لە سالانی ١٩٦٥ هەتا ١٩٧٠ڕۆژانه گرفت و ئاریشە و سەرئێشە دروست دەبون لە بەینی خه‌لكی جۆتیاری گوند و شوانەکانی ئاوارە گیرساوەکان لەو گوندیدا. کاسبکارەکان ڕوحی خۆیان لەسەر دادەنا هەتا دانەوێلەیان دەگەیاندە گولدان و پێگەیاندن و بەرهەمهێنان. شوانکارە مندال و هەرزەکانیش بەبێ ئەوەی بیر لە زەحمەتییەکانی جۆتیاران بکەنەوە، جار هەبوو بەری کار و بەرخ و بزن و مەڕیان دەدایە گەنم و جۆی گولدایی. کە خودانی بەسەردا دەچوو و دەیبینی گەنم و جۆی خوراوە و شێلدراوە، ناخی پڕ ئاهو حەسرەت دەبوو. ناچار بەدوای دەوسی مەڕ و لێکۆلینەوەدا دەڕۆیشت و هندەکجار دەدۆزرانەوە داخوا کێ دەخلی لێ لەوەڕاندووە. هندەکجاریش تێ بزر دەبون و نەدەدۆزرانەوە داخوا کێییە. جار هەبوو شوانەکانی گوندیش بە دزی گەنم و جۆی دراوسێکانیان دەلەوەڕاندن و بەمل ئاوارەکاندا دەهات. هەکە خاوەن دانەوێلە ئەو شوانانەی ئاشکرا کردبان کە دەخلیان لێ لەوەڕادبوو، شکایەتیان دەبردە لای دایک و بابی شوانەکان. ئەوانیش بەشێکیان خەمساردانە لە شتەکانیان دەڕوانی. ناچار زەرەرلێکەوتوان هانایان دەبردە بەر مالە شێخی برادۆستان لە هەولێرێ.
سەرەڕای گازانده‌ی زۆری ڕۆژانە و شکایەت بردنە لای حاجی محه‌مه‌دی شێخ ڕەشید لۆلانیش، مالە شێخ و ئاغاواتی برادۆستی ئەو غەرەزەیان لێی هەلگرتبوو کە شێخۆ ناوخۆش ڕێخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی سەردانی بوڕهان ئاغای دزەیی بکرێ و حساری لێوەربگیڕێ بەبێ ئەوەی پرس و ڕا بە مالە شێخ و ئاغاکان بکرێ. چونکی عەقلیەتی شێخایەتی و ئاغایەتی قبولیان نەبوو و نییە کەس لەژێر حوکمی ئەواندا دیار و ڕێزدار و بە کردار بێت بێی ئەوان. حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید چه‌ند جارێك ئاگاداری دابووە شێخۆ و پێی گۆتبوو، ”واز لە ئاژاوە و له‌وه‌ڕاندنی ده‌خل و دانی دانیشتوانی گوندی بهێنن و نه‌هێلن زیاتر شكایه‌ت بێنه‌وه لام“. سه‌ره‌ڕای له‌وه‌ڕاندن و زیان له جۆتیاران دانیش، بنه‌ماله‌ی شێخۆ ناوخۆش و خزمه‌كانیان، حه‌زیان له مالی سۆفی حه‌سۆ هه‌ركی نه‌بوو. ئێمه‌ش چه‌ند سه‌ر بزنمان هه‌بون و من مندال بوم. له‌گه‌ل جه‌لالی كوڕه گه‌وره‌ی شێخۆ و خوشک و براکانی كار و به‌رخمان بردبونه سه‌ر دەراوی زێی بۆ ئاودان. ئه‌و ڕۆژی سۆفی حه‌سۆش له‌هه‌مان ده‌راو له‌گه‌ل كچێكی دە دوازدە سالانی، سێبه‌رێکیان چاک كردبوو و مه‌ڕیان له ده‌و زێی مۆلدا بوو. هه‌ردووكیان له‌به‌ر سێبه‌ر دانیشتبون بەبێ گرفت. جه‌لال به ئێمه‌ی مندالی گۆت،” ههڕون تهشقهلهیان پێ بكه‌ن و به‌ردیان تێبگرن بۆ ئەوەی لێرە بڕۆن و دەراو بۆ مەڕ و بزنی ئێمە چۆل ببێت.” ئێمەیش مندالی کەمفام بوین و بە قسەی جەلال،مان کرد و چوین به‌ردمان تێ‌یان گرتن. حه‌سۆ ڕاوی ناین. نه‌گه‌یشته ئێمه‌ی مندال، چووه گژ جه‌لال. جه‌لال،یش هەرزەیەکی بەخۆوە بوو. سۆفی حه‌سۆ خۆی له جه‌لالی دا و هه‌رچه‌ندی هەولیدا و ڕایوەشاند پێی له عه‌ردی نه‌درا. دەستی لە جه‌لال به‌ردان و داهاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ردێك ههلگریتهوه و لێی بدات. له‌و ئهسنایدا، جه‌لال خڕكه به‌ردێكی له‌سه‌ر په‌راسوی حه‌سۆدا و حه‌سۆ سه‌ر و سه‌ر بۆ عه‌ردی چوو. هه‌ستایه‌وه و ڕاوی جه‌لالی نا. جه‌لال هه‌لات. كواندهیهكی بلند هه‌بوو. جه‌لال له‌و كوانده به‌سه‌ر كه‌وت. حه‌سۆ بەدوایەوە بوو و ویستی به‌سه‌ر بكه‌ویت، جه‌لال خڕكه بهردێکیدیی له سینگی حه‌سۆی دا و پشتاوپشت كه‌وته خوارێ و نەیتوانی هەستیتەوە. كچه‌كه‌ی حه‌سۆی هاواری بۆ مالێ برده‌وه. هەتا هاوار گەیشتە ئەوێ، جه‌لال هه‌لات و خۆی بزر كرد. كوڕه‌كانی حه‌سۆ هاتن، باوكیان چوارچەندگ هەلگرت و بردیانەوە. لە مالێ تڕمبێلێکیان پەیدا کردبوو و حەسۆیان بردبوو بۆ خەستەخانە لە هه‌ولێرێ. زیاتر له دوو حه‌فته حه‌سۆ له خه‌سته‌خانه كه‌وت. له‌گه‌ل به‌رد لێدانێ، خوێنی ڕژابویهوه ناو هناوان. هه‌تا چاك بویه‌وه و لە خەستەخانە هاتەوە. کوڕەکانی مالیان تێکنا و باریان کرد بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە بەلا و گێچەل پێکردن. ئیدی چونه‌وه ناو زۆمهكانی هه‌ركیان له ده‌وروبه‌ری هنجیرۆکێ لە نزیک کەلەکی یاسین ئاغا. هه‌والی ئه‌و شه‌ڕ و تهشقهلهش گه‌یاندرابووه مالی حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید. نەوەکانی شێخ ڕەشید چه‌ند كه‌سێكیان ناردن و شێخۆ و خدری برایان بردنه هه‌ولێرێ. حاجی محه‌مه‌د پرسیاری له هه‌ردوکیان كردبون داخوا بۆ ئه‌و هه‌موو ئاژاوهگێڕییە به‌رده‌وام ده‌كه‌ن و واز له تێكده‌ری ناهێنن؟ دیاره شێخۆ به دلی حاجی محه‌مه‌د وه‌لامی نهدابونهوه. حاجی محه‌مه‌دیش فه‌رمانی كردبوو كه شێخۆ تەمبێ بکرێ و بیکەنە پەند (عیبرەت) بۆ هەموو ئەوانەی زەرەر و زیانی گوندیان دەکەن و ئاژاوەگێڕی دەکەن. ئەوتۆ باس کرا کە تەمبێ کردنی شێخۆ بە عەبدولقادری کوڕی حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید سپێردرابوو. ئەویش گەنجێکی خوێن گەرم بوو. هەست و ویژدانی نەبووە بەرامبەر شکاندنی کەڕامەت و وێران کردنی دەرونی مرۆڤ. شێخۆ ناوخۆشی بردبوو لەناو گۆڕەپانێک و لەبەر چاوی دەیان کەس، گۆتیبوو ”دەبی ئاوی پێدا بکەن و دارکاریی بکەن“. کەس ئامادە نەببوو بەو شێوە لێیبدات. ئەوجا نازانم نەیانوێرابوو یان دلیاننەدابوو. بۆیە عەبدولقادری نەوەی شێخ ڕەشید ملی خدری برای شێخۆی گرتبوو، پێیگۆتبوو ”ده‌بی به ته‌نه‌كان ئاو به شێخۆی براتدا بکەی و له‌به‌ر چاوی خه‌لكی داركاریی دەکەین. ئەگەر ئاوی پێدانەکەی، دارکاریی تۆیش دەکەین. بۆ ئه‌وه‌ی هەردوکتان ببنە پەند و كه‌سیتر جورعه‌ت نه‌كات لە فەرمانی باوکم لەبدات“. ئیتر به‌و شێوه، داركاریی شێخۆیان كردبوو و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سه‌دی و ده‌رونیان دابون. سەرباری دارکاریش، وازاندرا کە عەبدولقادر بەپێوە چوبووە سەر زگی و بە پێنان لێیدابوو. کە وازیان لێیان هێنابوو و گەڕانەوە مالێ، شێخۆ ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی لێ بووه داغێكی له‌بیر نه‌كراو و كه‌وتبووه حالاتێكی گۆشه‌گیری و نه‌ده‌هاته ناو خه‌لكی و سه‌ردانی كه‌سی نه‌ده‌كرد. ته‌ركی خانەقای حاجی محەمدی شێخ ڕەشیدیشی كرد‌و هەتا کۆتایی ژیانی چاوی پێیان نەکەوتەوە. ئەندامانی مالە شێخ‌یش ئەوەندە لەخۆڕازی و لوتبەرز بون، لەخۆیان نەگرت داوای لێبوردنی لێبکەن و دلی چاک بکەنەوە. زۆر به‌داخه‌وه، به‌و قه‌هر و كه‌سه‌ر و دەروون ڕۆشانەوە، له ناوه‌ڕاستی سالانی ١٩٧٠دا له گه‌لیی خواكوڕك كۆچی دوایی كرد.
تێبینی:
بۆ بەندە هەموو مرۆڤێکی کردار مرۆڤ، خۆشەویست و ڕێزدارە بەبێ جیاوازی. بەس چیم بیستووە و بینیوە، وەک خۆی گێڕایتمەوە بەبێ خاتر گرتنی هیچ لایەک. ئیدی ئەگەر ئەم ڕاستیانە بەدلی کەسانێک نەبن، بەندە خەتابار نیم و پێویستە هەر مرۆڤێک لە هەر کردارێکدا، ڕەچاوی پەرێزی خودی خۆی بکات.