‌پێشه‌خۆ دانابو. چایه‌كیان بۆ هێناین. به‌گه‌ر چاخواردنه‌وه‌ڕا، جه‌ماغه‌ت پێیان گۆت، عه‌ولا، ئێمه‌ هه‌موومان ڕۆژودارو نوێژكه‌رین، تكایه‌ به‌یانی جێگایه‌كمان بۆ دابنێن كه‌ له ‌ئاو نزیك بێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌كمان نه‌كه‌وێت.

عه‌ولا هاته‌جواب و گۆتی، جارێك له‌سه‌ر كانیه‌ك له‌گه‌ل سۆفیه‌كان بوین. سۆفیه‌كان ده‌چونه‌ تاره‌ت و له‌سه‌ر كانی تاره‌تیان ده‌شوشته‌وه‌ و خۆیان به‌ده‌ست نوێژ ده‌كرد. منیش ویستم چاو له‌وان بكه‌م و چومه‌ سه‌ر ده‌راوی كانیێ، قۆدیی توتن و چه‌خماخم كه‌وتنه‌ ناو ئاوێ. له‌و كاتیه‌وه‌ قرارمدا ده‌ست به‌ ئاو نه‌گه‌یه‌نم و چاو له‌ سۆفیه‌كان نه‌كه‌م. 
هه‌ر ئه‌وتۆ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ گۆتی، من فه‌له‌ی مالی بارزانم و حه‌ز له‌و جێگایه‌ ناكه‌م كه‌ ئاوی لێهه‌بێت. منیش حه‌زم له‌ كێنده‌رێ بیت، به‌یانی بۆ چلو بڕین ده‌تانبه‌مه‌ ئه‌وێ. ناچارماین و چیتر درێژه‌مان نه‌داێ.

ڕۆژی دواتر له‌گه‌ل به‌ره‌ به‌یانێ، ئێمه‌یان بردینه‌‌ به‌ته‌ن و كه‌ندالێك و ده‌ستمان به‌ چلو بڕین كرد. ئێمه‌ی لادێیی، كه‌سانی ساخله‌م و ناخ پاك و دوور له‌ كاری مخه‌نه‌تی بوین. ئه‌وه‌نده‌ چه‌له‌نگ و ئیشكه‌ر بوین. هیچ كاره‌ك خۆی له‌به‌ر نه‌ده‌گرتین. ئێمه‌ حه‌فت كه‌س بوین. من و گه‌نجێك به‌ناوی بازید ڕۆژومان شكاندن. ئه‌وانیتر هه‌ر به‌ زمانی به‌ڕۆژو، هه‌تا ئێوارێ حه‌فت گوێداره‌ چلومان بڕین و نژنین.

ئێوارێ عه‌ولا به‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ هاتن و ته‌ماشایه‌كی ئێمه‌یان كردو واقیان وڕما له‌ زیره‌كی و چه‌له‌نگی ئێمه‌. پاش ته‌واو بون و ده‌ست هه‌لگرتنمان، گۆتی چونكی ئێوه‌ به‌ قاسدی یه‌كه‌م نه‌هاتن، دامنابو جه‌زاتان بكه‌م و سێ ڕۆژان چلوتان پێببڕم. به‌لام مادام ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساخله‌م و موخلیس ئیشتان كردوه‌. خۆتان كڕیه‌وه‌ و هه‌ڕونه‌ بانه‌یێ، بانگی بخۆن، ئه‌وجا ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌تان. ئێمه‌ش گۆتمان مالتان ئاوا بێت، مادام ئازادت كردین، ئیزنمان بده‌ ده‌ڕۆین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وه‌خت بگه‌ینه‌وه‌ مالێ. 
هه‌ر چۆن بێت ئیزنیانداین و بۆ نیوه‌ شه‌و گه‌یشتینه‌وه‌ به‌نێی گوندی خۆمان.

به‌ڕێزان. زۆربه‌ی ئیش و كاری ماله‌ شێخه‌كانی بارزان له‌سه‌ر شانی هه‌ژاران و نه‌دارانی گونده‌كان بون. هه‌ركاتی ده‌یاننارد به‌دوای خه‌لكانی گوندێكدا، ناچار بون بچن بۆ سوغره‌. ئه‌گینا داركاریان ده‌كرا. ئیتر بانه‌ی شێخ عثمان بارزانی، شێخ محه‌مه‌د خالد بارزانی، شێخ لوقمان بارزانی، شێخ عه‌به‌یدولله‌ بارزانی و زۆریتر. كاری سه‌رجه‌م شێخه‌كان به‌ سوغره‌ پێكردنی هه‌ژاران به‌ڕێوه‌ ده‌چون. دلنیام كاری عه‌ولا پانۆش به‌ پێشمه‌گایه‌تی و قاره‌مانی ئه‌ژمار كراوه‌ و قوتی هه‌ژاران بۆ ئه‌و جۆره‌ قاره‌مانانه‌ خه‌رج كراوه‌.


سه‌ره‌ڕای سوغره‌ پێكردنیش، خۆشحالم كه‌ شێخ بابۆ كوڕه‌كی ویژدان زیندوو خوێنده‌واری وه‌ك ئه‌یوبی له‌دوا به‌جێ ماوه‌. خۆزگه‌ توڕوتۆی ئه‌وانیتر به‌ ڕوبعی ئه‌یوب بابۆ بارزانی خاوه‌ن نوسین و ده‌ربڕین و ویژدان بان و له‌گه‌ل گه‌لی كورد ڕاستگۆو پاك بان، قه‌یدیی سوغره‌ پكردنی ئێمه‌ی نه‌ده‌كرد.