حاجی قاسم بەنەیی کەسێکی زۆر کەدکار و لەش ساخ و چاپوک بوو. هەم کەسێکی سۆفی و خوایی و خێرومەند بوو. حاجی قاسم و سۆفیەکانی هاوتەمەنی، ئەوەندە سادە و تەقوادین و خواناس بون، لە برسان تولابانەوە ئامادە نەبون یەک گیوزی سمۆرەیش لە خاوەنی شاردبونەوە، بەبێ پرسی ساحێبی بخۆن. سەردەمی ئەوان خواپەرستی ڕیایی و خۆهەلکێشان و فێلبازی و سیاسی نەبوو. ئەوان بڕوایان وابوو کە خوا تێکهەلی خوێنی مرۆڤە و هەردەم ئاگاداری کاری خێر و گوناحە. بڕوایان وابوو کە هەکە کەسێک لەدلیشیدا نییەتی چاکە و خرابەی هەبێ، لای خوا شاراوە نییە. ئەو سەردەمی کەسانی تەمەندار و ناوسال لە گوندەکەماندا، تەنها حاجی قاسم و حەمەدی باپیرم بون. ئەوانیش هەردوکیان دەتگۆت گیوزی ساخ و ئازان، ئەوندە توند و تەندروست بتەو بون، شەو و ڕۆژ لەشیان لە کار کردن و زکر و تاعەت دابوو. ئەوان کەسابەتیشیان هەر بە زکری خوایی دەزانی.
حاجی قاسم شەو و ڕۆژ خەریکی جۆتیاری، گێرە، شەنەبا، مەڕداری، باراش، کاروان، گزرە، داربڕین، چلوو بڕین و گیادرون بوو. ئەو جێگایانەی لەبەر خەلەبەرد و شورە و دار و ستری کەناری بە گایان جۆت نەکرابان، ئەو بە پێمەڕە دەیکێلین و دەیچاندن. بەرەمالی حاجی قاسم بە ڕەسەن خەلکی گوندی بەنێ نەبون، زەوی و زاریان ئەوەندە نەبوو کە بەشی جۆت و شۆ و وەردیان بکات. بۆیە چەمی سولکێ،یان لە مالە شێخی لۆلان وەرگرتبوو و بە سەپانی بەرهەمداریان دەکرد. ئەو چەم لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردودا شینۆی خالی باپیرمان بەخێر نەزری حوجرە و تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانیی کردبوو.
حاجی قاسم لە سالی ١٩٧٣دا چەمەکەی تەواو شۆ و وەرد دابووەوە و کردیبووە گەنم و جۆ و ماش و لۆپک و بەر و بیستانی وەک هارو و تەرۆزی و شالیار و گندۆرە و شمتو (شفتی). جۆی ئاوێی لە شیوی ڕەنییانڕا هەلبەستبوو و بە تەور و پێمەڕە و باریی و سمە هەلیدڕیبوو و هەلیبەستبوو هەتا ئاوی گەیاندبووە سەر شیناییەکانی چەمی ناوبراو. لە سەرگەی چەم جێگایەکی بەراو هەبوو ئەوەندە خڕکە بەرد و خەل و ستریی تێدا بون، بە هیچ شێوەیەک جۆتە گا بە نیر و ئامورەوە تێیدا نەدەسوڕانەوە و لێی نەدەخێویانەوە بۆ کێلان. حاجی قاسمی چەلەنگ و ماندی نەناس تەمەت جێی خانییەکی بە پێمەڕە هەلکۆلیبوو و نێزیکی بیست لات و ئاومالی لێ دروست کردبون و شمتوی لێ چاندبون. شمتو پنجە بون و تورەیان ڕاکشیان، ئەوەندە لە هەلکشان و هەلکەوت بون، دار و بەرد و ستری و تەڕاشیان وەبنخۆ یەخستبون. کە هاتنە بەری، هندە شمتوی پێوە هاتبون، لە دوورەوە ئەوتۆ دەهاتنە بەرچاو، وەک کۆ کرابنەوە بۆ بار کردن. شمتو پالیان بە یەکترەوە دابوو، دەبی بە زانایانە بەناویاندا سوڕابانەوە بۆ ئەوەی پێ لە بستی و بڕک و تورەکانیان نەنرێ و تێکنەدرێن.حاجی قاسم هەموو ئێواران کە لەناو چەم بەرە و مالەوە دەگەڕاوە، چوار پێنج شمتوی دەهاوێتنە تێڕک و لە پشتی کەری قەییم دەکردن و بۆ مالبات و دراوسێکانی دەهێنانەوە. بەیانییەک حاجی قاسم دەچیتە ناو بیستان و دەبینی زیادتر لە بیست شمتو هورد کراینە، کە لێیان هورد دەبیتەوە، دەزانی ئەوە سیخوڕە پێیان فێربووە. هەلدەستی ستری کەنارییان دەبڕی و دەیانکێشیتەوە دەورەی بیستانی، پەرجین (پەرژینە)کی زۆر قەییم دروست دەکات و بڕواناکەت کە ئیدی سیخوڕ بتوانی بێتە ناو بیستان و شمتووان بخوات. ڕۆژێ پاشتر دەبینی سیخوڕ هاتتیە، ئەو پەرجینە سێ تەبەقە قەییمەی خشت سمتییە و دیسان زیادتر لە پازدە بیست شمتوی هورد و خاش کردینە. ئەو