Tuesday, January 30, 2018

چیابه‌ن و سیری خۆڕسك.

چیابه‌ن و سیری خۆڕسك.
له‌ سه‌ره‌تای هاوینی ١٩٧٢ڕۆژێك باوكم پێیگۆتم به‌یانی زوو له‌خه‌و هه‌سته‌، ده‌ڕۆین بۆ چیابه‌ن هه‌تا هنده‌ك سیری خۆڕسك بهێنین بۆ ناو كه‌شك و ژاژی. ئه‌و كاتی سه‌ره‌تای وه‌رزی هاوین بو و بانه‌ییمان له‌ به‌ینی گوندی و دێرێ له‌سه‌ر سول دانابون.
به‌یانی ده‌وری كاتژمێر چوار له‌خه‌و هه‌ستاین، هنده‌ك نانمان هاویشته‌ چه‌نتایان و دامانه‌ ناوملان، باوكم تفه‌نگێكی پۆلۆنیی لوله‌ كورتی هه‌بو، تفه‌نگی به‌ مل وه‌كردو كه‌وته‌ پێشم به‌ره‌و چیابه‌ن. به‌ناو گوندیدا به‌سه‌ر كه‌وتین بۆ كانیه‌له‌ندو ڕووه‌ و گۆڕی كه‌لێتانێ. 

له‌ به‌رامبه‌ر سه‌روكانیی گوندی، له‌ خافله‌تیه‌وه‌ ماره‌ك له‌ كیفیایدا. كیفی ڕاهێلانی ئه‌وه‌نده‌ به‌ ترس و سه‌هم بو، هه‌ر یه‌كه‌مان بۆ لایه‌ك ڕاپه‌ڕین. شه‌و تاریك بو، نه‌مانتوانی ماره‌كه‌ ببینین و نه‌شمازانی چه‌ند گه‌وره‌ و چ جۆر بو. هه‌ر ئه‌وتۆ نه‌مانتوانی به‌دوای كوشتنیدا بگه‌ڕێین. ناچار له‌به‌ری هه‌لاتین و به‌رده‌وامیمان به‌ ڕۆیشتندا. له‌ كه‌لێتانێ به‌سه‌ر كه‌وتین ئه‌وجا به‌یان ڕۆناك بو و ده‌مانتوانی پێشه‌ خۆمان به‌ ته‌واوی ببینین. 

كه‌ له‌ كه‌لێتانێ به‌سه‌ر كه‌وتین، كه‌وتینه‌ ناو لێڕستانی دار دیندار و به‌لالوك و ته‌وری. هه‌ر ئه‌وتۆ به ‌زۆر ڕێمان ده‌كرد به‌ناو ڕه‌سێ و كه‌ركۆل و قه‌له‌ندۆر و ڕێواسی پیرو وشك بویی و ڕبه‌نگدا.

بۆ ماوه‌ی سعاتێك له‌به‌رد و بستی بۆ ئه‌و بازو ده‌ری و بلند و نه‌وی، پاشان له‌ دارستان ده‌رباز بوین بۆ بن گه‌وران. له‌وێ وهاوه‌ ده‌كه‌وتینه‌ به‌رزایی چیا و دار نه‌ده‌مان، ته‌نها ڕێواس و ڕبه‌نگ و كه‌ركۆل و گیونی و بوژان ده‌مان. هه‌رچه‌نده‌ تیرمه‌ی هاوینێ له‌ بن گه‌ورانی مرۆڤ له‌ سه‌رمان هه‌لده‌په‌ڕی، به‌لام به‌هۆی هه‌رواز بڕین و په‌له‌ كردنمان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ جێی مه‌به‌ست و بتوانین به‌ وه‌خت به‌ره‌و مالێ بگه‌ڕێینه‌وه‌، به‌ده‌نمان به‌سه‌ر ئاره‌قه‌ كه‌وتبو. له‌ بن گه‌ورانی ده‌بایه‌  لات و ڕازمان بڕیبان و له‌ ده‌ریه‌ ئاسته‌نگ و هه‌لدێره‌كان ده‌رباز بین هه‌تا خۆمان ده‌گه‌یانده‌ پانتایی خوار كانی پیزۆك. به‌هه‌ر شێوه‌ هه‌تا گه‌یشتینه‌ كانه‌ سیره‌كان، نزیكی كرد له‌ نیوه‌ڕۆ. 

