Tuesday, December 22, 2020

2021 Calendar-سالنامەی ڕەنگین


سلاوو ڕێز هاوڕێ و هاوزمانانی خۆشەویست.
دیارە سالی ٢٠٢٠ی زایینی بەرامبەر ٢٧٢٠ی کوردیش هەر وەک سالانی تری ڕابردوو، خەریکە دەبیتە ژمارەیەکی تێپەڕبوو. لەم سالە تێپەڕبووەدا، هەر یەکەمان خاوەنی چەندین بیرەوەری و تۆماری خۆش و ناخۆشین. بەس بەندە ئەو کەسانەم پێ بەختەوەرن کە هەلەی کەمتریان کردبێ و زۆر ئاهی پەشیمانیان هەلنەکێشابێ. چەند ڕۆژێکی تر دەچینە ناو سالێکیدیی نوێ و ڕۆژەکانی دەژمێرین. هیوادارین لەم سالە تازەیەدا، شتی باش و سودبەخشمان پێبێت بۆ جوان کردن و خۆشگوزەرانی و پاراستنی ژیانی گشتی. هەر ئەوتۆ بە کردار مرۆڤی ژیرو ژیندۆست بین و چیمان بۆخۆ پێخۆشە، بۆ تەواوی مرۆڤی باشمان پێخۆش بێت و هاودەنگ و هەلوێستدار بین بۆ نەهێلانی کارە نابەجێکان و تێکدەریی و ئاژاوەگێڕی.

لەگەل ئەم کورتە پەیامە هەلقولاوە لە ناخمانەوە، سالنامەی ڕەنگینی سالی ئاییندەتان بۆ دەکەینە دیاری، کە ئەم سال پێدەنێتە ٢٢ بۆ ٢٣ سالی تەمەنیەوە. هەرسال ئەم سالنامەیە خۆبەخشانە دەنەخشێنین بە ئینگلیزی و کوردیی لاتینی و دەیکەینە لینک بۆ ئەوەی هەر کەسێک بیەوێ، بۆخۆی لە چاپخانەیەک تەبعی بکات و بە دیواری مالەوەی هەلواسێ، بۆ ئەوەی هەر نەبێ، مندالەکانیان سود لە زانیاریی ناو سالنامەکە وەربگرن و ناوی مانگەکانی کوردییان لا غەریب نەبێت. کاری تاکە کەسی هەرگیز بێ کەم و کوڕی نابێت، بۆیە ئەم کارە تاکە کەسیەی ئێمەیش بەدەر نابێ لە کەماسی و حەز دەکەین هەم لە هەلەکانمان ببورن، هەمیش بەشداریتان بە ڕەخنە و پێشنیار لەسەر سالنامەکە، خۆشحالمان دەکات.

بۆ داگرتن و کۆپی کردنی سالنامەکە، دەتوانن لەسەر ناوی کالێندەر لە خوارەوە کلیک بکەن.


بەڕێزان لەخوار ئەم هێلەدا، سالنامەکەمان بە شێوەی وێنە داناوە، تەنها بۆ سەرنجدانی خوێنەران و بەکەلک چاپ کردن ناهێن. بۆ چاپ کردن، کلیکی ناوی کالێندەر ٢٠٢١ بکەن و سالنامەی دروست داگرن. لێرەشەوە سپاس و پێزانین بۆ کاک فەرسەت برایم کە هندەک وێنەی لە کەنەداوە بۆ ناردوم و چوار دانەم بەکار هێناون. هەر ئەوتۆ سپاس بۆ کاک زەندی سالح، وێنەیەکی ئەویشم بەکار هێناوە کە لە کۆلۆڕادۆ چرکێندراوە. وێنەکانی تریش گشتیان لە چرکاندنی خۆمن. هەروەها دەست خۆشی و پێزانین بۆ خەندەی کچم کە یارمەتیی داوم بۆ پێداچونەوە و نوسینی لاپەڕەی کۆتایی. بەو ئومێدەی خوێنەران پێی ڕازی و دلخۆش بن.






























