Saturday, June 23, 2018

زمانی تزاوزی:

زمانی تزاوزی.
له‌ بابه‌تی زمانی سه‌راوبنمدا، براده‌رانی شاره‌زای ناوچه‌ی باله‌كایه‌تی، باسی به‌كارهێنانی زمانی (كه‌زامزی)یان كرد، ده‌كرێ هه‌مان تزاوزی بێت و ناوه‌كه‌ی جیاواز به‌كار هاتبێت، ده‌شكرێ له‌ جیاتی پیتی (ز) جۆره‌ پیته‌كانیتر كرابنه‌ شفره‌ و تێكهه‌لاو كردنی ڕسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك به‌ ساده‌یی له‌ قسه‌ كردنیان تێنه‌گات.

تزاوزی زمانی تایبه‌تی چه‌ندێك له‌ ئێمه‌ی گه‌نجانی گوندی به‌نه‌ی خواركوڕك بو، ڕه‌نگه‌ ئه‌و شێوه‌ به‌كارهێنان پێشتریش بناغه‌ی هه‌بوبێ و بۆ ئێمه‌ی گه‌نج گوازرابێته‌وه‌، ده‌كرێ له‌ گونده‌كانیتریش هه‌مان زمان به‌كار هاتبێت و ئێمه‌ هه‌ستمان پێینه‌كردبێت، چونكی ئه‌و سه‌رده‌م هیچ ڕاگه‌یاندنێكی مه‌ده‌نی بونی نه‌بو، مه‌گه‌ر خه‌لكانێكی زۆر له‌ یه‌كتر نزیك، ئه‌گینا، شته‌ تایبه‌ته‌كانی تاكه‌ گوند قه‌تیس ده‌مان و بلاوه‌یان نه‌ده‌كرد، ئێمه‌ی گه‌نج و خوێنگه‌رم و حه‌ز له‌خۆكه‌ر، كه‌ ده‌گه‌یشتینه‌ یه‌كتر، زمانی تزاوزیمان به‌كار ده‌هێناو زۆربه‌ی نهێنیه‌كانمان به‌و زمان به‌ یه‌كتر ده‌گۆت و ئه‌وانه‌ی ناوسال و نه‌شاره‌زا به‌ ئاسانی لێمان تێنه‌ده‌گه‌یشتن. گفتوگۆیه‌كی به‌ینی خۆم و ته‌ها حه‌كیم یه‌حیا ده‌كه‌مه‌ نمونه‌، به‌داوای لێبوردنه‌وه‌، گفتوگۆیه‌كه‌ ته‌واو به‌ ده‌نگ و ئاوازی زاراوه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌نوسمه‌وه‌، هه‌ول ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر به‌بیرم بێته‌وه‌، به‌و زمان بینوسمه‌وه‌. پاشان دێمه‌ سه‌ر به‌سه‌رهاتێكی خۆم. 
________________________________________________

زمانی تزاوزی. (كه‌زامزی)
ته‌ها= 
ته‌زه‌هازا
عیسا=
عیزیسازا، 
مه‌زه‌لازا ته‌زه‌هازا=
مه‌لا ته‌ها،
به‌زه‌لێزێ بزرازا=
به‌لێ برا، 
بۆزۆیزی گزرزژیزی؟=
بۆی گرژی؟
بزرازا مه‌زه‌عیزیده‌زه‌مێزێ تزئێزێشیزی=
برا مه‌عیده‌مێ تئێشی،
