Friday, September 22, 2017

بیرەوەریی ٣٦ سال پێش ئێستا.


گەشتی من و ئەسعەد بۆ کوێستانان.
سال ١٩٨١، کۆتایی وەرزی بەهار، من و ئەسعەدی کوڕە پلکم ملی ڕێگامان گرت و بە قاچاخ بۆ سەردانی ئەو خزمانەی بە ناقانونی بۆ مەڕومالات بەخێو کردن چوبونەوە کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست. ئەو سەردەمی ئۆتۆبێل نەدەچون بۆ ناوچە تێکدراو و وێران (تەڕحیل) کراوەکان. لەبەر ئەوەی مەتریسی هەبو بکەونە بەر پەلاماری جێشی عێڕاقی و ڕێگاو بانیش نەچوبونە زۆر لەو ناوچان. 

من و ئەسعەد بە پێیان کەوتینە ڕێگا، لە دەشتی دیانە بۆ دەشتەهێرت و گوندی بەلەسەنان و لەوێوە بۆ شۆشنێ و بوینە میوانی مالی حوسێن شۆشنەیی.
قرارمان وابو کە ڕۆژی پاشتر من و ئەسعەد نانی بەیانی بخۆین و بڕۆین بەرە و کوێستانی ڕەنیەپیر. بەلام پلانمان گۆڕا، بەهۆی مالی حوسێن شۆشنەییەوە. حوسێن داوای لێکردین و گۆتی تکایە هەر ئەوها بەسەلتی مەڕۆن. ئێمە دەمانەوێ بانەیی ببەینە کوێستانی چەمانێ بۆ ئەوەی مەڕومالاتمان لەناو گەرماو بۆگەی گونددا نەمێننەوە. بەلام نەشارەزاین و نازانین چۆن و بەکوێدا بچین، بۆیە پێویستیمان بە یارمەتیی ئێوەیە و لەگەلمان بن هەتا دەگەینە چەمانێ.  پاشان لەوێوە دەتوانن بڕۆن بۆ سەردانی خزمان لە کوێستانی ڕەنیەپیر.

ئێمەش بڕیاریندا یارمەتیان بدەین و لەگەلیان بین هەتا دەگەنە چەمانێ. بۆ بەیانی باروبارگەیان تێکنان و مەڕ و مالاتمان دایە پێشە خۆ و شۆڕ بوینەوە بۆ ڕوباری بەینی گوندەکانی شۆشنە و بەنێ. هاوین بو، ڕوبار زۆر کەم بو. مالاتمان لە ڕوباری پەڕاندەوە و بە سولکێدا بەسەر کەوتین بۆ دێرێ و بۆ درەنگ شەو گەیشتینە گۆڕەپانی خوارکی. بەیانی زۆر زوو هەستاین و مالاتمان دایە ڕێگاو بۆ نیوڕانێ لە شیوی ڕەنیان بەسەر کەوتین. هەمان ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوا، گەیشتینە شونهەواری ڕەوەندان لە سێکوچە. زۆر هیلاک ببوین و شەوی پێشتر باش نەنوستبوین. هەر دەوری سعات هەشتی شەو، من چوم لەسەرەوەی هەوێزی مەڕی، جێگام دانان و نوستم. ئەسعەد و حوسێن و هەمینی خێزانی و هەردو کوڕەکانیان قادر و بەکر، جێگایەکیان خاوێن کردەوە و لە دومەنی هەوێزی مالاتی ڕاکشابون.

شەو ڕاشکا، لەدەوری کاتژمێر یەکی پاش نیوەشەو، من لە گریەو هاواری قادر حوسێن خەبەرم بویەوە. لەگەل هۆشیار بونەوەم، بەتاسانەوە چومە لای قادر و زۆر هەولم لەگەلیدا، هەتا بزانم چیبووە و هۆی گریانی چییە؟ بەلام قادر تەواو شێوابو و دەستڕێکی لەدەست بو و هەر دەگریاو دەیلۆراندەوە و دولک و حەیرانی بەگریانەوە دەچڕین و دەیگۆت، ئاودەلی ڕۆمی هاتە لام و ئەو دەستڕەی پێدام و ڕۆیشت. دیارە خەونی بینیبوو لەخەودا باری دەروونیی تێکچوبو. 

