Saturday, January 14, 2012

ژیانی گوندان .


ژیانی گوندەکانی ناوچەی برادۆست لە ناوەڕاستی سەدەی بیست

بێینە سەر باسی ژن گواستنەوە و زەماوەند گێڕانی گوندان و ئەو سەردەم، بەلام پێشی باسەکەمان دەست پێ بکەین دەمەوێ ئەوەش بزانن کە-
خەلکانی گوندی زۆرینەیان خەلکێکی کەم داهات و لەناو ژیانێکی سەخت و زەحمەت کێشانێکی لە ڕاددە بەدەر و بێ پشوداندا دەژیان. سەرتاسەری ئەو ناوچانە تەنها ڕێگاو بانی پیادەو پێڕۆ هەبون، وە بێ بەش بون لە جادە و خوێندنگا و نەخۆشخانە و سەرجەم پێداویستیەکانی تەندەروستی و پەروەردە و هۆشیار کردنەوە و گەیاندەن، وە تێکڕای ئەو ناوچە چیاییانە خالی بون لە بنکەی پۆلیس و یاساو ڕێسا و مەدەنیەت، خەلکی ئەو دەڤەرانە خۆڕسکانە خۆیان بەڕێوە دەبرد و دادگاو چارەسەریان تەنها دەرگای شێخ و ئاغاو مەلا و ڕیش سپی و مرۆڤ ماقولەکان بون، هەروەها چارەسەی زۆربەی نەخۆشیەکانیش دوعاو نوشتە و حەمایل و بازوبەند و گوللە بەندی مەلا و سۆفی و فەقێ و بەشێکیش دەرمانی گیاو چارەسەری کوردەواری و بەیتاری بون.
 بوك گواستنەوە.
مالی زاوا بە یارمەتیدانی دراوسێ و خەلکانی گوندی، هەولیان دەدا بۆ خۆ ئامادە کردن و لێ گێڕانەوەی هەموو خەلکی ئاوایی و کڕینی دیاری و هەدیە و دیار کردنی ڕۆژی زەماوەند، هەروەها ئەو خەلکانەی لێیان دەگێڕاوە بۆ بەشداری زەماوەند، ئامادەکاری خۆیان دەکرد و کچ و کوڕ و هەموو گەنجەکان بە جلو بەرگی خاوێن و نوێ خۆیان پۆشتە دەکردو دەڕازاندەوە و بۆن خۆش دەکردو بەشێکی زۆر ئەسپی پێ سوك و چوست و چەلەنگیان زین و لغاو دەکردن بۆ ڕۆژی زەماوەندو بەزاندن و چار چارانێ و خۆ بە سوار چاك ناساندن و دیار کردن. 
ئەوانەی دەهاتن بۆ سەر شایی، هەمویان بە دیاریەوە دەهاتن، ئەوجا دیاریەکە بەپێی توانای خۆیان، هەبو فەردە برنج، کارتۆنە قەند، فەردە شەکر، بزن، مەڕ، تەنەکە ڕون، هتد.
وە ڕۆژێك پێشتر چەند کەسێکی دیاری کراو دەناردران بۆ مالە باوکی بوکێ و شەوێ بارگەی بۆکێیان ئامادە دەکرد و یەکیان دیار دەکرد بۆ خزمەت و ئامادە کردنی بۆکێ و دەیان گۆتە ئەو ژنە دیار کراوە دایکە بوك، دایکە بوك هەموو جوانکاری و ئامادە کردن و دەست لە خەنە نان و ڕازاندنەوەی بوکێی لە ئەستۆ دەگرت.

