Wednesday, November 8, 2017

سال ١٩٧١ ترس و تارمایی

هاوینی ١٩٧١ من و مەلا سۆفیی مێردی پلکم پێڕۆمان بار کردن لە گوندی بەنێ و بەڕێکەوتین بەرەو گەلیی ئاشان بۆ ئەوەی دانەوێلە ببەین لە ئاش بکەین و بە باری ئاردەوە بگەڕێینەوە. بەیانی بەڕێکەوتین، بۆ ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە سەر ئاشی سمایل برایم کانیەڕەشی.

بارمان داگرتن و بە ڕێز لەبەر کۆتەلی ئاشمان دانان و سمایل دەستی بە هاڕینی جوالە دانەوێلەکانمان کرد.
عادەتەن، ئێمە ئێواران خۆمان دەگەیاندە ئاش، بۆ ئەوەی شەو هەتا بەیانی، ئاشەوان باراشمان بۆ بهاڕی و بۆ ڕۆژی دواتر بارەکانمان ئامادە بکەین و بگەڕێینەوە بەرەو گوندەکەمان. کەسمان ڕەنگ و ڕوخساری پارەو پولمان بە دروستی نەدەزانی، لەبەر ئەوەی پێویستیمان پێی نەبو. حەقی هاڕینی هەر تەنەکەیەکی باراش، یەک فترە بو. (فترە) بادیەکی بچوک بو) واتە چیت بردبا بۆ هاڕین، مزاش لەوی هەلدەگیراو پارە بەکار نەدەهات.
ئێوارێ بە مەلا سۆفی،م گۆت، ناهێی بچینە کانیەڕەشێ؟ ئەویش گۆتی تاقەتم نییە یەک سعاتەڕێ بڕۆم و سعاتەکیش بگەڕێمەوە، لەهەمان کات، دەبێ چاودێری پێڕۆکانمان بکەین و برسی و تێنییان نەبێت. پێم گۆت، مادام ئیزنم بدە سەردانی داپیرم دەکەم و بۆ شەوێ دەگەڕێمەوە. ئەویش ڕەزامەندیی دەربڕی و کەوتمە ڕێگا بۆ نزیک ڕۆژئاوابون گەیشتمە مالی داپیرم ڕابیێ لە گوندی کانیەڕەش. 

داپیرم، پیرە ژنێکی بێکەس بو. دیارە نسیبی وابو، ناوخۆشی باوکی و سەید عەلیی مێردی و عەزیزی کوڕی، گشتیان کۆچی دواییان کردبو، تەنها سێ کچی مابون. کچەکانیشی خاوەن مال و مێرد بون. یەکیان دایکی من بو، یەکیتریان خێزانی مەلا سۆفی بو، سێیەمیان خێزانی ئیدریس حەمەدئەمین بو. مالی ئێمەو مالی مەلا سۆفی، لە گوندی بەنێ بوین. نزیکەی هەشت سعات بەپێیان لە گوندی کانیەڕەش دوور بوین. مالی ئیدریس حەمەدئەمین لە گوندی لۆلانێ لای تەکیەی شێخ ڕەشید بو. ئەوان دو ڕۆژە ڕیێ لە گوندی کانیەڕەش دوور بون. 
ڕابیی داپیرم، هندەک توند تەبیعات بوو لەگەل هەموو کەس ئیدارەی نەدەکرد، ئەگینا هەموومان ئامادە بوین خزمەتی بکەین. زەوی و زارێکی زۆریشی هەبو لە گوندەکانی بلەس و کانیەڕەش و هەدنێ. زەویەکانی بەدست خەلکیەوە بون و کەم داهاتەکی لە سەپانان بەردەکەوت، ئەویشی زۆربەی بەخێر دەدایە ئەو کەسانەی دلی لێدەبونەوە.

خەلکانی ناوچەی برادۆست ٩٠٪ بەهۆی شەڕی عەشائێریی بەینی شێخ ڕەشید لۆلانی و بنەمالەی بارزانییەوە لە سالی ١٩٦٢ هەتا سالی ١٩٧٠، ئاوارەی دەشتی هەولێر بون و زۆربەی گوندەکانیان کاول و وێران کرابون. لە قراری یازدەی ئاداری سالی١٩٧٠، ئێمە گەڕاینەوە سەر گوندەکانمان. 
لەو گەڕانەوەدا، داپیرمان بە تەنیا گەڕاوە بۆ کانیەڕەشێ. هەر ئەوتۆ ئاستەم بو بۆ پیرە ژنێکی تەنیا، کە بتوانێ خانو دروست بکات. مالی حەسۆ سالح پێیان گۆتبو، خانوت ناوێت، وەرە ئێمە ژوورەکت دەدەینێ و بۆخۆت تێیدا بژی و کارت بەسەر هیچەوە نەبێت. مالیان ئاوابێت، حەسۆو فاتمی خێزانی، خانوەکی دوبانکەی گەورەیان هەبو و خاوەنی چەند مندالێکی پیاور بون و ژیانیان لەسەر شینایی و چێل بەخێو کردن بو. ژوورێکیان دابوە داپیرم و بەردەوام یارمەتیان دەدا. داپیریشم زۆر لەگەلیان دلخۆش و ئاسودە بو.

دامنابو، هەر نزیکەی سعاتێک لەگەل داپیرم دانیشم و چاک و چۆنیی لەگەل بکەم و بگەڕێمەوە بۆ سەر ئاش. بەلام کە گەیشتم و داپیرم چاوی پێکەوتم و شاگەشکە بو بە دیتنی من و باوەشی تێوەرگرتم و ماچی کردم. دەستی بەرنەدام هەتا چوینە ژوورەکەی. هەر گۆتی کوڕە ئەتو چۆن هاتی و لەگەل کێ هاتی و چەند ڕۆژان لام دەمینێیەوە؟ گۆتم داپیر من و مەلا سۆفی هاتینە ئاشی سمایلی، ئەو نەیتوانی پێڕۆیان بەجێبهێلی. منیش ئیزنم لێی وەرگرتوە هەتا بێم تۆ ببینم و دەگەڕێمەوە. ئینجا دەبێ تاخیرم نەکەیت و پێشی شەو تاریک دابێت، دەبێ هەول بدەم خۆم بگەیەنمەوە سەر ئاش. ئەو گوێی بەو قسانەم نەداو بووە خڕوهۆڕی قاپ و سینیەکانی و چەندی پێمگۆت داپیر وەرە دانیشە، دەبێ بڕۆم کاتم کەمە. دەستی بە سوێندان کردو گۆتی ناهێلم بڕۆی هەتا خواردنت بۆ چادەکەم و شیوم لەگەل دەخۆی، ئەوجا ئیزنت دەدەم.
هەتا خواردن ئامادە بو، نوێژی عیشاێش ڕەتیدا. سفرە ڕاخراو نان خورا و چایەکمان بەسەرداکرد. بەدەم نان و چاوە، سەدان پرسیارو وەلام لەبەینی من و داپیرم گوزەران. ئیتر شەو ڕاشکاو هەولم لەگەل داپیرمدا هەتا ڕێگام بدات و بەڕێبکەوم بەرەو ئاشان.  لە گوندی کانیەڕەش شۆڕ بومەوە بۆ سەر کانیی ژنان و بەناو پەرژینەکانی بیستانی گوندیاندا کەوتمە باوێش بەتەنیشت مەرقەدی شێخ جانگیرو قەبرستانەکەیدا. چەندە لە قەبرستانی شێخ جانگیر نزیک دەکەوتمەوە، ئەوەندەیتر ترس و دلەڕاوکێم لێ زیاد دەبو. ئەو ترس و دلەڕاوکێ وایلێکردبوم، کێلەکانی قەبرستان لەبەر چاوم وەک گیاندار دەجولان. خوانەخواستە ئەگەر گیاندارێک بجولابا یان بالندەیەک لەناوکاو هەلفڕیبا، دوور نەبو ڕوح لاشەم بەجێبهێلی و بەبێ گیان وەرگەڕێمە سەر پیادەڕێ. 

بەو جۆرە ترس و لەرزەوە لە قەبرستانی شێخ جانگیر تێپەڕ بوم و شۆڕ بومەوە بۆ شیوی خوار گوندی ئاوبڕا. ئەو شیوە بەچکە ڕوبارێک بو. بە درێژایی ڕێگا لە بەینی گوندی ئاوبڕا و گەلیی ئاشان، بە دارچنارو دارەبی و جۆرەکانیتری دار داپۆشرابو. ڕێگا لەگەل چەپ و چوڕەکانی ئاو دەڕۆیشت و دارەکان لێنەدەگەڕان ڕۆناکایی مانگەشەو سودی بەرپێ بینینی هەبێت. خۆم هەرزەکارێکی عەجول و سەرەڕۆ بوم و ترسم لە هیچ گیانەوەرێکی کیوی و دڕوندە نەبو. تەنها ترس کە هەمبو، وەهمی مردوەکان و توربستان و جنۆکە بو، بێباک لەوەی کۆرە مارێک پێمەوە بدات، بەرازێک لێم بدات، ورچێک بمشێلی و گورگێک بمگفۆلی. تەنها ترسی مردوان و مەچێتران و جنۆکەکان بەسەر عەقل و هۆشمدا زالکرابون.

کاتێک بینیم تارماییەک وەک ڕێبوارێک نزیکەی دە متر لەپێشەوەی من دەڕوا. لەدلدا گۆتم ئۆخخەی ئێستا خۆم دەگەیەنمە ئەو زەلامەو بەیەکەوە دەڕۆین و ترسم لە هیچ نامێنی. هەنگاوەکانم توندتر کردن بۆ ئەوەی بگەمەوە ئەو زەلامەی پێشم. ئەویش هەنگاوی توند کردن و نەمتوانی لێی نزیک بمەوە. دەستم بە غاردانە کرد هەتاکو بیگەمێ، ئەویش دەستی بە غاردانە کرد. ڕاوەستام، ئەویش ڕاوەستا. دوبارە بە نەرمی ڕۆیشتم، ئەویش وەک خۆم دەستی بە ڕۆیشتن کردەوە. ئەو کەین و بەینە زیاتر لە دو خولەکی خایاند. ئەوکاتی ڕاوەستام و دامە عەقلی خۆم و زانیم، ئەوەی من دەیبینم، شتێک نییە لەغەیری وەهمی مێشکی خۆم. لەسەر بەردێک دانیشتم و گۆتم، هێز نییە من لێی بترسم. لەچی بترسم؟ چی هەیە لە خۆم بەهێزتر بێت؟ لەو دانیشتن و بەخۆدا چونەوەم، زەلامەکە بزر بوو منیش هەستام کەوتمە ڕێگا هەتا هاتمەوە سەر ئاش. ترسەکەم لەسەر ئەو بەرد فڕێداو هەتا ئێستاش لێنەگەڕام بێتەوە لام. بۆیەش هەرگیز ئامادە نەبومەو ئامادە نیم، بۆ بەرژەوەندی یان لەترسان بەدوای دەنگی حەشامات بکەوم. ئامادەش نەبومە چیتر گوێ لە وەهم و خورافیات بگرم. هەردەم بیرو بۆچونەکانم جیاوازە و لەگەل حەشامات ناگونجێم. تەنها لەباری کاری مەدەنیانەو ئیشتیماعی، ئیلاقەم پێیدا نییە کەسانی بەرامبەرم یان کەسانی پێویست چۆن بیر دەکەنەوە و چ قوردەت و توانایەکیان هەیە و بڕوایان بەچی هەیە. هەرکەسێ پێویستیی هەبێت و بە من چارەسەر بێت، بەپێی توانای خۆم ئامادەم لەگەلی.

ئەو گێڕانەوەیە، هی خۆمەو ویستیتم بەبیرتان بهێنمەوە داخوا پەروەردەی ناتەندروست، چ کاریگەریەک لەسەر ژیانی مندالان بەجێدەهێلی. بۆیە تکا لە هەموو دایکان و باوکان دەکەم، ئاگاداری هەلسو کەوت و گفتو گۆو پەروەردەی مندالەکانتان بن. بە درۆ مندالەکان هێوژو ڕازی مەکەن و ترس و دلەڕاکێی خورافی و وەهمییان لە ناخدا مەڕوێنن و لەسەر پەروەدە کردنی تەندروست بخوێننەوە و بپرسن و خۆتان پێبگەیەنن بۆ ئەوەی بتوانن مندالەکانیشتان بە شێوەیەکی جوان و تەندروستی دەروونی پێبگەیەنن.



No comments:

Post a Comment