هەردو گوندی بەنێ و شۆشنێ دەکەوتنە بەرامبەر یەکتر. بەنێ پشتی بە ڕۆژهەلاتی چیابەنەوە دابوو. شۆشنێ پشتی بە ڕۆژئاوای چیای دێلی،یەوە دابوو. بەنێ و ئاقارو زەوی و زاری ڕووە و بەڕۆژ هەلکەوتبون. شۆشنێ هەم نزار بوو، هەم چالاییەکی ئەوتۆ بوو، زستانان هەتا دەمژمێر نۆو وێوەتر ڕۆژ لێی نەدەدا. هەردو گوند بەفرگر و زستانیان ساردو درێژ بوو. بەس لەبەر ئەوەی گوندی بەنێ دەکەوتە بەڕۆژ، بەفری زوو لێ دەتاوایەوە و ڕێگە و بانی خۆشتر بون. هندی شۆشنێ بوو، جار هەبوو مانگێکی بەهاریش، هەر بەفر و شەختە و کەڕەسی بوو. بەینی هەردو گوندان، ڕوبارێکی زۆر بۆش و شکەستە و پڕ پەل و هەلدێر و سولاغ و تەنگەبەر بوو. هەموو ئاوە ڕێژنەی خنێرە و گەلیی لۆلان و گەلیی خواکوڕکی وەک دوو ڕوباری بۆش و ڕژد لەبەینی گوندەکانی ئەلموشی ژێری و کەوەرتێ خۆیان لێک دەدایەوە.
هەتا دەگەیشتە بەینی گوندەکانی ئێمە، ئەوەندە بۆش و خڕۆش دەبوو، بەهاران لەبەر هاشو هوشی دەنگی بەهێزی ڕوبار، مەگەر لە ژورێ بمانتوانیبا لەسەرەخۆ پێکەوە بئاخوین، ئەگینا لە دەرێ دەبایە زۆر بەتوندی قسە لەگەل یەکتر بکەین، نەکو تێکنەدەگەیشتین. بەتایبەت هەکە هوڕە بایە. زۆر جاران زستانان لە ژوورێ دەبوین، باپیرمان دەیگۆت ”هوڕە (ڕەشەبا) دەستی پێکرد“. لێماندەپرسی و دەمانگۆت، کو دەزانی دەبیتە هوڕە، یان دەستی پێکرد؟ دەیگۆت ”لەگەل گوفی و خورتیی با، دەنگی ڕوبار بلندتر دەبێت“. لە گوندی کەوەرتێ هەتا دەگەیشتە مەنداوی دەشتی بەرازگر، دووریی، پیادەڕۆژێک دەبوو، لەو بەینەدا چەند جێگایەک هەبون بۆ پرد لێ دروست کردن گونجاو و لەقام بون. ئەویش دەبایە خەلکانی گوندەکانی هەردو بەری ڕوبار یەکتر دەنگ بدەن و پێکەوە زبارە (هەرەوەزی) بکەن بۆ دامەزراندنی پردەکان. خەلکانی هەر بەرێک لە لای خۆی دەستیان بە دار بڕین و کێشانەوە دەکرد بۆ سەر ڕوبار. هندەک بەردەوام دەبون لە دار خشت کردن و کێشانەوە، هندەکیش پێیزەکانی پردێیان دادەمەزراندن و پڕ دەکردنەوە. ئەو جێگایانەی پردیان لێ دروست دەکران، (پردی کەوەرتێ، پردی گۆڕە کیوشکێ، پردی سولکێ، پردی پەپانێ) بون. پێیزەکانی هەر پردێک، بە شەقلەدار دادەمەزرێندران. هەر چینێکی داران، نزیکەی دوو بست ڕاپێش دەدران بۆ ئەوەی پێیزەکان ئەوەندە لە یەکتر نزیک ببنەوە کە قاریتەکانیان پێڕا بگەن. جار هەبوو بە زبارەیش دوو حەفتە یان زیادتری پێدەچوو هەتا پردێک تەواو دەکرا. سەری پردێ لە شێوەی چەپەر یان بلێین هەتان بە تورە داران دەچندرا و ئاخ و خیزیان بەسەردا دەکرد بۆ ئەوەی سمی پێڕۆ و باربەر و چمی گاڕەش و مەڕ و بزنی تێنەچیتەخوار و بەبێ ترس بەسەریدا بپەڕنەوە.