ئاودەلی ڕۆمی، قەبرێکە لە شاخی بەنێی خواکوڕک. نازاندرێ ئاودەلی ڕۆمی چیبووە و کەی لەو شاخی مردووە و ژێرگل کراوە، بەلام خەلکانی لادێی ئەو دەڤەر زۆر بڕوایان بە شێخ و مشایەخ بەهێز بو. قادر لەسەر شورە بەردێکی شکەستە هاتوچۆی دەکرد و ئەسعەد هەولی دەدا ملی بگریت، نەوەک بەربێتەوە. دایکی و بەکری برای هۆشیار بونەوە. کە ئەوانیش قادریان بەو شێوە بینی، هەردوکیان دەستیان بە گریان کرد. حوسێنی باوکیشی، هیچی لەدەست نەدەهات، تەنها دەیگۆت، لاحەولە وەلا قووەتە ئیللا بیللا.
گریانی هەرسێکیان زۆر حەزین و بەسۆز بو. ئەسعەدیش خۆی پێڕانەگیراو دەستی کرد بە گریان. قادر هۆشی لەخۆی نەبو و نەیدەتوانی گوێ لەکەس ڕابگری و ئاگای لە هیچ گفت و گرفتێک نەبو. تەماشام کرد، خەریکە کەسیان ناتوانن کەس هۆشیار و هێوژ بکەنەوە. هندەک خۆم لێیان توڕە کرد و بە توندی پێم گۆتن، چۆن دەبێ هەمووتان شین و گریان بکەن؟ خۆ خوانەخواستە هیچمان لێنەقەوماوە؟ قادر تەواو نییە و تێکچووە، خۆ هەمووتان تێکنەچونە؟ 
باش بو ئەسعەد و دایکی بەدەنگمەوە هاتن و بێدەنگ بون. بەهەرسێکمان توانیمان بەکریش لە گریان بوەستێنین. قادر هەرد و چاوەکانی بە کەولی پشتە چاویەوە سەوزو سۆر هەلگەڕابون. ئەو شەوی هەتا بەیان بەریدا، قادر بێدەنگ نەبوو دانەکاسا. ئێمەش بەو شێوە لەدیاری دانیشتین و  پێمان ژیر نەبویەوە. 

بەیانی من پێمگۆتن، چاوتان لە یەکتر بێت و چاودێری قادر بکەن، من دەڕۆم بۆ ڕەنیەپیرێ، بەلکی خزمان بتوانن بەهانایانەوە بێن و یارمەتیی مالی حوسێن بدەن. بەڕێکەوتم و بۆ نانی بەیانی چومە مالی فەقێ پەپانەیی لەوبەری چەمانێ. ئەوانیش لەگەل بەخێرهاتن و چاک و چۆنی، نان و سەرتو و چایەکی گەرمیان بەپەلە بۆ دانام و وەبەر نان خواردنێوە، چیڕۆکی مالی حوسێنم بۆ فەقێ گێڕایەوە. فەقێ، پێیگۆتم تۆ بڕۆ بۆ لای خزمانی ڕەنیەپیر، من سەردانی مالی حوسێن دەکەم و ئاگام لێیان دەبێت هەتا تۆ دەگەڕێیەوە.

من لەوێ بەڕێکەوتم و بۆ پێش نیوڕانێ خۆم گەیاندە مالی حاجی شێمەد لە ڕەنیەپیرێ و دەنگ و باسی مالی حوسێنم تێگەیاندن. چەند کەسێکیان لەگەل ناردم بۆ ئەوەی یارمەتی مالی حوسێن بدەن و بەڕێکەوتین. بۆ پاش نیوەڕۆ گەیشتینەوە مالی حوسێنی لە سێکوچە. کە گەیشتینەوە ئەوێ، بینیمان قادر زۆر تەبیعی و لەسەرەخۆ، دەتگۆت قادری شەوی ڕابردو نەبو. بەتەنیا لە ئەسعەدم پرسی و گۆتم قادر چۆن و کەی هاتەوە سەرەخۆ؟ ئەسعەد گۆتی، هەرکە چاوی بە فەقێ پەپانەیی کەوت، وەک ئەوەی ئەو لاپەڕە وەرگەڕێ و لاپەڕەیەکی تر بکرێتەوە، هیچ بەلای لێنەما. بەلام سەرەڕای هاتنەوە هۆش و نۆرمال بونەوەی، هێشتان ڕەنگی چاوەکانی تەبیعی نەبون و هەرکەس بە ئاسانی هەستی پێدەکرد. ئیتر ئەوانەی لە مالی حاجی شێمەد هاتبون، شارەزاو خاوەن ئەزمون بون لە کاری ڕەوەندی و هەوارگەکان. یارمەتی مالی حوسێنیانداو هەوارگەیەکیان بۆ دەستنیشان کردن و لە چەمانێ دامەزران. من و ئەسعەدیش بەڕێکەوتین بۆ ڕەنیەپیرێ. 

