Monday, January 30, 2012

ژیانی گوندان


سادەو ساکاری گوندیانی ناوچەی برادۆست.
خەلکی ئەو سەردەم و لادێی هەمویان زۆر بە توندی ئاین پەرست بون، سەد دەر سەد خەلك نوێژکەر بون، سەدا شێست و زیاتر سۆفی و مرید و تەوبەکاری تەکیەی شێخ ڕەشیدی لۆلانی بون، 
بۆ هیچ بەرژەوەندیێك ئامادە نەبون یەك نوێژیان بدۆڕێنن، وە زۆر بە توندی بڕوایان بە جێبەجێ کردنی ڕوکنەکانی ئاین هەبو، بەلام لەبەر ئەوەی ئاینداریەکە لە ڕێگای زانست و هۆشیاریەوە بەکار نەدەهات، تەنها خەلك بە ئاوازو بانگەواز ئاینی دەپەرستی، بەبێ بەکار هینانی ژیری و گومان، زۆرینەیان خۆیان دەدا دەست ئەو هزرە ئاینیەو نوێژو بەندە نوێژیان لەبەر دەکردن بەبێ ئەوەی مانای یەك دانە وشە بزانن، ئیتر ئەگەر مەلاێك یان سۆفیێك چیڕۆکێکی بە سۆزی ئاینی خوێندبایەوە یان گێڕابایەوە، زۆربەیان دەستیان دەکرد بە گریان و پاڕانەوە لە خوای گەورە  و زۆریان حالیان دەگرت و مەزوب دەبون.
ئەگەر بە قەولی ئەو سەردەم کەسێك لاشەی پیس بایە، لاشە پیس، بەو کەسانە دەگۆترا کە خەونی دەبینی و لە خەودا لەگەل کەسێك جوت دەبوو لەباری جنسی ڕحەت دەبو، دەبا بەیانی زۆر زوو لە خەو هەستێت و بچیتە سەر ئاو خۆی بشوات (غوسل) و نوێژی بەیانی بکات، ئەوجا بێتەوە بۆ نان خواردنی بەیانی و بچیتە سەر کار، ئەگینا حەرام بو نانی بەیانی بخوات، دەیان گۆت هەم گوناحکار دەبێت هەم خێرو بەرەکەت لە مالێیدا نامینێت.
 وە خەلك ئەوەندە سادەو ئۆل پەرست بون زۆر جاران کەسێك باسی دەکردو دەیگۆت جاڕێك شەیتان بووە هاوڕێی کەسێکی ئۆلپەرست، کەسی ئۆل پەرست بەیانیێك لەخەوداماو نوێژی نەکرد، یەکسەر شەیتان خۆی لێ دوور خستەوە، ئۆلپەرست بانگی کردو گۆتی من و تۆ هاوڕێین بۆ لێم دوور کەوتیەوە؟ لە وەلامدا شەیتان گۆتی بۆیە لێت دوور کەوتمەوە نەوەك خوا غەزەب لە منیش بگرێ بەهۆی تۆوە، چونکی من تەنها یەك جار کڕنۆشم نەبرد، خوا لە بەزەیی خۆی بێبەشی کردم، تۆ ئەم بەیانییە چوار کڕنۆشت بۆ خوا نەبەرد، ئیتر خەلکی ئەو ناوچە هەر هەمووی لەو بڕوایە دابون کە نوێژ نەکەر لە شەیتان خراپترە.
هەروەها وەرزی زستانان ئەو ناوچە سەرتاپای دادەپۆشرا بە بەفرو زۆربەی جاران ئاوی چۆم و ڕوباران شەختە دەی گرت و مرۆڤ دەیتوانی بەسەر شەختەدا بپەڕیتەوە، بەلام دایمە کانی وەك گەرماو هەلمیان لێ هەلدەستاو ئەگەر دەورو بەریشی ببایە شەختە، بەلام بەهۆی هەلقولانی ئاو لەژێر زەوی، نەدەبەسترا.
وە ئەو کەسانەی لەش پیس دەبون( شەیتان پێ کەنین) زۆر جاران دەبا شەختەیان شکاندبا هەتا دەگەیشتنە ئاوێ و توانیانبا خۆیان بشۆن، دلنیام کە لە جیاتی خاوێن بونەوە، پیستر دەبون، چونکی سابون و خاولی و پەشتەمال و خۆ کزر و هیشك کردنەوە نەبو، هەر چۆن لە ئاوێ دەردەچون، یەکسەر جل و بەرگیان بە تەڕی لەبەر دەکردەوە و بەرەو مالێ ڕایان دەکرد، بەلام لەباری دەرونییەوە ئەو کەسە قەناعەتی بەو جۆرە خۆ شوشتنە دەهات.
