عه‌شقی تاكلایه‌نانه:
سەمەد خان پیرە مێردێکی گەڕیدە بو، کەسەکی ڕوح سوک و زەعیف و بەژن کورت بو. ته‌وبه‌كارو سۆفیی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بو. ڕیشێكی زۆر جوانی دان و ماشی هه‌بو. هەتا بلێی لەش ساخ و چوست و چەلەنگ بو. هاتوچوی ناو خاکی تورکیای دەکردو کوتالی لە دەڤەری شەمزینان دەکڕی. لەو سەفەرو گەشتاندا تاکە هاوڕێ و هاوسه‌فه‌ری تەنها گوێ درێژەکەی بو. هەردەم نزیکەی بیست ڕەنگی جیاوازی قوماشی لە گوێ درێژ بار دەکردو بەپێش خۆی دەداو گوند بە گوند دەگەڕا.
تێبینی:
من سه‌مه‌د خان،م به ڕه‌سه‌ن و خانه‌واده نه‌ده‌ناسی. به‌هۆی ئاواره‌یی و دوور ولاتیشمهوه، نه‌متوانیوه زانیاریی له‌سه‌ر ڕه‌سه‌ن و ژیانی كۆبكه‌مه‌وه. بۆیه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌سه‌ری نوسیوه كه بۆخۆم لێیم بیستووه و بینیومه. یه‌كه‌مجار سه‌مه‌د خان،م له مالی حاجی حه‌كیم یه‌حیا بینی و ناسی. هه‌ر له‌وێیش به چیڕۆك و ده‌رده دل و قسه‌ی خۆش و هه‌سته جوانه‌كانی ئاشنا بوم. جه‌ند جارێك سه‌ردانی مالی ئێمه‌شی ده‌كرد و له‌گه‌ل باپیرم گفتوگۆی سۆفیگهراییان ده‌ست پێده‌كرد و چیڕۆكی زۆر سهرنجڕاشێیان لێدهبیستران.
گوندی ئێمه، گوندی به‌نێی خواكوڕك، ده‌وری بیست مالێك ده‌بوین، له‌و بیست ماله‌دا، زیاترین میوان و مشه‌خت ڕویان ده‌كه‌وته مالی حاجی حه‌كیم یه‌حیا. زۆر جاران باپیرم ده‌یگۆت، هنده‌ك مال، نان شیرینن، ئه‌گه‌ر حه‌زیشیان له میوانان نه‌بێت، خه‌لكان هه‌ر ڕوی تێده‌كه‌ن و ناچاری ڕاگرتنی میوان و خزمه‌ت كردنیان ده‌بن. مالی ناوبراو، هه‌رده‌م دلفراوان و لێو به‌بزه‌و خانه‌دان بون. جار هه‌بو كه‌سانێكی بێ مال و كه‌س و وارس سه‌ریان به مالی حاجی حه‌كیم ده‌وه‌ستاو بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن ده‌مانه‌وه و وه‌ك ئه‌ندامی خێزانیان لێده‌هات. له‌بیرمه كه‌سێك له‌ناو مالیان مابویه‌وه بۆ ده‌مێكی زۆر. ئه‌و كه‌سه زۆر چالاك و ئیشكه‌ر بو. خه‌لكانی ئاوایی پێیانده‌گۆت خودێدا. خودێدا به‌و واتایه بو كه به‌لێ خودا دایتیه مالی حاجی حه‌كیم و كه‌سانێك هه‌ن دێن و ده‌بنه ئیشكهریان.
له سالانی حه‌فتاكاندا، زیادترین میوان ڕویان له مالی ئێمه ده‌كرد، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌وه بو، كه مالمان نزیكه‌ی بیست ده‌قه پێڕۆیشتن له گوندی دوور بو و كهوتبوینه گه‌لی. زۆربه‌ی هاتوچوی ڕێبوارو كاروان و پێشمه‌رگه‌و سۆفیه‌كانی سه‌ردانی ته‌كیه‌ی حاجی محه‌مه‌د شێخ ڕه‌شید لۆلانی،یان ده‌كرد، ڕێیان ده‌كه‌وته گه‌لی. بۆیه ڕزق و نسیبیان ده‌كه‌وته سه‌ر خوان و نانی مالی ئێمه‌و دایك و باوكیشم كه‌سانی چاوكراوه و میواندۆست بون و هه‌رده‌م به هاتنی میوانان، خۆشحال و ڕوگه‌ش ده‌بون.