ئێزێ بۆزۆ نازاچزیه‌زه‌ نزكز دزخزتۆزۆریزی؟= 
ئێ بۆ ناچیه‌ نك دختۆری؟
بزرازا چۆزۆمه‌زه‌ نزكز دزخزتۆزۆریزی، =
برا چۆمه‌ نك دختۆری،
به‌زه‌سز ده‌زه‌رزمازانیزی نه‌زه‌دازامێزێ= 
به‌س ده‌رمانی نه‌دامێ
بۆزۆ ده‌زه‌رزمازانیزی نه‌زه‌دازایێزێ؟=
بۆ ده‌رمانی نه‌داییێ؟
گۆزۆتیزی ده‌زه‌رزدێزێ توزو دزیازارز نیزییه‌زه‌ مه‌زه‌گه‌زه‌رز ده‌زه‌رزده‌زه‌ دزلز بیزیتز=
گۆتی ده‌ردێ تو دیار نییه‌ مه‌گه‌ر ده‌رده‌ دل بیت،
بازاشه‌زه‌ لێزێتز نه‌زه‌پزرزسیزی دازاخوزوازا ده‌زه‌رزده‌زه‌ دزلز كوزو چازاره‌زه‌سه‌زه‌رز بزكه‌زه‌ینز؟=
باشه‌ لێت نه‌پرسی داخوا ده‌رده‌ دل كو چاره‌سه‌ر بكه‌ین؟ = 
بازا، گۆزۆتیزی هه‌زه‌ڕه‌زه‌ ژزنێزێ بیزینه‌زه‌ دێزێچێزێ بزیۆزۆ=
با، گۆتی هه‌ڕه‌ ژنێ بینه‌ دێچێبیۆ،
ئێزێجازا بۆزۆ ژزنێزێ نازائیزینیزی؟= 
ئێجا بۆ ژنێ نائینی؟
ئێزێ بزرازا خوزو ژزنز دازارز نیزییه‌زه‌ هه‌زه‌تازا دازاتزرازاسزمز!= 
ئێ برا خو ژن دار نییه‌ هه‌تا داتراشم!
ڕازاسزته‌زه‌، به‌زه‌لێزێ هه‌زه‌وزله‌زه‌كیزی بۆزۆ بزده‌زه‌= 
ڕاسته‌ به‌لێ هه‌وله‌كی بۆ بده‌،
هه‌زه‌وزلز ده‌زه‌ده‌زه‌م به‌زه‌سز چز كیزیژێزه‌نز پزدزلێزێ مزنز نیزینه‌زه‌= 
هه‌ول ده‌ده‌م به‌س چ كیژێن پدلێ من نینه‌،
مه‌زه‌لازا ته‌زه‌هازا هزنزده‌زه‌ خۆزۆ پززه‌زه‌حزمه‌زه‌تز نه‌زه‌ئێزێخه‌زه‌= 
مه‌لا ته‌ها هنده‌ خۆ پزه‌حمه‌ت نه‌ئێخه‌،
ئه‌زه‌توزو گه‌زه‌نزجیزی هه‌زه‌كه‌زه‌ هزنۆزۆكه‌زه‌ پزكۆزۆتزرازا ڕازازیزی نه‌زه‌بیزی، نازاوزسازالز بزبیزی قه‌زه‌لزتز ووزده‌زه‌سزتز نازاكه‌زه‌وزنز= 
ئه‌تو گه‌نجی هه‌كه‌ هنۆكه‌ پكۆترا ڕازی نه‌بی، ناوسال ببی، قه‌لت ووده‌ست ناكه‌ون،
ڕازاسزته‌زه‌ به‌زه‌سز ئه‌زه‌دیزی نازابیزی كیزیژه‌زه‌كز په‌زه‌یزیدازا بزبیزیتز كوزو بزكه‌زه‌ویزینه‌زه‌ به‌زه‌رز دزلێزێ یه‌زه‌كوزودوزو؟ = 
ڕاسته‌ به‌س ئه‌دی نابی كیژه‌ك په‌یدا ببیت كو بكه‌وینه‌ به‌ر دلێ یه‌كودو؟
ده‌زه‌بیزی، به‌زه‌سز پزڕازاسزتیزی توزو زۆزۆریزی پززه‌زه‌حزمه‌زه‌تیزی= 
ده‌بی به‌س پڕاستی تو زۆری پزه‌حمه‌تی.