سادەو ساکاری و دەرون پاکی گوندیانی ئەو ناوچەیە لەوپەڕی بەرزی دابو. هەر چەندە باری ژیانیان نالەبارو پڕ زەحمەت و ڕەنج کێشان دابو، بەلام ڕاست گۆیی و ساویلکەیی و بێگەردی خەلکەکە ژیانی زۆر ئارام و ئاسودە و کەم گیرو گرفت و دل خۆشکەر کردبو، کەسانی گوندی لە سادەیی خۆیان هەندێك شتیان زۆر بە پیرۆزو بەرزو خوایی دەزانی، بۆ نمونە، ئەگەر کەسێك نەخۆش کەوتباو گرانە تای هاتبانێ، ئەوا دەچونە لای خوێندەوارێکی ئاینی و داوایان لێ دەکرد گرانە تای بۆ ببەستێت، ئەویش داوە دەزووێکی دەهیناو دەستی بە دوعا خوێندن دەکردو هەر دوعاێکی دەکردو گرێێکی لە داوە دەزوەکە دەدا، هەتا پێنچ شەش گرێی لێ دەدان و لە دەستی چەپەی ئەو مرۆڤە نەخۆشەی دەبەست و پێی دەگۆت تەواو پەنا بەخوا چاك دەبیەوە، نەخۆشەکە دەرونییەن ئەوەندەی بڕوا پێ هەبو، هەر لەو کاتیەوە ڕەنگ و ڕوخساری بەرەو گەشانەوە دەچوو وردە وردە گرانە تا بەری دەداو چاك دەبویەوە. 
یان ئەگەر کەسێك نەخۆشی زۆر لێ گران بباو بە تا بەستن چاك نەببایەوە، هندێك مەلای دیار هەبون لە ڕاست گۆیی و خواپەرستی، دەیان گۆت بڕۆنە لای ئەو مەلایە نوشتەێکی بۆ بکات، چاك دەبێتەوە، ئیتر کەسێك دەچو بۆ لای مەلاو نوشتەی بۆ دەکردو بە کەسەکەی دەگۆت ئەگەر گەیشتیەوە مالێ ترگارێك ئاوی خاوێن بێنە هەرسێ قولینچکی نوشتەکە لەو ئاوەی هەلێنە و ئاوەکە بدەنە نەخۆش و تۆزێکی ئاوەکە بە دەمو چاویدا بپڕژێنن، پاشان نوشتەکە بەرگ و شەمامشت بکەن و لە ناو ملانی نەخۆش ببەستن پەنا بەخوا چاك دەبێت و خوای گەورە شفای بۆ دەنێری.
زۆر جاریش ئەگەر کەسێك نەخۆشیەکەی بە نوشتە چارەسەر نەبایە، ئەوا دەیان گۆت هەستن نەخۆشەکەتان ببەنە سەر مەرقەدی فلان شێخ و مشاێخ، ئەگەر دەردی مردنی بێت و خوا کۆتایی بە ژیانی هێنابێت، ئەگینا یەکسەر چاك دەبێتەوە.
وە ئەگەر کەسێك بێتاقەت و لەش خاو بایە و هەر بیگۆتبا نەخۆش و بێتاقەتم، ئەوا دەیان گۆت بڕۆ لای فلان کەسی، ناوکت کەوتوە و بۆت دەهێنیتەوە، ئەویش دەچوە لای کەسە دیار کراوەکەو پێی دەگۆت ناوکم کەوتوە، ئەو کەسەش گرێیەکی پەڕۆی بۆ دروست دەکردو دەی گۆتە نەخۆشەکە لەسەر زگ درێژ بەو ئەو گرێیە بدە بەر ناوکت و حەکیمەکە پشتی نەخۆشی دەشێلی و مەساجێکی باشی دەکردو دەمارەکانی شان و ملی بۆ دەتەقاندن و دەشێلان، نەخۆشەکە چاك دەبویەوە. هندێك جاریش تەنها دەمارەکانی بن ملیان بۆ ڕادەکێشان و ناوکی دەهاتەوە.
ئەگەر کەسێك سەر ئێشەی گرتبا، هندێك کەس هەبون خۆیان بە شارەزای چاك کردنەوەی ئەو جۆرە نەخۆشیانە دەزانی، ئەو کەسەی ژانە سەری دەگرت، دەچوە لای کەسێك لەو شارەزایانە و جار هەبو شارەزاکە بە نەخۆشی دەگۆت لەسەر پشت ڕاکشەو هەردو دەستی نەخۆشی ڕادەکێشا بۆ پشت سەری و دەی پیوان بزانی کامە دەست لە کامەی درێژترە، کامە کورتی هێنابا، حەکیم بە نەخۆشی دەگۆت سەرت بە لای دەستە کورت هێناوەکەدا کەوتوە، لەو کاتی دەسمالێکی چوار گۆشەی دەهێناو بەسەر سەری نەخۆش دادەدراو لە دیوە کەوتوەکە بە هێز دادەکوتراو جار هەبو نەخۆش دەمێك گێژ دەبو، پاشان چاك دەبویەوە, لەهەمان دەم، خەلك زۆر زۆر بڕوایان بە خێرو بەشینەوە و حەسەنات هەبو، زۆرجار ئەگەر کەسێك نەخۆش دەکەوت، مەڕێکیان بۆ سەر دەبڕی و هورد دەکراو پشك پشك بەسەر دراوسێکاندا دابەش دەکرا، یانیش چکولات و قەسپ و خورماو نان دەکرانە خێر بە هیوای ئەوەی خوا شفا بۆ نەخۆشەکە بنێری. بە دەگمەنیش کەتو پوت پەیدا دەبون کە بڕوایان بەو جۆرە شتانە نەبوو هەولیان دەدا نەخۆش لە ڕێگای نەخۆش خانەوە چارەسەر بکرێن، بەلام نەخۆش خانەش نەبون، ناچار دەبا نەخۆش ڕەوانەی شارە گەورەکان کرابان، ئەویش ئاسان نەبو.
