Tuesday, February 27, 2018

پێنج جۆره‌ دار. به‌شی ١

جۆری داره‌كان.

١- توو: 
توو سۆر، توو شامی، توو قه‌سپ، توو كرم. توو شل، توو ڕه‌ش، توو زه‌رد، گاتوو. دلنیام جۆری زیادتریش هه‌ن، به‌لام هه‌ر ئه‌و جۆرانه‌م له‌ یاد بون. له‌ كۆتایی مانگی بهار كه‌ توو پێده‌گه‌یشتن، جار جاره‌‌ كه‌سێك به‌سه‌ر داره‌ توو ده‌كه‌وت بۆ داكوتان و چه‌ند كه‌سێكیش خامێكی چوار گۆشه‌یان له‌به‌ر ڕاده‌گرت، له‌گه‌ل داكوتان ئه‌و خام یان چارۆك پڕ ده‌بو له‌ تووان و ده‌یانهێنانه‌وه‌ بۆ خواردن و وشك كردن. له‌دووره‌وه‌ڕا سه‌ربانه‌كان ڕه‌نگاو ڕه‌نگ دیار بون ئه‌وه‌نده‌ توویان له‌سه‌ر بان ڕاده‌كردن بۆ وشك كردن. زۆر مال ئه‌و تووه‌ وشك كراوه‌یان ده‌هاڕین و ده‌كردنه‌ پۆخین بۆ خواردنی زستانان. 
داری توو به‌هێزترین دار بو كه‌ له‌ناو ئاو بۆ ماوه‌ی دوورو درێژ ده‌مایه‌وه‌ و تێكنه‌ده‌چو. هه‌ر بۆیه‌ داری توو بۆ ده‌راوی كانی و دایمه‌ ئاو و جۆگاكان به‌كار ده‌هات. له‌بیرمه‌ ده‌راوی كانیی مزگه‌فتی گونده‌كه‌مان به‌ داره‌ تووه‌كی زۆر گه‌وره‌ چاك كرابو و لیم گرتی ببو. ئه‌و دار پێشی له‌دایك بونی ئێمه‌ بیرازترابو. هه‌ر وه‌ك خۆی مابویه‌وه‌ هه‌تا له‌ سالی ١٩٧٨ڕژێمی به‌عثی گۆڕ به‌گۆڕ گونده‌كه‌مانی وێران كردو ئێمه‌ی ڕاگواستین بۆ كۆمه‌لگا زۆره‌ملێكانی ده‌شتی هه‌ولێر. داری توو بۆ بن به‌رداشی ئاشه‌كان به‌كار ده‌هاتن كه‌ پێیان ده‌گۆترا به‌ڕازه‌. شێنه‌ و توره‌ داره‌ توو بۆ چه‌په‌ر و هه‌تان به‌كار ده‌هاتن. هه‌ر ئه‌وتۆ داری توو باشترین و قه‌ییمترین بو بۆ په‌ڕه‌ ته‌پكه‌‌. داری توو بۆ سه‌ره‌ده‌ر و سه‌ره‌ په‌نجه‌ره‌كانی خانووه‌كان به‌كار ده‌هات. داری تووش هه‌ر وه‌ك داره‌كانیتر زڕه‌ تووی هه‌بون، زڕه‌ توو واته‌ تووی بێبه‌ر.

٢- گیوز: (گوێز)
چه‌ندین جۆری گیوز هه‌بون، گیوزی گه‌لوازان، گیوزی ئازا، گیوزی كیور. گیوزی گه‌لوازه‌، چه‌ند دانه‌یه‌ك وه‌ك ویشیی ترێ پێكه‌وه‌ پێیوه‌ ده‌هاتن و زۆر ناسك بون له‌ شكاندن. گیوزی ئازا، كه‌ ده‌شكاندران، كاكلیان به‌ساخی ده‌هاته‌ده‌ر و ئاسانترین بون بۆ خواردن. گیوزی كیور، ئه‌و گیوزانه‌ بون كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ زۆر جوان بون، به‌لام كه‌ ده‌شكاندران، كاكلیان زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌هاته‌ده‌ر. 

