سادەو ساکاری گوندیانی ناوچەی برادۆست.
خەلکی ئەو سەردەم و لادێی هەمویان زۆر بە توندی ئاین پەرست بون، سەد دەر سەد خەلك نوێژکەر بون، سەدا شێست و زیاتر سۆفی و مرید و تەوبەکاری تەکیەی شێخ ڕەشیدی لۆلانی بون،
بۆ هیچ بەرژەوەندیێك ئامادە نەبون یەك نوێژیان بدۆڕێنن، وە زۆر بە توندی بڕوایان بە جێبەجێ کردنی ڕوکنەکانی ئاین هەبو، بەلام لەبەر ئەوەی ئاینداریەکە لە ڕێگای زانست و هۆشیاریەوە بەکار نەدەهات، تەنها خەلك بە ئاوازو بانگەواز ئاینی دەپەرستی، بەبێ بەکار هینانی ژیری و گومان، زۆرینەیان خۆیان دەدا دەست ئەو هزرە ئاینیەو نوێژو بەندە نوێژیان لەبەر دەکردن بەبێ ئەوەی مانای یەك دانە وشە بزانن، ئیتر ئەگەر مەلاێك یان سۆفیێك چیڕۆکێکی بە سۆزی ئاینی خوێندبایەوە یان گێڕابایەوە، زۆربەیان دەستیان دەکرد بە گریان و پاڕانەوە لە خوای گەورە و زۆریان حالیان دەگرت و مەزوب دەبون.
ئەگەر بە قەولی ئەو سەردەم کەسێك لاشەی پیس بایە، لاشە پیس، بەو کەسانە دەگۆترا کە خەونی دەبینی و لە خەودا لەگەل کەسێك جوت دەبوو لەباری جنسی ڕحەت دەبو، دەبا بەیانی زۆر زوو لە خەو هەستێت و بچیتە سەر ئاو خۆی بشوات (غوسل) و نوێژی بەیانی بکات، ئەوجا بێتەوە بۆ نان خواردنی بەیانی و بچیتە سەر کار، ئەگینا حەرام بو نانی بەیانی بخوات، دەیان گۆت هەم گوناحکار دەبێت هەم خێرو بەرەکەت لە مالێیدا نامینێت.
وە خەلك ئەوەندە سادەو ئۆل پەرست بون زۆر جاران کەسێك باسی دەکردو دەیگۆت جاڕێك شەیتان بووە هاوڕێی کەسێکی ئۆلپەرست، کەسی ئۆل پەرست بەیانیێك لەخەوداماو نوێژی نەکرد، یەکسەر شەیتان خۆی لێ دوور خستەوە، ئۆلپەرست بانگی کردو گۆتی من و تۆ هاوڕێین بۆ لێم دوور کەوتیەوە؟ لە وەلامدا شەیتان گۆتی بۆیە لێت دوور کەوتمەوە نەوەك خوا غەزەب لە منیش بگرێ بەهۆی تۆوە، چونکی من تەنها یەك جار کڕنۆشم نەبرد، خوا لە بەزەیی خۆی بێبەشی کردم، تۆ ئەم بەیانییە چوار کڕنۆشت بۆ خوا نەبەرد، ئیتر خەلکی ئەو ناوچە هەر هەمووی لەو بڕوایە دابون کە نوێژ نەکەر لە شەیتان خراپترە.
هەروەها وەرزی زستانان ئەو ناوچە سەرتاپای دادەپۆشرا بە بەفرو زۆربەی جاران ئاوی چۆم و ڕوباران شەختە دەی گرت و مرۆڤ دەیتوانی بەسەر شەختەدا بپەڕیتەوە، بەلام دایمە کانی وەك گەرماو هەلمیان لێ هەلدەستاو ئەگەر دەورو بەریشی ببایە شەختە، بەلام بەهۆی هەلقولانی ئاو لەژێر زەوی، نەدەبەسترا.
وە ئەو کەسانەی لەش پیس دەبون( شەیتان پێ کەنین) زۆر جاران دەبا شەختەیان شکاندبا هەتا دەگەیشتنە ئاوێ و توانیانبا خۆیان بشۆن، دلنیام کە لە جیاتی خاوێن بونەوە، پیستر دەبون، چونکی سابون و خاولی و پەشتەمال و خۆ کزر و هیشك کردنەوە نەبو، هەر چۆن لە ئاوێ دەردەچون، یەکسەر جل و بەرگیان بە تەڕی لەبەر دەکردەوە و بەرەو مالێ ڕایان دەکرد، بەلام لەباری دەرونییەوە ئەو کەسە قەناعەتی بەو جۆرە خۆ شوشتنە دەهات.