بێینه‌وه سه‌ر باسی سه‌مه‌د خان:
وه‌ك له سه‌ره‌تاوه باسمان كردووه، سه‌مه‌د خان كوتال فرۆشێكی سه‌رپێی بو. ڕێیدهكهوته زۆربه‌ی گونده‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ر. هه‌ر كاتی سه‌مه‌د خان ڕێیدهكهوته گوندی ئێمه، ڕاسته‌وخۆ ڕوی ده‌دایه مالی حاجی حه‌كیم. ئه‌وانیش هه‌م گوێ درێژه‌كه‌یان بۆی به‌خێو ده‌كرد، هه‌میش خزمه‌تێكی پڕ لهقهدرو قیمه‌تیان پێشكه‌شی ده‌كرد.
خەلکی ئەو دەڤەره هەر هەموویان سه‌مه‌د خان،یان خۆش ده‌ویست و ڕێز‌و بهایه‌كی زۆریان بۆی دادەنا. هەرکە دەگەیشتە گوندێک، دەنگ و باس لەناو ئەو گوندە بەلاو دەبویەوە و دەیانزانی کە سەمەد خان گەیشتیەو قوماشی نوێ و لە تەرزی پێیە. رۆز جاران ئەگەر کەسێک حەزی لە قوماشێک بایەو پارەی تەواوی بۆ پەیدا نەکرابا، ئەوا زۆر بە دلگهرمیەوە قوماشەکەی پێ دەداو پێی دەگۆت، هەتا جارێکی تر دێمەوە، پارەکەم بۆ پەیدا بکە. هه‌ركه‌سێكیش حه‌زی له جۆره كوتالێك بایه‌و پێی ڕاسپاردبا، حه‌تمه‌ن بۆی په‌یدا ده‌كرد و جاری پاشتر بۆی ده‌هێنا.
زەمان هات و چوو سەمەد خانی بێ کەس و تەنیاو گەڕیدە، لە گوندێکی ئەو دەڤەرە لە ڕۆژێکی شۆمدا دلی ناسکی بە تیری ئەڤینی کچێکی چاو سەحراویی تازە خونچە گول دەهنگووێ و کچەکەش بەهۆی تەمەنی هەرزەیی و خوێن گەرمییەوە، هیچ ئاگای لە ژان و سۆی بێ ئامانی دلی سوتاوی سەمەد خان نابێت و تاک لایەنانە بەو دەردە دلەوە دەتولێتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاگری خۆشەویستیی گلپەو گڕی گەرمتر دەبێت.
خەلکانی ئەو دەڤەرانەش، هەرچەندە سادەو ساکار بون، بەلام هەم خەلکێکی ناهۆشیارو نەخوێندەوارو بێهه‌ست هه‌بون ده‌رباره‌ی ده‌رده دل و ده‌روونی عاشقان، هەمیش عادەت و تەقالیدی ئەو دەڤەرانە وابو، بەهیچ شێوە ڕێگا بە کچان و كوڕان نەدەدرا بە حەزو ئارەزوی خۆیان بچنە ناو ژیانی هاوسەر گیریەوە. نەخاسمە خۆشەویستیی تاک لایەنانە و جیاوازیی ته‌واوی ته‌مه‌ن و عاشقێكی به‌دبه‌ختی ناوسال. هه‌ر ئه‌وتۆ خۆشه‌ویستی، شه‌رمێكی گران بو و ده‌ربڕینی كارێكی ئاسان نه‌بو هه‌م بۆ پیاوان و بۆ ژنانیش هه‌ر مه‌حال بو.