وە شەوی ئامادە کردنی بارگەی بۆکێ کە بەیانی بەڕێ بکرێت، مالە خالی بۆکێ دەهاتنە لای ئەوانەی کە لە مالی باوکی زاواوە چوبون بۆ ئامادە کردنی بوکێ و داوای چەکە خالانێیان دەکردو ئەوانیش بەپێی توانای خۆیان شتێکیان دەدانێ، ئەوجا جار هەبو چەکە خالانی تفەنگ، دەمانچە، خەنجەر، یان پارە شتێك لەو جۆرانە دەدرایە خالەکانی ڕازییان دەکردن. بەلام مەرج نەبو هەموو کەسێك ئەو چەکە خالانێ بخوازن، وە ئەگەر خواستیانبا ئەوا بە مافی خالەکان دەزانرا.
وە بەیانی گروپێك لە ژن و زەلام بە سواری ئەسپ دەچون بۆ هەلگرتنی بوکێ و هینانیان بەرەو مالی زاواو پاش گەیشتن و چاك و چۆنی، هەلدەستان بۆ خاتر خواستن و دەرچونیان لە مالی باوکی بوکێ، لەو کاتی خوشکی بوکێ یان هەر ژنێکی خزمی بوکێ دەرگای دەگرت و دەیگۆت هەتا پشتە دەرم نەدەنێ لێناگەڕێم بوك دەرچێت، ئەوانیش چەندیان لەدەست هاتبایە پارە، پارچە زێڕ یان زیو، شتێکیان دەداێ و دەرگا بەر دەدراو بوکیان دەر دەهێناو سواری ئەسپێك دەکراو بوخچەو بارگەی بوکێ بار دەکراو دەست بە چەپلە ڕێزان و گۆرانی گۆتن دەکرا و خاتر خواستنیان لە مالە باوکی بوکێ دەکردو جار هەبوو دایك و خوشك و کەسە نزیکەکانی بوکێ، فرمێسکی شادی و گریانی لە یەک دابڕانیان تێکهەلاو دەبون و ساتێکی خۆش و ناخۆش بوو، خۆشیەکە ئەوەبو کە کچەکەیان دەبێتە خاوەن مال و مێرد، ناخۆشیەکەش ئەوەبو کە کچەکەیان لێ دوور دەکەوتەوە و لە یەکتر دیتنی ڕۆژانە بێبەش دەبون.
بەهەرحال لەوێ بەڕێ دەکەوتن و لە ڕێگا بەشێك لە سوار ئەسپەکان ئەسپیان تاو دەدان و بەشێکیشیان بەپێی ڕۆیشتنی ئەسپی بوکێ دەڕۆیشتن و بە لێك گێڕانەوە گۆرانیان دەگۆتن، وە هەر شوانێك ئەگەر کەوتبایە سەر ڕێگای کاروانی بوك گواستنەوە، ملی مەڕێکی دەگرت و لەسەر ڕێگا ڕادەوەستاو داوەتیەکان بەخشیشێکیان دەداێ و شوان زۆر بە دلخۆشیەوە دوای پیرۆزبایی و سوپاس کردنیان دەگەڕایەوە بەر مەڕو مالاتی خۆی، ئیتر بەردەوام دەبون لە ڕێگا بڕین هەتا نزیك دەبونەوە لە مالی زاواو هندێك جاران پێش گەیشتنیان شێلکە تفەنگێکیان دەتەقاند و ئەوانەی مالێش دو سێ شێلکە تفەنگیان وەلام دەدانەوە و شایی و هەلپەڕکێیان بەتال دەکرد و هەمویان لە پێشوازی کاروانی بوکێ ئەو بەرو ئەو بەر بە ڕیز لە هەردو دیوی ڕێگا ڕادەوەستان و زۆر بەگەرمی و شادی و چەپلە ڕێزان و گۆرانی و هەل هەلە بوك و کاروانەکەیان دەدانە ناوخۆ هەتا دەگەیشتنە پێش مالێ و دەیان ویست بوکێ دابەزێنن، بوك خۆی ئاسێ دەکردو دانە دەبەزی، ئەوکاتی نزیکترین کەسی زاوا دەهات و شتێکی پێش کەش دەکرد، وەك پارە، ملك، چەند سەر مەڕو بزن، یان گاڕەش، هەر شتێك کە ئەو پێی ڕازی ببا، ئەو کاتی دادەبەزی و بە چەپلە ڕێزان دەیان برد بەرەو ژوورێ، لە پێش دەرگا کەسێك گۆزەێکی پڕ لە گەنم و جۆو برنج و شەکرۆکی لەبەر پێی بوکێ بە زەوی دادەداو دەی شکاند و کەسێکیتر لەسەر سواندەی بانی ڕادەوەستاو تەشتێکی پڕ لە شەکرۆك و چکولات و گوێزی بەسەر سەری بوك و بەر بوکیاندا دەباراندن و فڕێ دەدانە خوارێ و مندالان بەکۆمەل دادەڕژانە هەلگرتنەوە و خڕ کردنەوەیان و ئەو کاتی بوك دەبردرا ژوورێ و زاوا بانگ دەکرا بۆ لادانی خێلی و بەخێر هاتنی، پاشان دەست دەکرا بە سفرە ڕاخستن و نان خواردەن و دوبارە شایی دەکرا هەتا شەو دادەهات، وە ئەو