وە ئەگەر کەسێك دەستی ڕێنجی بباو ئێشی کەوتباێ، ئەوا دەچوە لای ژنێکی تەونکەرو بەبێ قسە کردن دەستی لەپێش ڕادەگرت و ژنەکە یەکسەر تێدەگەیشت و داوە بەنێکی سۆری لە دەستە ئێش گرتوەکە دەبەست و بڕوایان بە چاك بونەوەی هەبو.
ئگەر کەسێك ژانە ددانی گرتبا، ئەوا دو چارەسەری لە لایەن کەسانی بە قەولی خۆیان شارەزا بۆ دەکرا، یەکەمیان حەکیم ئاگرێکی دەکردەوە و شیشە ئاسنێك یان بلێین تێلێی دەهیناو سەرێکی لەناو ئاگری دادەنا هەتا سۆر دەبویەوە، ددان ئێشی پال دەخست و قەمیشی لەسەر ئەو دەدانە دادەنا کە ژانی تێدا بو، بەو تێلە سۆر کراوە بەناو قەمیشیدا ددانەکەی دەسوتاند هەتا بنی و جار هەبو چاك دەبو، خۆ ئەگەر چاك نەبایە، چارەسەری دووەم دەرهێنان بو، ددان کێش کەلبەتانی تایبەتیان هەبون، بەبێ خەواندن و بەنج و بێهۆش کردن، هەر بە ساخی نەخۆشی پال دەخست و بە کەلبەتانی ددانی بۆ دەردەهێنا، جار هەبو، ددان تەواو دەر نەدەهات و لەناوەندێڕا دەشکا و نەخۆشەکە نیوە ڕوح دەبو، وە حالاتی ئەوتۆ دیسان بە ساخی دادەکەتنە شوێنی ددانەکەی هەتا هەمویان بۆ دەردەهێنا، ئەوکاتی هندێك خوێیان لەناو پەرداخێکی ئاو دەکردو دەیان گۆتە نەخۆشەکە غەل غەلەی پێ بکە و لە دەوتی وەر بدە هەتا خوێن ڕادەوەستێت.
 هندێك کەسیش لە ددان ئێشانیش هەر هانایان بۆ نوشتە و دوعای مەلاو فەقێ و شێخ و مشاێخان دەبرد، وە لەبیرمە کەسێکی گوندەکەمان پێش لە دایك بونی من کوژرابو، خەلك باسی بێتاوانی و بە زولم کوژرانی ئەو کەسەیان دەگێڕایەوە، ناوی کەسە کوژراوەکە خۆش بو، دیارە دوای کوژرانی تاکە پێلاوێکی لەپاش بەجێ مابو، ئەگەر کەسێك ددانی ئێشابا، دەیان گۆت پێلاوی خۆشی لە لاکاڕێژی خۆت بدەی ژان و دەدان ئێشانت نامێنێت، پێلاوی خۆشی ببوە دەرمانی ددان ئێشان.
وە ئەگەر کەسێك ئێوارێ چەند سەر مەڕێکی بزر بانە و نەدیترابانەوە، دەچونە لای کۆلکە مەلاێك یان فەقێ و پێیان دەگۆت تکایە دەوی گورگمان بۆ ببەسەتە هەتا مەڕەکانمان دەدۆزینەوە گورگ نەیان خوات، ئیتر مەلا یان فەقێ چەقوێکی دەهیناو چەند دوعاو ئایەتێکی پێوە دەخوێندو پێکی دادەگرتەوە و دەی گۆت ئەو چەقووە مەکەنەوە هەتا بەیانی مەڕەکانتان دەدۆزنەوە، پەنا بەخوا دەوی گورگم بەستوە و ناتوانی مەڕەکان بخوات، ئیتر زۆر بە قەناعەتەوە ئەو چەقو هەلدەگیراو نەدەکرایەوە هەتا بەیانی مەڕ دەبیندرانەوە، جار هەبو مەڕ بە ساخی دەدۆزرانەوە، بەلام ئەگەر گورگ خواردیبان، ئەوا خاوەن مەڕ بڕوای بەو مەلا نەدەماو دەیانگۆت دەوی گورگی پێ نەبەستراو خوا دوعاکانی قەبول نەکردن. 