ئەو ڕۆژانەی ئێمە گەیشتینە ڕەنیەپیرێ، مانگی ڕەمەزان دەستی پێکرد. شەوێک کە هەستاینەوە بۆ پاشیو، من نەنوستمەوە. دەستم دایە کلاشینکۆفەک و ڕووم کردە شاخی ترەسۆر لە هنداو مالان، بەنیازی ڕاوکردنی ئاسکە کیوییان. لەگەل بەیان بەریداو شەبەقی ڕۆژێ لە لوتکە بەرزەکانیدا، بەدووربین و بەچاوان، دەوروبەری خۆمم لەو چیا پشکنی، هیچ ئاسکە کیویم بەرچاو نەکوتن.
ڕۆژ بەرەو بەرزایی هەلکشا. تیشکی ڕۆژ لەو کوێستانان، زۆر ساف و تیژ و کاریگەرە. جار هەیە سەرمایە، ئەوجاش هەر بێزاری لە تیشکی ڕۆژ دەکەیت. منیش لەبەر سێبەری شاخ لەسەر بستیەکی بەرز دانیشتبوم، کاتێک تەماشامکرد گورگەکی بۆرە لە تییرە باسکێکی هنداو مێرگەدار  بەرەو لای من بەسەر دەکەوت. گورگەکە لەبەر ڕۆژێ ڕووە و من دەهات و لەبەر سێبەری شاخ، نەیتوانی بمبینی و هەستی پێنەکردم. منیش هەر لەجێی خۆم لەپەنای گاشەبەردێک تفەنگ لەبەردەستان بۆی لەکەمین دانیشتم. گورگی بێئاگا لە مەرگی ناوەخت بەدەستی مرۆڤی ژیانکوژ، هات هات هەتا گەیشتە بەر لولەی بێئامانی تفەنگ. ستێرەم لەسەر شەپیلکەکانی گورگی بەستئەزمان گرت و پەنجەم لە پەلاپیتکەی تفەنگدا. دیارە گوللە کلیلی ڕوحی ئەو گیاندارەی گرت و بەبێ هیچ دەنگ و نوزەیەک وەرگەڕا سەر کەویە بەفر و خوشییە خوارێ هەتا لەبنی کەویەکە ڕاوەستا.
بەو جۆرەش وازم لێی نەهێناو دەستم دایە چەند خڕکە بەردی لە دلی خۆم و ئەو کاتی ڕەقتر و چومە هنداو لاشەی. کە گەیشتمە سەری، هەردو چاوە ئەستێرە ڕەنگەکانی زەق و تەماشای دەکردم و هێزی لەبەردا نەمابو. ڕوحیشی ئەوەندە قاییم بو، هەر دەرنەدەچو. بەو خڕکە بەردان لە تۆقی سەریم دەداو دەمویست ڕوحی ناچار بکەم و لەبەر چاوم لاشەکەی جێبهێلی و هەر لە جولە نەدەکەوت. ئێ خوێنەرانی خۆشەویستم، هەر لە مندالییەوە وەها تەربییەت درابوین و گورگ و گشت گیاندارە گۆشت خۆرەکانیان لەلا کردبوینە دڕوندە و کوشتن و ئەشکەنجەدانیان بە غەزا تێگەیاندبوین و لە بەزەیی ویژدان بەرامبەر گیانداران دامالدرابوین. ئێستا کە بەسەر بیرەوەریەکانی ئەوکاتیمدا دەچمەوە، لەبەر خۆمەوە نەفرەتبارانی ناهۆشیاری و بێبەزەیی ئەو کاتی خۆم و سەرجەم مرۆڤە دلڕەقەکان دەکەم. زیاتر لە دەمژمێرێک بەدیاریەوە مامەوە و چەندین بەردم پێیدادان و ڕوحی پۆلایینی هەر دەرنەچو. ددانەکانی لە یەکتر گیردەکردن و سیڕڕەیان دەهات. کە بینیم نە ڕوحی دەردەچوو نە هێزی هەستانەوەی هەبو، ناچار بەجێمهێشت و بەرەو زۆمە گەڕامەوە. کە گەیشتمەوە مالی حەمەد عەلی، باسی کوشتنی گورگەکەم بۆ کردن و مێرد مندالان بە مەڕاقەوە ڕۆیشتن بۆ تەماشاکردنی گورگی کوژراو.