مه‌عشوقی سه‌مه‌د خان، تاكه كچی هه‌لكه‌وتوو جوان و ڕه‌نگ حۆریی ئه‌و گوندان بو. كچه باوكی نه‌مابو، ته‌نها خۆی و چه‌ند براو پیره دایكی بون. هه‌تا بلێی مالێكی خانه‌دان و ساده و ژیاندۆست بون. مالیان له خانووه قوڕه‌كانی كۆره دێیه‌كی ده‌ڤه‌ری برادۆست بو. وه‌هام زانی، كه سه‌مه‌د خان قوماشی تازه و لهتهرز و گرانبهای ده‌هێنا، سه‌ره‌تا ده‌یهێنا بۆ گوندی مه‌عشوقه‌كه‌ی. له‌وێیش ڕاسته‌وخۆ سه‌ردانی مالی مه‌عشوقی ده‌كرد. وه‌ك ده‌زاندرێ، ژنانی لادێیی، له‌به‌ر دووریی شار‌و باژاڕان، نه‌یانده‌توانی به ئاسانی قوماشی جوان و سه‌رنجڕاكێشیان ده‌ست كه‌وێ. كه سه‌مه‌د خان ده‌گه‌یشته هه‌ر گوندێك، زۆربه‌ی ژنان و كچان لێی گرد ده‌بونه‌وه و ده‌ستیان ده‌كرد به بازاڕ كردنی قوماش و سه‌مه‌د خان‌یش، تموحی پول و په‌یدا كردنی سه‌روه‌تی نه‌بو، ته‌نها ڕوحی پۆلایین و نه‌سره‌وتووی ڕانه‌ده‌وه‌ستا و هه‌رده‌م حه‌زی له كار و بارزگانیی سه‌رپێیی بو. سه‌مه‌د خان عه‌شقی پیرۆز و تاك لایه‌نه‌ی ئه‌وه‌نده به‌هێز بو، توانای شاردنه‌وه‌ی نه‌مابو. عه‌شقی سه‌مه‌د خان، ته‌واو ڕوحی هه‌ژاندبوو به‌بێ باس كردنی عه‌شقی خوایی و ناوی مه‌عشوقی نهدهژیاو حه‌وسه‌له‌ی نه‌ده‌هات.
به‌هۆی ده‌ربڕین و باس كردنی عه‌شقی بێ ئامانی، زۆربه‌ی خه‌لكانی ده‌ڤه‌ری برادۆست هه‌ستیان به شه‌یدابونی ده‌كرد و خه‌لكێكی گێل و نه‌زانی لادێیی هه‌بون به سه‌مه‌د خانی عاشقیان ڕاده‌بوارد. سه‌مه‌د خان كه‌وتبووه ناو هه‌ستێكی ئه‌وه‌نده ساده و ناسك، ده‌بوه میوانی هه‌ر مالێك، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و ماله مه‌دحی مه‌عشوقه‌كه‌یان كردباو پێیان گۆتبا، سه‌مه‌د خان، مه‌عشوقت سه‌ودای عه‌شقی تۆیه و هه‌رده‌م چاوه‌ڕوانی دیدارته و ناتوانێ به‌بێی خۆشه‌ویستی تۆوه ئارامگر بێت، ئه‌وا سه‌مه‌د خان سیی دهڕهقسین و ڕوخساری خهندهباران ده‌بوو ده‌ستی ده‌كرد به قسه‌ی نه‌سته‌ق و پێكه‌نین و ئاماده ده‌بو بۆ قوربانیدان به هه‌رچی له‌به‌ر ده‌ستی هه‌بو بۆ ئه‌و ماله. به‌لام ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌ی لێی میوان بو، پێیان گۆتبا، مه‌عشوقت تۆی ناوێ و حه‌زی لێت نییه، یان پێیان گۆتبا، مه‌عشوقت مێریدی كرد، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك، باسی جودایی كرابا، سه‌مه‌د خان ده‌ستی ده‌كرد به گریان و دلته‌نگ ده‌بوو نوتقی ده‌گیرا و نه‌یده‌توانی نه خواردن بخوا، نه قسه و گفتوگۆ بكات و نه له‌گه‌ل كه‌س بدوێت. ئه‌وه‌نده‌یش ساده و ساویلكه بو، له‌هه‌مان كاتی دلته‌نگ بون و نوتق گیرانیدا، كه‌سێك ده‌ستی له ملی كردباو پێیگۆتبا، ئه‌وانه لاقردیان له‌گه‌لت كرد‌و مه‌عشوقه‌كه‌ت شه‌یدای تۆیه و زانیتم به‌بێی تۆ مال و مێرد له‌خۆی حه‌ڕام ده‌كات، یه‌كسه‌ره ههلدهستا ئه‌و كه‌سه‌ی ماچ دهكردو وه‌ك گولێكی تیرمه‌ی هاوین له‌به‌ر ترینگی ڕۆژێ، زۆر تێنو بێت و دوای ڕۆژ ئاوابون ئاوبدرێ و بۆ به‌یانی گه‌شترین ڕوخساری هه‌بێت، ئه‌ویش وایلێده‌هات و ده‌گه‌شایه‌وه و بهردهبویه پێكه‌نین و گفتوگۆی شیرین.
له‌گه‌ل دوعای خێر‌و به‌ره‌كه‌ت بۆ سه‌رجه‌م هاوڕێ و خوێنه‌ران، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌به‌ر ده‌ست بۆ ده‌رباره‌ی سه‌مه‌د خان.
وێنه‌كه وه‌رگیراوه.
وێنه‌كه وه‌رگیراوه.
No comments:
Post a Comment