سال ١٩٦٥
ئێواره‌كی زه‌رده‌په‌ڕ، حه‌مید میرۆمه‌ر له ماله‌وه نابێت.
ته‌نها خه‌دیجه‌ی هاوسه‌ری و منداله هورده‌واله‌كانی له‌ژێر ساباتی ئاواره‌ییدا. به‌هۆی شه‌ڕه‌نگێزیی بنه‌ماله خۆپه‌رسته‌كانه‌وه، له گۆڕه‌پانی ئه‌وبه‌ری دیانادا.
مندالێكی ته‌مه‌ن چه‌ند ڕۆژه له باوه‌شی و خه‌ریكی لایه‌لایه‌ی مندالهكهیهتی. نزیكه‌ی چوارد مندالی جیرانه‌كانی له نزیك ساباتیان یاریی كه‌لانێ ده‌كه‌ن و بێخهبهرن له ده‌ستی تاوانی خۆپه‌رستان.
ڕۆژ خه‌ریكی نه‌خشاندنی زهدهپهڕی ئێواره‌یه.
له‌ناكاو گرمه‌ی تۆپێك و دوان و ده‌یان و گرم و زرم نهبڕایه‌وه. چوارده مندالی كه‌لانێیان ده‌كرد، ههرچواردهیان قیمهكران و پارچه گۆشتیان به ساباتهكان و به‌سه‌ر عه‌رزدا په‌رت بون و ڕوح ده‌رچون فڕكه‌یان بو.
خه‌لكان گشتیان تێكقژان و ڕاده‌په‌ڕین بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پارچه گۆشته‌كان و گرمهیترو ئه‌وانیش ده‌بونه پارچه كۆشتی بێ گیان. گرمه‌و بروسكی تۆپباران دانه‌بڕان و ڕۆژ خۆی شارده‌وه و شه‌و و تاریكی بالی به‌سه‌ر ده‌شتی دیانادا كێشا‌و ڕۆناكایی بووه بروسكی ته‌قینه‌وه‌ی گولله هاونان. له‌و كاته‌ی ڕۆژ تیشكی زه‌رده‌په‌ڕی زێڕینی شاردنه‌وه هه‌تا نیوه‌شه‌و داهات ١٣١ ژن و مندال لاشه‌یان هوردو قیمه كران. سه‌دانیش بریندار‌و بێ هیمدادو یارمه‌تیدان خوێنیان له‌به‌ر ڕۆیشت. دوای نیوه‌شه‌و، خه‌لكانی مابون، گیان فیدایانه به‌دوای لاشه‌ی به گیان و بێ گیاندا گه‌ڕان و چه‌نده‌یان بۆ كرا، لاشه بێ گیانه‌كان خه‌رمان ئاسا كۆكرانه‌وه.
دیاره له‌گه‌ل گرمه‌ی هاونی یه‌كه‌م، خه‌دیجه منداله ساواكه‌ی له باوه‌ش ده‌گرێ و له سابات هه‌لدێت به‌ره‌و كهندالی خوار مالان. هاونێكیترو جه‌سته‌ی خه‌دیجه له‌ناو كراسی ڕه‌شیدا تڕ تڕ ده‌بێت و یه‌ك مه‌مكی ڕاستی خه‌دیجه به ساخی
ده‌مێنێته‌وه و باقی هیچ پارچه‌ی له‌شی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه نامێنێ و تارمایی ڕوحی شیرینی په‌رت ده‌بێ و منداله ساواكه‌ش، هنده‌ك جه‌سته‌ی ناسكی دهڕنجێ.
ده‌مێنێته‌وه و باقی هیچ پارچه‌ی له‌شی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه نامێنێ و تارمایی ڕوحی شیرینی په‌رت ده‌بێ و منداله ساواكه‌ش، هنده‌ك جه‌سته‌ی ناسكی دهڕنجێ.
بۆ به‌یانی زوو، حه‌میدی هاوسه‌ری خه‌دیجه به‌نیازی خۆی بۆ ماله‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه. مال؟ مال ته‌نها خوێنی مه‌یی و تۆز و خۆلی ته‌قینه‌وه و بۆنی باروت و تاكه پێلاوو پنیه جلكی دڕا‌و له شوێن هه‌وار ماون و خه‌دیجه و مندال به چ سه‌ر چونه؟
كه‌س نییه لێی بپرسێ و وه‌لام وه‌رگرێته‌وه.
