لە سالانی ١٩٧٠دا، ئێمە دو خانی،مان هەبون، یەکیا دێریایەک بو لە گوندی بەنێی خواکوڕک، ئەویدیان لە سولکێی خوار گوندی و یەک مالەیی بو. زۆربەی جۆتیاری و چاند و ئاژەلداریمان لە سولکێ بو. ڕەوەیەکە چێل و گۆلک و کەردە بزنێکمان هەبون. سولکێ گەلیەکی بەڕۆژ بو، مەگەر بەفرێکی زۆر باریبا، ئەگینا، ئەو گەلیی نەدەگرتەوە، هەکە گرتشیبایەوە، زوو ڕەش دەبویەوە.
خانیی گوندی بۆ داپیرە ڕابیێ مابویەوە. ئەویش لە پەڕگەیەکی خانی سۆپەی دارای دانابوو، کوچکی پێش سۆبەیشی بۆ شیوو چا بەکار دەهێنا. خەلکانی ئاوایی هەر یەکەو لەبەری خۆی یارمەتیی داپیرە ڕابیی دەداو بارە داریان بۆ دەئینان و دەشکاندن، بانیان بۆ دەگێڕا، خواردنیان بۆی دەبرد.
ئێوارەیەکی زۆر سڕو سەرما دایکم گۆتی ”کوڕم عیسا بارە دارێک بۆ داپیرت ببەی باشە، نەوەک مەحتەل بوبێت“ دەستم دایە داس و بیورو کەرێکم جل (کورتان) کردو گوریسم لێ بەستن و چومە باوێشەکانی دێرێ، هنداو سولکێ، بارە دارێکی گزرەم خاوێن کردنەوە و پەل و تاو پرچکم لێیان دامالین. بنبارێکم لە دارە ڕاست و جوانەکان دروست کردو هاوێشتمە سەر پشتی گوێدرێژ. سەرباریشم لە دارە گزرە داگرت و گوریسم بەسەردا هاوێت و لە هێچکیم هەلکێشاو شتاندم. جار هەبوو گوریسم باش پێ توند نەدەبو، داڕێکی ئانیشکەک درێژم دەهێنا و دەمکردە پێچەک و بار تەواو زەوت دەبوو. جاریش هەبوو هەر دەستکە بیور یان دەستکە داسمان دەکردەوە پێچەک. سەرەڕای بارەدارو گوێدرێژ ڕاستەڕێ کردن، دارملێکیشم هەلگرت و کەوتمەڕێ بەرەو مالی داپیرم. کە گەیشتمە بێلاویی مالێ، دارملم فڕێدا و پێچەکم کردەوە و گوریسم لەباری کردەوە. سەرباری دارام هاوێتنە سەر یەک و بنبارم لەسەر پشتی گوێدرێژ تێهەلدا، لەگەل خڕێن و گڕێنی داران، داپیرم هاتەدەرێ و گۆتی ”کوڕە عیسالۆک ماخا (مالخراب)، ئەوە بۆ پ وێ سەرمایێ هاتی، هێشتا دارم زۆر مابون. دونێش خوا مرادو مەخسەدای حاسل بکە، حمەدێ برایمی بارەک بۆ من ئینابون“.