وە بەهۆی زۆری مەڕو مالات و ناوچەی شاخاوییەوە، ئەوەندە مەڕو مالات لە شاخی بەر دەبونەوە و بە بەر بەردان دەکەوتن و دەست و لاقیان دەشکان و خاوەنەکانیان شکاوی ئاژەلەکانیان دەخستەوە جێی خۆی و سێ شەپکە داریان لێ دەبەستی و چاك دەکردەوە، زۆر حەکیمانە فێری بەیتاری دەبون و پاشان هەر مرۆڤێك دەست و لاقی شکابان، بۆ شکەستن هەرگیز پێویستیان بە نەخۆش خانە نەبو، بۆ چاك کردنەوەی شکەست، بەیتار دەهاتن تەشتێکی ئاوی شیرتێنیان دەهێناو لاق بایە یان دەست و هەر ئەندامێکی لەش بەو ئاوە شیرتێنە دەیان شوشت و دەیان خستەوە جێ و ئاردی نۆك و زەردێنەی هێلکەیان تێك دەشێلاو پارچە پەڕۆێکی نەرمیان دەهێناو ئەو ئاردو هێلکەی بە یەکەوە شێلایان بو لەو پەڕۆیان دەداو لە شکاوەکەیان دەپێچاو شەپکە داریان لێ دەبەستین بۆ ماوەی حەفتەێك یان زیاتر، شکاوەکە خۆی دەگرتەوە و شەپکە دار لێ دەکرانەوە. 
هەروەها هەر ئەندامێکی لەشی کەسێك خلیابا واتە گەیەکان لە ناو یەك دەرچوبان، بەیتار زۆر بە ئاسانی بە ئاوی گەرم و سابون دەیان شێلاو لەناکاو دەیان خستەوە جێی خۆی و ئەو کەسە  چاك دەبویەوەو گرفتی نەدەما.
ئەگەر کەسێك دەست یان پەنجەێی خۆی بڕیباو خوێنی لێ نەوەستابا، زۆربەی جغارە کێشەکان ئەو سەردەمی جغارەی لەفی توتنیان بە باسك و دار جغارە دەکێشان، دارێکی زراویان دەهێناو پنیە پەڕۆێکی بچوکیان لێ دەئالاند و لە دار جغارەیان هەلدەکێشاو هەرچی قیڕو ڕەژەنی ناو دار جغارەیە دەر دەهات و لە برینە خوێن تێزاوەکەیان دەداو یەکسەر خوێنی وشك دەکردو برینەکەش وردە وردە چاك دەبویەوە.
ئەگەر دوپشك بە کەسێکی وەداباو هێلکەیان لەلا هەبان، یەکسەر هێلکەێکیان دەهێناو کونێکی بچوکیان تێدەکردەوە و جێی دوپشك پێی وەدای، تۆزێکیان بریندار دەکردو کونی هێلکەیان پێوە دەنا، بۆ چەند خولەکێك، ئەو هێلکە ژەهرەکەی هەلدەمژی و هێلکە خراپ دەبو، وە پێوەدانی دوپشکیش بێهێز دەبوو زۆر ئازاری کەسەکەی نەدەدا.
وە هندێك کەس هەبون حەکیمی خوێن بەردان بون، ئەو کەسانەی زۆر شان و ملیان ڕەق دەبون و سەر ئێشەیان دەگرت، سالی یەك جار خوێنیان لە پاشکە سەر بەردەدا، شێوەی خوێن بەردانیش بەو جۆرە بو، حەکیم حەجامێکی هەبو، حەجام لە قۆچێکی نزیکەی بستێك درێژ دروست دەکرا، پاشکە سەری نەخۆشەکەی باش دەتاشی و بە گوێزان یان دەوەموس چەرمی سەرەوەی زۆر بە وردی هەنج هەنج دەکردو دەی بڕی، حەجامی دەهاوێشتێ و بە دەوی خۆی قومی لێ دەدان و خوێنێکی ڕەشی لە سەری نەخۆشەکە هەلدەکێشاو دەی ڕشت، هەتا خوێنی سۆرو خاوێن نەهاتبا، هەر بەردەوام دەبو لە هەلکێشانی، بەلام نەخۆشەکە پاش خوێن بەردان چاك دەبو، بەس هندێك کەس فێر دەبون دەبی هەر سال جارێك خوێنیان بەردابایە.
وە لەهەمان کات ئەگەر مار بە کەسێکی وەدابا، یەکسەر دەیان ناردە دو حەکیمی خوێن بەردان و دەهات، شوێنی کەلبەی ماری بە گوێزان بریندار دەکردو بە حەجامی هەموو خوێن و ژەهرەکەی هەلدەکێشاو مار پێوە دراوەکە چاك دەبویەوە، بەلام ئەو کەسانەی ئەو جۆرە کارەیان دەکرد، هەموو ددانیان تێك دەچون لەبەر کار تێکردنی ژەهر.
ئەگەر کەسێك پشت و ناو ملانی ببایە ئێش و برك، ئەوا هدێك موی بزنانی دەبردو دەچوە لای مەلاێك، هندێك دوعای پێوە دەخوێندو وەك بازنەی لێ دەکردو بە پشتی نەخۆشەکەوە دەبەسترا، گوایە چاك دەبێتەوە.