داری گیوز نه‌خشێكی ڕاو ڕاوی زۆر شازو ڕه‌نگینیان هه‌یه‌. بۆیه‌ جوانترین دار بو بۆ شكه‌و و قه‌شكێن (شه‌كر شكێن) ته‌به‌كه‌ و خوانی نان پاتن و كۆتك و ملاك و كه‌وچكه‌ دۆ و هسكیو و لانك (لاندك، بێشكه‌) ئه‌و ئاسنجاوانه‌ی داره‌ گیوزیان پێ داده‌تراشین و ده‌كردنه‌ ملاك و هسكیو، چه‌كوچ و كۆلینكه‌ و سۆلینكه‌ و ڕه‌نده‌ بون.
كه‌ سه‌ربازه‌كانی عه‌ره‌بی عێڕاقی ڕویان كه‌وته‌ ناوچه‌ كورد نشینه‌كان، داری گوێزیان زۆر كه‌ول ده‌كردن و له‌ جیاتی سۆراو توكلی داره‌ گیوز و توكلی گیوزیان بۆ ڕه‌ش كردنی لێوی ژنان ده‌بردن و به‌كار ده‌هێنان. به‌ری گیوز، یان بلێین گیوز كه‌ داده‌كوترێن، یان ده‌وه‌شێندرێن، ئه‌گه‌ر باش گه‌یشتبن، له‌گه‌ل داوه‌شادن و داكوتان زۆربه‌یان لۆچ ده‌بن. به‌لام ئه‌گه‌ر زۆر به‌ باشی نه‌گه‌یشتبن و پێش گه‌یشتن چه‌ل وه‌شین بكرێن، لۆچ نابن، ده‌بێ به‌ده‌ستان لۆچ بكرێن و خاوێن بكرێنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی گیوز لۆچ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ستوانه‌ به‌كار نه‌هێنن، ده‌ست و په‌نجه‌یان ڕه‌ش هه‌لده‌گه‌ڕێن و هه‌تا ئه‌و چه‌رمی ده‌ست و په‌نجه‌ ته‌واو نه‌ڕوات، ڕه‌شبونی گیوز چه‌رمی ده‌ست و په‌نجه‌ به‌رنادات. كه‌ول یان بلێین توكلی سه‌ر گیوز، پێیده‌گۆترێ ڕزێ. ئه‌گه‌ر كه‌سێك زۆر ئیشی لۆچ كردنی گیوز بكات و ده‌ستی به‌رده‌وام له‌ناو ڕزێ بن، چه‌رم، یان بلێین پێستی ده‌ست و په‌نجه‌كان، سه‌ره‌ڕای ڕه‌ش بون، ده‌سوتێن و پاش ماوه‌یه‌ك، ئه‌و پێست هه‌مووی به‌سه‌ردا ده‌ڕوات. له‌ گوندان چه‌لوه‌شێنی زیره‌ك هه‌بون و به‌سه‌ر داره‌ گیوز ده‌كه‌وتن و چه‌له‌كی درێژیان به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرت و له‌ هه‌شك و ته‌شكی گیوزیان ده‌دان و گیوزه‌كان ده‌هاتنه‌ خوار. له‌ خوارێش، چه‌ند كه‌سێك گیوزیان خڕ ده‌كردنه‌وه‌ و ده‌یان خستنه‌ ناو جوالان و ئێواره‌ به‌ گوێدرێژان ده‌گوازرانه‌وه‌ بۆ مالێ.