هاوینی پاش بەری یەکەم، ئیدی سیخوڕ لێنەگەڕیان حاجی قاسم خێر لە بیستانی شمتووان ببینی. هەر حاجی قاسم بەتەنیا ئەو کێشە و گرفتی نەبوو، بەلکو سیخوڕ برابەش بون لەگەل زۆربەی بیستانوانان و جۆتیارانی گوندی. زۆر کەس پەرجینێکی چوار پێنج قاتیان لە دەورەی بیستانەکان دروست دەکرد. ئەوجایش سیخوڕ بەشەو دەهاتن و ئەو پەرجینیان کون دەکرد و خۆیان دەگەیاندە شمتووان. کە سیخوڕەکان پەرجینیان کون دەکرد، خاوەن بیستان دەچون خەلێفێکی دەرێک بەرین و دەرێک تەسکیان لەبەر کونەکەیان دادەنا. جار هەبوو سیخوڕ نەیدەزانی، بە دەری بەریندا دەچووە ناو خەلێف و سەرەکەیتر تەسک دەبویەوە و سیخوڕ پێیەوە دەرنەدەچوو و لەبەر پەڕە قیسپانی و تیژەکانیشی نەیدەتوانی بکشێتەوە، تێیدا گیر و ئاسێ دەبوو هەتا بەیانی خاوەن بیستان دەچووە سەر ڕوحی و دەیکوشت. هندەک جارانیش تەلەیان بۆ دادەنانەوە، جار هەبوو تەلەی دەتەقاند و پێوەی نەدەبوو. جاریش هەبوو پێیەوە دەبوو و دەگیرا. بەس سیخوڕ ئەوەندە زۆر بون، بە گرتن و کوشتنی چەند دانەیەک کەم نەدەبون و بەشی شمتو خواردن و هورد کردن هەر هەبون.
چەند سالێک ئەوە حالی جۆتیاران بوو لەگەل سیخوڕان. بەس لە سالانی دوایی پێی حاسیان کە ئەگەر پەرجین بیست قاتیش بیت، نابێتە ڕێگری سیخوڕان و زۆر بە ئاسانی دەیسمن و ستری و دارەکانیان دەکۆژن و دەچنە ناو بیستانەکان. کەچی ئەگەر پەرجینێکی زۆر نەوی و بچوکیان لە دەورەیی بیستانی ڕاچاندبا، سوخوڕەکان خۆیان لێی لادەدا و نەدەچونە ناو بیستانان. بەس پاش دۆزینەوەی ئەو فێلە، زۆری نەخایاند، لە سالی ١٩٧٨ڕژێمی بەعثی گۆڕبەگۆڕ زۆربەی گوندەکانی دەڤەری برادۆستیان وێران کردن و جۆتیارانیان لە کار و چاند و بەرهەمداری دابڕاندن و لە کۆمەلگا زۆرەملێکانی دەشتی هەولێریان ئاخنین. هەم ڕزقی سیخوڕانیان بڕی، هەمیش گوندیانیان لە ڕەسەن و ژیانی سادە و دوور لە خللە و قەلەبالغی دەست قوت کردن و لەکار و کردار و کەسابەتیان خستن. لەو سالیەوە هەتا ئێستایش بەشی هەرە زۆری گوندەکانمان ئاوەدان نەکراینەوە و جۆتیاران ناتوانن لە زەوی و ڕەز و باغەکانیان ببنەوە خاوەن. پاش ڕاپەڕینی سالی ١٩٩١ و کۆڕەویش، سەرانی سەرەخۆر و خائینزادەکانی مەلایی و جەلالی و ئەڕبابەکانیان هاتنە سەر حازری و بونە پیسترین سیخوڕی سەردەم. سیخوڕانی کوردایەتی نەک هەر شمتو و گندۆرە، بگرە مرۆڤەکانیش دەخۆن و وەک زێرو خوێنی کوردان دەمژن و لەگەل داگیرکەران برابەشی دەکەن.
کە جۆتیاران سیخوڕیان دەکوشتن، کەولیان دەکردن و هندەک گۆشتی سیخوڕەکانیان دەخوارد. بەس گۆشتی سیخوڕ خۆش نییە. هەم بۆن قتک دەدات، هەم تام ئاخی لێدێت. هەندەکیش گۆشتی سیخوڕایانیان نەدەخوارد. نەخواردنیش هەم لەبەر ناخۆشی بوو، هەمیش دەست و پێی سیخوڕ وەکی دەستی زراسکان بوو، لموزیشیان وەکی بزنان بوو، گۆشتەکەشیان ڕەنگ ڕەش و بوشی بوو، بۆیە کەم کەس هەبون حەزیان لە گۆشتی سیخوڕ بێت.
سیخوڕ گیاندارێکی زۆر زەرەر و زەڕدەر نییە، تەنها شمتو و گندۆران هورد دەکەن. نازانم داخوا چی لێدەخۆن، بەس کە دەهاتنە ناو بیستانان، شمتو و گندۆرەیان هورد هورد دەکردن و بەجێیان دەهێلان.
حاجی قاسم جغارەکێش نەبوو، بەس بڕموتی هەلدەکێشا. بڕموت توتنی زۆر هورد بوو. بڕموت بەکارهێنەران، کیسەیەکیان پێبوو، هندەک توتنی هوردکراوی وەک تۆزی تێدا بوو. ماوە ماوە پلێکیان لەو تۆزە توتن واتە بڕموت دەدا و بە کەپوو هەلیاندەکێشا و وەک تریاککێش، قەناعەتیان پێیدەهات.
Wednesday, October 19, 2022
حاجی قاسم، سال ١٩٧٣:
Subscribe to:
Posts (Atom)