ئەگەر پشت ئێشەێکی قورس بایە، ئەوا مەڕێکیان سەر دەبڕی و کەولی مەڕ بە خاوی لە پشتی دەبەسترا بۆ شەوێك هەتا بەیانی، گوایە ماسولکەکانی خاو دەبنەوە و چاك دەبێتەوە.
ئەگەر کولە پیرۆز لە کەسێك هاتبا، سێ جاران بە توکلە شفتی دەڕندرا و دەشورا چاك دەبویەوە.
 هندێك مندال جۆرە نەخۆشیێکیان دەگرت، هەمو لەشیان دەبوە هوردە زیپکەی پیس، پێیان دەگۆت ئاگرۆك، ئەو جۆرە دەچونە لای پیرە مێردێك و پیرە مێردەکە بەرامبەر مندالە نەخۆشەکە بەردو بەردە ستی لێك دەدان و ئاگریان لێ هەلدەستاو نەخۆشەکە چاك دەبویەوە.
جۆرە کولکێك هەبو، پێیان دەگۆت پیرە زرۆ، بۆ چارەسەری پیرە زرۆ مەلا دوعای بە خەنەوە دەخوێند و لەسەر کولکەکە دادەنرا و چاك دەبویەوە. 
بۆ چارەسەری گوێ ئێشان شیری مەمکی ژنان بەکار دەهێنرا. 
ئەوانەی چاویان بە بەفرێ تێك دەچون و کول دەبون، تۆچای کولێندراویان لەسەر دادەناو چاك دەبونەوە. 
مندالانی ساوا توشی نەخۆشیێك دەبون کە پێی دەگۆترا باژەلە، باژەلە جۆرە زگ ئێشەێك بو کە ژیانی مندالە توش بووەکەی تال دەکرد، بۆ چارەسەری باژەلە، هەنگوێن و توتن تێك هەلاو دەکراو زگی مندالەکەی پێ دەشێلدرا و چاك دەبویەوە.
زۆر جاران لە سەرە مانگ مندال نەخۆش دەکەوتن و بژولکە و بژوانگیان لێك دەئالان جۆت جۆت دەبون، یەکسەر دەیان گۆت مانگی گرتوە، بۆ چارەسەری مانگ گرتن دەچونە لای پیرە ژنێك و بە دوعا خوێندنەوە دەمو چاوی مندالەکەی بە تەنی ڕەش دەکردن و لە ناکاو هندێك پشکە ئاوی ساردی لە دەم و چاوی دەپڕژاند،  یانیش خەنەو سیر لە سەری مندالە نەخۆشەکە دەنراو چاك دەبویەوە.
ئەگەر مندال چاوی پوت بانە و توشی زگچون ببان، دەیان گۆت فرچکی کەوتوە، چارەسەری فرچك کەوتن بەو جۆرە بو، دو کەس لەناو چارۆك ڕایان دەهژاند یانیش ژنێك هەردو پێی مندالەکەی جوت دەکردن و چەند جارێك تەپی لە بەری پێی دەداو پاشان بە هەردو پێیان سەرەو خوار بلندی دەکرد و دای دەکوتاو پشتی بۆ دەشێلا.
ئەگەر مندالێك زۆر بە گرانی نەخۆش کەوتباو زوو چاك نەبایەوە، بڕوایان وابو، بە چاوو زاران هنگوایە، بۆیە مال بە مال دەگەڕان بە دزیەوە هەر مالەو چیلکە دارێکیان لێ دەهێناو هەمویان دەگەیاندنە یەکترو لەپێش نەخۆشەکەیان دەسوتاندن، گوایە ئەگەر بە هەر کەسێکی چاو پیش بەچاو چوبێت، بەو جۆرە چاك دەبێتەوە.
ئەگەر کەسێك بالوکەی لێ هاتبان، دەچو، چەند لکە دارێکی تەڕی لەبن بەردێك دادەنان لەسەر قەبرستانێك، گوایە کە دارەکان وشك بون بالوکەکانیش چاك دەبنەوە.
جۆرە گرێێکی ڕەق لە پێی هندێك کەسان دەهاتن، پێیان دەگۆت کەنگرۆك، ئەو کەسە چەند کەنگرۆکی لێ هاتبون، بهارێ ئەوەندە کەنگری دەردەهێنان و سەراو بن لە زەوی ڕادەکردنەوە، بڕوایان وابو، هەرکە کەنگرەکان ڕزین، کەنگرۆکەکانیش دادەمڕکێنەوە و چاك دەبێتەوە.
