Monday, April 13, 2020

ئاژەلداریی گوندان


ئاژەلداری:

لە سالانی ١٩٧٠کاندا ژیانمان لە گوندان بوو لە گەلیی خواکوڕکی ناوچەی برادۆست. زۆرێکی گوندیانمان خاوەنی بڕە مەڕو بزن و گاڕەشان بوون. ئەو ناوچە تەختایی و ڕاستایی و دەشتی نەبوو، تێکڕا چیا و گەلیی و تاق و بەتەن بوون، بەفرگر و باراناوی و مێرگ و چیمەن بوون. خاوەن وەرزی ڕەنگین و بەرهەمدار، سروشت زەنگین و بەرەکەتدار بوون، بنیی چیاکان و تاق و دۆلەکان گشتیان دارستان و لێڕەوار بوون. هەر لە کۆتایی پاییزدا مەڕو بزن لە هۆل و پاگان دەکران و سێ دانە گیاو ئۆنجە (وێنجە) و چلوو کایان دەدرایێ و زستانان لە دونە دابوون. کە بەفرو بەستەلەکی زستانان بنیی چیاو گەلییەکانی بەردەدان و زیپکە کەو دروست دەبوو، مەڕو بزن بەردەدرانە کەسکایی تازە سەر هەلدایی و دەبووە لەزو بەزیی مەڕو بزن و دەلەوەڕان، پێی تێر نەدەبون و دەبایە جەمی ئێوارێ هندەک ئالفیان پێدرابا. بەس بەهۆی لەوەڕیانیان لە کەسکایی، زۆربەی مالات توشی زگچون (ئیسحال)ی دەبوون و هەل (هۆل) و پاگیان دەبوونە مەنج و گۆمی میزو پیسایی. بەو هۆیەوە هەم مو و خوریان ڕەش و پیس و چلکن دەبوون، هەم ناو چمیان کول دەبوون و زۆرێک لەنگەر و شلە دەبوون و دەبایە بەهاران شوان و خودان خەمخۆرانە خزمەتیان کردبان و چمی مەڕو بزنە لەنگەرەکانیان خاوێن کردبانەوە و هەسپەنیکیان لێیان دابا بۆ ئەوەی کرمی نەبن. ئەوانەی لەنگەرو لەغەر دەبون، دەبایە بە جیا خواردنیان پێدرابا هەتا خۆیان دەگرتەوە و چەلەنگ و چالاک دابوونەوە. ئەو کاتیش مەڕو بزن دەستیان بە زان دەکرد و دەبایە شەوان چەند جارێک شوان و خودان چوبانە ناو هەل و بەناویاندا گەڕابان و ئەوانەی زابوون، بەرخ و کارەکانیان فرچک کردبان و لەناو هۆل دەرهینابان و لەجێی تایبەت یان لەناو کۆز کرابان بۆ ئەوەی لەناو پیسایی و هەل نەمێننەوە و بەبن دەست و پێی مەڕو بزنان نەکەون و نەمرن. ئەو بەرخ و کارانەی هەلاش دەبون، کۆزی تایبەتیان هەبوو، دەبایە دو دانە بەربدرێنە بەر دایکیان و هەردەمیش ڕستیان بۆ دروست دەکران و ئۆنجە و گیاو چلووی شەربەتداییان بۆ بە ڕستان وەدەکراو دەیانخوارد. کە چیمەن و چۆلەوانی پڕ گیا دەبوون، گیای دەوروبەری مالان بۆگە دەبوو مالات نەیاندەخوارد، ناچار دەبا شوان بەدوای جێگای بژوندا بگەڕێن بۆ لەوەڕاندنی مەڕو بزانان. کە بەهار کامل دەبوو، دەبی  مەڕو بزن لە هەل دوور خرابانەوە و چوبانە هەوێزو هەواری بەهاران و دەروەی ئاوەدانی.

چوار جۆری زیندەوەر هەبوون دەکەوتنە لەشی مالات.

پند
کڕنی
سێچکە
سپێ
هەرچوار جۆرە زیندەوەر بەلەشی مەڕو بزن و گاڕەشان وەدەنوسان و لێیان نەدەبونەوە، ژیانیان لەسەر هەلمژینی خوێنی مالات بوو.
پند ڕەنگەکی ڕساسیان هەبوو، هندەکیان تەمەت داپیرۆشک گەورە دەبوون.
کڕنی، تۆزێک لە پند بچوکتر بوون و بەردەبونە لەشی مەڕو بزنان.
سێچکە، لە کڕنیان بچوکتر بوون و دەچونە ناو پێستی مەڕ و بزنان. ئەگەر کەسەک ویستیبا لێیان بکاتەوە،  زۆر زەحمەت بوو، هندەک جاران ڕاکێشرابان، لەناو یەک دەهاتنەدەر و پێستی مالاتیان بەرنەدەدا. 
سپی (ئەسپێ) هەبوون، ئەگەر مەڕو بزن ئەو جۆرە ئەسپێیان کەتبانێ، شوانەکان هەسپەنیک و زەهیریان بەکار دەهێنا بۆ لەناو بردنی ئەسپێکان و پند و کڕنی و سێچکە. بەس زەهیر مەترسی بوو لەسەر ژیانی مەڕەکان، ئەگەر دەم (دەو)یان هاوێتبایەوە خۆ و زەهیر چوبایە ناو دەمیان، پێی نەخۆش دەکەوتن.

بەهارو هاوین هەتا پاییز، جۆرە مێشەک هەبوون، هەردەم لەگەل مەڕو مالات بوون. شوان و بێری و ئەو کەسانەی سەردانی ناو مالاتیان دەکرد، زۆر جاران جەمەدانی یان دەسمالێکیان لە دەم و چاوی خۆیان دەبەستی بۆ ئەوەی مێش لێیان نەڕی. مێش لێ ڕیتن بۆ ئەو جۆرە مێش بەکار دەهات. ئەو مێش هێلانەی نییە بۆ زوڕیەت خستنەوە. هێلانەی تەنها چاوو دەم و لوتی مرۆڤ و مالاتە. ئەو مێش ڕەنگەکی ڕەش و کەسکێکی تاریی هەیە. مەڕدارەکان زۆر چاک دەیناسن و هەرکە چاویان پێیکەوت، هەول دەدەن خۆی لێبپارێزن، بەس ئەوەندە تیژفڕە ئاستەمە خۆلێ پاراستنی. کە هاتە سەر زان، بەپێش لوتی هەر کەسێک دابێت، تۆواوەکەی فڕێ دەداتە ناو چاوو دەم و لوتی و ئەو کەس توشی نەخۆشیەکی گران و تاو لەرز دەبێت و ئاوی لە کەپو و چاو دێتەخوار. دەرمانیشی  تەنها ئەوەیە کە شیر بخواتەوە بۆ ئەوەی تۆواوەکە زوو گەورە ببن و بفڕن و ئەو کەسە بەجێ بهێلن. هەردەم شەش هەتا حەفت ڕۆژی پێویستە بۆ چاکبونەوە. ڕێک شێوەی تاو لەرزو بێتاقەتیی پەستیو (پەرسیو)یە.
ئەمە کورتە باسێک بوو بۆ ئەوەی هندەک وشە بێنەوە بیری هاوڕێیان و ئەو کەسانەی پەرۆشی زمانی شیرینی کوردین.
بەو هیوایەی بەدلتان بێت و لە کەماسیەکانیشمان لێبوردە بن.
وێنەم لە گوگل وەرگرتووە