Thursday, August 20, 2020

سەرتاشین

سەر تراشین

سەرتاشین

لە سالانی ١٩٧٠ هەتا ١٩٧٨ ئێمە لە گوندی بەنێی گەلیی خواکوڕک دەژیاین. هەرچەندە کۆمەلە هەرزەیەکی تەمەن بەهاری بوین، بەس هەموومان لە خێزانی جۆتیارو نەدارو کەم دەرامەت بوین، بەرگی جۆتیاری و شوانی و گاوانیمان هەمووی پنی پنی بون، هەر کە کورتەک و شالوارو ڕانی و بەرگوزمان لە ستری و دڕی و دارو پرچکان گیر دەبون و لەگەل ڕۆیشتن و خۆڕاکێشان تیڕازێکیان لێ هەلدەزیڕاو دەدڕان، ناچار بوین ئێوارێ کە دەهاتینەوە، فڕێمان دەدایە بەر دەستی دایکان و کابانییان، ئەوانیش، هەرچ کەونە پەڕۆیەکیان وەبەر دەستان کەوتبایە، دەیانکردە پنی و لە جلکی دڕاویان دەداو بە دەست و دەرزی و دەزی دەیان درویەوە. هەموومان کلاو و دەسرۆک( جەمەدانی) یان بلێین ئاغەبانیمان لەسەر دەنان، سەر کۆتی و پرچ بەردان و پۆرت هێلانەوە زۆر شەرم و حەرام و قەدەغە بون. هەرکە پرچمان تۆزێک درێژ دەبوو،  باران و بەفری لێ نەباریباو کاتمان هەبایە کە بگەینەوە یەکتر، لەپێش دەرگا لەسەر کۆلکە دار یان خڕکە بەردێک دادەنیشتین و کتریە ئاوێکی گەرممان دەهێنا، بە سەرو ڕدینماندا دەکردو بە موس یان گیوزان سەرو ڕیشمان بۆ یەکتر دەتراشی، ناخۆشترین سەر تراشین ئەو کاتانە بوو کە بای لێدەهات، لەبەر ئەوەی یەکسەر سەری هیشک دەکردەوە و موس باش نەیدەبڕی و کۆل دەبوو. کە موس یان گیوزان کۆل دەبون و مویان نەدەبڕین، ناچار بوین تیژیان بکەینەوە، چونکی نە دوکان هەبوون نە کەس زیادەیان هەبوون، گیوزان تیژ کردنەوە ئاسانتر بوو لە موس تێژ کردنەوە. گیوزان بە هسانی تیژ دەکرایەوە، موسیش بە ئیستیکان (پیالە). کە سەرو ڕەدینمان بۆ یەکتر دەتراشین، هندەکمان دەست سوک بوین و بە ساناییتر سەری هاوڕێیانمان دەتراشی. بەس هندەک دەست گران بون و هەتا سەری کەسێکیان دەتراشی، نیوەیان دەقونجی و لە خین (خوێن)یان سۆر دەکرد. براژتنەوە یان بلێین (تەحقیم) کردنمان هەر خێلاوک، سوراو، یان

بلێین ئاوە خوێ بوو.