ڕۆژی دواتر من و ئەسعەد سەردانی زۆمەی حاجی شاهین و حاجی خالندی هێشمیمان کرد لە کوێستانی مێرگەکل. لەوێ بە خۆشحالیەوە مەلا طەی حاجی حەکیم ڕەفیقی مندالیمان بینی و ئەویش زۆر سەبرو ئارامیی بە ئێمە دەهات و ئەو شەوی میوانی مالی حاجی شاهین بوین. هەتا کاتی نوستن دانیشتنمان بە پێکەنین و سەعبەتی خۆش و شادومانی بو. بۆ پاشیوێ، نانی گەرم و سەرتو(قەیماغ)ی مەڕو کادە پەنیریان بۆ هیناین. بەداخەوە مەلا طە نەخۆشی گەدەی هەبو و نەیدەتوانی سەرتو و شتی چەور بخوات. منیش دەمگۆتێ خەمت نەبێت مەلا، من لە جیاتی تۆش نان و سەرتو دەخۆم. ئەویش بە پێکەنینەوە دەیگۆت، مابۆ وەناکەی، خو وەکی من مەعیدەت نائێشی؟ 

بۆ ڕۆژی دووەم پاش نیوڕانێ سەردانی زۆمەی شینۆ هێشمی و ئەحمەدی برایی و حەسەن بەگی لێلکانەییمان کرد لە کوێستانی سەرشییۆۆک. کە گەیشتینە لایان، دەنگ و باسی گورگ کوشتنم بە گشت زۆمەکانی ئەو کوێستاناندا بلاو ببووەوە. کاتێک مندالێک هات و گۆتی، حەسەن بەگی لێلکانەیی دەلێ شینۆو میوانەکانی بێنەلام. من و ئەسعەد و شینۆ بۆ بانگ و شیو خواردن میوانی مالی حەسەن بەگ بوین. یادیان بەخێر، خواردنێکی زۆر بەلەزەتیان چاککردبو. 
ئاو و هەوای کوێستانانیش ئەوەندە سازگار و خاوێن بو، مرۆڤ لەزەتی لە هەموو جۆرە خواردنەکان دەبینی و گەدە بە هەزم کردنیانەوە هیلاک نەدەبو. 
حەسەن بەگ دوای بەخێرهاتنمان و نانخواردن، ڕووی تێکردم و گۆتی کاک عیسا، سێ شەو پێش ئێستا، مەڕمان لەهەوێزێ بەسەردا چوبون و گورگ بەناویان کەوتبو، ٣٩ سەری مەڕمان کوشتی و بریندار بون.
بۆیەش ناردم بەدواتاندا، چونکی دوێنێ خەبەریان دامێ و گۆتیان عیسا لە چیای ترەسۆر گورگی کوشتووە. ئێستا من وادەزانم تۆ تایبەت چویتە چیا هەتا خوێنی مەڕەکانمان لەو گورگە دڕوندەیە بکەیتەوە. ئێستاش دەچینە ناو مەڕ، چەند سەر مەڕتان بوێن، هەلیبژێرن و لە جیاتی تۆلە کردنەوە و کوشتنی گورگ،  بۆخۆتان بەرن و گەردەنتان ئازا دەکەم. منیش گۆتم بەڕێز حەسەن بەگ. ئێمە بەسەردان هاتوین بۆ ئێرە و ئاگاداری ئەوەش نەبوین کە گورگ بەناو مەڕی بەڕێزتان کەوتووە. بۆ گورگ کوشتنیش نەچوبومە چیای ترەسۆر. بەلام دیارە گورگەکە کۆتایی تەمەنی بەدەستی من بو، بۆیە بەخۆی هاتە بەر لولەی تفەنگەکەم. سوپاس کە بانگهێشتت کردین بۆ خواردن و سوپاس بۆ دەستکراوەیشتان بەرامبەرمان. 