دانیشتین هه‌تا پشومان هاته‌وه‌، پاشان به‌ربوینه‌ سیر قرتاندن و هه‌ستاندن و به‌ستین، هه‌تا جانتای هه‌ردوكمان پڕ بون. له‌و چیاو به‌رز و نزمیدا، هه‌رده‌م پێویستیمان به‌ نانی زیاد هه‌بو. هه‌ركاتی برسی ده‌بوین، دو نانی له‌واشه‌مان ده‌كردنه‌وه‌ و ده‌سكه‌ سیرێكمان ده‌خسته‌ ناویان و ده‌مان كرده‌ بالۆلكه‌ و ده‌مان خوارد. ده‌یان جار ئه‌گه‌ر له‌به‌ر مه‌شغولی، زوو نانمان نه‌خواردبا، لاقمان ده‌له‌رزین و قه‌ڕه‌ممان ده‌شكا، نه‌مانده‌توانی ڕێبكه‌ین، ناچار ده‌بی دانیشتباین و چینه‌ نانێكمان خواردبا، ئینجا ده‌ستمان به‌ ڕێڕۆیشتن یانیش ئیش كردن كردبایه‌وه‌. 

له‌پاش نان خواردن و چانتا پڕ كردنمان له‌سیر، به‌ كۆله‌پشتی سیره‌وه‌ ڕومان دایه‌ ڕێگای سه‌خت و شكه‌سته‌ی ئه‌و چیا به‌رزه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و مال. ئه‌و جاره‌یان نه‌هاتینه‌وه‌ ده‌ریی ئاسێ، به‌ دیوی ڕۆژهه‌لاتی گه‌وراندا سوڕاینه‌وه‌ و ماوه‌ ماوه‌ ده‌با دانیشتباین و پشومان دابا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ كۆله‌پشتی گرانه‌وه‌ له‌ نشێوی ڕك و درێژ ڕێده‌كه‌ی، ئه‌ژنۆكان ده‌ست به‌ ئێش و ژان ده‌كه‌ن. هه‌ر چۆن بێت، خۆمان به‌ لێڕه‌ دار دیندارانڕا گه‌یانده‌وه‌ و به‌رزایی چیای سارد و هه‌وای زیكمان به‌جێ هێشت. باوكم كه‌سێك بو، ئه‌وه‌نده‌ی ڕاوو شكار كردبو، چاوی له‌ چاوه‌كانی بالنده‌ی باز تیژتر بون بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاسكه‌ كیوی و گیاندارانیتر. له‌و هه‌زازو نشێوان هیلاك ببوین. باوكم چووه‌ سه‌ر گرده‌ك و گۆتی ده‌با لێڕه‌ پشو بده‌ین. هه‌ردوكمان كۆله‌پشتمان دانان و دانیشتین، له‌ناكاو پێیگۆتم خۆت نویكه‌ خۆت نویكه‌، منیش سه‌رم نوی كرد و پێیگۆتم خۆت مه‌جولێنه‌، ته‌نها ته‌ماشای شاخی ئه‌و به‌ری بكه‌ له‌ناو فلانه‌ لاته‌دا دو ئاسكه‌ كیویی لێنه‌. ڕۆژیش به‌ره‌و ئاوا بون ده‌ڕۆیشت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكم زۆر مه‌ڕاقی ڕاو كردن بو، به‌ دیتنی ئاسكه‌كان، هه‌موو ماندی بون و ڕێگای دووری له‌بیر چوویه‌‌وه‌ و پێیگۆتم، ئه‌لێره‌ چاوه‌ڕوانم بكه‌، پارێزیان له‌بۆ ده‌به‌م. 

