زۆرم بیر کردی و بیرت دەکەم بابۆ.
گەردەنت ئازا و دوعاخوازم ڕوحت شاد بی.
زۆر جاران نوسینی هندەک هاوڕێیان دەبینم و وەسفی هێزی ئەفسوناویی باب دەکەن. بەندە ٤٨ سال زیادترە لە هێزی ئەفسوناویی باب بێبەشم. لە سالانی حەفتاکاندا ئێمەی گوندی ژیانمان لەسەر جۆتیاری و مەڕداری، مازی چنین و دەندەلۆشک داکوتین، سماق ڕنین و گیوز وەشاندن بوو. ئەوانەی بڕە بزن، کەردە بزن یانیش تەرشە مەڕ و بزن،یان هەبون، بهاران لەگەل بژونی وار بە وار هەلدەکشان و کۆتانی مەڕ و بزن و کار و بەرخیان دەگواستنەوە هەتا خۆیان دەگەیاندە کیوستانان. مالي ئێمەیش هەردەم نزیکەی سەت، دوو سەت هەتا سێ سەت سەری بزن،مان هەبون لەگەل گاڕانێکی گا و چێل و گۆلک و کندۆ و جوانەگا. بۆیە لەگەل سەری بهارێ مالباتمان دەبووە دوو بەش. هندەکیان لە مالێ و لە گوندی دەمانەوە و گەنم و جۆ، تالە و هەرزن، قونجی و شەدانی، لۆپک و فاسۆلی، نیسک و نۆک، ماش و برنج و چەندین جۆری بیستان و مێوەجاتمان بە سەروبەر دەکردن. هەر ئەوتۆ گیا و ئۆنجە (وێنجە)مان دەدرون و دەنژنین، دانەوێلەمان دەکێشانەوە سەر جۆخین و گێرە و شەنەبامان دەکردن.
بەشێکیشمان لەگەل بانەیی مەڕ و مالات دەچوینە بهارەوار و زۆمە بە زۆمە لەگەل بژونی دەڕۆیشتین بۆ ئەوەی هەردەم مالاتمان تێرخواردی و شیردەر بێت. هەردەم کابانی سەرقال و مژولی بزن و مەڕ دۆشین و ڕون و پەنیر گرتن و کەشک و شیرێژ و لۆر چاککردن بون. هەرکە پەنیریان دەگیوشیەوە و لە ڕاوکایان دەکرد و کشتەکیان لێ توند دەکرد و بە همبنیی کیونیانەوە هەلدەواسی هەتا ئاوی لێ بچۆڕێتۆ و سەرکە پەنیر خۆیان لێک بدەن و بتەو ببن.
بهاری ١٩٧٥ پاش ئاشبەتال و قوچاندنی سەرانی سەرەخۆری کوردایەتی و هەلاتنیان بۆ ئێران، ئێمەی گوندی درێژەپێدەری ژیانی جۆتکاری و مەڕداریی خۆمان بوین. هەرسال بابم لە گوندی دەمایەوە بۆ خزمەتی چاند وچنین. ئێمەی مندالیش لەگەل باپیر و دایکمان مالاتمان دەبردە لەوەڕگەکان و کیوستانان. بەندە مندالی هەرە گەورەی مالباتمان بوم و تەمەنم لە بەینی ١٧ بۆ ١٨ سالان دەچوو. لام سەیر بوو کە بابم گۆتی ” ئەمسال تۆ لە گوندی دەمینێیەوە و خزمەتی چاند و شیناییان دەکەی، من لەگەل بانەیی دەڕۆمە بهارەوار و هاوینەواران. ئێمە سێ خوشک و چوار برا بوین. من و خوشکە گەورەکەم نەبین، ئەوانیدی هورد و پیاور و نەفام بون. بابمان لەگەل بانەیی چونە سەروکانیی گوندەکەمان. بەندەیش ڕۆژانە مژغولی ئاودێری و بژارە و درونە و خزمەتی بەرو بیستانان بوم.
تێبینی:
بابمان کەسێکی زۆر حەزلەخۆکەر بوو. سەرەڕای ئەوەی کاسب و جۆتیارێکی دەست و بردو لێوەشاوە بوو، نێچیروان و فەنگچییەکی نیشان هنگێویش بوو. لەگەل هەموو کردارەکانیشی، زۆر خۆی خاوین و بژون و پۆشتە ڕادەگرت. قەت لێنەدەگەڕا بەرگی قڕێژ گرتی و لەشی دژون بیت. هەر ماوەماوە دەسرۆکی دەکڕین و شەوان لەبەریان دادەنیشت و چواردەورەی دەسرۆکەکانی دەهەڕشتنەوە و ڕیشیی لێ بادەدانەوە. ئەوەندە جوان ڕیشیەکانی دەپەشتینەوە، مرۆڤ حەزی دەکرد هەر تەماشایان بکات. هەرچەندە کەسێک بوو، نەمانزانیە لە ژیانیدا بەناحەق دلی مرۆڤێکی ئێشاندبێت، بەس بەبێ چەک نەدەچووە دەرێ. چەک هەلگرتنیشی تەنها بۆ ڕاو کردن بوو. هەرکە دەچووە دەرێ، زۆربەی جاران بەبێ کەلەشە نێچیر نەدەهاتەوە. کەسێکی خواناس و تۆبەدار بوو. هەردەم خۆی دەپاراست لە شتی حەرام، بەتایبەت تخونی مالی هێتیم و وەسیەت و مزگەوت نەدەکەوت. سەرەڕای زيات و سەرفترە، هەردەم دەستی بۆ خێر و یارمەتیی کەسانی پێویست کراوە بون.
ئێوارەیەک هەوالی نەخۆش کەوتنی بابمیان پێڕا گەیاندم. کە چومەوە و چاوم بە بابم کەوت، پێکدا کەوتبوو و وەک با و باران لە بەفری بهاران بدات و بیبژینی، بەو شێوە بژیبوو و پیستی لە هێسکان گیر ببوو و لەناو ئازارێکی دژواردا دەینالاند. هەر چۆنێک بێت ئەو بەسەرهات و چیڕۆکەم لەجێیتر بە تێرو تەسەلی نوسیتەوە و نامەوێ لێرە درێژەی پێبدەم. هەر ئەو نەخۆشی بووە هۆی کۆچی دوایی بابمان و ئێمە حەفت مندال هێتیم کەوتین. داکیشمان برحال بوو. شەش مانگ پاش کۆچی دوایی بابمان، برای هەرە گچکەمان لەدایک بوو. مالی بێ سەروەر و ڕێبەری ئەزموندار، بە زەحمەت بەڕێوە دەبرێ. بەس هەتا مرۆڤ لە ژیاندایە، ناچارە دەبێ هەول و تێکۆشانی بەردەوام بێت بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانپارێزی.
ڕوحی هەموو باب و باپیرانی سەردار و ڕێبەر و زەحمەتکێش و ژیاندۆست شاد و ئارام بێت.
تەنها وێنەی نفوسی بابم لەبەر دەست بوو کە لە سالی ١٩٦٢دا گیراوە.