زۆر بەداخەوە بەشێک لەوانەی ناویان لەم چیڕۆکەمدا هاتووە، لەژیاندا نەماون. دوعاخوازین کە ڕوحی شیرینیان هەتا هەتاێ شاد و بەهەشتی بێت. ئەوانەی لەو گێڕانەوەدا، ناویان هاتووە، سەرجەمیان کەسانی پاک و سادق و خانەدان و قسە خۆش بون. مرۆڤ کە لەگەلیان دادەنیشت، مەڕاق دەبو جارێکی تر بتوانی بەو شێوە بیانبینیتەوە. هەرچەندە ژیانیان لەسەر مەڕومالات بو و داهاتێکی زیادەیان نەبو. کار و کەسابەتیان تەنها ئەو مالات بو کە لە کوێستانەکان بە ترس و دلەڕاوکێوە دەیان لەوەڕاند. دەبا بۆ سەرجەم پێداویستیەکان و خواردەمەنیی وەک ئارد و شەکر و ڕون و برنج و هەتد، بە دەوار و باربەران ڕێگای چەند شەو و ڕۆژ هاتبان بۆ دیانا و ڕواندوز و چەندان هەرواز و نشێو و ڕوبار و شاخی پڕ لە کۆسپو تەگەرە بە ترسەوە نەوەک بکەونە ناو کەمینی هێزی عێڕاقی و بەو شێوە ئەو کەژ و کێو ببڕن و کاروان بهێننەوە. زۆر جارانیش، بەڕێگاوە، لە شەوانی تاریکدا نەیاندەتوانی ڕۆناکاییەک هەلگیرسێنن لە ترسی تۆپباران کردنی جێشی عێڕاق. بەو هەموو دەردەسەریشەوە بۆ دابین کردنی خواردەمەنی بۆ خۆیان و خێزانیان، ئەوەندە چاوکراوە و چاوتێر و ڕوخۆش بون لەگەل میوانان، ئەوەندە بە گەرمی و خۆشی و تەکلیفەوە پێشوازیان لە میوانانی خۆیی و بیانی، ناسراو و نەناس دەکرد، وایاندەزانی هەموو دونیا لەبەر دەست و کۆنتڕۆلی ئەوان دایەو هەموو شتێک لە نەبڕانەوە دایە. زۆر جاران کابانیەکانیان، سەرەڕای دارکێشان و بێر و مەڕدۆشین و ماست و پەرنیر و لۆر و شیرێژ و ژاژی و کەشک دروست کردن، هەتا نیوەشەویش خەریکی نان پاتن دەبون و بە گیشە لەواشەو جەترەقە و نانی تیری و کادەیان دەهاویشنتە سەر یەک بۆ ئەوەی پێڕا بگەن و بەشی خۆیان و میوانانیان بکات. هەرچەندە هەرگیز وەفاداری و ئەمەکداریی ئەوانمان فەرامۆش نەکردوە و لەبیریان ناکەین. بەلام لە توانای بەندە و نوکی قەلەمم بەدەرە بتوانم بە نوسین وەسفی خانەدانی و خوان و دەستکراوەیی ئەوان بگێڕمەوە. لە کۆتایی ئەم گێڕانەوەمدا، هەر ئەوەندە دەتوانم بلێم، هزاران  ڕەحمەت لە ڕوحی کۆچ کردوانیان. لەگەل یادەوەریی پیرۆزیان، تەمەن درێژی و شادمانیش بۆ زیندووانیان دەخوازین.

Thursday, September 14, 2017

خلیسکان لەسەر پەلکە مۆز.