سادەو ساکاری و دەرون پاکی گوندیانی ئەو ناوچەیە لەوپەڕی بەرزی دابو. هەر چەندە باری ژیانیان نالەبارو پڕ زەحمەت و ڕەنج کێشان دابو، بەلام ڕاست گۆیی و ساویلکەیی و بێگەردی خەلکەکە ژیانی زۆر ئارام و ئاسودە و کەم گیرو گرفت و دل خۆشکەر کردبو، کەسانی گوندی لە سادەیی خۆیان هەندێك شتیان زۆر بە پیرۆزو بەرزو خوایی دەزانی، بۆ نمونە، ئەگەر کەسێك نەخۆش کەوتباو گرانە تای هاتبانێ، ئەوا دەچونە لای خوێندەوارێکی ئاینی و داوایان لێ دەکرد گرانە تای بۆ ببەستێت، ئەویش داوە دەزووێکی دەهیناو دەستی بە دوعا خوێندن دەکردو هەر دوعاێکی دەکردو گرێێکی لە داوە دەزوەکە دەدا، هەتا پێنچ شەش گرێی لێ دەدان و لە دەستی چەپەی ئەو مرۆڤە نەخۆشەی دەبەست و پێی دەگۆت تەواو پەنا بەخوا چاك دەبیەوە، نەخۆشەکە دەرونییەن ئەوەندەی بڕوا پێ هەبو، هەر لەو کاتیەوە ڕەنگ و ڕوخساری بەرەو گەشانەوە دەچوو وردە وردە گرانە تا بەری دەداو چاك دەبویەوە.
یان ئەگەر کەسێك نەخۆشی زۆر لێ گران بباو بە تا بەستن چاك نەببایەوە، هندێك مەلای دیار هەبون لە ڕاست گۆیی و خواپەرستی، دەیان گۆت بڕۆنە لای ئەو مەلایە نوشتەێکی بۆ بکات، چاك دەبێتەوە، ئیتر کەسێك دەچو بۆ لای مەلاو نوشتەی بۆ دەکردو بە کەسەکەی دەگۆت ئەگەر گەیشتیەوە مالێ ترگارێك ئاوی خاوێن بێنە هەرسێ قولینچکی نوشتەکە لەو ئاوەی هەلێنە و ئاوەکە بدەنە نەخۆش و تۆزێکی ئاوەکە بە دەمو چاویدا بپڕژێنن، پاشان نوشتەکە بەرگ و شەمامشت بکەن و لە ناو ملانی نەخۆش ببەستن پەنا بەخوا چاك دەبێت و خوای گەورە شفای بۆ دەنێری.
زۆر جاریش ئەگەر کەسێك نەخۆشیەکەی بە نوشتە چارەسەر نەبایە، ئەوا دەیان گۆت هەستن نەخۆشەکەتان ببەنە سەر مەرقەدی فلان شێخ و مشاێخ، ئەگەر دەردی مردنی بێت و خوا کۆتایی بە ژیانی هێنابێت، ئەگینا یەکسەر چاك دەبێتەوە.
وە ئەگەر کەسێك بێتاقەت و لەش خاو بایە و هەر بیگۆتبا نەخۆش و بێتاقەتم، ئەوا دەیان گۆت بڕۆ لای فلان کەسی، ناوکت کەوتوە و بۆت دەهێنیتەوە، ئەویش دەچوە لای کەسە دیار کراوەکەو پێی دەگۆت ناوکم کەوتوە، ئەو کەسەش گرێیەکی پەڕۆی بۆ دروست دەکردو دەی گۆتە نەخۆشەکە لەسەر زگ درێژ بەو ئەو گرێیە بدە بەر ناوکت و حەکیمەکە پشتی نەخۆشی دەشێلی و مەساجێکی باشی دەکردو دەمارەکانی شان و ملی بۆ دەتەقاندن و دەشێلان، نەخۆشەکە چاك دەبویەوە. هندێك جاریش تەنها دەمارەکانی بن ملیان بۆ ڕادەکێشان و ناوکی دەهاتەوە.