هه‌ر كێ ده‌بینێ، له‌خۆی پهشوكاوترو سه‌رلێ شێواوتره. شوێن هه‌واری خالی به‌جێ ده‌هێلی و ڕو ده‌داته ته‌كیه‌ی حاجی محه‌مه‌دی لۆلانی له‌ناو مه‌كته‌بێكدا له دیانا. جه‌سته بێ ڕوحهكانی له‌وێ كۆكرابونه‌وه ده‌پشكنی، له‌ناو كوژراوه‌كاندا نایاندۆزێته‌وه. حه‌مید ده‌پرسێ و ده‌پرسێ، نه به كوژراوی نه به زیندویی، سۆراغی خه‌دیجه‌ی هاوسه‌رو منداله ساواكه‌ی ده‌ست ناكه‌وێ. سه‌ردانی خه‌سته‌خانه‌كانی دیانا ده‌كات، له‌وێش سۆراغ نییه. ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌ناو ساباته بۆن گرتوه‌كانی خوێن و باروتدا له‌و سه‌ر هه‌تا ئه‌وسه‌ر، هه‌ر هه‌وال و سۆراغ نابێت. ده‌چێته‌وه شوێن ساباته‌كه‌ی خۆیان و خه‌یالی له‌بۆ دێت و ده‌لێ، ده‌بێ له ئه‌سنای یه‌كه‌م هاون و كوژرانی چوارده مندال، ترسی ڕوح به‌ره‌و دۆلی خوار دیانای نه‌بردبێت؟
هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌و كهندالیدا دل به خورپه ده‌چێته خوار. كاتێك شتێكی ڕه‌شی له دۆلی خوارێ به‌رچاو ده‌كه‌وێ و په‌له ده‌كات و خۆی به‌و شته‌ڕا ده‌گه‌ێنی. خودایه چی ببینی و چی ڕویداوه و چی هه‌یه حه‌مید نه‌هه‌ژێنی و ناخی نه‌سوتێنی؟ به هه‌ردو چاوی زه‌ق و پڕ له ئه‌سرینی خوێنین و ئاخ‌و ئۆفه‌وه باوه‌ش به كراسی ڕه‌ش و له خوێندا ڕه‌ق و ده‌ق گرتودا ده‌كات و ده‌بینی له ڕۆژی پێشتره‌وه ڕوحی خه‌دیجه مالئاوایی له جه‌سته‌ی پارچه كراوی كردوه و ته‌نها لاسینگی ڕاستی به ڕوتی ماوه‌ته‌وه و منداله ساواكه‌ی ده‌می له مه‌مكی ڕاستی دایكی دایه‌و مه‌مكی بێڕوحی دایكی ده‌مژی و ژیر‌و بێده‌نگ و ساخ، وه‌ك بلێی ڕوحی دایكی هه‌ر له لایهلهیهیدا بوبێت و هیچی به‌سه‌ر نه‌هاتبێت.
دیاره خهلكانێكیتر ئاگاداری ناله‌و هاوارو گریانی حه‌مید ده‌بن به دیداری ئه‌و دیمه‌نه نه‌خوازراوو ڕوح بژێنهو به‌هانایه‌وه ده‌چن و به‌زۆر منداله‌كه‌ی لێوه‌رده‌گرن و ده‌ست ده‌كه‌ن به كۆكردنه‌وه‌ی گۆشت و ئێسقانی خه‌دیجه‌ی هاوسه‌ری. حه‌مید له قودره‌تی دانیه مرگ بكرێ و ڕوح پۆلایینه و له‌سینه‌یدا هه‌لنافڕێ و خوێن و ده‌ماره‌كانی گه‌رم و ڕوخساری سۆر هه‌لگه‌ڕاوه و شتێك نییه ئۆقره‌ی پێبگرێ و ئومێدێك نه‌ما پێی بژیێ.
دو سێ مندالی پیاوری سێوی و خۆی له هه‌رسێكیان سێویتر بێی خه‌دیجه‌ی هاوسه‌ری. مندالی شیره خۆری ساواش سه‌ربار. خودایه سه‌برو ههدار، چۆنت لێوه‌شاندین ده‌ستی زۆردار، ئێستا من چیم، ژیان چۆنه، تاوانه تاوان، چۆن بژیم و نه‌بم بێزار؟
حه‌مید نه‌فرین ده‌كات و نازانێت به‌رگه‌ی كام ئازار بگرێت. ئازاری نه‌بونی، ئازاری زه‌بونی، ئازاری بێكه‌سی، ئازاری بێهاوسه‌ری، ئازاری مندالی ساوای بێ‌دایك، ئازاری بێمالی، ئازاری سێ مندالی فامداری بێ ئۆقڕه‌ی سێوی، ئازاری ئاواره‌یی ده‌ستی عه‌قلی خێل، ئازاری زۆرداریی شێخ و ئاغا. نازانی له‌به‌ر كام ئازار بنالێنی و نالین له‌به‌ر كام برینی ناخ بكات و دادی بۆ كام ده‌رگای نه‌كراوه‌ی دادپه‌روه‌ری ببات.
مرۆڤه خێرخوازه‌كان به‌هانایانه‌وه دێن بۆ یارمه‌تی تۆپباران كراوان و به دو ڕۆژان جه‌سته‌ی پاڕچه كراو‌و بێ ڕوح كراوی ١٣١ ژن و مندال ژێرگل كران و برینداره‌كان گوازرانه‌وه بۆ خه‌سته‌خانه‌كانی هه‌ولێرو مال و خێزانی ده‌روون وێران و چاو به‌گریان ڕاگوازرانه‌وه بۆ ناو خاباتی كه‌له‌كی یاسین ئاغا.