٣- دیندار:
دیندار، دارێكی دێمه‌.
دارێكی گرێ گرێ و ڕه‌نگ كه‌ونیاره‌. به‌كه‌لك قاریته‌ نه‌ده‌هاتن. داره‌ شێنه‌كان به‌ كه‌لك ستون (ئه‌ستوند) و ڕاسته‌ ده‌هاتن. ئه‌گه‌ر داری سوتان كه‌مبانه‌، كه‌سانێك هه‌بون، دینداریان گزره‌ ده‌كردن. به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر دوور بون له‌ گوندی، كه‌ گزره‌ ده‌كران و وشك ده‌بون، گشتیان له‌ جێگایه‌ك كۆ ده‌كردنه‌وه‌ هه‌تا به‌فر ده‌باری. كه‌ به‌فر ده‌باری، داره‌ كرشه‌یان چاك ده‌كردن و به‌ شه‌پۆپه‌ و لیانان ده‌چون و دار كرشه‌یان ده‌بردن، به‌قه‌د یه‌ك ئۆتۆمبێل داریان له‌سه‌ر كرشه‌ بار ده‌كردن و له‌سه‌ر به‌فر ده‌یاندایه‌ لێژی و ده‌خوشی هه‌تا ده‌هاته‌ ڕاستاییه‌كانی نزیك گوندی و له‌وێ به‌ ئاسانی ده‌یانگواستنه‌وه‌ بۆ مالان بۆ سۆبه‌ (زۆپه‌) و ئاگردان و چێشت لێنان. وه‌ك باسمان كرد، دیندار له‌ ناوچه‌ سارد و به‌فرگره‌كان ده‌ڕووێ. داری گه‌وره‌ و به‌رزی لێ دروست ده‌بێت. به‌ڕوی گه‌وره‌ ده‌گرن. به‌ڕوه‌كانی له‌ به‌ڕوی دار به‌ڕون خۆشترن. بۆ ئاگردان، خۆشترین داره‌. بۆ هه‌لگرتن دارێكی قورسه‌. توكلی سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووی شه‌ق شه‌ق و خانه‌ خانه‌ ده‌بێت. مه‌گه‌ر شێنه‌كانیان ئه‌گینا، داره‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كانیان گشتی وان. داره‌ كه‌ونیاره‌كانیان به‌رێكی زۆر سه‌یر ده‌گرن و پێی ده‌گۆترێ دۆكانه‌.  دۆكانه‌ شێوه‌ چڕكێكی زۆر به‌هێزی لێ دروست ده‌كرا‌. دۆكانه‌یان ده‌كرد و ده‌یانهێنایه‌وه‌ و ده‌یانكوتا هه‌تا ورد ده‌بو و ده‌یانكرده‌ چڕك. چڕكی دۆكانه‌یان له‌ ته‌خته‌ دارێك ده‌داو له‌به‌ر كونی مشكیان داده‌نایه‌وه‌ و هه‌ر مشكێكی به‌و چڕكی وه‌ده‌بو، لێینه‌ده‌بویه‌وه‌ هه‌تا ده‌مرد یان ده‌یانكوشت. یان چڕكی دۆكانه‌ له‌ناو برنج له‌ لكه‌ داران ده‌دراو ئه‌و چێچكه‌(چۆله‌كه‌)یانه‌ی ده‌هاتن بۆ برنج خواردن و له‌سه‌ر لكه‌ داره‌كان هه‌لده‌نیشتن، لاقیان له‌و چڕكی گیر ده‌بوو پێیه‌وه‌ ده‌مردن. ده‌كرێ له‌ ئایینده‌دا كورته‌ بابه‌تێك له‌سه‌ر شه‌پۆپه‌ و لیان و كرشه‌ بنوسین بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران شاره‌زاییان له‌سه‌ریان هه‌بێت.
٤- داری به‌ڕون:
به‌ڕون داره‌ دێمه‌.
داری به‌ڕو یان به‌ڕون، دارێكی ساخله‌م و بته‌وه‌، دارێكی ڕه‌ق و خۆڕاگره‌، به‌ڕوده‌ره‌، واته‌ به‌ڕوی پێوه‌ دێن. به‌ڕو هه‌م مرۆڤ ده‌یخۆن و بۆ ته‌ندروستی زۆر باشن، هه‌میش ئاژه‌ل زۆریان كه‌یف پێدێت. دار به‌ڕو، باشترین داره‌ بۆ گزره‌ و سوتاندنی زستانان و ئاگردانی خواردن لێنان. دار به‌ڕو بۆ چلویش به‌كار دێت و به‌شێكی خواردنی ئاژه‌لان چلوی داره‌ به‌ڕونه‌. داری به‌ڕو بۆ قاریته‌ و ڕاسته‌ و خێزه‌ره‌ و كواشكی خانووه‌كانیش زۆر باشه‌. پاییزان هه‌ركه‌ ئاگرمان ده‌كرده‌وه‌، كۆمه‌له‌ به‌ڕووه‌كمان ده‌خسته‌ ناو په‌له‌مۆری ئاگر هه‌تا لاسوتایی و سۆر ده‌بونه‌وه‌، ئینجا ده‌رمانده‌هێنان و تولكمان له‌سه‌ر لاده‌بردن و ده‌خواردن. زۆربه‌ی ڕكه‌ و سنگ و ده‌سكه‌ باگوردان له‌ شێنه‌داری به‌ڕو دروست ده‌كران. شێنه‌داری به‌ڕو ده‌كرانه‌ گۆپال، به‌لام وه‌زنیان قورسه‌. 

٥- مازین: 
مازینیش داره‌ دێمه‌.
دارێكی له‌ته‌رز و سودبه‌خشه‌، به‌كه‌لك قاریته‌ و خێزه‌ره‌ و كواشك دێت، چلوی مازین زۆر ناسك و خۆشه‌ بۆ بزن و ئاژه‌لانیتر. به‌ڕوی ناسك و زراوی پێوه‌ دێن و بۆ ئاژه‌ل زۆر به‌تامن، به‌لام مرۆڤ كه‌م ده‌یانخوا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر تفتن. به‌ڕوی داره‌ دیندار و به‌ڕون بۆ مرۆڤ خۆشترن. 

مازین، به‌رێكی پێوه‌ دێت و پێیده‌گۆترێ مازی، مازی خڕه‌ به‌قه‌د كه‌للا (مات ماتێن) (هه‌لماتێن)گه‌وره‌ ده‌بێت. زه‌مانی خۆی زۆر به‌ها گران بون، جۆتیاران به‌شێكی زۆری پێداویستیه‌كانیان به‌ مازیان ده‌كڕین. له‌هه‌مان كات گولیندیان پێوه‌ دێن. ناو‌كی گولیند وه‌ك ئارد وایه‌، بۆ زۆر شت به‌كار ده‌هات، به‌تایبه‌ت له‌ چه‌رمی ئاژه‌لان ده‌درا كه‌ ده‌كرا مه‌شكه‌ و دۆدان و هه‌مبان و هیزه‌. ده‌یانگۆت، تامی خواردن و خواردنه‌وه‌ی ناو ئه‌و همبان و مه‌شكه‌ و دۆدانی به‌ گولنید چاكرابن، خۆشتر ده‌بێت. شێنه‌ مازین گۆپالی نایابیان لێ دروست ده‌كران. داری مازین ڕكه‌ و سنگ و كنۆره‌یان لێ دروست ده‌كردن.