ئەگەر کەسێك سەر ئێشەی گرتبا، هندێك کەس هەبون خۆیان بە شارەزای چاك کردنەوەی ئەو جۆرە نەخۆشیانە دەزانی، ئەو کەسەی ژانە سەری دەگرت، دەچوە لای کەسێك لەو شارەزایانە و جار هەبو شارەزاکە بە نەخۆشی دەگۆت لەسەر پشت ڕاکشەو هەردو دەستی نەخۆشی ڕادەکێشا بۆ پشت سەری و دەی پیوان بزانی کامە دەست لە کامەی درێژترە، کامە کورتی هێنابا، حەکیم بە نەخۆشی دەگۆت سەرت بە لای دەستە کورت هێناوەکەدا کەوتوە، لەو کاتی دەسمالێکی چوار گۆشەی دەهێناو بەسەر سەری نەخۆش دادەدراو لە دیوە کەوتوەکە بە هێز دادەکوتراو جار هەبو نەخۆش دەمێك گێژ دەبو، پاشان چاك دەبویەوە, لەهەمان دەم، خەلك زۆر زۆر بڕوایان بە خێرو بەشینەوە و حەسەنات هەبو، زۆرجار ئەگەر کەسێك نەخۆش دەکەوت، مەڕێکیان بۆ سەر دەبڕی و هورد دەکراو پشك پشك بەسەر دراوسێکاندا دابەش دەکرا، یانیش چکولات و قەسپ و خورماو نان دەکرانە خێر بە هیوای ئەوەی خوا شفا بۆ نەخۆشەکە بنێری. بە دەگمەنیش کەتو پوت پەیدا دەبون کە بڕوایان بەو جۆرە شتانە نەبوو هەولیان دەدا نەخۆش لە ڕێگای نەخۆش خانەوە چارەسەر بکرێن، بەلام نەخۆش خانەش نەبون، ناچار دەبا نەخۆش ڕەوانەی شارە گەورەکان کرابان، ئەویش ئاسان نەبو.
وە ئەگەر کەسێك دەستی ڕێنجی بباو ئێشی کەوتباێ، ئەوا دەچوە لای ژنێکی تەونکەرو بەبێ قسە کردن دەستی لەپێش ڕادەگرت و ژنەکە یەکسەر تێدەگەیشت و داوە بەنێکی سۆری لە دەستە ئێش گرتوەکە دەبەست و بڕوایان بە چاك بونەوەی هەبو.
ئگەر کەسێك ژانە ددانی گرتبا، ئەوا دو چارەسەری لە لایەن کەسانی بە قەولی خۆیان شارەزا بۆ دەکرا، یەکەمیان حەکیم ئاگرێکی دەکردەوە و شیشە ئاسنێك یان بلێین تێلێی دەهیناو سەرێکی لەناو ئاگری دادەنا هەتا سۆر دەبویەوە، ددان ئێشی پال دەخست و قەمیشی لەسەر ئەو دەدانە دادەنا کە ژانی تێدا بو، بەو تێلە سۆر کراوە بەناو قەمیشیدا ددانەکەی دەسوتاند هەتا بنی و جار هەبو چاك دەبو، خۆ ئەگەر چاك نەبایە، چارەسەری دووەم دەرهێنان بو، ددان کێش کەلبەتانی تایبەتیان هەبون، بەبێ خەواندن و بەنج و بێهۆش کردن، هەر بە ساخی نەخۆشی پال دەخست و بە کەلبەتانی ددانی بۆ دەردەهێنا، جار هەبو، ددان تەواو دەر نەدەهات و لەناوەندێڕا دەشکا و نەخۆشەکە نیوە ڕوح دەبو، وە حالاتی ئەوتۆ دیسان بە ساخی دادەکەتنە شوێنی ددانەکەی هەتا هەمویان بۆ دەردەهێنا، ئەوکاتی هندێك خوێیان لەناو پەرداخێکی ئاو دەکردو دەیان گۆتە نەخۆشەکە غەل غەلەی پێ بکە و لە دەوتی وەر بدە هەتا خوێن ڕادەوەستێت.