___________________________________________________
بێینه‌ سه‌ر به‌سه‌رهاتێكی خۆم:
له‌ ڕۆژێكی گه‌رمی بهارێكی پیردا، من له‌ ختره‌ ده‌هاتمه‌وه‌ به‌ره‌ و گونده‌كه‌مان ( ختره‌ جێگایه‌كه‌ له‌ ده‌ و ڕوباری به‌ینی گوندی به‌نه‌ و گوندی شۆشنێ‌ ). ڕێگای به‌ینی ختره‌ و گوندیش به‌ناوه‌ندی مه‌زراوی گونده‌كه‌ماندا ده‌ڕۆیشت. مه‌زراویش، جێگایه‌كی كه‌تیه‌وه‌ و ڕاست بو، سالانه‌ به‌شێكی زۆری زه‌ویه‌كانی مه‌زراومان ده‌كردنه‌ برنج. چونكی زۆر كه‌م زه‌ویی ڕاست و له‌بارمان هه‌بون بۆ برنج چاندن،  له‌و سه‌رده‌میدا چاندنی برنج به‌ گۆل بو، هه‌ر مالێك ده‌ستی به‌ برنج چاندن كردبا، سه‌ره‌تا زه‌ویه‌كه‌ی به‌ جوانی به‌ جۆته‌گا، ده‌كێلا، پاشان داوای له‌ دراوسێكان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك، بیتوانیبا، به‌شداریی زباره‌ی هه‌لدانه‌وه‌ی مالكه‌ برنج بكات، كه‌ زباره‌ ئاماده‌ ده‌بو، جۆگایه‌كی بۆش و خۆشی ئاومان ڕاده‌كێشایه‌ سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ و ده‌ستمان ده‌كرد به‌ هه‌لدانه‌وه‌ی بارسته‌ی مالكه‌ برنجه‌كان، هه‌ر گۆله‌ برنجێكمان به‌ قه‌ده‌ر پێنج پێ به‌رین و بیست پێ درێژ دروست ده‌كرد، ئه‌و گۆله‌ برنجانه‌شمان گشتی به‌ پێخواسی دروست ده‌كردن، جار هه‌بو هیچ ئاگامان له‌ لاق و پلۆقه‌ و به‌ره‌ پێی خۆمان نه‌بو، به‌لام كه‌ قوڕه‌ برنج ته‌واو ده‌بو و لاقمان به‌ ئاوی خاوێن ده‌شوشتن، ئه‌وكاتی ده‌مانبینی كه‌ به‌ری پێیه‌كانمان هه‌مووی شه‌ق شه‌ق بوینه‌ له‌به‌ر زۆر مانه‌وه‌ له‌ناو ئاو، خوێن ڕاده‌وه‌ستا‌ و گۆشتێكی بریندار و تازی و به‌بێ خوێن تێچزین ده‌مایه‌وه‌‌. ده‌رمانیشمان سپرتۆ و خێلاوك بو. هه‌نده‌ك سپرتۆمان له‌ برینه‌كان ده‌داو، تۆزێك له‌ناو ئاوه‌ خێمان داده‌نان و ده‌مان پێچان، به‌یانی زوو، ده‌چوینه‌وه‌ سه‌ر كار.

بێینه‌وه‌ سه‌ر به‌سه‌رهاتی خۆم. گه‌رمایه‌، گیاو نه‌فه‌لی مێرگه‌كانی مه‌زراوێ هه‌لمیان لێ هه‌لده‌ستا. كه‌رخه‌ ڕێگاكان له‌به‌ر كوترانه‌وه‌ و پیاده‌رۆ، گیایان لێ نه‌ڕوابو، لێ نه‌فه‌ل و جۆره‌ گیایه‌كانیتر ئه‌وه‌نده‌ بۆڕ ببون، ئه‌ولاو ئه‌ملا سه‌ری گیا گه‌یشتبووه‌ یه‌كتر و ڕێگا ته‌نها به‌ چه‌مانه‌وه‌ی گیا ده‌بیندرا ئه‌گینا هیچ دیار نه‌بو، منیش بێئاگام و هیچ خه‌یالم بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چو