حه‌مید ئه‌وه‌نده گریابو، ئه‌وه‌نده لوراندیبو، ئیتر ده‌نگی ده‌رنه‌ده‌چو، ته‌نها له نزیكه‌وه هه‌ست به نوزه و خیسێنی سینه‌ی ههلقرچاوی دهكراو له‌به‌ر ئازاری ده‌روونی تێكشكاوی، شه‌و خه‌و نه‌ده‌چوه چاوانی. لای مرۆڤی ڕۆژهه‌لاتی، گریان بۆ پیاو شه‌رمێكی گران و له‌كه‌یه‌كی وێران بو، حه‌مید ناچار بو گریه‌ی په‌نگ خواردوی ناو ناخ و هه‌ناسه‌كانی ئه‌و كاتانه ههلڕێژی كه ده‌نگی له‌گه‌ل ده‌نگی منداله ساواكه‌ی تێكههلاو بێت و كه‌س نه‌یبینێت. مندالی ساوای بێ‌دایك له‌برسان بێده‌نگ نه‌ده‌بو. به‌یانی زوو، حه‌مید عه‌ودال عه‌ودال، منداله‌كه‌ی ده‌خسته سه‌ر هه‌ردو ده‌سته له‌رزۆكه‌كانی و به‌ناو جیراناندا ده‌گه‌ڕاو ده‌پاڕایه‌وه، داخوا چ ژنێكی خوایی مندال له‌به‌ر ده‌ستان، ده‌توانێ مه‌مكی بخاته ده‌می منداله ساواكه‌ی و تۆزێك حه‌وسه‌له‌ی بێت و حه‌میدیش، له ناخ ههلقرچان داكاسێت.
منداله‌كه دوای چه‌ند مانگێك به‌خێو كردنی هه‌جه‌مه‌رگی و دوور له لایه‌لایه‌و هه‌ناسه‌ی پڕ سۆزی دایك، جه‌سته‌ی زه‌عیف و بێهێز بوو به‌رگه‌ی هه‌لگرتنی ڕوحی شیرینی نه‌گرت و چنگه گۆشت و ئێسقانی له توربستانی باستام له‌گه‌ل چه‌ندان مندالیتری بێ‌دایك ژێرگل كران. حه‌مید منداله سێویهكانیتری به‌خێو كردن و مانگ و سالی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕین….
مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی به‌یارو بێعاره. په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌لگاكانی ڕۆژهه‌لاتی ناوین، په‌روه‌رده‌یه‌كی ناهه‌مواره. منداله‌كانی حه‌مید گه‌یشتنه ته‌مه‌نی هه‌رزه‌یی. حه‌مید هه‌ر وه‌ك نه‌ریتی ناته‌ندروستی كوردهواری، كچێكی خۆی بۆخۆی به ژن دایه‌وه و جارێكی‌تر ژیانی هاوسه‌ریی پێك هینایه‌وه.
تێبینی:
ئه‌و هاون باران و تاوانانه‌ی باسم كردون، ده‌ستی داگریكهرانی تورك و فارس و عاره‌ب نه‌بوو.
ئه‌و تاوانه‌ی ده‌رحه‌ق به ژن و مندالانی لاخه‌به‌ر ئه‌نجام دران، ده‌ستی گلاوی هزری خێلهكیی كوردایه‌تی بو.
به‌لێ ده‌ستی كوردایه‌تی بو به سه‌رپه‌رشتی مه‌لا مسته‌فای بارزانی. به‌لێ كوردایه‌تی به‌و شێوه كراوه و له‌سه‌ر قه‌تل و عامی عه‌شیره‌ته‌كانیتر بنیاتنراوه.
خوێنه‌رانی به‌ڕێز: ئه‌و تاوانانه‌ی بۆتان ده‌گێڕمه‌وه، له‌سه‌ر هیچ بیر‌و ڕاو غهرهزو عێنادی و به‌ربه‌ره‌كانێ نییه. ته‌نها ده‌مه‌وێ، مێژوومان بخوێنینه‌وه و بزانین كه خێل و بنه‌ماله‌یی، چه‌ند كاره‌ساته بۆ سه‌ر شارستانیه‌ت و دادپه‌روه‌ری. ده‌كرێ كه‌سانێك هه‌بن، زۆر ڕقیان لێم هه‌ستێت له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیانه كه بۆخۆم له‌ناویان بویمه و ده‌توانم په‌رتوكێكی قه‌به له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌ستی كوردایه‌تی بنوسمه‌وه. گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه بۆ ناشیرین كردنی هیچ لاینێك نییه و پالپشتیی هیچ لایه‌نێكیتریش نییه. ته‌نها به‌رچاو خستنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی چینی تازه پێگه‌یشتومان بزانن كه ئازادی خوازی و شارستانیه‌ت و ژیانی ته‌بایی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری هه‌رگیز به مێشكی خێله‌كی و بنه‌ماله‌یی و به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی دروست نابێت و ٢٦ سالی ڕابدوش گه‌واهیده‌ری به‌هێزه بۆ قسه‌كانم.
No comments:
Post a Comment