Sunday, September 13, 2020

قامیش

قامیش:
قامیش (قەمیش) جۆرە ڕووەکێکە لە زۆر کەندو دۆل و دەو ئاوەکانی کوردستان شین دەبێت.لە سەدەی ڕابردودا زۆر سودبەخش بوو بۆ جۆتیارو مەڕدارو ڕەوەندان. مەگەر هندەک لە جیلی نوێ، ئەگینا کەس نەبووە شارەزا و ئاشنایی لەگەل قامیش نەبوبێت و بەکاریان نەهێنابن. قامیش چەندان پێویستیی پێ جێبەجێ دەکران. دەکرانە چیت (چیتۆک، چیخ) چیتەکانیش بۆ بن همبنیی کیون (کۆن، ڕەشمال، دەوار) بەکار دەهاتن و لە دەورەی ڕادەچیندران و دەدرانەوە بۆ ئەوەی مەڕو مالات نەهێنە ناو مال و کاچ و کلۆزان. لەهەمان دەمدا، چیتی لە قامیش دروست کراو، سوک بوو بۆ بارکردن و هەلگرتن و دانان. بەهاران کە کارو بەرخ لە ماک یان بلێین دایکانیان دەگیرانەوە و جیا دەکرانەوە، کۆز،یان بە چیخی قامیش بۆ دروست دەکردن و تێیان دەکردن، هەر ئەوتۆ چیت یان بلێین چیخ بۆ ناوبڕی هۆلی بزن و مەڕیش بەکار دەهاتن، قولینچکێکی هۆلەکە بە چیت دادەبڕدرا و بزن و مەڕە بێهێزو لەغەرو لەنگەرەکانیان تێدەکران و بە جیا ڕستی پوش و وێنجە و ڕەسێیان بۆ هەلدەبەستن هەتا دەژیانەوە و هێزیان دەهاتەوە بەر. هەکە مالە ڕەوەند ئاگردانیان لە دەرەوەی ڕەشمالدا هەبایە، زۆر جاران دەورەی ئاگردان و ناندینیان بە چیت یان بلێین چیخ دەگرت بۆ ئەوەی ئاژەلەکان نەتوانن بچنە سەر خواردن و جێی شیرو شیرێژو پەنیرو کەشک و ژاژی و لۆرو مەشک هژاندن و ڕون گرتن و دۆ کولاندن.

قامیش دەکرانە لولک بۆ مندالان هەتا میز بەخۆیاندا نەکەن. کە مندال لەناو لانک، لاندک (لانکە) بێشکە، جۆلان دەرگوش، دەخەواندران و دەپێچران، لولکیان بۆ دادەنان بۆ ئەوەی خۆیان تەڕ نەکەن و میزیان پێدا نەهێتەخوار.
بلور (شمشال)یش لە قامیش دروست دەکران و شوانە بلوروانەکان دەیانژەنین و دەنگێکی سازو خۆشیان دەدا. دوزەلە (دودک، دولک) هەر لە قامیش دورست دەکران و پیکەکانی دوزەلەیش هەر قامیش بون. هەرچەندە لە سەردەمی شێخ ڕەشید لۆلانی و سۆفیگەرایی ناوەڕاستی سەدەی ڕابردودا، لەژێر حوکمی خەلیفەکانیاندا، دوزەلە حەڕام بوو. هەکە شوانە گەنجەکانی لەگەل مەڕی دروستیان کردبان و ژەنیانبان، هەرکاتی وەبەر دەستی سۆفیان کەوتبان، لێیان دەشکاندن و پێیاندەگۆتن، حەڕامە لەبەر ئەوەی دوزەلە هەم نێرو مێیە و تێکهەل دەکێشرێ، هەمیش جۆتە و دو دەنگ تێکهەلاو دەکات، بۆیە ڕێگە پێدراو نەبوو لەناو تۆبەکاران و مریداندا. قامیش بۆ سەرو ڕەخ و دیوارەکانی کۆخ و کەپر (سابات)یش بەکار دەهات.