گۆتم داپیر، زێدەیی زەرەر نییە، لێگەڕێ بلا هەرە زۆر بن. گوێدرێژم بەردا پێش دەرکێ و داپیر هندەک هوردکە نانی دانانە پێش. دەستم دایە بیور، ئەو بارە دارەی ئینامبون، هەمووم شکاندن و تەمەت بەژنی سۆبەیم بڕینەوە و کردمە گیشە لە بێلاویی خانی. هەتا دارم شکاندن و دانانە سەر یەک، داپیر هاتو گۆتی، ”زۆر ماندی بوی، هنۆکە زکت ل برسا تێشی. وەرە دابچین خواردنما بۆ تو حازر کردی“. داپیر یەک لەگەنی دۆینی بە تام و لەزەتی لە پێش دانام. هندەک ڕونی حەیوانی خستە ناو مقولیەک و لە بەرۆکی سۆبەی قرچاندیۆ و بەسەر دۆینێی داکرد. هەر ناوە ناوەش دەیگۆت، ”دێ بخۆ عیسالۆک بخۆ، هنۆکە زۆر برسی بوی پ دار بڕینێوە“. وەختەکی داپیر هەستا و گۆتی کوڕە عیسالۆک، سەرت تقوڕێ نەنێن، دەبی کەری ببەینە پاگا مالا مەلا سۆفیی، نەکو گورگ بخۆن. هەستاین گوێدرێژین بردە گۆڤی مالی مەلا سۆفی و هاتینەوە. شەو درەنگ داهات، هەورێک لە عاسمان پەیدا بو و بەری ستێرەکانی گرت. ئەو هەور سڕو سەرمای شکاند و هەوای نەرم کرد. داپیرم گۆتی، لەوانەیە ئەوشۆ بنختی، هەکە بکەتە نختە، بانێ خانیی هەمووی هەلاوێتییە لبەر سڕو سەقەما چەند ڕۆژێن چۆیی، لوانەیە پجارەکێ دلۆپ بێنەخوارێ. بەهەرحال پاش خواردن و خواردنەوەی چاو گفتوگۆ، داپیر جێی ڕایێخستن و هەر یەکەمان لە دیوێکی سۆبەی ڕاکشاین. لەبەر ئەوەی زۆر هیلاک ببوم، هەر وەرگەڕیامە سەر جۆشەک (دۆشەک)ی خوری و سەرم دانا سەر بالیفی کولکە کەو و لێفکی لۆکەم بەسەر خۆ داداو یەکسەر خەوم لێکەوت. درەنگانی شەو، دەتگۆت خەون دەبینم، وردە وردە چرپە چرپێک دەهات، لفکی لێفکێم لەسەر چاوان هاویشت، دەبینم داپیرم هەستایتەوە و هەر خەریکە ترگار و زەرک لەبەر دلۆپان دادەنێ. لەگەل هەستانەوەم، داپیر گۆتی ”عیسالۆک دلم نەهات کاس کەمە تو، خانی پجارەکێ هاتەخوارێ. مانە زانیم هەکە ببیتە نختە دێ خانی دلۆپا کەت“. چاوم هەلگفۆلین و خۆم تەواو هشیار کردەوە و گۆتم، داپیر دێشێم فانۆسێ ببەم؟ دێچم بانی گێڕم. فانۆسی بۆم پڕ نەفت کردو چۆمە سەر بانی. باگوردانم ئیناو دەستم بە گێڕان و پەستانەوەی بانی کرد هەتا، داپیر بانگی کردم و گۆتی ”عیسالۆک وەرە خوارێ، دلۆپ هەموو وەستان“. هاتمە خوارێ و جارێکیدی نوستینەوە هەتا سبیانێ لە قدە قدی مریشک و خوێندنی کەلەکوکان (دیقل)(دیک) (کەلەباب) هۆشیار بوینەوە. سەرکێشتێکی سەرپێییمان پێکەوە خوارد، پاشان چوم گوێدرێژم لە پاگی مالێ مەلا سۆفی هێنایەوە و جلم هاوێشتە سەر پێشتی و تەنگ و گوریسم لێی بەستن و بەدوعاییم لە داپیر کرد، هەر لە باسکەکانی سەر سولی هنداو سولکێ، بارە دارێکیدیم بڕین و بارم کردن و بۆ مالەوەم هێنانەوە. ئیدی ئێمەی مندال و هەرزە، لێڕا هاتبوین و دار بڕین و شۆل کردنمان وەک سەیران دەهاتە بەرچاو. لێنەدەگەڕاین کەرە بەستئەزمانەکانیش بحەسێنەوە و بەبێ بارو بە بەتالی ڕێبکەن. ژیانی ئەو سەردەم و گوندان، تەکنەلۆجیاو جادە و قەمەرە و موچەی هێتیمانە نەبوو. لەجیاتی قەمەرە، کەرو هێسترو هەسپ،مان هەبون و زۆریش پێیان ڕازی و دلخۆش بوین.