زۆر جۆتیار حەزیان نەدەکرد پرد لە نزیک گوندەکەیان دروست بکرێ، چونکی هەکە ڕوبار پردەکەی هەلنەتەکاندبا و نەیبردبا، ئەوا بەهاران ڕوی ڕەوەندی بۆ کیوستانان دەڕۆیشت، دەکەوتە ئاقارییان، هیچ بژونی بۆ مەڕو مالاتی گوندیان نەدەمایەوە. زۆر جارانیش کێشە لەبەینی خۆجێیی و ڕەوەنددا دروست دەبوو، لەبەر ئەوەی شوانەکانیان بەری تەرشی مەڕیان دەدایە دەخل و دان و بەرو بیستانان.
هەکە برد نەبان یان ڕوبار هەلیتەکاندبان، ئەوا چەند ڕێگەیەکیدی هەبون بۆ پەڕینەوەی مرۆڤ، بەس بارو باراش نەیاندەتوانی بەبێ پرد بپەڕنەوە هەتا ڕوبار لە کۆتایی بەهار دادەهاتەوە و کەم دەبویەوە، ئەوکاتی بڕ هەبون و کەر و بار لە بڕ دەپەڕێندرانەوە. لە بەینی گوندەکانی ئێمەدا، تەنها مەنداوێک یان بلێین تەنکاوێک هەبوو، پێیدەگۆترا، (بڕی خترەی). هەکە ئەو بڕ ڕێگەی نەداباو ڕوبار تەواو دانەهاتبایەوە، خەلکان ناچار بون بۆ باربەر پەڕاندنەوە و کاروان کردن، دانەڕۆژێک بڕۆن هەتا دەگەیشتنە بڕی حەیرانی لە دەشتی بەرازگر. بەس بۆ پیادە، زۆر بازەبەرد هەبون و مرۆڤ لێی دەپەڕینەوە. بازەبەردیش زۆر ترسناک بون، چونکی کەسێک پێی لێ ڕازەلیبان و کەوتبا ناو ڕوباری، دەرباز بونی نێزیک لە مەحال دەبویەوە. جاریش هەبووە ناچار بونە بە گورد بپەڕنەوە. گورد چەند ناوێکی جیاوازی هەنە (گورد، داوەڕست، بۆسە) لە زاراوەی بادیناندا پێیدەگۆترێ ڕستک یان داوەڕستک، هەر ئەتۆ بۆسەیش بەکار دەهات. هەر چۆنێک بێت، ئەو دەزگایانە هەبون بۆ پەڕینەوە لە ڕوبارە شکەستە و سەختەکان. (پرد، بازەبرد، بەردەباز، گورد، بۆسە، بڕ).
ئەم باسەنوسینەم دەگەڕێتەوە بۆ سالانی ١٩٧٠ هەتا ١٩٧٨. بەو سەختی و نالەباریی ژیانیش، دەبایە پێشمەرگەی کوردایەتیش نان و ئاو بدەین، واماندەزانی ڕۆژێک دێت ئازادی و دادپەروەری بەرهەمی خەبات و خزمەتمان دەبێت. نەمانزانی نەفرەت لە حوکمی خۆمالی دەکەین و دەزگای کوردایەتیی ئەوەندە ئەخلاقسز دەبن، زۆر لە داگیرکاران تاوانبارترو دزو جەردە و خائین دەردەچن.
وێنەکانم لە گوگل وەرگرتینە و تێکم هەلکێشاون. پردی بە دارە سپییەکان خۆم دروستم کردووە هەر بۆ ئەوەی لە شێوەی دروست کردنی شارەزا بن.
بەو ئومێدەی بە دلی ئێوەی خوێنەر و خۆشەویستمان بێت.