كه‌ ترسم هه‌بێت، شتێك له‌ژێر گیا له‌ چه‌قه‌ی ڕێگادا بێت و پێی لێبنێم، گه‌نج بوم و هه‌ر له‌به‌ره‌ خۆم لاوك و به‌سته‌م ده‌گۆتن و به‌دوای ده‌وسی ڕێگادا ده‌ڕۆیشتم، كاتێك له‌ناكاو پێم كه‌وته‌ سه‌ر گه‌ڕ و پێچه‌كانی كۆره‌ مارێكی زۆر بوخته‌، له‌گه‌ل پێم كه‌وته‌سه‌ری، ئه‌وه‌نده‌ لیچ بو، پێم لێی ڕازه‌لی، له‌گه‌ل پێم لێی ڕازه‌لی، دیاره‌ هه‌ولیدا قه‌پالم لێبگری و له‌به‌ر بۆڕ بونی گیا لێم نه‌خێوایه‌وه‌، زانیم ماره‌. ماره‌كه‌یش له‌ گینگلی داو منیش به‌ترسه‌وه‌ ڕاپه‌ڕیم و هه‌نگاوی دووه‌مم هاویشت، وه‌ك غه‌بلین دیسان پێم كه‌وته‌وه‌ سه‌ر قه‌ده‌كانی مار، به‌هه‌نگاوی سێیه‌م ئه‌وجا توانیم له‌سه‌ری ده‌رباز بم، مار له‌به‌ر من هه‌لده‌هات و منیش له‌به‌ر ئه‌و هه‌لده‌هاتم، دیاره‌ به‌ختێكی زۆر باشم هه‌بو كه‌ ده‌می نه‌گه‌یشته‌وه‌ من و پێیوه‌نه‌دام، به‌ دلنیاییه‌وه‌ پێیوه‌دابام، به‌ ڕوح ده‌ربازم نه‌ده‌بو، ئه‌وه‌نده‌ ترسام و حه‌په‌سام، نه‌فه‌سم باش نه‌ده‌هات و نه‌ده‌چو و هه‌موو ده‌ماره‌كانی له‌شم توره‌ بی ئاسا هه‌لده‌له‌رزین، تۆزێك ڕاوه‌ستام هه‌تا هه‌ناسه‌م به‌باشی به‌كار كه‌وته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی شاره‌زای كۆره‌ ماره‌ سه‌رپانه‌كانن، ده‌زانن، ئه‌و جۆره‌ كۆره‌ مار، زۆر ته‌پن و ڕێگایان له‌به‌ر ناڕوا. مه‌زراویش زۆر ڕاست و زه‌ویه‌كانی پان و ته‌ختن، ماره‌كه‌ له‌ هه‌ولی خۆده‌رباز كردن دابو، ده‌ڕۆیشت و ڕه‌نگ و گه‌وره‌یی دیار نه‌بو، به‌لام گیای ده‌دایه‌وه‌ و دیار بو ڕووه‌ و كێنده‌رێ ده‌ڕوا، به‌دوای كه‌وتم و هیچ به‌ردی گه‌وره‌م نه‌هاتنه‌ به‌رده‌ست. چه‌ند به‌ردێكی بچوكم هه‌لگرتنه‌وه‌ و ڕاوه‌شاندنێ، به‌لام باشیان نه‌ده‌گرت و هه‌ر به‌رده‌وام بو له‌ ڕۆیشتن به‌ره ‌و چیلی به‌ینی زه‌ویی ئێمه‌ و حاجی ڕه‌سول برایم، به‌ینی تخوبی هه‌ردو زه‌ویه‌كان به‌درێژایی، هه‌مووی بنه‌ ستری كه‌ناری بون و سالانه‌ ده‌مانبڕین بۆ په‌رژینی زه‌ویه‌كان، ماره‌كه‌ خۆی ده‌كێشا بۆ ناو ئه‌و ستری كه‌ناریان، به‌ڕێوه‌ به‌ردێكم هاته‌ ده‌ست و ماره‌كه‌یش گه‌یشته‌ ناو یه‌كه‌م بنه‌ ستری. ئه‌و به‌ردم ڕاوه‌شاندێ، دیاره‌ قه‌دی ماری كه‌وتبووه‌ سه‌ر په‌له‌ ستریه‌كی بڕدراو، په‌له‌ ستریش زۆر تیژ و دڕه‌. له‌گه‌ل ئه‌و به‌ردم لێیدا، مار ده‌ستی به‌ كیفی ڕاهێلان كردو قه‌ده‌كانی