چارەسەری کولەبا، ئەگەر زوو زەرد نەبایە، ئەوا پیوازێکیان نیوە کولای دەکردو لەسەریان دادەنا هەتا بەیانی، کولەبا دەگەیی و سەری زەرد دەبو، پاش زەرد بونیش، کە دەهات سەری دەر ببێت و بپەقیت، بنیشت و سابونیان تێك دەشێلاو لەسەریان دادەنا بۆ ماوەی دوازدە کاژێرو ئەو بنیشت و سابونی ڕەقێ، هەموو پیسایی ناو کولەبایەکەی هەلدەکێشاو خاوێن دەبویەوە، ئینجا دەشوراو وشك دەکرایەوە و بە پەڕۆێکی شەمامشت کراو دەپێچرا هەتا چاك دەبویەوە، شەما، لە موانەو قرشەی شانەی هەنگوێن دروست دەکراو لە پەڕۆ دەدرا، بۆ پێچانی برین، یان بۆ بەرگی شت و مەك، چونکی نە ئاوی تێ دەچو نە ڕەق دەبو.
زۆر شتیتر ماوە پێویستی باس کردن بێت، بەلام نامەوێ بابەتەکە درێژتر بێت.

لەگەل پێزانین و سوپاسم بۆ خوێندنەوەتان، ئەگەر تەمەن بمێنێت، ئەو بابەتانەی گوندەکانی ناوچەی برادۆست درێژەیان دەبێت و دەخەینە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست... 

Saturday, January 14, 2012

ژیانی گوندان .


ژیانی گوندەکانی ناوچەی برادۆست لە ناوەڕاستی سەدەی بیست

بێینە سەر باسی ژن گواستنەوە و زەماوەند گێڕانی گوندان و ئەو سەردەم، بەلام پێشی باسەکەمان دەست پێ بکەین دەمەوێ ئەوەش بزانن کە-
خەلکانی گوندی زۆرینەیان خەلکێکی کەم داهات و لەناو ژیانێکی سەخت و زەحمەت کێشانێکی لە ڕاددە بەدەر و بێ پشوداندا دەژیان. سەرتاسەری ئەو ناوچانە تەنها ڕێگاو بانی پیادەو پێڕۆ هەبون، وە بێ بەش بون لە جادە و خوێندنگا و نەخۆشخانە و سەرجەم پێداویستیەکانی تەندەروستی و پەروەردە و هۆشیار کردنەوە و گەیاندەن، وە تێکڕای ئەو ناوچە چیاییانە خالی بون لە بنکەی پۆلیس و یاساو ڕێسا و مەدەنیەت، خەلکی ئەو دەڤەرانە خۆڕسکانە خۆیان بەڕێوە دەبرد و دادگاو چارەسەریان تەنها دەرگای شێخ و ئاغاو مەلا و ڕیش سپی و مرۆڤ ماقولەکان بون، هەروەها چارەسەی زۆربەی نەخۆشیەکانیش دوعاو نوشتە و حەمایل و بازوبەند و گوللە بەندی مەلا و سۆفی و فەقێ و بەشێکیش دەرمانی گیاو چارەسەری کوردەواری و بەیتاری بون.
 بوك گواستنەوە.
مالی زاوا بە یارمەتیدانی دراوسێ و خەلکانی گوندی، هەولیان دەدا بۆ خۆ ئامادە کردن و لێ گێڕانەوەی هەموو خەلکی ئاوایی و کڕینی دیاری و هەدیە و دیار کردنی ڕۆژی زەماوەند، هەروەها ئەو خەلکانەی لێیان دەگێڕاوە بۆ بەشداری زەماوەند، ئامادەکاری خۆیان دەکرد و کچ و کوڕ و هەموو گەنجەکان بە جلو بەرگی خاوێن و نوێ خۆیان پۆشتە دەکردو دەڕازاندەوە و بۆن خۆش دەکردو بەشێکی زۆر ئەسپی پێ سوك و چوست و چەلەنگیان زین و لغاو دەکردن بۆ ڕۆژی زەماوەندو بەزاندن و چار چارانێ و خۆ بە سوار چاك ناساندن و دیار کردن. 
ئەوانەی دەهاتن بۆ سەر شایی، هەمویان بە دیاریەوە دەهاتن، ئەوجا دیاریەکە بەپێی توانای خۆیان، هەبو فەردە برنج، کارتۆنە قەند، فەردە شەکر، بزن، مەڕ، تەنەکە ڕون، هتد.
وە ڕۆژێك پێشتر چەند کەسێکی دیاری کراو دەناردران بۆ مالە باوکی بوکێ و شەوێ بارگەی بۆکێیان ئامادە دەکرد و یەکیان دیار دەکرد بۆ خزمەت و ئامادە کردنی بۆکێ و دەیان گۆتە ئەو ژنە دیار کراوە دایکە بوك، دایکە بوك هەموو جوانکاری و ئامادە کردن و دەست لە خەنە نان و ڕازاندنەوەی بوکێی لە ئەستۆ دەگرت.