خلیسکان لەسەر پەلکە مۆز و نەخۆشیی دەروونی.
وەستا ئەمیر کۆیی سەرتاش. 
وەستا ئەمیر سەرباز دەبێت لەناو هێزی عێڕاقیدا. کە کووەیت داگیر دەکرێ و هاوپەیمانان دژی عێڕاق دەوەستنەوە. هاولاتیانی عێڕاق، بەتایبەت کورد هاندەدرێن بۆ ڕاپەڕین دژی ڕژێمی بەعسی حاکم، وەستا ئەمیر سەربازی بەجێدەهێلی و دەگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر. لە هەولێر دوکانێکی بچوک دەکاتەوە و دەست بە کاری سەرتاشین دەکات. ڕۆژێك مێشکی زۆر مەشغول دەبێت و لەناو قەلەباغیی شار بە پێیان بە شەقامێکدا دەڕوات. 
شارەکانی کوردستانیش بەهۆی پشتگوێ خستنیانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دەولەتی عێڕاق، هەردەم بە شێوەیەکی شارستانیانە خزمەتگوزاریی و خاوێنی و پەروەردەیەکی تەندروستی بەخۆیەوە نەبینیبوو. خەلکان هیچ کاتێک شەقامەکانیان لە فڕێدانی کرش و خاشاک و زبل و پیسی نەدەپاراست و گوێمەدێیانە شتیان لە جادەکاندا فڕێدەدا.
وەستا ئەمیر بە شەقامدا ڕێدەکات، کابرایەکیش، مۆزێکی خواردووە و پەلکەکەی فڕێداوەتە سەر شەقام. وەستا ئەمیری بەدبەخت، بەبێ ئاگا هەنگاو داوێت و پێی دەکەوێتە سەر توکلە مۆز. لە توکلە مۆز ڕادەزەلیی و پشتاو پشت بە شۆستەی جادەکە دەکەوێت و نێکی دەشکێ. لەگەل نێک شکان، دەست بەنالین دەکات و ناتوانێ هەستیتەوە. خەلکان دەورەی لێدەدەن و چوارچەنگ بلندی دەکەن و دەیخەنە ناو ئۆتۆمبێلێک بۆ خەستەخانە. لە خەستەخانە نێکی بۆ تیمار دەکرێ و بۆ زیاتر لە حەفتەیەک قالچەکانی لە گێچ دەگیرێ و ناتوانێ بجولێ. برادەرانی سەردانی دەکەن و چەند برادەرێک، بە پێکەنین و سەعبەتەوە بە نیازی دلدانەوە و دلخۆش کردنی، لە کاتی سەردانیکردنی، پێیدەلێن، وەستا ئەمیر، هاتووین سەرمان بتاشی. ئەویش، دەلێ کوڕینە سەرتاشینی چی، مۆز هیچی تێهێشتوم، هەتا بتوانم سەرتان بتاشم؟
برادەرانی ئەو قسانەی بەهەند وەرناگرن و هەر بەردەوام یاریی لەگەل دەکەن بەبێ ئەوەی بیری لێبکەنەوە و بزانن داخوا خلیسکانی لەسەر توکلە مۆز و بەربونەوەیی و نێک شکانی، چەندە کاریگەریی هەبووە لەسەر دەروونی وەستا ئەمیر. پاش چەند ڕۆژێک دکتۆرەکان بە وەستا ئەمیر دەلێن، دەتوانی بچیەوە مالێ، بەلام هەم خۆت زەحمەت مەدە، هەمیش دەتوانی بۆ کاتی پێویست، گۆچان بەکار بهێنی. 
وەستا ئەمیری دەیننەوە مالێ. لە مالەوە بۆ چەندین ڕۆژان لەسەر جێگا دەکەوێ و بەو ئازارەوە دەنالێنی. پاشان تۆزێک باشتر دەبێت و بە گۆچان و دارشەق هێدی هێدی دەست بە هاتوچو دەکات. 
دوای ماوەیەک هێواش هێواش خۆی دەگەنیتەوە دوکانێ و بەهەرحال دەست بە کارو پیشەی سەرتاشینی دەکاتەوە. هەموو برادەرانی بە خۆشحالیەوە سەردانی دەکەن و بۆ سەر چاککردن دەچنە لای وەستا ئەمیرو کەس هەست بە حالاتی دەروونیی ناکات. ڕۆژ دێن و دەڕۆن و وەستا ئەمیر نێکی بەتەواوی چاک دەبێتەوە و هیچ ئێش و ئازاری نامێنێت. بەلام بە ڕێگاوە دەبیندرێ و سەرنجی دەدەنێ، وەستا ئەمیر گۆچانی هەر بەدەستەوەیە و ناتوانێ بەبێ گۆچان یەک هەنگاو ڕێڕۆیشتن بکات. سەرەڕای گۆچان بەدەستەوە بونیش، دەیبینن بەڕێگاوە، هەر شتێکی زەردی بێتەپێش، زۆر بە سەیری لێی لادەداو ڕێگای خۆی دەگۆڕی. لەهەر دوکانێکی مۆزی بەڕاستیی تێدا هەبن یان یاریی مندالان لەسەر ڕەنگی مۆزی تێدا بن، وەستا ئەمیر خۆی لێ لادەداو بەپێش دەرگای دوکانەکەشدا تێپەڕ نابێت. لە مالەوە مۆز لەسەر بەرنامەی تەلەفزیۆن دەرکەون، یان تەلەفزیۆن دەکوژێنیتەوە، یان بۆخۆی دەڕواتە دەرەوە. لەهەر گردبونەوەی دۆستان و برادەراندا باسی مۆز بکرێ، یەکسەرە وەستا ئەمیر ئەو گردبونەوە و گفتوگۆ بەجێدەهێلی و دەڕوا. لەناو کوردەواریشدا، خوانەکا کەسێک نیشانەیەک، کەماسییەکی بەدەنی یان عەقلیی هەبێت، ئەگینا ئەو کەماسیەی بەزار دەگرن و دەبێتە گۆشەی یاری پێکردن و پێڕابواردن، بەبێ لەبەرچاو گرتنی باری دەروونی ئەو کەسە. زۆر جاران کۆمەلگای ناهۆشیارو ناتەندروست، ژیانی ئەو جۆرە کەسانەیان هەراسان کردووە و بە تەواوی شێت و شوریان کردون. 
لەناو کۆمەلگا پێگەیشتووەکان و تێگەیشتووەکاندا، زۆر بەچاوی ڕێزەوە تەماشای ئەو جۆرە کەسانە دەکرێ کە ناقسیەکیان هەیە، یان حالاتی دەروونییان ناتەواوە، بەهیچ شێوە ڕێگا بەکەس نادرێ یارییان پێبکەن و بیاندەنە بەر تانە و تەشەرە و ناو و ناتۆرە. بەداخەوە لەناو کۆمەلگا دوواکەوتووەکاندا، بەتایبەتیش کۆمەلگای کوردی، کەسانی ناقس نەک دلدانەوە و چارەسەر ناکرێن، بگرە ناقسیەکەیان بەهەل دەقۆزنەوە بۆ داڕوخاندن و داڕماندنیان. 