پێمگۆت باوكه‌ ئێمه‌ كۆله‌پشتمان زۆر قورسن و ناتوانین هیچیتر هه‌لگرین، واز له‌و ئاسكانه‌ بهێنه‌. به‌لام ئه‌و سییه‌كانی له‌پێشوه‌ هه‌لده‌په‌ڕین و نه‌یتوانی به‌جێیان بهێلی. من و كۆله‌پشتی به‌جێ هێشتین و ده‌ستی دایه‌ تفه‌نگ و له‌و كه‌ند و دۆل په‌ڕیه‌وه‌ و پاراسته‌ ئاسكه‌كان. منیش له‌وێوه‌ ته‌ماشام ده‌كردو له‌ دلدا هه‌ر ده‌مگۆت، به‌لكی خوایه‌ ئاسكه‌كان هه‌ست بكه‌ن و ڕه‌ویان تێبكه‌وێت، به‌لام دیاره‌ دانه‌ێكیان عه‌جه‌لی هاتبو، باوكم گه‌یشته‌ هنداو ئه‌و لاته‌ی ئاسكه‌كان لێیده‌له‌وه‌ڕان، هه‌ستیان به‌ باوكم نه‌كرد. له‌گه‌ل گرمه‌ی تفه‌نگ، دانه‌یه‌ك به‌ربویه‌وه‌ و هه‌ر خۆی هه‌لكوتا و ئه‌وه‌یتر به‌ چه‌ند بازێك له‌و شاخی ئاودیو بو. ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ به‌ر تفه‌نگ، هه‌ر خۆی هه‌لكوتا، كاتێك له‌ به‌رزایی غلۆل بویه‌وه‌ و له‌ به‌ری به‌رزایی له‌ داره‌ شنۆكێك گیر بو. باوكم بانگی كردم و گۆتی هه‌ڕو‌ سه‌ری ببڕه‌ مه‌هێله‌ مردار بێت. من به‌ ڕاكردن گه‌یشتمه‌ بن به‌رزاییه‌كه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاسێ بو، نه‌متوانی لێی به‌سه‌ر كه‌وم. بانگیم كردو گۆتم،

ناتوانم به‌سه‌ر بكه‌وم. باوكم به‌ ڕاكردن هاته‌خوار، كاتێك سه‌دمه‌یه‌كی برد، له‌ تاشه‌ به‌ردێكی به‌ قه‌د هه‌شت متر به‌رز كه‌وته‌ خوار و دار قونتاخی تفه‌نگ شكا و ڕانێكی ئێشا. به‌و شێوه‌ش، به‌ شه‌له‌شه‌ل هه‌لباوزیه‌ شاخ، خۆی گه‌یانده‌ ئاسكی بریندار و سه‌ری بڕی. به‌ هه‌ردوكمان هینامانه‌وه‌ بۆ لای كۆله‌پشته‌كانمان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆله‌پشتمان زۆر گران بون، نه‌مانزانی چۆن كه‌له‌شی ئاسك هه‌لگرین. ناچار باوكم شوتك (پشتبێند)ی له‌ پشتی كرده‌وه‌ و خستیه‌ هه‌ردو شاخ (قۆچه‌كانی) ئاسك و له‌دو خۆی ڕاكێشا هه‌ر له‌وێڕا هه‌تا هیناییه‌وه‌ مالێ. هه‌تا گه‌یشتینه‌وه‌ مالێ، ته‌نشتی ئاسك ته‌واو كه‌ول ببو. هه‌ر چۆن بێت گه‌یشتینه‌وه‌ مالێ به‌ كۆله‌پاشتی سیر و كه‌له‌شی گۆشتی ئاسكه‌ كیوی.



ئه‌وه‌یش گێڕانه‌وه‌ی پیشه‌ و ژیانی ئه‌و سه‌رده‌میمان.