وە شەوی ئامادە کردنی بارگەی بۆکێ کە بەیانی بەڕێ بکرێت، مالە خالی بۆکێ دەهاتنە لای ئەوانەی کە لە مالی باوکی زاواوە چوبون بۆ ئامادە کردنی بوکێ و داوای چەکە خالانێیان دەکردو ئەوانیش بەپێی توانای خۆیان شتێکیان دەدانێ، ئەوجا جار هەبو چەکە خالانی تفەنگ، دەمانچە، خەنجەر، یان پارە شتێك لەو جۆرانە دەدرایە خالەکانی ڕازییان دەکردن. بەلام مەرج نەبو هەموو کەسێك ئەو چەکە خالانێ بخوازن، وە ئەگەر خواستیانبا ئەوا بە مافی خالەکان دەزانرا.
وە بەیانی گروپێك لە ژن و زەلام بە سواری ئەسپ دەچون بۆ هەلگرتنی بوکێ و هینانیان بەرەو مالی زاواو پاش گەیشتن و چاك و چۆنی، هەلدەستان بۆ خاتر خواستن و دەرچونیان لە مالی باوکی بوکێ، لەو کاتی خوشکی بوکێ یان هەر ژنێکی خزمی بوکێ دەرگای دەگرت و دەیگۆت هەتا پشتە دەرم نەدەنێ لێناگەڕێم بوك دەرچێت، ئەوانیش چەندیان لەدەست هاتبایە پارە، پارچە زێڕ یان زیو، شتێکیان دەداێ و دەرگا بەر دەدراو بوکیان دەر دەهێناو سواری ئەسپێك دەکراو بوخچەو بارگەی بوکێ بار دەکراو دەست بە چەپلە ڕێزان و گۆرانی گۆتن دەکرا و خاتر خواستنیان لە مالە باوکی بوکێ دەکردو جار هەبوو دایك و خوشك و کەسە نزیکەکانی بوکێ، فرمێسکی شادی و گریانی لە یەک دابڕانیان تێکهەلاو دەبون و ساتێکی خۆش و ناخۆش بوو، خۆشیەکە ئەوەبو کە کچەکەیان دەبێتە خاوەن مال و مێرد، ناخۆشیەکەش ئەوەبو کە کچەکەیان لێ دوور دەکەوتەوە و لە یەکتر دیتنی ڕۆژانە بێبەش دەبون.
بەهەرحال لەوێ بەڕێ دەکەوتن و لە ڕێگا بەشێك لە سوار ئەسپەکان ئەسپیان تاو دەدان و بەشێکیشیان بەپێی ڕۆیشتنی ئەسپی بوکێ دەڕۆیشتن و بە لێك گێڕانەوە گۆرانیان دەگۆتن، وە هەر شوانێك ئەگەر کەوتبایە سەر ڕێگای کاروانی بوك گواستنەوە، ملی مەڕێکی دەگرت و لەسەر ڕێگا ڕادەوەستاو داوەتیەکان بەخشیشێکیان دەداێ و شوان زۆر بە دلخۆشیەوە دوای پیرۆزبایی و سوپاس کردنیان دەگەڕایەوە بەر مەڕو مالاتی خۆی، ئیتر بەردەوام دەبون لە ڕێگا بڕین هەتا نزیك دەبونەوە لە مالی زاواو هندێك جاران پێش گەیشتنیان شێلکە تفەنگێکیان دەتەقاند و ئەوانەی مالێش دو سێ شێلکە تفەنگیان وەلام دەدانەوە و شایی و هەلپەڕکێیان بەتال دەکرد و هەمویان لە پێشوازی کاروانی بوکێ ئەو بەرو ئەو بەر بە ڕیز لە هەردو دیوی ڕێگا ڕادەوەستان و زۆر بەگەرمی و شادی و چەپلە ڕێزان و گۆرانی و هەل هەلە بوك و کاروانەکەیان دەدانە ناوخۆ هەتا دەگەیشتنە پێش مالێ و دەیان ویست بوکێ دابەزێنن، بوك خۆی ئاسێ دەکردو دانە دەبەزی، ئەوکاتی نزیکترین کەسی زاوا دەهات و شتێکی پێش کەش دەکرد، وەك پارە، ملك، چەند سەر مەڕو بزن، یان گاڕەش، هەر شتێك کە ئەو پێی ڕازی ببا، ئەو کاتی دادەبەزی و بە چەپلە ڕێزان دەیان برد بەرەو ژوورێ، لە پێش دەرگا کەسێك گۆزەێکی پڕ لە گەنم و جۆو برنج و شەکرۆکی لەبەر پێی بوکێ بە زەوی دادەداو دەی شکاند و کەسێکیتر لەسەر سواندەی بانی ڕادەوەستاو تەشتێکی پڕ لە شەکرۆك و چکولات و گوێزی بەسەر سەری بوك و بەر بوکیاندا دەباراندن و فڕێ دەدانە خوارێ و مندالان بەکۆمەل دادەڕژانە هەلگرتنەوە و خڕ کردنەوەیان و ئەو کاتی بوك دەبردرا ژوورێ و زاوا بانگ دەکرا بۆ لادانی خێلی و بەخێر هاتنی، پاشان دەست دەکرا بە سفرە ڕاخستن و نان خواردەن و دوبارە شایی دەکرا هەتا شەو دادەهات، وە ئەو سەردەمی تیپی مۆزیقاو گۆرانی بێژی تایبەت زۆر کەم بون، بەلام کەسێك یان دو کەس گۆرانیان دەگۆت و چەند کەسێکیش لێیان دەگێڕاوە و بەو شێوە جۆرەکانی شایی دەگێڕدران، ئەو چەند شاییە زۆر باو بون لەو سەردەم لە زۆربەی ناوچەی برادۆست، وەك شێخانی، چاچانێ، ملانێ، سێ پێی، چۆك چەمین، چۆخ جانۆ، ڕۆین و هتد. وە لە ناوچەی برادۆست زۆربەی خەلك سۆفی و تۆبەداری تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی بون لەسەر تەریقەتی نەخشەبەندی، بۆیە ڕەش بەلەك، واتە شایی تێکهەلاوی ژن و زەلام حەرام و یاساخ بو، وە زەلام لە گۆڕەپانێکی نزیك مالی زاوا دیلانیان دەگێڕاو ئەگەر جێگایان بەش کردبا ژنەکان لە ژوورێ دیلانیان دەگێڕا، بەلام ئەگەر زەماوەندەکە زۆر قەلەبالغ و بۆش بایە، ئەوا ژنەکان لە دیوێکی مالی زاوا و زەلام لە دیوەکەیتر بەردەوامیان بە گێڕانی شادی و دیلان و هەلپڕکێ دەدا.