وەک دەزاندرێ، نەخۆشیی دەروونی ئالۆزترین و کاریگەرترین نەخۆشییە و چارەسەری زۆر قورسە. وەستا ئەمیری سەرتاش، بەهۆی ڕازەلین، یان خلیسکان لەسەر توکلە مۆز و ئازار پێگەیشتنی، توشی حالاتێکی دەروونیی قورس هاتبوو. لای وەستا ئەمیر، مۆز لە هەموو ڕوداوەکان خەتەرتربو و مێشکی وەستا ئەمیر، لەترسی مۆز، هیچ شتێکی تری بە خەتەر نەدەزانی لەسەر ژیانی. ترسناکترین شت مۆز بو لەسەر ژیانی وەستا ئەمیر و زۆربەی کوچەو کۆلانی میوە فرۆشانی لێ قەدەغەو حەرام ببون. ترسی مۆز وای لە وەستا ئەمیر کردبو، هەموو شتێکی زەرد ڕایدەچلەکاندو هەناسەی سوار دەبو و دەتاسا. 

ئەو بەسەرهاتە ڕاستە، گێڕانەوەی برادرێکمەو بە سوپاسەوە، نوسینەوەم لەسەر ئەو گێڕانەوە داڕشتۆتەوە.


عیسا سێودین