جارێک داود حاجی محەمەد زیارەتی هاتە لام و گۆتی سەرم بۆ بتراشە. دیارە پرچ و سەرێکی ئەوەندە ڕەقی هەبوون، سەر تراشینی بە زەحمەت بوو. منیش موسێکم هینا، سەریم بە ئاوێکی شیرتێن تەڕ کردو بە چەند خولەکێک پرچیم جوان دامالی و گۆتم تەواو. سەری بلند کردو دەستێکی بەسەریدا هێنا، گۆتی، بەڕاستی تەواو؟ منیش گۆتم ئا تەواو، ما چیدیت دەوێ لێیبکەم؟ گۆتی هیچ، بەلام ئەوە یەکەم جارە سەرم بە موسێک بتراشرێ، هەردەم دو هەتا سێ موسمان بەکار هێناون هەتا سەری منی پێ تراشراوە. بەس دیارە دەستی تۆ زۆر سوک بوو، نە سەرت قونجیم، نە موسی زیادت بەکار هێنان و سپاست دەکەم. بەلێ سەر تراشینمان بەو شێوە بوو، نە ئاوێنەمان هەبوون، نە گەرماوو نە دەمانتوانی لە ژوورێ سەر بتراشین، بەلکو دەبایە هەردەم لە دووری مالێ سەرمان چاکەین بۆ ئەوەی موو نەهێنەوە ناو ناندی و مالێ. بەداخەوە داود لە شەوی ١٦ لەسەر ١٧ی مانگی ٧ سالی ١٩٨٥ لە شەڕی ئێران و عێڕاقدا کوژرا و ژن و چەند مندالێکی لەدوا بەجێمان، ڕوحی شادو بەهەشتی بێت. هەر ئەوتۆ لەگەل سەر تراشین، کۆمەلە تۆشکێکمان لەسەری هەلدەستا، چونکی ئەوەندە بە کاری جۆتیاری و ئاژەلدارییەوە مەشغول و هیلاک بوین، کاتی خۆ شوشتن و کۆل و بالاومان نەبوو، ئیدی سەر خاوێن بونەوەمان لە موو و تۆشک و قڕێژ، بە تراشین بوو.

هەرکە سەریشمان دەتراشرا، هندەک سوراو (خێلاوک)مان دەگرتەوە و پێماندا دەکرد بۆ ئەوەی یەکسەر بیبرژێنی و پاشان بە ئارەقە کردن نەسوتێتەوە و جێی قونجراو خوێنی تێنەزێت. جار هەبوو کلاومان لەسەر دەنا، کە مووی سەرمان هەلی دەدایەوە، لە کلاوی دەچەقین و کلاومان بەزەحمەت لەسەری دەکردەوە. زۆربەی جاران کلاوو دەسرۆکمان ئەوەندە خڕو پڕ دەبەستن، کە شەوان دەنوستین، بەبێ تێکدان لەسەرمان دەکردنەوە و لەتەنیشت خۆمان دادەنان، کە سبیانێ لەخەو هۆشیار دەبوینەوە، دەستمان دەدانێ و لەسەرمان دەنانەوە، جار هەبووە بە حەفتە کلاوو دەسرۆکمان یەکجار دەبەستین و لە شێوەی هێلانەی بالندە توند و خڕو خۆگر بون و تێک نەدەچون. هەر وەتۆ، لە سەقای ساردو گەرم، باو باهۆز، بەفرو باراندا، پێنج جارە دەچوینە سەر کانی و شیوو ڕوباران بۆ دەست نوێژ هەلگرتن دەست و ڕوخسارمان دەشوشتن و هیشکمان نەدەکردنەوە، لەبەر ئەوەی پەشتەمال (خاولی) و دەستەستڕی هیشک کردنەوەمان نەبون و نەماندەزانی بەکاریان بهێنین، لەگەل باو هەوای سارد، هەموو دەست و دەم و چاومان دەبسیانەوە و وەکی گڕو بونیان لێدەهات. هیچ داوو دەرمانێکی شێوەی مەلحەمیش نەبون، مەگەر بە ڕونی مەڕی چەورمان کردبان. بەس سەرەڕای هەموو ئەوانەی باسیشمان کردون، لەش و لارمان ئەوەندە ساخ و تەندروست بوو، هیچ نەخۆشییەک کاری تێنەدەکرین. دل و دەرونیشمان ئەوەندە خۆش بوو، جار هەبوو بەبێ شایی و شەیلەغان هەلدەپەڕین و سەمامان دەکرد.

ئەو زەمانی لەچاو ئێستا، هیچمان نەبوو، بەس دلمان خۆش و بەکەیف و تەندروست بوین.

ئێستا هەموو شتێکمان لەبەر دەست و فەراهەمە، کەچی هەر لە حالاتی دەروونی و بیرکردنەوەی گران و ناخۆشی و دلکوشراندا دەژیێین.

هەرچەندە دلمان بۆ ڕابردو لێبدات، هەر چرکەیەکی ڕەتبوو، لەدەستمان چوو و ناگەڕێتەوە.

ژیانی هەمووتان بەبێ پەشیمانی بگوزەرێ. 


وێنە لە گوگل وەرگیراوە