Saturday, December 11, 2021

نەخت، شیربایی، قەلەم.


لە کۆتایی سالانی ١٩٧٠دا، حکومەتی ژێر کۆنتڕۆلی حیزبی بەعثی نەژادپەرست و ڕوخاو، زۆربەی خەلکی کوردی دوورەدەست و سەر سنورەکانیان لە کۆمەلگای زۆرەملێ ئاخنی بون. ئێمەیان دەوری سێ سەت هەتا چارسەت مالی خواکوڕکی لە ناو خانییە تەواو نەکراوەکانی بانیقەبرانێ فڕێ دابوین. بانیقەبران لە بەینی هەولێرێ و کۆیێ،یە نێزیک ناحیەی (شۆڕش) دێگەلە. لەبەر ئەوەی خانیی تەواو نەببون، لە ناچاریدا هەر دوو یان سێ خێزان چوبوینە ناو یەک لە خانییە تەواو کراوەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک هەتا خانییەکانیدیان بۆ تەواو کردین. 


لە سەروبەندی سەرەتای سالانی هەشتادا، ڕۆژێک هاوسێکان هاتنە لام و گۆتیان لەگەلمان وەرە دەچین ژنێک بۆ برایەکی ڕەسولاغا (ڕەسول ئاغا) دەخوازین. منیش لەگەلیان ڕۆیشتم و کەوتینە ڕێ لە بانیقەبرانێ بۆ دەربەندی گۆمەسپانێ، بۆ بەرزاییەکانی سەربەنێ، بەناو کۆڕێ و شەقلاوە و دەشتی حەریرێ و هەتا گەیشتینە گوندی ئامۆکا لە ڕۆژ ئاوای پێچەکانی جادەی سپیلکی.


لەوێ شارەزامان لەگەل بوو و لە دەرگای مالێک بەژۆر کەوتین و لەگەل سەلام و تۆقە و خێر و خۆشی و فەرموو لێکرانمان، دوای گفتوگۆ و فڕ کردنی چای دیشلەمە، ڕومان لە خاوەن مال ناو پێمان گۆت، ئێمە میوانی بەڕێزتانین و هاتوین بۆ خوازگینی (خوازبینی)ی کچەکەتان. ئەویش لەگەل بەخێرهێنانێکی دوبارە و گەرم، گۆتیپێشتر گفتوگۆمان لەوبارەوە کردووە و خۆشحالین بە هاتنتان و نەختی کچەکەمان حەفت هزار دینارە. هەر یەکەمان بە شێوەیەک کەوتینە بەرامبەریان بەهەر حال و هەول و داواکردن، توانیمان نەختەکەی پێ دابەزینین بۆ پێنج هزار دینار. پێنج هزار دیناری ئەو سەردەمی، بەقەد پێنج دەفتەر دۆلاری ئەمڕۆ بوو ئەگەر زیادتریش نەبوبێت. بەس ڕەسولاغا و کۆمەلە برایەکی، هەموویان بێ ژن و مەجبوری ئەوە بون کە هەر نەبێ یەکێکیان ژنی هەبێ و بتوانێ خواردنێکیان بۆ ئامادە بکات، بۆیە ڕازی بون ئەو پارە زۆرە نەخت بدەن. کە هاتنە سەر ئەوەی پارەکەی بدەنێ، بە منیانگۆتتۆ لە ژماردن و دلنیابون زۆر زیرەکی، پارەکانی بۆ بژمێرە“ \ منیش ئەوەندە بە نەختدان قەلس و نابەدل بوم، حەزم نەدەکرد تخونی پارەی نەختەکەیش بکەوم. لەبەر ئەوەی لە دەڤەری برادۆستاندا، نەخت دان و وەرگرتن یەکجاری نەبوو. خەلکانی ئەو ناوچە پێیان وابوو، کە نەخت حەڕامترین شتە و ئەوانەی وەریدەگرن قەت خێر لە مالی خۆیاندا نابینن. گوێم لە زۆر کەس دەبوو، دەیانگۆتنەخت ئەوەندە پیسە، ئەوەی دەستیشی لێدەدات، ئەگەر پەنجەکانی هەلوەرێن، شتێکی سەیر نییە“. بەهەرحال زۆرم پێ ناخۆش بوو کە پارەکانی نەخت بژمێرم، بەس لەگەلیان چوبوم و ناچار بوم یارمەتیان بدەم. پارەکانم ژماردن و دامە دەستی بابی کچە و شتەکانمان بڕاندەوە. بڕینەوەی شتەکانیش وەک ئەم سەردەمە نەبوو کە سەنەد و نوسین و ئیمزا لە بەینی هەردولادا هەبێت، بەلکو قسەدان تەواوی متمانە و جێبەجێ کردن بوو و کەس حیلە و پێچ و پەنای لەگەل یەکتریدا نەدەکرد. پاش ماوەیەک مالی ڕەسولاغا ئامادەییان کرد و ژنەکەیان بۆ برای گواستەوە. هیوادارم هەر لە ژیاندا مابن بە تەندروستیەکی باشەوە. 

ڕەسولاغا برای گەورەیان بوو. لەباری مال و سەروەت کەماسییان نەبوو، بەس وابزانم ڕەسولاغا هەتا مردیش ژنی نەهێنا. جارەک لێیانپرسی و گۆتیانڕەسولاغا بێوە ژنیش بێ پێی ڕازی دەبی؟ لە وەلامدا گۆتی،کوڕە حەفت گاسنیش بی پێی ڕازیم“. واتە ئەگەر حەفت مێردیشی کردبن، هەر پێی ڕازیم.

یادیان بەخێر و خۆشی، ڕوحی ڕەسولاغا و هەموو کۆچ کردوانیش شاد بێت.


وێنەکە لە خەزێنەی گوگل دەرهێندراوە.