هندێك کەسیش لە ددان ئێشانیش هەر هانایان بۆ نوشتە و دوعای مەلاو فەقێ و شێخ و مشاێخان دەبرد، وە لەبیرمە کەسێکی گوندەکەمان پێش لە دایك بونی من کوژرابو، خەلك باسی بێتاوانی و بە زولم کوژرانی ئەو کەسەیان دەگێڕایەوە، ناوی کەسە کوژراوەکە خۆش بو، دیارە دوای کوژرانی تاکە پێلاوێکی لەپاش بەجێ مابو، ئەگەر کەسێك ددانی ئێشابا، دەیان گۆت پێلاوی خۆشی لە لاکاڕێژی خۆت بدەی ژان و دەدان ئێشانت نامێنێت، پێلاوی خۆشی ببوە دەرمانی ددان ئێشان.
وە ئەگەر کەسێك ئێوارێ چەند سەر مەڕێکی بزر بانە و نەدیترابانەوە، دەچونە لای کۆلکە مەلاێك یان فەقێ و پێیان دەگۆت تکایە دەوی گورگمان بۆ ببەسەتە هەتا مەڕەکانمان دەدۆزینەوە گورگ نەیان خوات، ئیتر مەلا یان فەقێ چەقوێکی دەهیناو چەند دوعاو ئایەتێکی پێوە دەخوێندو پێکی دادەگرتەوە و دەی گۆت ئەو چەقووە مەکەنەوە هەتا بەیانی مەڕەکانتان دەدۆزنەوە، پەنا بەخوا دەوی گورگم بەستوە و ناتوانی مەڕەکان بخوات، ئیتر زۆر بە قەناعەتەوە ئەو چەقو هەلدەگیراو نەدەکرایەوە هەتا بەیانی مەڕ دەبیندرانەوە، جار هەبو مەڕ بە ساخی دەدۆزرانەوە، بەلام ئەگەر گورگ خواردیبان، ئەوا خاوەن مەڕ بڕوای بەو مەلا نەدەماو دەیانگۆت دەوی گورگی پێ نەبەستراو خوا دوعاکانی قەبول نەکردن.
وە بەهۆی زۆری مەڕو مالات و ناوچەی شاخاوییەوە، ئەوەندە مەڕو مالات لە شاخی بەر دەبونەوە و بە بەر بەردان دەکەوتن و دەست و لاقیان دەشکان و خاوەنەکانیان شکاوی ئاژەلەکانیان دەخستەوە جێی خۆی و سێ شەپکە داریان لێ دەبەستی و چاك دەکردەوە، زۆر حەکیمانە فێری بەیتاری دەبون و پاشان هەر مرۆڤێك دەست و لاقی شکابان، بۆ شکەستن هەرگیز پێویستیان بە نەخۆش خانە نەبو، بۆ چاك کردنەوەی شکەست، بەیتار دەهاتن تەشتێکی ئاوی شیرتێنیان دەهێناو لاق بایە یان دەست و هەر ئەندامێکی لەش بەو ئاوە شیرتێنە دەیان شوشت و دەیان خستەوە جێ و ئاردی نۆك و زەردێنەی هێلکەیان تێك دەشێلاو پارچە پەڕۆێکی نەرمیان دەهێناو ئەو ئاردو هێلکەی بە یەکەوە شێلایان بو لەو پەڕۆیان دەداو لە شکاوەکەیان دەپێچاو شەپکە داریان لێ دەبەستین بۆ ماوەی حەفتەێك یان زیاتر، شکاوەکە خۆی دەگرتەوە و شەپکە دار لێ دەکرانەوە.
هەروەها هەر ئەندامێکی لەشی کەسێك خلیابا واتە گەیەکان لە ناو یەك دەرچوبان، بەیتار زۆر بە ئاسانی بە ئاوی گەرم و سابون دەیان شێلاو لەناکاو دەیان خستەوە جێی خۆی و ئەو کەسە چاك دەبویەوەو گرفتی نەدەما.
ئەگەر کەسێك دەست یان پەنجەێی خۆی بڕیباو خوێنی لێ نەوەستابا، زۆربەی جغارە کێشەکان ئەو سەردەمی جغارەی لەفی توتنیان بە باسك و دار جغارە دەکێشان، دارێکی زراویان دەهێناو پنیە پەڕۆێکی بچوکیان لێ دەئالاند و لە دار جغارەیان هەلدەکێشاو هەرچی قیڕو ڕەژەنی ناو دار جغارەیە دەر دەهات و لە برینە خوێن تێزاوەکەیان دەداو یەکسەر خوێنی وشك دەکردو برینەکەش وردە وردە چاك دەبویەوە.