سەردەمی تیپی مۆزیقاو گۆرانی بێژی تایبەت زۆر کەم بون، بەلام کەسێك یان دو کەس گۆرانیان دەگۆت و چەند کەسێکیش لێیان دەگێڕاوە و بەو شێوە جۆرەکانی شایی دەگێڕدران، ئەو چەند شاییە زۆر باو بون لەو سەردەم لە زۆربەی ناوچەی برادۆست، وەك شێخانی، چاچانێ، ملانێ، سێ پێی، چۆك چەمین، چۆخ جانۆ، ڕۆین و هتد. وە لە ناوچەی برادۆست زۆربەی خەلك سۆفی و تۆبەداری تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی بون لەسەر تەریقەتی نەخشەبەندی، بۆیە ڕەش بەلەك، واتە شایی تێکهەلاوی ژن و زەلام حەرام و یاساخ بو، وە زەلام لە گۆڕەپانێکی نزیك مالی زاوا دیلانیان دەگێڕاو ئەگەر جێگایان بەش کردبا ژنەکان لە ژوورێ دیلانیان دەگێڕا، بەلام ئەگەر زەماوەندەکە زۆر قەلەبالغ و بۆش بایە، ئەوا ژنەکان لە دیوێکی مالی زاوا و زەلام لە دیوەکەیتر بەردەوامیان بە گێڕانی شادی و دیلان و هەلپڕکێ دەدا.
وە پێشتر مالی زاوا حیسابیان دەکردن چەند مالیان داوەت کردبان هەر مالەو بوخچەێك لە هەدیەو دیاریان بۆ دادەنان، هەر مالەو بە پێی ئەندامانی خێزانیان هەر کەسەو شتێکیان بۆ دەخستە ناو ئەو بوخچەیە، شتەکان پێك دەهاتن لە گولاو، شانە، تۆق، ئاوێنەی بچوك، دەسمال، سابونی بۆن خۆش، هتد. وە ئەوانەی وەك دایکە بوك و بەربوك و خزمەتکار هەدیەی ئەوان زیاترو گەورەتر بو، بۆ نمونە پاش بوخچەی باسمان کرد، دەستە جل و بەرگیشیان بۆ دادەنان. 
بەلام ئەگەر ژن بە ژنە کرابا، لازم بو هەردوکیان بە یەکەوە و لە یەك ڕۆژدا بگوازرێنەوە، وە هەمان شێوەی لە سەرەوە باسمان کردوە بۆ ژن بە ژنەش پەیڕەو دەکرا.
واتە ڕۆژی پێشتر هەر لاێك گروپی بەربوکی خۆیان ڕەوانە دەکردە مالە باوکی بوکەکەیان بۆ ئامادە کردنی بوکێ، وە لە ناوەندی ڕێگادا جێگاێك دیار دەکرا بۆ بوك بە یەك گۆڕینەوە، بەیانی داوەتچی هەردو مالە باوان بەڕێ دەکەوتن و داوەتچیەکانی هەردو لایان لە جێگای دیاری کراو دەگەیشتنە یەکترو بۆ دەمێك سوار ئەسپەکانی هەردو لایان دەستیان بە تاودانی ئەسپەکانیان دەکردو پاشان کاروانی بوك گواستنەوەی هەردو لایان بە یەکەوە بۆ نزیکەی نیو کاژێر هەلپەڕکێیان دەکردو لەو کاتی گروپی بەربوکی هەردو باوانان بوکەکانیان دەگەیاندە ناو داوەتیەکانی خۆیان و بارو بارگەیان حازر دەکردن و هەردو لایان بە خۆشیەوە خاتریان لە یەکتر دەخواست و هەر یەکەیان بەرەو گوندو شوێنی خۆیان دەگەڕانەوە. 
وە لە هەموو ناوچەی برادۆست نەخت و شیرباییی یاساخ بو، بەهیچ شێوە کەس پەیدا نەدەبو شیربایی وەربگرێ، بەلام هەر وەك زۆربەی ناوچە شاخاویەکانی کوردستان، ناوچەی برادۆستیش بێبەش نەبو لەو کەلتورە هەلەو دژە مرۆییانەی وەك ژن بە ژنە، گچکە بە گەورە، گچکە لە گەورە مارە کردن، لەسەر بێچکە بەمێرد دان، بەزۆر بەشودان، فرە ژنی و ژن بەدەل خوێن دان، هتد...

بەڕێزان ئەو نوسینەم چیڕۆکێکی دوورو درێژی ژیانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە، بەلام ئەو کورتە باسەم لە ناوەڕاستی چیڕۆکەکە دەرهێناوەو خستیتمە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست. ئەگەر تەمەن ماوەمان بدات، ئەوا لە دواڕۆژدا بەشێك لەو چیڕۆکە ڕاستەقینەی ژیانی ئەو سەردەمتان دەخەینە بەر دەست. لەگەل ڕێزو سوپاسی بێ پایانم بۆ خوێندنەوەتان.

No comments:

Post a Comment