له‌ یه‌كتر ئالان، یه‌ك دو به‌ردیتری وردم تێگرتن، دیاربو هه‌ر كیفیی ڕاده‌هێلان و نه‌ده‌ڕۆیشت، زانیم قودره‌تی ڕۆیشتنی نه‌ماوه‌، كه‌ونه‌ كۆخێك له‌ به‌ینی زه‌ویی حاجی ڕه‌سول و محه‌مه‌د داود زیاره‌تی بو، به‌غاردانه‌ چومه‌ كۆخه‌كه‌ و قیسپه‌ دارێكم لێی شكاندو هاتمه‌وه‌ بۆ سه‌ر ڕوحی كۆره‌ مار، كه‌ به‌ قیسپه‌ دار گیام دایه‌وه‌، ده‌بینم، په‌له‌ ستریه‌كی له‌شێوه‌ی خه‌نجه‌ر تیژ له‌ ناوقه‌دی ڕاچووه‌ و پێیه‌وه‌ گیری خواردووه‌ و له‌ شه‌ڕ بو و نه‌یده‌توانی خۆی لێبكاته‌وه‌، ماره‌كه‌م به‌ قیسپان كوشت، ئه‌وجا دلم داكه‌ت، هه‌ر كاتی مارێكیشمان ده‌كوشت، كه‌له‌شی مارمان به‌جێ نه‌ده‌هێشت و به‌ قیسپێك هه‌لمان ده‌گرت و ده‌مانبرد هه‌تا دارێكی قولێرمان ده‌دۆزیه‌وه‌ و ده‌مانهاویشته‌ ناو قولۆریه‌دار، یان ژێرگلمان ده‌كرد، یانیش ده‌مانخسته‌ ژێر قلۆتكه‌ به‌ردان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س پێ له‌ كه‌له‌ش و هێسكه‌كانی نه‌نێت، چونكی بڕوامان وابو كه‌ ئه‌گه‌ر هێسكی مار له‌ پێی كه‌سێك ڕابچیت، له‌وانه‌یه‌ ژه‌هراوی ببیت، بۆیه‌ له‌ جێگایه‌ك ده‌مانشارده‌وه‌ كه‌ نه‌كه‌وێته‌ پێش پێیان، هه‌ر كاتی مارمان ده‌كوشت و سه‌ریمان پان ده‌كرده‌وه‌، جار هه‌بو هه‌تا ئێوارێش، كلكی هه‌ر ده‌جولا، له‌بیرمه‌ كه‌ مندال بوم، پرسیارم له‌ باپیرم ده‌كردو ده‌مگۆت، بۆ ئه‌و مارانه‌ی ده‌كوژرێن، زوو ڕوحیان ده‌رناچیت؟ ئه‌ویش ده‌یگۆت، كوڕم، ماری كوژراو، هه‌تا شه‌وی به‌سه‌ردا نه‌هێت و ئه‌ستێران نه‌ژمێری، ڕوحی به‌ ته‌واوی ده‌رناچی.


له‌و ناوچه‌ چیاییاندا، مار یه‌كجار زۆر بون، زۆرجاران كه‌ باغه‌ گیا و وێنجه‌مان ده‌كێشانه‌وه‌ بۆ جێی نژنین و كردنه‌ گیشه‌، پێشی هه‌لگرتنیان، باغه‌كه‌مان وه‌رده‌گێڕا و ته‌ماشامان ده‌كرد نه‌وه‌ك كۆره‌ ماری له‌ژێر بێت، كه‌ زۆر به‌ ترسه‌وه‌ باسی ئه‌و كۆره‌ ماره‌م بۆ باپیرم گێڕایه‌وه‌ و گۆتم، ئه‌و مار پێیوه‌دابام، یه‌كسه‌ر ده‌یكوشتم، باپیرم گۆتی، مار به‌ لغاون و ناتوانن به‌هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ بده‌ن، ئه‌گه‌ر وانه‌بی، ڕۆژانه‌ مار به‌ خه‌لكانی چیایی وه‌ده‌ده‌ن، ئیتر خه‌لكانی ئه‌و ناوچه‌ بڕوایان وابو كه‌ هه‌موو شتێك له‌ژێر فه‌رمانی خوایی دایه‌ و ماریش ناتوانێ به‌كه‌سه‌وه‌ بدات به‌بێ لغاو به‌سه‌ردا هێنان و ڕێگاپێدان.