Friday, November 10, 2017

میوان بەخێرهاتنی خاوەن مال دەکات.


سال ١٩٧٨.
حکومەتی عێڕاقی سەدان گوندە سنوریەکانی وێران کردن و دانیشتوانی ڕاگواستنەوە بۆ کۆمەلگا زۆرەملێکانی دەشتی هەولێر. نزیکەی ١٥٠٠ خێزانی ناوچەی برادۆست، لە کۆمەلگای زۆرەملێی کەسنەزان لەناو خانووە گێچ و بەردە بێ حەوش و سیاج و تەواو نەکراودا داندران. خانووەکان هەموویان لەسەر یەک نەخشە دروست کرابون. دو ژوور و یەک مەتبەخ و یەک حەمام و یەک ئاودەست بون. سەریان دارو حەسیرو خۆل بون.

خەلکانی ناوچەی شاخاویی برادۆست، زۆرکەم فێربون بچنە ئاودەست و تارەت لە مالەوە بگرن. بەشێکیان قەناعەتیان نەدەهات و دەستیان دەدایە مەسینەیەک و بە یادی گوندەکان دەچونە کەند و کۆردانێکی ڕۆخ مالان بۆ تارەت گرتن و دەست بەئاو گەیاندن. پێشی گوندەکانمان خاپور بکرێن و ڕاگوازرێین، دانیشتوانی گوندەکانمان بە شێوەی خۆڕسک و بێ ئابۆنەیی ژیابون. لەهیچ مالێکدا ئەودەست و حەمام نەبون. کەس لە مالی خۆی نەدەڕیت و نەدەمیست. هەرکەسە و بۆ تارەت گرتن، دەچوە سەر کانی و جۆگەو ڕوبارو بێرم و گەڕاوو دەیانتوانی دو سعات ئاو بەخۆیاندا بکەن و حیسابی لەسەر نەبو. کە ڕاگوازراینەوە بۆ کۆمەلگا، هەموو شتێکمان بووە ئابۆنەیی و حیساب. ئینجا چۆن دەکرێ، کەسێک لە هەموو ژیانیدا لە تارەت گرتن، هەر لەسەر ڕوبارو کانیاو خۆی پاک کردبێتەوە، بتوانێ قەناعەت بە مەسینەیەکی ئاو بکات؟ لەلایەکیتر، لە کۆمەلگادا، دەرو دەروەی بەرداییمان نەما پێیوە بچین بۆ تارەت و ناچار بوین لە مالی خۆماندا بڕین و بمیزین و دەنگی باو بۆنی پیسایی خۆمان کاسمان بکات.

خانووەکان سەرجەمیان لە یەک دەچون. پیرەمێردەک دەست دەداتە مەسینە و دەڕواتە کۆردانێکی دووری مالی خۆیان و دەست بەئاو دەگەیەنی و بەناچاری بە مەسینە ئاوەک قەناعەت بەخۆی دەینی، گوایە خاوێن بویەوە و  دەگەڕێتەوە. لەگەڕانەوەدا لێی تێکدەچیت و سەر بە مالە جیرانەکیاندا دەکات و مەسینە لە بێلاوی دادەنێ و یەکسەرە دەچیتە ژوورێ. کە تەماشا دەکات، خێزانێکی کامل لەوێنەو خێزانی خۆیان نین، وادەزانی لەو بەینە ئەو خێزانە هاتینە سەردانیان. ئەویش بەخێر هاتنی خاوەن مال دەکات و بانگی ئەندامانی خێزانی خۆیان دەکات و دەلێت، خڕوخێزانمان چیدەکەن و لەکوێن؟ بۆچی ناهێن خزمەتی مێوانان بکەن؟ ئەندامانی ئەو مالەش دەزانن، لێی تێکچووە و بەهەلە هاتوتە ناو مالی ئەوان. دەمەکی قسەی خۆشی لەگەل دەکەن، پاشان پێیدەلێن هەستە مام فلان، بابتبەینەوە، ئێرە مالی ئێوە نییە. بەزۆر بڕوای پێدەکەن کە مالی ئەو نییەو لەگەلی دەڕۆن دەیبەنەوە مالی خۆیان.


پیرە میردی نورانی لە نەشارەزایی و فەقیری خۆی بەخێرهاتنی خاوەن مالی کردبو و خۆی بە خاوەن مال زانیبو، بەلام ئێستا هزاران مرۆڤی خۆسەپێن لە مالەکانمان دەڕین و ئێمەی خاوەن مال بە بیانی و میوان دەزانن و گوێش بە هیچ قانون و دادگەرایی نادەن و ویژدانیش خۆمان خۆش.

No comments:

Post a Comment