Sunday, September 13, 2020
قامیش
Sunday, September 6, 2020
سعات
سال ١٩٧٢، یەکەم جار بو سعات لەدەست بکەم. بەرەو وەرزی پاییز دەبوینەوە. دەبایە شتی پێویست و ئازۆخە بۆ چوار هەتا پێنج مانگی زستان و بەهار پەیدا بکەین و دابنێین. بابم چوبوە کاروان بۆ هێنانی نەفت و قەسپ و خورمە و جلک و پێلاو. باقی شتەکانی ترمان هەبون و بەری جۆتیاریی خۆمان دەخوارد. بابم لە کاروان گەڕایەوە. باری دانابون و جل (کورتان)ی لە پێڕۆیان کردبونەوە و هندەک ئاخ و خۆلیان بە پشتی پێڕۆیاندا کردبو و بەریاندابونە ناو پوش و پەلاخی دەورەی مالێ. ئێوارێ چاومان لێبوو داخوا کاروانچی چیی جوان و دلخۆشکەریان بۆ هێناوین. کەس نەیدەتوانی بەبێ فەرمانی بابمان بارەکان تێکوەر بدات و بیانپشکنی و بیانکاتەوە. ئەویش هیلاک بوو، جارێ پێویستیی بە هسیانەوە و نان و چایە هەبوو. ئێمەی مێرد مندالیش هەر چاومان لە قەپێلکاندا دەسوڕان و چاوەڕوانی دیاریی بابی کاروانیمان بوین. دیارە بابیشمان هەستی بە چاوەڕوانی و ویستی ئێمە دەکردو سەرەڕای ماندیەتیی، دەستی هاوێتە دەری جوالان و خریەکانی کردنەوە و گرێ و پرتکی دەرینان و ناوە ناوە لە دەوری خۆی دادەنان، ئێمە هەموومان لەپێشی لەسەر چۆک دانیشتبوین و لە پێشوازیی وەرگرتنی دیاریەکانماندا بوین. هەر یەکەی شتێکی بۆ هێنابوین، ئەوەی کراس و فیستان، کورتەک و شالوار، چاکەت و عابا (ساقۆ) سوخمەو بەریوانک، سەرەڕای دەستێکی جل و بەرگ، بابم ڕوی تێکردم و گۆتی ”سعاتێکی دەستیم بۆت هێناوە، بەس دەبێ بیپارێزی و تێکی نەدەیی و بزری نەکەی. من لە خەنی خۆشیان سیم هەلدەپەڕین و قسەم پێنەدەکران. سعاتێکی گەورەی زەندی دەستی بۆ هێنابوم و دایە دەستم، لەگەل قوڕمیشم کرد دەستی بە چرکە چرک کردو کەوتە ئیش و ژماردنی کات و سات. سعاتم لە زەندێ بەست، زنجیری گەورە بو. بابم گۆتی ئەمشەو سەبرم لێبگرە، سبەینێ زنجیرەکەت بۆ بچوک دەکەمەوە. ئەو شەوە چومە ناو جێگا بۆ نوستن، بەس ئەوەندە هەوایی و نوقمی شادی و خۆشیی ببوم، چەندی هەولم دەداو چاوم دەقوچاندن، خەو باری کردبو و بە میوانیش نەدەهاتەوە لام. سعاتەکە ژمارەکان و چرکە و خولەک و سعات ژمێرەکانی شێوەی فسفۆڕ بون و شەوان لە تاریکیدا ڕەونەقیان دەدایەوە و بە جوانی دەبیندران. شەو لەژێر لێفکدا هەر چاوم لە سوڕان و خولانەوەی میلەکانی سعات بون، هەتا کاتێک شێوەی بێهۆش بون خەو بردمیەوە.
بۆ بەیانی بابم زنجیری سعاتی بۆ بچوک کردم و لە زەندی دەستیم بەست و خۆم بە شاهی شاهان دەزانی.
ئەو سەردەمی ئێمەی گوندی سعاتەکانمان بە سیستەمی نوێژ کردن دەگەڕاندن. بۆ نمونە، سعات دوازدە ڕۆژ ئاوا دەبوو، پاش ڕۆژ ئاوا بون، نوێژی مەغربێ دەکرا. سعات یەک و چارێکەکیش، نوێژی عیشایێ دەکرا. هەردەم لەگەل شەوو ڕۆژ تێکچونەوە، واتە شەو یان ڕۆژ درێژ بون و کورت بونەوە، سعاتەکانیشمان پێش و پاشیان تێدەکەوتو و دەبایە ئێواران بەپێی ڕۆژ ئاوا کردن و تێگەیشتنی خۆمان ڕاستمان کردبانەوە، واتە لەگەل ڕۆژ ئاوا بون، میلەکانمان لەسەر ژمارە دوازدە جۆت دەکردن. ئیدی لە جیاتی کات هەلمانسوڕێنی، ئێمە کاتمان هەلدەسوڕاند. زۆربەی کەسە تەمەندارەکانمان سعاتی بەر شوتک (پشتبێند)یان هەبون. هندەک لەو سعاتان زنجیرەکی ڕەنگ زیوو زێڕیان پێوە بوو، لە سکورد (مل)یان دەکردن و سعاتەکە دەکەوتە بەر پشتبێندیان. هندەکیش قەیتانی زۆر جوان و ڕەنگینی لە سەمتون هوناندراوەیان بە سعاتەکانی بەر پشتبێندیانەوە بون. ئەو سەردەمی سعاتی بە پاتری هەر نەبون، ئەوانەی سعاتیان هەبون، دەبایە هەموو ئێواران یان سبیانان باری بکەن، واتە قوڕمیشی بکەن. هەکە بار کردنیان لەبیر چوبایە، کاتێک دەیانبینی سعاتەکە نوستووە، واتە ڕاوەستاوە و ئیش ناکات. زۆربەی کەسەکان سعاتیان نەبون، بەس لە خاوەن سعاتەکان چاکتر کات و ساتیان دەخوێندنەوە و هیچ گرفتیان نەبون. یەکێک لەوانەی شارەزای کات بوو، باپیرمان ( حەمەدی خەمێ) بوو. هەکە باران با، بەفرو کڕێوە با، یان هەورو سامال با، شەوو ڕۆژ پێمان گۆتبا، باپیر کاتژمێر چەندە؟ وەلامی دەداینەوە و تەماشای سعاتمان دەکرد، ڕێک ڕاست دەردەچوو. تەمەنی باپیرمان لە سەت سال تێپەڕ ببوو، هەتا کۆچی دوایشی کرد، پێویستیی بە سعات هەلگرتن نەبوو. هەردەمیش بۆ زیکرو فیکرو نوێژەکانی شێوەی سعاتی داندراوە (تەوقیت) کراو بوو. کەسێکی هێندەیش دیندارو خوایی بوو، زۆربەی نوستنی لەسەر زیکر کردن و لە قونوە بوو، واتە ڕانەدەکشا، هەر چۆن لەسەر زیکر دادەنیش، بەو شێوە خەوی لێدەکەوت.
وێنەی سعات لە گوگل وەرگیراوە.