Saturday, February 15, 2020

فەیسبۆک ١٥-٢-٢٠٢٠



ئەمڕۆ نۆیەم سالە فەیس بۆک بەکار دەهێنم.
لە سەرەتای ٢٠٠٣ دەستم بە بەکار هێنانی پالتۆک کرد. هەردەم بەشداریی ژووری کوردستان یوناتد،م دەکرد. بەڕێوەبەری ئەو ژوور، ڕێزدار بۆتین شکاک بو لە ئوستڕالیا و چەندان ئەدمینی هەبون لە سەرتاسەری جیهان. بۆ کاتێکی بەرچاو، بەڕێز کاک ئارام ئەحمەد دیارترین و چالاکترین ئەدمینی ئەو ژوور بو، هەتا ڕۆژێک بەرنامەی دانابو کە یادی سی و یەکی ئاب بکاتەوە، کەچی لە کاتی بەرنامە دەست پێکردن، خاوەنی ژوورەکە بۆتین هات، مایکی گرت و بەری نەدا. زۆرینەی ئامادەبوان داوایان لێیکرد، ڕێگەی پێیان نەدا بەرنامەکە لەسەر ئەو یادە دەست پێبکەن،کاک  ئارام و زۆر لە بەشداربوانی ئەو ژوورە لە هەلسوکەوتی بۆتین ناڕازی بون و ژوورەکەیان بەجێ هێلاو چون ژووری کوردستان دەنگی ئۆپۆزیسیۆن،یان کردەوە. هەرچەندە بۆتین کەسێکی زۆر چالاک بو، بەس لەگەل کرانەوەی ژووری ئۆپۆزیسیۆن، ژووری کوردستان یونایتدی بۆتین، توشی لەدەستدانی جەماوەر بو و زۆربەی دەنگی ناڕازی لە سیستەمی حکومڕانیی خێلگەرایی هەرێمی کوردستان ڕویان لە ژووری ئۆپۆزیسیۆن کرد. 
ئەو سەردەمی بەندە شفێری لۆریی هەژدە تایەی بارگواستنەوە بوم، بەس لە هەر جێگەیەک دەرفەتم وەرگرتبا، بەشداریی ژووری کوردستان دەنگی ئۆپۆزیسیۆن،م دەکرد و ماوەیەک مافی ئەوەم پێدرا کە چەکوچێک بەدەستەوە بگرم و وەک ئەدمین، هەر کەسێک سوکایەتی و بێڕێزی بکات، لەسەری بدەم و وەدەری بنێم. پاشان لە دەستپێکی سالی ٢٠١١دا بەشداری پەیجی فەیس بۆک و بلۆگ بوم، هەتا ئێستایش بەردەوامم لەگەل هاوڕێیان لەو ڕێگەیەوە.
وەک دەزاندرێ بەکارهێنانی هەر ئالات و ئامرازێک لەسەر خودی بەکارهێنەر دەمێنێتەوە، بەکارهێنەر دەتوانی بە شێوەیەکی گونجاوو تەندروست سودی زۆری لێوەر بگری و نەهێلی کاتی بە فیڕۆ بڕواو و زەرەرمەند بێت، دەشتوانی بەردەوام بەبێ لەبەرچاو گرتنی کاتی زێڕینی، بەکاری بهێنی و ببێتە شێوە قومار کردنێک بە کات و ساتە جوانەکانی و هەتا دەگاتە توشبون بە حالاتی دەرونی و هەلچون لەگەل ئەندامانی مالباتیش.

لێتان ناشارمەوە، سەرەڕای کات کوشتن، پەیجە ئەلکتڕۆنیەکان سودێکی بێ ئەندازەیان پێم بەخشیوە، سەدان کەسی بیرگەوهەریم لەو ڕێگەیەوە ناسیون و بە بەرهەم و ئامۆژگاریە پڕ سود و پەروەردەییەکانیان ئاشنا بوم و ناتوانم سنوری ئەو سودە زۆرانە دیاری بکەم.
بەلێ زۆر جارانیش کەوتومەتە بەر هێرشی ناڕەوای جوێنفرۆشانی پەروەردە نزم و بیرتەسک و دونیا نەدیتە، بەس هەرگیز ئەو پەروەردە نزمانە نەیانتوانیوە ببنە ئەو گرانیە کە لاتەرازووی پەروەردەدارو بەرهەمدارو هۆشیارانی ژیاندۆست بجولێنی و خودی خۆیان ڕسوا بوینە و کاریگەریان دابەزیتەوە بۆ خالی سفر. 

پالتۆک لە سالی ١٩٩٨ لە لایەن ڕێزدار جەیسن کاتز،ەوە هاتە دامەزراندن و هەتا سالی ٢٠١٣ ژمارەی بەشداربوانی لە چوار ملیۆن تێپەڕاند.

دامەزراندنی فەیس بۆک دەگەڕێتەوە بۆ ٤-٢-٢٠٠٤ لە لایەن گەنجێکی ئەمەریکی،وە بەناوی  مارک زوکەربەرگ.  هەتا ئێستا ژمارەی بەکارهێنەرانی لە ٢.٤٥ ملیار کەس تێپەڕاندووە.