چەند جۆرە ڕووەکێکی تر هەبون، سودیان لێوەردەگیرا بۆ دیوارەکانی هەتان و سەرو تەنیشتەکانی کۆخ و کەپرو دیی و گیوداری گیاو وێنجە و ڕەسێ و کەرکۆل. ناوی چەندەکانم لەبیر ماون و لێرەدا دەیاننوسم. (کتر، سێسۆ، قاڕوش، پیزۆک و گیا گێسک). ئەو گیایانە بۆ سەری دیی و گیوداریش بەکار دەهاتن، کە دیی و گیوداری گیا، وێنجە (ئۆنجە) ڕەسێ، کەرکۆل دەهاتنە نژناندن و تەواو دەبون، گەڕی کۆتایی ئەو جۆرە گیایانەی لەسەرەوە ناومان هێناون، لە گەڕی کۆتایی دەدران و سەریان پێدەگیراو دەبونە داپۆشەرو سواندە و لێنەدەگەڕان ئاوو بەفرو باران دیی و گیوداری گیاو وێنجە و ڕەسێ و کەرکۆل تەڕ بکەن و خراپ ببن.
هاوڕێیان، دەکرێ زۆرێک لە جیلی نوێ وابزانن کە ژیانی ڕابردویش وەک ئێستا هەر لە قەسرو خانوی بان و دیوار چیمەنتۆدا گوزەراوە، نەخێر وانەبوو، زۆربەی ڕەوەندات خانویان هەر نەبون. کە پاییز دادەهات و مەڕو مالاتیان لە کوێستانان دەهینانەخوار، دەگەڕان لە ناوچە گەرمەکاندا لەناو کەند و لەندە گەرم و با نەگرەوە، کۆخ،یان بە دارو چلو و قامیش و جۆرە ڕووەکەکانی تر دروست دەکردن و زستانان تێیدا ئاکنجی دەبون. لەگەل سەری بەهارێ، کۆخ و کۆتانیان بەجێ دەهێشتن و بەرەو کوێستانان کۆچیان دەکرد. دەکرا زستانی پاشتر ڕویان کەوتبایە دەڤەرێکی تر. ڕەوەندی ئەو سەردەمی شێوەی بالندەی بێ هێلانە بون، هەر جاری بەرەو لایەک هەلدەفڕین و هەواری درێژخایەنیان نەبون.
خوێنەرانی هێژا، چند وێنەیەکم لە گوگل وەرگرتون و لەبەر یەکترم داون، بۆ ئەوەی سودی تێگەیشتنیان هەبێت، هیوادارم هەم نوسین و هەم وێنەکانتان بەدل بن.

Sunday, September 6, 2020

سعات

 سعات

سال ١٩٧٢، یەکەم جار بو سعات لەدەست بکەم. بەرەو وەرزی پاییز دەبوینەوە. دەبایە شتی پێویست و ئازۆخە بۆ چوار هەتا پێنج مانگی زستان و بەهار پەیدا بکەین و دابنێین. بابم چوبوە کاروان بۆ هێنانی نەفت و قەسپ و خورمە و جلک و پێلاو. باقی شتەکانی ترمان هەبون و بەری جۆتیاریی خۆمان دەخوارد. بابم لە کاروان گەڕایەوە. باری دانابون و جل (کورتان)ی لە پێڕۆیان کردبونەوە و هندەک ئاخ و خۆلیان بە پشتی پێڕۆیاندا کردبو و بەریاندابونە ناو پوش و پەلاخی دەورەی مالێ. ئێوارێ چاومان لێبوو داخوا کاروانچی چیی جوان و دلخۆشکەریان بۆ هێناوین. کەس نەیدەتوانی بەبێ فەرمانی بابمان بارەکان تێکوەر بدات و بیانپشکنی و بیانکاتەوە. ئەویش هیلاک بوو، جارێ پێویستیی بە هسیانەوە و نان و چایە هەبوو. ئێمەی مێرد مندالیش هەر چاومان لە قەپێلکاندا دەسوڕان و چاوەڕوانی دیاریی بابی کاروانیمان بوین. دیارە بابیشمان هەستی بە چاوەڕوانی و ویستی ئێمە دەکردو سەرەڕای ماندیەتیی، دەستی هاوێتە دەری جوالان و خریەکانی کردنەوە و گرێ و پرتکی دەرینان و ناوە ناوە لە دەوری خۆی دادەنان، ئێمە هەموومان لەپێشی لەسەر چۆک دانیشتبوین و لە پێشوازیی وەرگرتنی دیاریەکانماندا بوین. هەر یەکەی شتێکی بۆ هێنابوین، ئەوەی کراس و فیستان، کورتەک و شالوار، چاکەت و عابا (ساقۆ) سوخمەو بەریوانک، سەرەڕای دەستێکی جل و بەرگ، بابم ڕوی تێکردم و گۆتیسعاتێکی دەستیم بۆت هێناوە، بەس دەبێ بیپارێزی و تێکی نەدەیی و بزری نەکەی. من لە خەنی خۆشیان سیم هەلدەپەڕین و قسەم پێنەدەکران. سعاتێکی گەورەی زەندی دەستی بۆ هێنابوم و دایە دەستم، لەگەل قوڕمیشم کرد دەستی بە چرکە چرک کردو کەوتە ئیش و ژماردنی کات و سات. سعاتم لە زەندێ بەست، زنجیری گەورە بو. بابم گۆتی ئەمشەو سەبرم لێبگرە، سبەینێ زنجیرەکەت بۆ بچوک دەکەمەوە. ئەو شەوە چومە ناو جێگا بۆ نوستن، بەس ئەوەندە هەوایی و نوقمی شادی و خۆشیی ببوم، چەندی هەولم دەداو چاوم دەقوچاندن، خەو باری کردبو و بە میوانیش نەدەهاتەوە لام. سعاتەکە ژمارەکان و چرکە و خولەک و سعات ژمێرەکانی شێوەی فسفۆڕ بون و شەوان لە تاریکیدا ڕەونەقیان دەدایەوە و بە جوانی دەبیندران. شەو لەژێر لێفکدا هەر چاوم لە سوڕان و خولانەوەی میلەکانی سعات بون، هەتا کاتێک شێوەی بێهۆش بون خەو بردمیەوە.


