Friday, December 29, 2023

2024/2724 Calendar-سالنامەی ئینگلیزی و کوردی ٢٠٢٤


سالێکی تریش لە تەمەنمان ڕۆیی. 
بەو هیوایەی ڕابردومان ئەزمونێکی زێڕین و پڕ فێربون و نێڕین بوبێت بۆ ئەوەی ئاییندەمان بە فیڕۆ نەدەین و توشی کرداری پەشیمان ئامێز نەبین.
ئێستا سالنامەی ڕەنگین بۆ سالی ٢٠٢٤ ئامادەیە هەرکەس خوازیار بێت سالنامەی ڕەنگینی ئینگلیزی و کوردیی دەستکەوێت، دەتوانن لەسەر لینکی خوارەوە کلیک بکەن و سالنامەکە لای خۆتان لەسەر مەموریەک خەزن کەن و بیبەنە چاپخانەیەک و لە چاپی بدەن بۆ هەلواسین بە دیواری مالەوەتان. مەبەستی دروست کردنی ئەم سالنامەیە، کارێکی خۆبەخشانەیە بۆ گەنج و لاوانی کورد کە ئاشنا بن بە ناوی جوانی مانگە کوردیەکان و مێژوو و بەشێک لە ڕوداوەکان. هیوادارین سالنامەکەتان بەدل بێت و ڕەخنە و پێشنیارمان ئاراستە بکەن. وەک دەزاندرێ، کاری تاکەکەسی بێ کەم و کوڕی  نابێت، بەس سەرەڕای کەماسیی و زەحمەتیی ژیان حەزمان نەکرد دەستبەرداری خزمەتی هاوزمانانمان بین. ئیدی هەرچەندە خزمەتێکی بچوکیش بێت، بە گەورەیی خۆتان لێمان قبول بکەن.
بە کورتی دەمەوێ بلێم لە سالی ١٩٩٨ دەستمان بە دەرکردن و وەشانی سالنامەی ڕەنگین کرد و هەتا هنۆکە سالانە بەردەوامین لە دروست کردنی. دلخۆش دەبین کە سالنامەکەتان لا پەسند بێت و سودێکی بۆ هاوزمانانمان هەبێت، بەتایبەت بۆ گەنج و لاوانی کورد لە هەندەران.
ئەوەی لەبەر چاوانە، وێنەی سالنامەکەیە. بۆ سالنامەی تەواو، لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە کلیک بکەن. سپاس. 

2024/2724 Calendar

2024 Calendar

 Note:

I came across another version of a Kurdish Calendar posted on the internet. While I appreciate all contents and documentation of our cultures and background, I believe its imperative that all contents should be as accurate as possible in an effort to preserve our history for generations to come. After careful research, I have come to conclusion that in that version the months XERMANAN and GELAWÊJ have been switched. Salnamey RENGÎN has put the months in original order, because the names XERMANAN and GELAWÊJ refer to very specific agricultural conditions that are present in that specific time of year.



































Saturday, December 9, 2023

کورتە یادێک بۆ بابی ڕەحمەتیم

 زۆرم بیر کردی و بیرت دەکەم بابۆ.

گەردەنت ئازا و دوعاخوازم ڕوحت شاد بی.

زۆر جاران نوسینی هندەک هاوڕێیان دەبینم و وەسفی هێزی ئەفسوناویی باب دەکەن. بەندە ٤٨ سال زیادترە لە هێزی ئەفسوناویی باب بێبەشم. لە سالانی حەفتاکاندا ئێمەی گوندی ژیانمان لەسەر جۆتیاری و مەڕداری، مازی چنین و دەندەلۆشک داکوتین، سماق ڕنین و گیوز وەشاندن بوو. ئەوانەی بڕە بزن، کەردە بزن یانیش تەرشە مەڕ و بزن،یان هەبون، بهاران لەگەل بژونی وار بە وار هەلدەکشان و کۆتانی مەڕ و بزن و کار و بەرخیان دەگواستنەوە هەتا خۆیان دەگەیاندە کیوستانان. مالي ئێمەیش هەردەم نزیکەی سەت، دوو سەت هەتا سێ سەت سەری بزن،مان هەبون لەگەل گاڕانێکی گا و چێل و گۆلک و کندۆ و جوانەگا. بۆیە لەگەل سەری بهارێ مالباتمان دەبووە دوو بەش. هندەکیان لە مالێ و لە گوندی دەمانەوە و گەنم و جۆ، تالە و هەرزن، قونجی و شەدانی، لۆپک و فاسۆلی، نیسک و نۆک، ماش و برنج و چەندین جۆری بیستان و مێوەجاتمان بە سەروبەر دەکردن. هەر ئەوتۆ گیا و ئۆنجە (وێنجە)مان دەدرون و دەنژنین، دانەوێلەمان دەکێشانەوە سەر جۆخین و گێرە و شەنەبامان دەکردن.


