Tuesday, November 14, 2017

ڕەسول ئاغا/ سال ١٩٧٥

لە سالی ١٩٧٥ کۆمەلە زەلامێکی خواکوڕکی دەگەنە یەکتر و دەکەونە ڕێگا بۆ سەرەدانی تەکیەی حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید لە لۆلانێ. بەشێک لە خواکوڕکیان هەردەم حەزیان لە گێندلخەو بە یەکتر ڕابواردن بووە. 
کەسێکیان لەگەل دەبێت بەناوی ڕەسول ئاغا. ڕەسول ئاغا، مرۆڤێکی ساویلکە و دەرون پاک دەبێت و لای خۆی هەست بە بونی خۆی دەکات وەک ئاغایەک و زۆری کەیف بەخۆی دێت کە بە ئاغا بانگی دەکەن. لە ڕەسەندا ئاغا نییە.بەلام  زۆربەی ناوچەی بەرادۆست بە ئاغا بانگی دەکەن و بە وەهمی خۆی لێ دەبێتە ئاغایەکی ڕاستی. 
کەسێکیتر لەگەل ئەو گروپە دادەبێت بەناوی عەلی. 
عەلی چاوەکی نابینا دەبێت، بەهۆی نابیناییەوە، هەر بە عەلییە کۆر مەشهور دەبێت. 
نازانم هەردوکیان لە ژیاندا ماون یان نا. ئەگەر لە ژیاندا ماون، داوای لێبوردنیان لێدەکەم کە ئەو چیڕۆکەیان دەگێڕمەوە و خۆشیانم دەوێن. ئەگەر لە ژیاندا نەماون، داوای لێبوردن لە ڕوحی پاکیان و لە سەرجەم ئەندامانی خێزانیان دەکەم و هیوادارم ئەو گێڕانەوەیە وەک خۆشەویستیەک و یادەوەریەکی وەفاداری لەبەر چاو بگرن و هیچیتر.

بەڕێوە دەست بە سەعبەت و یاری و پێک ڕابواردن دەکەن و ڕێڕۆیشتنێکی زۆر شادو بە پێکەنین بەسەر دەبەن و ماندوێتیان بەو شێوە دەڕەوێننەوە. نەرمە بایەک هەلدەکات، عەلییە کۆریش سیگارێکی لەفی توتنی خۆمالیی بەدەستەوەیە و خەریکی کۆتاییتی. خۆی لە ڕەسول ئاغا نزیک دەکاتەوە. 
ڕەسول ئاغاش جوتە جەمەدانیەکی کشت و بادایی لەسەرە، ئەوەندە لەخۆی ڕازییە، شا بە سەپان نازانێ. 
عەلی خۆی لێ نزیک دەکاتەوە و قونکە سیگارەکە داوێتە ناو گەڕی جەمەدانیەکانی و خۆی بەسەرەوە نابات. بەڕێوە با لێیدەدات و ئاگر گەڕی جەمەدانیەکانی دادەگری و ڕەفیقەکانی دەیبینن، بەلام کەسیان دەنگ ناکەن، هەتا کاتێک ئاگر دەگاتە تۆقی سەری و دەست داوێتە جەمەدانیی، دەبینی نیوەی سوتاوە و خەریک بو سەریشی بسوتێ. 
دەست بە جوێندان دەکات و دەلێ ئەوە چ (..........) بەسەر هێنام خۆی ئاشکرا بکات. عەلی خۆی ئاشکرا ناکات و هەر هەموویان دەست دەکەن بە پێکەنین و دەلێن جەمەدانیی تۆ لەخۆڕا ئاگری گرتووە. 
ڕەسول ئاغا بەبێ جەمەدانی حالی پەرێشان دەبێت و وادەزانی ئاغایەتیی لەکەدار بووە. 
بەو شێوە ڕێگا دەبڕن و دەگەنە تەکیەی لۆلان. ڕەسول ئاغا یەکسەرە دەچێتە لای حاجی محەمەد و شکایەت دەکات و دەلێ، قوربان من بۆ سەردانی بەڕێزت هاتوم و لەڕێگا ئەو کەتنەیان پێکردوم. حاجی محەمەد لێی دەپرسی، داخوا شکی لە کێیە؟ ئەویش دەلێ، لەو کاتی عەلیە کۆر لەتەنیشتم دەڕۆیی، زۆر شکم لێیە ئەو بێت. حاجی محەمەد بانگی عەلی دەکات و پێی دەلێ، عەلی بۆ واتان لە ڕەسول ئاغا کردووە؟ 
عەلیش لەسەرەخۆ دەلێ قوربان، کەس ئەو کارەی بە ئەنقەست دژی ڕەسول ئاغا نەکردووە، من و ئەو بە یەکەوە دەڕۆیشتین و ئەو کەوتبوە دیوی چاوی کۆرەم و کە سیگارم فڕێداوە، نەمبینیوە، دیارە کەوتۆتە ناو جەمەدانیی ڕەسول ئاغا. حاجی محەمەد زۆر بەو قسەی عەلی پێدەکەنی و ناچار دەبێت جوتە جەمەدانیەکی نوێ بە ڕەسول ئاغا دەدات. عەلی لەوێش بە ڕەسول ئاغا دەلێ، دەبینی چۆن بۆت دەبمە خێرو بەرەکەت؟ ئەگەر من نەبام چۆن جەمەدانیی نوێت دەست دەکەوتن؟ ڕەسول ئاغا لەدلدا دو مەتریتر ئاغایەتیی بەرز دەبێتەوە.
یادیان بە خێرو خۆشی بێت

No comments:

Post a Comment