وە پێشتر مالی زاوا حیسابیان دەکردن چەند مالیان داوەت کردبان هەر مالەو بوخچەێك لە هەدیەو دیاریان بۆ دادەنان، هەر مالەو بە پێی ئەندامانی خێزانیان هەر کەسەو شتێکیان بۆ دەخستە ناو ئەو بوخچەیە، شتەکان پێك دەهاتن لە گولاو، شانە، تۆق، ئاوێنەی بچوك، دەسمال، سابونی بۆن خۆش، هتد. وە ئەوانەی وەك دایکە بوك و بەربوك و خزمەتکار هەدیەی ئەوان زیاترو گەورەتر بو، بۆ نمونە پاش بوخچەی باسمان کرد، دەستە جل و بەرگیشیان بۆ دادەنان. 
بەلام ئەگەر ژن بە ژنە کرابا، لازم بو هەردوکیان بە یەکەوە و لە یەك ڕۆژدا بگوازرێنەوە، وە هەمان شێوەی لە سەرەوە باسمان کردوە بۆ ژن بە ژنەش پەیڕەو دەکرا.
واتە ڕۆژی پێشتر هەر لاێك گروپی بەربوکی خۆیان ڕەوانە دەکردە مالە باوکی بوکەکەیان بۆ ئامادە کردنی بوکێ، وە لە ناوەندی ڕێگادا جێگاێك دیار دەکرا بۆ بوك بە یەك گۆڕینەوە، بەیانی داوەتچی هەردو مالە باوان بەڕێ دەکەوتن و داوەتچیەکانی هەردو لایان لە جێگای دیاری کراو دەگەیشتنە یەکترو بۆ دەمێك سوار ئەسپەکانی هەردو لایان دەستیان بە تاودانی ئەسپەکانیان دەکردو پاشان کاروانی بوك گواستنەوەی هەردو لایان بە یەکەوە بۆ نزیکەی نیو کاژێر هەلپەڕکێیان دەکردو لەو کاتی گروپی بەربوکی هەردو باوانان بوکەکانیان دەگەیاندە ناو داوەتیەکانی خۆیان و بارو بارگەیان حازر دەکردن و هەردو لایان بە خۆشیەوە خاتریان لە یەکتر دەخواست و هەر یەکەیان بەرەو گوندو شوێنی خۆیان دەگەڕانەوە. 
وە لە هەموو ناوچەی برادۆست نەخت و شیرباییی یاساخ بو، بەهیچ شێوە کەس پەیدا نەدەبو شیربایی وەربگرێ، بەلام هەر وەك زۆربەی ناوچە شاخاویەکانی کوردستان، ناوچەی برادۆستیش بێبەش نەبو لەو کەلتورە هەلەو دژە مرۆییانەی وەك ژن بە ژنە، گچکە بە گەورە، گچکە لە گەورە مارە کردن، لەسەر بێچکە بەمێرد دان، بەزۆر بەشودان، فرە ژنی و ژن بەدەل خوێن دان، هتد...

بەڕێزان ئەو نوسینەم چیڕۆکێکی دوورو درێژی ژیانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە، بەلام ئەو کورتە باسەم لە ناوەڕاستی چیڕۆکەکە دەرهێناوەو خستیتمە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست. ئەگەر تەمەن ماوەمان بدات، ئەوا لە دواڕۆژدا بەشێك لەو چیڕۆکە ڕاستەقینەی ژیانی ئەو سەردەمتان دەخەینە بەر دەست. لەگەل ڕێزو سوپاسی بێ پایانم بۆ خوێندنەوەتان.