بەشێکیشمان لەگەل بانەیی مەڕ و مالات دەچوینە بهارەوار و زۆمە بە زۆمە لەگەل بژونی دەڕۆیشتین بۆ ئەوەی هەردەم مالاتمان تێرخواردی و شیردەر بێت. هەردەم کابانی سەرقال و مژولی بزن و مەڕ دۆشین و ڕون و پەنیر گرتن و کەشک و شیرێژ و لۆر چاککردن بون. هەرکە پەنیریان دەگیوشیەوە و لە ڕاوکایان دەکرد و کشتەکیان لێ توند دەکرد و بە همبنیی کیونیانەوە هەلدەواسی هەتا ئاوی لێ بچۆڕێتۆ و سەرکە پەنیر خۆیان لێک بدەن و بتەو ببن.


بهاری ١٩٧٥ پاش ئاشبەتال و قوچاندنی سەرانی سەرەخۆری کوردایەتی و هەلاتنیان بۆ ئێران، ئێمەی گوندی درێژەپێدەری ژیانی جۆتکاری و مەڕداریی خۆمان بوین. هەرسال بابم لە گوندی دەمایەوە بۆ خزمەتی چاند وچنین. ئێمەی مندالیش لەگەل باپیر و دایکمان مالاتمان دەبردە لەوەڕگەکان و کیوستانان. بەندە مندالی هەرە گەورەی مالباتمان بوم و تەمەنم لە بەینی ١٧ بۆ ١٨ سالان دەچوو. لام سەیر بوو کە بابم گۆتیئەمسال تۆ لە گوندی دەمینێیەوە و خزمەتی چاند و شیناییان دەکەی، من لەگەل بانەیی دەڕۆمە بهارەوار و هاوینەواران. ئێمە سێ خوشک و چوار برا بوین. من و خوشکە گەورەکەم نەبین، ئەوانیدی هورد و پیاور و نەفام بون. بابمان لەگەل بانەیی چونە سەروکانیی گوندەکەمان. بەندەیش ڕۆژانە مژغولی ئاودێری و بژارە و درونە و خزمەتی بەرو بیستانان بوم.


تێبینی:

بابمان کەسێکی زۆر حەزلەخۆکەر بوو. سەرەڕای ئەوەی کاسب و جۆتیارێکی دەست و بردو  لێوەشاوە بوو، نێچیروان و فەنگچییەکی نیشان هنگێویش بوو. لەگەل هەموو کردارەکانیشی، زۆر خۆی خاوین و بژون و پۆشتە ڕادەگرت. قەت لێنەدەگەڕا بەرگی قڕێژ گرتی و لەشی دژون بیت. هەر ماوەماوە دەسرۆکی دەکڕین و شەوان لەبەریان دادەنیشت و چواردەورەی دەسرۆکەکانی دەهەڕشتنەوە و ڕیشیی لێ بادەدانەوە. ئەوەندە جوان ڕیشیەکانی دەپەشتینەوە، مرۆڤ حەزی دەکرد هەر تەماشایان بکات. هەرچەندە کەسێک بوو، نەمانزانیە لە ژیانیدا بەناحەق دلی مرۆڤێکی ئێشاندبێت، بەس بەبێ چەک نەدەچووە دەرێ. چەک هەلگرتنیشی تەنها بۆ ڕاو کردن بوو. هەرکە دەچووە دەرێ، زۆربەی جاران بەبێ کەلەشە نێچیر نەدەهاتەوە. کەسێکی خواناس و تۆبەدار بوو. هەردەم خۆی دەپاراست لە شتی حەرام، بەتایبەت تخونی مالی هێتیم و وەسیەت و مزگەوت نەدەکەوت. سەرەڕای زيات و سەرفترە، هەردەم دەستی بۆ خێر و یارمەتیی کەسانی پێویست کراوە بون.


ئێوارەیەک هەوالی نەخۆش کەوتنی بابمیان پێڕا گەیاندم. کە چومەوە و چاوم بە بابم کەوت، پێکدا کەوتبوو و وەک با و باران لە بەفری بهاران بدات و بیبژینی، بەو شێوە بژیبوو و پیستی لە هێسکان گیر ببوو و لەناو ئازارێکی دژواردا دەینالاند. هەر چۆنێک بێت ئەو بەسەرهات و چیڕۆکەم لەجێیتر بە تێرو تەسەلی نوسیتەوە و نامەوێ لێرە درێژەی پێبدەم. هەر ئەو نەخۆشی بووە هۆی کۆچی دوایی بابمان و ئێمە حەفت مندال هێتیم کەوتین. داکیشمان برحال بوو. شەش مانگ پاش کۆچی دوایی بابمان، برای هەرە گچکەمان لەدایک بوو. مالی بێ سەروەر و ڕێبەری ئەزموندار، بە زەحمەت بەڕێوە دەبرێ. بەس هەتا مرۆڤ لە ژیاندایە، ناچارە دەبێ هەول و تێکۆشانی بەردەوام بێت بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانپارێزی. 

ڕوحی هەموو باب و باپیرانی سەردار و ڕێبەر و زەحمەتکێش و ژیاندۆست شاد و ئارام بێت.

تەنها وێنەی نفوسی بابم لەبەر دەست بوو کە لە سالی ١٩٦٢دا گیراوە.