ئەگەر دوپشك بە کەسێکی وەداباو هێلکەیان لەلا هەبان، یەکسەر هێلکەێکیان دەهێناو کونێکی بچوکیان تێدەکردەوە و جێی دوپشك پێی وەدای، تۆزێکیان بریندار دەکردو کونی هێلکەیان پێوە دەنا، بۆ چەند خولەکێك، ئەو هێلکە ژەهرەکەی هەلدەمژی و هێلکە خراپ دەبو، وە پێوەدانی دوپشکیش بێهێز دەبوو زۆر ئازاری کەسەکەی نەدەدا.
وە هندێك کەس هەبون حەکیمی خوێن بەردان بون، ئەو کەسانەی زۆر شان و ملیان ڕەق دەبون و سەر ئێشەیان دەگرت، سالی یەك جار خوێنیان لە پاشکە سەر بەردەدا، شێوەی خوێن بەردانیش بەو جۆرە بو، حەکیم حەجامێکی هەبو، حەجام لە قۆچێکی نزیکەی بستێك درێژ دروست دەکرا، پاشکە سەری نەخۆشەکەی باش دەتاشی و بە گوێزان یان دەوەموس چەرمی سەرەوەی زۆر بە وردی هەنج هەنج دەکردو دەی بڕی، حەجامی دەهاوێشتێ و بە دەوی خۆی قومی لێ دەدان و خوێنێکی ڕەشی لە سەری نەخۆشەکە هەلدەکێشاو دەی ڕشت، هەتا خوێنی سۆرو خاوێن نەهاتبا، هەر بەردەوام دەبو لە هەلکێشانی، بەلام نەخۆشەکە پاش خوێن بەردان چاك دەبو، بەس هندێك کەس فێر دەبون دەبی هەر سال جارێك خوێنیان بەردابایە.
وە لەهەمان کات ئەگەر مار بە کەسێکی وەدابا، یەکسەر دەیان ناردە دو حەکیمی خوێن بەردان و دەهات، شوێنی کەلبەی ماری بە گوێزان بریندار دەکردو بە حەجامی هەموو خوێن و ژەهرەکەی هەلدەکێشاو مار پێوە دراوەکە چاك دەبویەوە، بەلام ئەو کەسانەی ئەو جۆرە کارەیان دەکرد، هەموو ددانیان تێك دەچون لەبەر کار تێکردنی ژەهر.
ئەگەر کەسێك پشت و ناو ملانی ببایە ئێش و برك، ئەوا هدێك موی بزنانی دەبردو دەچوە لای مەلاێك، هندێك دوعای پێوە دەخوێندو وەك بازنەی لێ دەکردو بە پشتی نەخۆشەکەوە دەبەسترا، گوایە چاك دەبێتەوە.
ئەگەر پشت ئێشەێکی قورس بایە، ئەوا مەڕێکیان سەر دەبڕی و کەولی مەڕ بە خاوی لە پشتی دەبەسترا بۆ شەوێك هەتا بەیانی، گوایە ماسولکەکانی خاو دەبنەوە و چاك دەبێتەوە.
ئەگەر کولە پیرۆز لە کەسێك هاتبا، سێ جاران بە توکلە شفتی دەڕندرا و دەشورا چاك دەبویەوە.
هندێك مندال جۆرە نەخۆشیێکیان دەگرت، هەمو لەشیان دەبوە هوردە زیپکەی پیس، پێیان دەگۆت ئاگرۆك، ئەو جۆرە دەچونە لای پیرە مێردێك و پیرە مێردەکە بەرامبەر مندالە نەخۆشەکە بەردو بەردە ستی لێك دەدان و ئاگریان لێ هەلدەستاو نەخۆشەکە چاك دەبویەوە.
جۆرە کولکێك هەبو، پێیان دەگۆت پیرە زرۆ، بۆ چارەسەری پیرە زرۆ مەلا دوعای بە خەنەوە دەخوێند و لەسەر کولکەکە دادەنرا و چاك دەبویەوە.
بۆ چارەسەری گوێ ئێشان شیری مەمکی ژنان بەکار دەهێنرا.
ئەوانەی چاویان بە بەفرێ تێك دەچون و کول دەبون، تۆچای کولێندراویان لەسەر دادەناو چاك دەبونەوە.