بەو ئومێدەی هاوڕێیانیش لێی سودمەندو سودبەخش بوبن و بەردەوام ڕوحی ژیاندۆستی و بەرهەمی هونەری و ئەدەبییان تێیدا زێدەتر بێت.

وێنەکە لە گوگل وەرگیراوە.

Saturday, February 8, 2020

پیرە دار گیوزی مزگەوتێ

پیرە دار گیوزی مزگەوتێ:

لە سالی ١٩٥٨ لەشکری مەلا مستەفای بارزانی لەگەل بەرپا بونی شەعب شەعبانێ بە دەرفەتیان زانیوە و هێرشیان کردوتە سەر ناوچەی برادۆست، سەرەڕای لە خوێن گەوزاندنی دەیان کەسی مەدەنی و بێ چەک و هەژارو بێتاوان، دەیان گوندیشیان سوتماک و وێران کردن و زۆربەی برادۆست، بەتایبەت ئەوانەی سۆفی و سەر بە تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی بون، ئاوارەی تورکیا و ئێران بون. لە سالی ١٩٦٢دا بەناچاری پەیوەندیان بە دەولەتی عێڕاق کردەوە و لە ترسی لەشکری بنەمالەی بارزان، لە ئاوارەیی ناو تورکیا و ئێران گەڕانەوە و بونە ئاوارەی ناو شار و دەشتی هەولێرێ. لە یازدەی ئاداری سالی ١٩٧٠دا، بڕیاردرا کە شەڕی خێلگەرایی بەینی بارزان و لۆلانیش کۆتایی پێبهێندرێ و برادۆستە ئاوارەکان
بگەڕێنەوە و گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە. 
نامەوێ بچمەوە ناو وردەکاریی گێچەل و ڕوداوەکانی خێلەکان و دێمە سەر بابەتی گەڕانەوەی گوندیانمان.

کە گەڕاینەوە سەر گوندەکەمان، ڕوبەڕوی وەرزی هاوین دەبوینەوە. دەبایە تێکڕای گوندیان خانییان دروست کردبانەوە. هەرکە گەیشتینەوە ناو کاولەکانی گوندی بەنێی خواکوڕک، هەر خاوەن مال بو، هەولیان دەدا، قەرەجە خۆشەویستەکان ببینن و بیورو شەقەو مشارو داس و مکارەو ئاسنجاوەکانی تریان لێ بکڕن و دو دو و سێ سێ پێکەوە بەر ببنە ناو لێڕستان و بەدوای داری لەقامدا بگەڕێن و بیانبڕن، توکلیان بەسەردا ببەن و گڕێکانیان دامالن، ئەوجا بەجێیان بهێلن هەتا تۆزێک کزرو هیشک دەبن بۆ ئەوەی بتوانن هەلیانگرن و بیانهێننەوە بۆ جێی خانی لێ دروست کردن. کە دار بڕین تەواو بو، دەستیان بە دیوار کردنی بەردو قوڕ کرد. هەردەمیش یارمەتیدەرو دەستبارگری یەکتر بون لەو کارانەی بە تاکە کەسی ڕانەدەپڕێندران. کاولە خانیی مالی ئێمە لەگەل کاولە مزگەوت بە یەکەوە بون و بێلاویی مزگەوت دەکەوتەوە سەر کونەبانی خانیی ئێمە. بنە گیوزەکی زۆر گەورە و شاتانانیی بەرزی مزگەوت دەکەوتە سیلەی دیواری خانیی ئێمە. پێشتر کە گوندەکەمان سوتابو، ئەو دار گیوزیش، نیوەی زیادتری بنی سوتا بو، نیوەی کەمتری ساخ مابو، خۆی گرتبویەوە و یەکجاری هیشک نەببو. کە ئێمە دەستمان بە خانی دروست کردنەوە کرد، ئەو دار گیوز دەبووە مەتریسیەکی زۆر لەسەر خانییەکەمان، بەس باب و باپیرم و دایکم، هەر سێکیان سۆفی بون و گۆتیان هەرچەندە دار گیوز مەترسیش بێت، مالی مزگەوتە و ناتوانین دەستکاریی بکەین و بیبڕینەوە.
هەر چۆنێک بێت، دیوارەکان بلند کران و ئەستوند نقێندران، پاشان گوندیان چەند کەسێک دەگەیشتنە یەکترو جۆتە گایان نیر دەکردن و قاریتە گران و درێژەکانیان بە جۆتە گایان دەکێشانەوە، ئەویش ئەگەر ڕێگاکە لەبار بایە، ئەگەر ڕێگە نالەبارو شکەستە بایە، ناچار بون، دەسکیان لە قاریتەکان دەبەستن و شەش کەس و زیادتر پێکەوە دەچونە ژێر قاریتە و دەیان هێنانەوە. کە قاریتە دادەمەزراندران، ئەوکاتی باسکە دار و ڕاستە دار و خێزەرە و کواشک دەکێشرانەوە و لەسەر قاریتە و دیواران دادەنران و دوای کواشک دانان، بە زبارە ئاخەبانیان دەکرد. بەو شێوە توانییان بۆ هەر خێزانێکی ئاوایی خانیێک پێکبهێنن تاکو ئەو زستان تێیدا نوان ببن. خانییەکانیش هۆدە هۆدە نەبون، یەک خانیی پان و بەرین و بێ ناوبڕ دروست دەکرا، جێی ناندی و دانیشتن و نوستن و مێوان و خێزان هەمووی هەر بەسەر یەکەوە بو، واتە یەک هۆدە بو. ئەو پاییزیش بەهۆی ئاوو هەوا گۆڕینەوە، لە دەشتی تەختی هەولێرێ و خواردنەوەی ئاوی شێرە و تانکی سەربانان و گەڕانەوەمان بۆ چیاو دۆل و باسکان و خواردنەوەی ئاوی کانی و چەم و ڕوباران، کەسمان نەمابوین توشی گرانە تاو لەرز نەبوبین و بە حەفتە نەکەوتبینە ناو نوینان. ئەو دەردەی لە ئێمە بو، زۆر لە ڤایرۆسەکانی ئیبۆلا و سارس و کۆڕۆناو ئەنفلەوەنزا قورستر بو، ئەو تاوی بون هەموومانی شەپرزە و بێهێز کردبو، تەنها ڕوحمان قاییم بوو دەرنەدەچو. ئەو سەردەمی هیچ ڕاگەیاندنێکی وەک ڕاگەیاندنە بەلبەلەچیەکانی ئێستا نەبون و لە زۆربەی گونداندا ڕادیۆش هەر نەبون، ئەوانەی ڕادیۆشیان هەبون، تەنها گوێیان لە گۆرانی و مۆزیقا و لاوک و حەیران ڕادەگرت و لە گوندەکەی خۆیان هیچ ڕوی نەدابا، توفانی نوح پێغامبەر هەستابا، ئاگایان لێنەبو و خەمیان لێی نەدەخوارد. پاییزمان بە تاوی بونەوە بەڕێکرد.  کە گیوز لە دار گیوزی مزگەوت هەلدەوەریان و دەکەوتنە سەر بان و بن دیوارەکانی مالمان، ئێمەیش دەستمان دەدایێ، یەکسەر دایک و باب و باپیرمان بانگیان دەکردین و دەیانگۆت، گیوزی مزگەوتێ نەخۆن، چاوتان کۆرە دەبن و گوناحکار دەبن، ئێمەیش لە ترسی خوا گیوزەکانمان فڕێ دەدانەوە سەر بانی و لەوێ دەکەوتن هەتا سمۆرە خواردنیانبان یان سەرپەرشتیکەری مالی مزگەوت دەهاتن و لێیان دەبونە خودان. پاییز ساردی کردو چیابەنی بەرزو ڕەنگ ڕساسی، هێدی هێدی سپی هەلدەگەڕا. هەر هندەمان زانی لەناکاو دەستی بە کڕێوە و بەفر کرد و بارستەی بەفر هەلیدایە کۆلان و دەرگەی مالان. بنە گیوزی مزگەوتیش لەگەل هاشێن و لورێنی گوفیە بایان شلکەی دەکرد و دەبووە سیڕێن و قرچە قرچی بنی نیوە هیشک بویی، ئەو دارە گیوز لێمان ببوە عیزڕائیلی گیان کێشان. جار هەبو دەهاتینەدەرو تەماشامان دەکرد، دەمانگۆت، هەر ئێستا بەسەر خانیماندا دێتەخوار، ئەوجارەیان گیوزی مزگەوتێ لە جیاتی شەڕی خێلەکی مالمان وێران دەکاتەوە. ئەو پیرە دار گیوزی نیوە هیشک و بالا بەرز، تەمەنی هەر درێژتر دەبو و هیچ ڕەشە باو زریانێک نەیدەتوانی بەژنی بچەمێنی و بیهێنیتەخوارێ. پیرە گیوز هەر مابو هەتا لە سالی ١٩٧٨دا دیسان گوندەکەمان کەوتەوە بەر وێرانکاری و مالەکانمان دەنەمێت و قومبەلە کران و تەقێندرانەوە و سوتێندران.  ئەوجارەیان بەدەستی ڕەشی ڕژێمی بەعثی ڕەگەزپەرستی عەرەبی ئیشتڕاکیی عێڕاقی بو. لەو کاتیەوە هەتا ئێستایش گوندەکەمان بە وێرانی و بێ خاوەن ماوەتەوە و گوندیانیش هەر یەکەی پەڕاگندەی جێگایەک بوینە. ئێستایش ئاغاواتی کوردایەتیی دەوروبەری گوندەکەمانیان کردوتە مۆلگەو سەربازگە و تۆپخانەی دەولەتی تیرۆرستی تورکی. ئەوجا با هەر بلێین کورد زیندووە، دلنیابن هەتا خاوەنی سیستەمی ئاغاواتی کوردایەتیی بین، هزار ڕیفڕاندۆمیش ئەنجام بدەین، دەبێ هەر زەلیل و ملکەچی بەر حوکمی پڕ تاوانی داگیرکەران بین.

وێنە لە گوگل وەرگیراوە.