بۆ بەیانی بابم زنجیری سعاتی بۆ بچوک کردم و لە زەندی دەستیم بەست و خۆم بە شاهی شاهان دەزانی.

ئەو سەردەمی ئێمەی گوندی سعاتەکانمان بە سیستەمی نوێژ کردن دەگەڕاندن. بۆ نمونە، سعات دوازدە ڕۆژ ئاوا دەبوو، پاش ڕۆژ ئاوا بون، نوێژی مەغربێ دەکرا. سعات یەک و چارێکەکیش، نوێژی عیشایێ دەکرا. هەردەم لەگەل شەوو ڕۆژ تێکچونەوە، واتە شەو یان ڕۆژ درێژ بون و کورت بونەوە، سعاتەکانیشمان پێش و پاشیان تێدەکەوتو و دەبایە ئێواران بەپێی ڕۆژ ئاوا کردن و تێگەیشتنی خۆمان ڕاستمان کردبانەوە، واتە لەگەل ڕۆژ ئاوا بون، میلەکانمان لەسەر ژمارە دوازدە جۆت دەکردن. ئیدی لە جیاتی کات هەلمانسوڕێنی، ئێمە کاتمان هەلدەسوڕاند. زۆربەی کەسە تەمەندارەکانمان سعاتی بەر شوتک (پشتبێند)یان هەبون. هندەک لەو سعاتان زنجیرەکی ڕەنگ زیوو زێڕیان پێوە بوو، لە سکورد (مل)یان دەکردن و سعاتەکە دەکەوتە بەر پشتبێندیان. هندەکیش قەیتانی زۆر جوان و ڕەنگینی لە سەمتون هوناندراوەیان بە سعاتەکانی بەر پشتبێندیانەوە بون. ئەو سەردەمی سعاتی بە پاتری هەر نەبون، ئەوانەی سعاتیان هەبون، دەبایە هەموو ئێواران یان سبیانان باری بکەن، واتە قوڕمیشی بکەن. هەکە بار کردنیان لەبیر چوبایە، کاتێک دەیانبینی سعاتەکە نوستووە، واتە ڕاوەستاوە و ئیش ناکات. زۆربەی کەسەکان سعاتیان نەبون، بەس لە خاوەن سعاتەکان چاکتر کات و ساتیان دەخوێندنەوە و هیچ گرفتیان نەبون. یەکێک لەوانەی شارەزای کات بوو، باپیرمان ( حەمەدی خەمێ) بوو. هەکە باران با، بەفرو کڕێوە با، یان هەورو سامال با، شەوو ڕۆژ پێمان گۆتبا، باپیر کاتژمێر چەندە؟ وەلامی دەداینەوە و تەماشای سعاتمان دەکرد، ڕێک ڕاست دەردەچوو. تەمەنی باپیرمان لە سەت سال تێپەڕ ببوو، هەتا کۆچی دوایشی کرد، پێویستیی بە سعات هەلگرتن نەبوو. هەردەمیش بۆ زیکرو فیکرو نوێژەکانی شێوەی سعاتی داندراوە (تەوقیت) کراو بوو. کەسێکی هێندەیش دیندارو خوایی بوو، زۆربەی نوستنی لەسەر زیکر کردن و لە قونوە بوو، واتە ڕانەدەکشا، هەر چۆن لەسەر زیکر دادەنیش، بەو شێوە خەوی لێدەکەوت.


وێنەی سعات لە گوگل وەرگیراوە.