مندالانی ساوا توشی نەخۆشیێك دەبون کە پێی دەگۆترا باژەلە، باژەلە جۆرە زگ ئێشەێك بو کە ژیانی مندالە توش بووەکەی تال دەکرد، بۆ چارەسەری باژەلە، هەنگوێن و توتن تێك هەلاو دەکراو زگی مندالەکەی پێ دەشێلدرا و چاك دەبویەوە.
زۆر جاران لە سەرە مانگ مندال نەخۆش دەکەوتن و بژولکە و بژوانگیان لێك دەئالان جۆت جۆت دەبون، یەکسەر دەیان گۆت مانگی گرتوە، بۆ چارەسەری مانگ گرتن دەچونە لای پیرە ژنێك و بە دوعا خوێندنەوە دەمو چاوی مندالەکەی بە تەنی ڕەش دەکردن و لە ناکاو هندێك پشکە ئاوی ساردی لە دەم و چاوی دەپڕژاند، یانیش خەنەو سیر لە سەری مندالە نەخۆشەکە دەنراو چاك دەبویەوە.
ئەگەر مندال چاوی پوت بانە و توشی زگچون ببان، دەیان گۆت فرچکی کەوتوە، چارەسەری فرچك کەوتن بەو جۆرە بو، دو کەس لەناو چارۆك ڕایان دەهژاند یانیش ژنێك هەردو پێی مندالەکەی جوت دەکردن و چەند جارێك تەپی لە بەری پێی دەداو پاشان بە هەردو پێیان سەرەو خوار بلندی دەکرد و دای دەکوتاو پشتی بۆ دەشێلا.
ئەگەر مندالێك زۆر بە گرانی نەخۆش کەوتباو زوو چاك نەبایەوە، بڕوایان وابو، بە چاوو زاران هنگوایە، بۆیە مال بە مال دەگەڕان بە دزیەوە هەر مالەو چیلکە دارێکیان لێ دەهێناو هەمویان دەگەیاندنە یەکترو لەپێش نەخۆشەکەیان دەسوتاندن، گوایە ئەگەر بە هەر کەسێکی چاو پیش بەچاو چوبێت، بەو جۆرە چاك دەبێتەوە.
ئەگەر کەسێك بالوکەی لێ هاتبان، دەچو، چەند لکە دارێکی تەڕی لەبن بەردێك دادەنان لەسەر قەبرستانێك، گوایە کە دارەکان وشك بون بالوکەکانیش چاك دەبنەوە.
جۆرە گرێێکی ڕەق لە پێی هندێك کەسان دەهاتن، پێیان دەگۆت کەنگرۆك، ئەو کەسە چەند کەنگرۆکی لێ هاتبون، بهارێ ئەوەندە کەنگری دەردەهێنان و سەراو بن لە زەوی ڕادەکردنەوە، بڕوایان وابو، هەرکە کەنگرەکان ڕزین، کەنگرۆکەکانیش دادەمڕکێنەوە و چاك دەبێتەوە.
چارەسەری کولەبا، ئەگەر زوو زەرد نەبایە، ئەوا پیوازێکیان نیوە کولای دەکردو لەسەریان دادەنا هەتا بەیانی، کولەبا دەگەیی و سەری زەرد دەبو، پاش زەرد بونیش، کە دەهات سەری دەر ببێت و بپەقیت، بنیشت و سابونیان تێك دەشێلاو لەسەریان دادەنا بۆ ماوەی دوازدە کاژێرو ئەو بنیشت و سابونی ڕەقێ، هەموو پیسایی ناو کولەبایەکەی هەلدەکێشاو خاوێن دەبویەوە، ئینجا دەشوراو وشك دەکرایەوە و بە پەڕۆێکی شەمامشت کراو دەپێچرا هەتا چاك دەبویەوە، شەما، لە موانەو قرشەی شانەی هەنگوێن دروست دەکراو لە پەڕۆ دەدرا، بۆ پێچانی برین، یان بۆ بەرگی شت و مەك، چونکی نە ئاوی تێ دەچو نە ڕەق دەبو.
زۆر شتیتر ماوە پێویستی باس کردن بێت، بەلام نامەوێ بابەتەکە درێژتر بێت.
لەگەل پێزانین و سوپاسم بۆ خوێندنەوەتان، ئەگەر تەمەن بمێنێت، ئەو بابەتانەی گوندەکانی ناوچەی برادۆست درێژەیان دەبێت و دەخەینە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست...