دلداری و بڕوا به‌خۆبون به‌شی دووه‌م
له سه‌ره‌تای سالی ١٩٧٠دا بارودۆخ گۆڕاو ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر زێدی خۆیان و چیتر وه‌ك جیران نه‌مانه‌وه. مالباتی هه‌ر یه‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه بۆ گوندی خۆیان و گونده‌كانیشیان له یه‌كتر دوور بون. (كوڕه) ویست و فه‌رمانی باوكی، له سه‌روی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی خۆی ده‌زانین، بیر‌و بینكۆی ده‌خسته سه‌ر فه‌رمان و بڕیاره‌كانی باوكی و هه‌تا ده‌هات عاشق بونی له‌دلدا كالتر ده‌بویه‌وه. كه‌چی دوور بون نه‌ك (كچه)ی سارد نه‌ده‌كرده‌وه، بگره ناخی پڕتر ده‌كرد له عه‌شق و هه‌رده‌م به خه‌یالی پێك گه‌یشتنی خۆی و دلداره‌كه‌یه‌وه ده‌ژیاو هه‌ناسه‌ی ده‌دان.
(كوڕه) تۆلازێكی له‌ش و لار جوان و دلڕفێن بو، له كار و كردار‌و مالداری چوست و چه‌له‌نگ و ماندو نه‌ناس بو، دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ گوندان، زۆری نه‌برد له‌گه‌ل (كچێكی تری) نۆ‌به‌ره‌ی مالباتی (….) په‌یوه‌ندیی دلداریان به‌ست. (كوڕه) هه‌رده‌م كه‌سێكی ڕاستگۆ بو له هه‌مبه‌ر دایك و باوكی‌دا. هه‌ر زوو، باسی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی خۆی و كچی مالباتی (….)ی بۆیان گێڕابویه‌وه، ئه‌وانیش به شانازییه‌وه گفتی خوازگینی(خوازبین)ی كردنیان پێیدابو. مالباتی (….) خێزانێكی زۆر كاسب و مسكین و خزمه‌تخۆش بون. خاوه‌نی چوار كوڕ و یه‌ك (كچی) تاقانه و نۆبه‌ره بون. (بابی كوڕه) چووه داخوازیی كچه‌كه‌یان. ماله بابی كچه به دلگه‌رمییه‌وه پێشوازییان لێی كرد و گۆتیان مادام كچه‌كه‌مان ڕازی بێت، هه‌ر به كراسی به‌ره‌خۆی پێشكه‌شتان ده‌كه‌ین. مه‌لا و شاهه‌د بانگ كران، له یه‌كتر ماره كران و شه‌كراویان خورایه‌وه.
(بابی كوڕه) به په‌له بو كه زه‌ماوه‌ند ڕێكبخه‌ن و بوك بگوازرێته‌وه و ترسی چاوله‌ده‌ریی كوڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌لگیرێ. گونده‌كه جێگایه‌كی دووره ده‌ست و چیایی بو، ناچار به كه‌رو بار كاروانیان كرد و پێویستیه‌كانیان هێنان و كه‌وتنه خۆ بۆ شیرینی بلاو كردنه‌وه به‌سه‌ر ئاوایی‌دا. ئه‌و سه‌رده‌می لێگێڕانه‌وه به‌كارت و ڕازاندنه‌وه نه‌بو. گوند له چه‌ند مال و مالباتێك پێك ده‌هات، مالباتی زاوا، ده‌سمالێكی شه‌كرۆك و ڕه‌زیانه له‌گه‌ل قه‌نده شه‌كرێكیان بۆ هه‌ر مالێكی ئاوایی ده‌برد و به‌ده و پێیانده‌گۆتن، فلانه ڕۆژه، داوه‌تی كوڕه‌كه‌مانه. ئیتر كچان و كوڕان خۆیان ئاماده ده‌كرد بۆ ڕۆژی داوه‌ت. گوندیان كه‌سی زه‌نگین و ده‌ست ڕۆیشتویان تێدا نه‌بو، مه‌گه‌ر مه‌ڕ و مالاتیان له یه‌كتر زێده‌تر هه‌بوبێت، وه‌كیدی له‌باری دراوی هیشكه، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ مالباتێك سه‌د دیناری دانایی له ماله‌وه هه‌بوبێت. ژیانمان له‌سه‌ر تشت (شت)ی وه‌ك حه‌یوان و جۆتیاری و مازی و ده‌نده‌لۆشك و كه‌وله كوژه هتد بو. كه‌م مال هه‌بون نانی سافی گه‌نمیان هه‌بوبێت، هه‌رده‌م ده‌بایه گه‌نمه‌شامی و هه‌رزن و تاله و جۆ و گه‌نم تێكهه‌لاو بكه‌ین و بیبه‌ین له ئاشی بكه‌ین. هه‌كه وه‌ین نه‌كردبا، له تواناماندا نه‌بو، گه‌نم بكڕین، ده‌بایه به داهاتی خۆمالی ئیداره‌مان كردبا، داهاتی خۆمالیش، ئه‌وه‌نده نه‌بو كه بتوانین گه‌نمی ساف بكه‌ینه هارد(ئارد). هه‌رزن و تاله زۆر به ڕێژنه (به‌ره‌كه‌ت) بون، به‌تایبه‌ت هه‌ر گوله هه‌رزنێك، چه‌نگه‌كی پڕی داهات بو، بۆیه زۆربه‌ی جۆتیاران هه‌رزنیان ده‌چاند. به‌س نانی هه‌رزنی، زۆر هشك (وشك) بو، ناچاری نه‌بایه، خواردنی خۆش نه‌بو. به‌س مرۆڤ تامی خۆشی له هه‌موو خواردنه‌كان ده‌كرد و له‌زه‌تی لێ ده‌دیت. خه‌لكان به‌ته‌ر و ته‌مسه‌ر نه‌بون، هه‌رچی به نسیبیان ببایه، پێی ڕازی بون و هه‌رده‌م ده‌یانگۆت، خودایه به‌زیادی كه‌یت و توشی غه‌زه‌ب و نه‌بونیمان نه‌كه‌یت.
كه‌مجاران له وه‌رزی به‌هاردا داوه‌ت و زه‌ماوه‌ندی ژن گواستنه‌وه ده‌گێڕدران، گوندیان بڕوایان وابو كه به‌هار بۆخۆی بوكی خه‌ملایی ژیانه‌وه‌یه، ناكرێ له‌سه‌ر خه‌ملی به‌هارڕا، خه‌ملێكی تر هه‌بێت. خه‌لكانی گونده‌كه‌مان ژن و مێردی ناوسال به گشتی سۆفی و تۆبه‌دار بون، له داوه‌ت و دیلاناندا ڕه‌شبه‌له‌ك و تێكهه‌لاوی یاساخ بو. ڕێگا نه‌ده‌درا له‌پێشو یه‌كتریشه‌وه دیلان بگێڕن. سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌یش، كه بوك گواستنه‌وه‌یه‌ك له‌و گونداندا دروست ده‌بو، سێ شه‌وو سێ ڕۆژی پێشتر، ته‌واوی گه‌نجان له‌پێش مالی زاوا گرد ده‌بونه‌وه و هه‌لپه‌ڕكێ و شادی و دیلانیان ده‌دۆماند. هه‌ر ئه‌وتۆ كچه تۆل و به‌ژن شێنه‌ییه‌كان به‌رده‌وام یارمه‌تیی كابانیی مالی زاوایان ده‌دا.
دوای یازده‌ی ئاداری سالی ١٩٧٠ و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی گونده‌كانمان، یه‌كه‌م زه‌ماوه‌ندی هاوژینیی بو بگێڕدرێت. شوانه تۆلاز و تازه‌كان داوایان ده‌كرد كه بۆ ڕۆژی زه‌ماوه‌ند، مرۆڤه ناوساله‌كان چاو له مه‌ڕ و مالات بكه‌ن و ئه‌وان تێكه‌ونه زه‌ماوه‌ند گێڕان و كه‌لی دلی خۆیان بڕێژن.
زه‌ماوه‌ند ده‌ستی پێكرد. گۆڕه‌پانی پێش ده‌رگای مالێیان ده‌ست نیشان كرد بۆ شایی زه‌لامان، ده‌بایه ژنان له ژوری مالی زاوا شایی بكه‌ن. زه‌لامه‌كان بێشه‌رمانه چه‌ندیان زانیبا، گۆرانی‌یان ده‌گۆتن و له یه‌كتریان ده‌گێڕایه‌وه، به‌و شێوه شایی درێژه‌ی پێده‌درا. هنده‌ك كه‌سانی سه‌رناس و ده‌نگ خۆش و به‌ند بێژ هه‌بون، تایبه‌ت ده‌هاتن بۆ گۆرانی گۆتن و ده‌بایه یه‌ك دوانێك ئاماده كرابان بۆ لێگێڕانه‌وه‌یان. هنده‌ك جارانیش دو به‌ندبێژی زیره‌ك له داوه‌ته‌كاندا ده‌كه‌وتنه به‌ر یه‌ك و گه‌رمترین و خۆشترین شاییان ده‌گێڕا. بۆ نمونه، له‌بیرمه به‌سته‌یه‌كی شێخانی و چاچانێ له لایه‌ن به‌ندبێژانه‌وه ده‌گۆترا و ده‌یانگۆت،
———————
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی
ته‌ی نه‌منینم ته‌ی نایێ
به‌ژنا یارا من نایێ،
بێی یارێ سه‌برام نایێ
كه‌تمه ده‌ردو به‌لایێ
له‌وما ده‌نگا من نایێ
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی.
———————
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی
یاڕه‌بی یا خودێیۆ
تو بكه‌ی بارانه‌ك بێیۆ
بده لته‌ونێ یارێیۆ
یار ڕابیته سه‌ر پێیۆ،
تێر ببینم به‌ژنێیۆ،
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی.
———————
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی.
من دی یار ل گه‌روێیۆ
یا خودێ لوێ به‌ژنێیۆ
دوڕه‌ك یا دقڕكێیۆ
هه‌ویه‌ك لسه‌ر دوڕێیۆ
ناوێ من و یارێیۆۆۆۆ
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی.
———————
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی.
من دی لباسكه‌كی گیونی،
چاوێ چا‌وا نابینی
كوڕك یارێ دگه‌وزینی
بشكۆژا لێ دقه‌تینی
گه‌زو ماچا دستینی
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی.
———————
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی.
هاتن دو كچكێن بلباس
من دی لباسكه‌كی بڕێواس
مه‌مكه‌ك سێوه یه‌ك گێلاس
چاو گه‌شن وه‌كی ئه‌لماس
مه‌مكان ددڕاندن كراس
ته‌ی نمنییی ته‌ی نمنییی
———————
ئه‌و ڕسته‌ی ده‌لێ ته‌ی نمنییی، ئه‌وه له هه‌موو سه‌ره به‌نداندا، هه‌ردوك به‌نبێژ پێكه‌وه دوباره‌یان ده‌كرده‌وه، ئه‌وجا ده‌ست به به‌ندی تر ده‌كرایه‌وه. من هه‌ر ئه‌و چه‌ند به‌ندانه‌م له‌بیر ماون، به‌س جار هه‌بوو، به‌ندبێژه‌كان زیادتر له په‌نجا به‌ندی له‌و شێوه‌یان ده‌دانه دو یه‌كتر و یه‌ك له یه‌ك خۆشتر و به جۆشتر بون. به‌ند و گۆرانیه‌كان به‌بێ مۆزیقا ده‌گۆتران، كه‌م كه‌س هه‌بون به‌و شێوه به‌ندبێژ بن. ئه‌وانه‌ی به‌ندبێژیش بون، ئه‌وه‌نده پڕبێژو لێوه‌شاوه بون، به‌ندیان لێ خه‌لاس نه‌ده‌بون.
بێینه‌وه سه‌ر باسی زه‌ماوه‌نده‌كه‌مان، وه‌ك باسم كرد، زه‌لامه‌كان په‌كیان نه‌ده‌كه‌وت بۆ گۆرانی گۆتن و چاره‌ی خۆیان ده‌كرد. دیاره ژنان داوایان له مالی زاوا كردبو و گۆتیانبو، ئێمه ده‌نگبێژمان نینه و حه‌ز ده‌كه‌ین، داوا له سۆفیه‌كان بكه‌ن، كه ڕێگه به عیسا بدرێت، بێت بلورمان بۆ بێژی و ده‌توانین له‌به‌ر بلور شایی بكه‌ین. كاتێك بانگیان كردم و گۆتیان ده‌بێ بچی بلور (شمشال) بۆ ژنان بێژی، هه‌تا ئه‌وانیش له شایی بێبه‌ش نه‌بن. منیش له خودام ده‌ویست. مێرد مندالێكی خوێن گه‌رم و بلوروان بوم، كه‌یفم ده‌هات و به بلور داوه‌ت و دیلانم گه‌رم ده‌كرد.
زه‌ماوه‌ند كۆتایی هات و (كوڕه له‌گه‌ل یاری تازه) بونه هاوژین. (كۆنه‌یار) هه‌ر سور بو له‌سه‌ر په‌یمانی خۆی و مێردی نه‌كرد و ده‌ستبه‌رداری ئه‌ڤینداریی نه‌بو. هه‌ر كه‌سێكی گونده‌كه‌مان ڕێی كه‌وتبا گوندی ئه‌وان، هه‌والی بۆ (كوڕه) ده‌نارد و ده‌یگۆت، خاوه‌نی چوار ژنیش بێت و له پیریان به گۆبال ڕێبكات، بۆ یه‌ك دانه ڕۆژیش بێت، هه‌ر ده‌بێ ماره‌م بكات.
چه‌ندین سالی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕین و (كوڕه) و هاوژینی بونه خاوه‌نی چه‌ند مندالێك. له سالی ١٩٧٨ ڕژێمی عێڕاق گونده‌كانمانی تێكدان و سه‌رجه‌م گوندیانی گه‌لیی خواكوڕك و گه‌لیی لۆلان و گه‌لیی ئارێ و ده‌شتی به‌رازگری راگواستنه‌وه (ته‌رحیل) بۆ كۆمه‌لگه زۆره‌ملێكانی ده‌شتی هه‌ولێر. مالی (كوڕه) كه‌وتنه كۆمه‌لگه‌یه‌ك و مه‌عشوقه كۆنه‌كه‌ی كه‌وتنه كۆمه‌لگه‌یه‌كی تر. نزیكه‌ی سعاته ڕێیه‌ك به ئۆتۆمبێل له یه‌كتر دوور بون. (كۆنه‌یار) هه‌ر ده‌ستبه‌رداری (كوڕه) نه‌بو، (كوڕه)یش ببووه خاوه‌نی كۆمه‌له مندالێك و هاوژینی خۆش ده‌ویست و حه‌زی نه‌ده‌كرد ژنی تری به‌سه‌ر بهێنی و باری ژیانی قورس‌تر بكات. به‌س (كۆنه‌یار) به‌رده‌وام په‌یامی بۆ (كوڕه) ده‌ناردن و پێی ده‌گۆت، شه‌رم بكه، من چه‌ندین ساله له‌سه‌ر په‌یمانی خۆمم و ده‌ستبه‌ردارت نابم، په‌یمانێكه داومه، یان بۆ تۆم یانیش به كچێنی ده‌چمه ژێرگل. (كۆنه‌یار) گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی كه (كوڕه) جورعه‌ت ناكات و نایه‌وێ به‌هۆی ئه‌وه‌وه دلی مالباته‌كان له‌خۆی بڕه‌نجێنی و ببێته هۆی گێچه‌ل و ناحه‌زی. ناچار له ناوه‌ڕاستی سالانی ١٩٨٠تاكاندا، ڕۆژێك (كۆنه‌یار) ده‌لنگی پێچان و بوخچه‌ی له پشتی به‌ست و سواری ئۆتۆمبێلێك بو و چووه به‌ر مالی (كوڕه)، (كوڕه) هه‌ر ده‌ستێكی به‌لایه‌ك داكه‌وت و ناچار، چ به‌دلێكی خۆش، چ به‌نادلی، مه‌لایان هێناو ماره‌بڕیان كرد و (كوڕه) بووه خاوه‌نی دو ژنان. واته له ناوه‌ڕاستی سالانی شێسته‌كان، له ته‌مه‌نی تازه لاوی‌دا، (كچه‌ی كۆنه‌یار) له‌سه‌ر سۆز و په‌یمان و ڤینی خۆی به‌توندی مایه‌وه، هه‌ر چه‌نده (كوڕه) له دلدا خۆشه‌ویستیی له‌گه‌ل (كۆنه‌یاردا) مابوبێتیش، به‌س به ئاشكرا ده‌ستبه‌رداری ببو، كه‌چی (كۆنه‌یار) هه‌ر هه‌ولیدا هه‌تا له ناوه‌ڕاستی سالانی هه‌شتاكاندا كه ده‌كاته بیست سال، بۆخۆی چووه به‌ر مالی (كوڕه) و په‌یمانی خۆی به‌جێ گه‌یاند. هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر به هه‌له‌دا نه‌چوبم، باوكی كۆنه‌یار كۆچی دوایی كرد و سولحی نه‌كرد. به‌س له‌و كاتیه‌وه هاوژینن و ئێستایش ژیانێكی سه‌ركه‌وتوانه‌یان به‌رده‌وام كردووه، به‌و هیوایه‌ی هه‌رده‌م له خۆشی و خۆشه‌ویستیدا بژین.
كۆتا ڕسته‌م ڕه‌حمه‌ت ناردنه بۆ هه‌موو كۆچ كردوان و دوعای به‌ره‌كه‌ته بۆ هه‌موو زیندووان به ئازادی و سه‌ربه‌ستییه‌وه.
No comments:
Post a Comment