دوورەدەستی و ئاوارەیی بە هەموو شێوەیەک قورسایی لەسەر مرۆی کۆچەر و دەربەدەر و دوورەدەست هەیە. سەرەڕای گەشت نەکردن بۆ مەوتەن و سەردانی خزم و دۆستانیش، زۆر پێداویستی هەن بە زەحمەت دەکەنە دەستمان.
برای ڕێزدار و بەهرەدار و ماندونەناسمان مامۆستا محەمەد گۆران، هەول و تێکۆشانێکی یەکجار زۆری کردووە بۆ زیندوو کردنەوەی هندەک لە مێژووی لەبییرکراو و شرۆڤە نەکراو. زۆر وردبین و سەلیقەدارانە دەمانگێڕێتەوە ناو تاک و توکی کەلە پیاوانێکی چالاک و تێکۆشەری ڕابردوو.
مامۆستا محەمەد لەو ماوانەی تێپەڕ بودا دوو پەرتوکی خنجیلانەی بەچاپ گەیاندون. یەکەمیان بەسەرهات و کردار و بەشێک لە مێژووی تۆمار نەکراوی ڕەمزی نافیع،مان پێ ئاشنا دەکات، دووەمیشیان شەڕی شەش مانگەی خانی لەپزێڕین،مان وەبییر دەهێنیتەوە.
بە حوکمی ئەوەی بەندە لە دەڤەری برادۆست و ناو خێلی برادۆست چاوم بە ژیان هەلێناون و کەمێک شارەزاییم لەسەر ڕوداو و خەلکانی دەڤەرەکە هەیە، مامۆستا محەمەد پەیوەندیی پێوە کردم و ویستی هندەک زانیارییم لێوەر بگری. هەر بەو هۆیەوە، کە پەرتوکی خانی لەپزێڕینی بەچاپ گەیاند، پەیوەندیم پێیەوە کرد و پرسیم داخوا چۆن و لە کوێ دەتوانین پەرتوکەکە بەدەست بخەین!..
مامۆستا محەمەد گۆرانی ئەدەبدۆست و زانیاریبەخش، لێی پرسیم داخوا کێ هەیە پەرتوکەکەیی بداتێ و بۆم ڕەوانە بکات!.
بە سوپاسەوە کاک غازی مەلا ئاری و کاک ڕەئوف برادۆست بە مەبەستی وەرگرتنی پەرتوکەکە سەردانی مامۆستا محەمەد گۆران،یان کردبوو. مامۆستای خۆشەویست و ژیاندۆست و ناوبراو، پەرتوکی ڕەمزی نافیع و پەرتوکی خانی لەپزێڕینی ئیمزا کردبون و وەک دیاریی دایبونە دەستیان بۆ ئەوەی بۆم ڕەوانە بکەن. ئەوانیش گەیاندیانبووە بەردەستی کاکە زرار عەلی کانیەڕەشیی خۆشەویست کە بەسەردان لە کوردستان بوو بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، بۆم بهێنیتەوە. کاک زرار عەلی،ش ١٤٤٠ کم لێمانەوە دوورە. خۆشبەختانە کاک زرار شوفێری لۆریی بار گواستنەوەیە. دیارە بارێکی هەلگرتبوو و بە شارەکەماندا تێپەڕ دەبوو. پەرتوکەکانی خستبونە ناو بەلکەی دەرگای لۆری، کە گەیشتە شارەکەمان زەنگێکی بۆ لێدام و چوم پەرتوکەکانم لێی ورگرتنەوە. هەردوو بەرتوکەکانم زۆر بە وردی خوێندنەوە و زانیاریی زێڕینی تێداهەن. بەتایبەت پەرتوکی لەسەر ڕەمزی نافیع نوسراوە، زانیاریی زۆر نوێ بون بۆم. منەتباری هەموو ئەو هاوڕێ خۆشەویستانەم کە ناویان لەم سپاسنامەدا هاتووە و زەحمەتی زۆریان کێشاوە هەتا پەرتوکەکانیان بەدەست گەیاندم. هەردوک پەرتوکەکانم وەک پیرۆزترین دیاری وەرگرتونە و هەتا مابم ئەو دیارییە پیرۆزانەی مامۆستا محەمەد گۆران لەناو پەرتوکخانەکەم و لەناو دلمدا جێگیر و پارێزراو دەبن.
لێرەوە لە کۆتایی ئەم سپاسنامەیەدا، دەلێم مامۆستا محەمەد گۆرانی برام، هەرچەندە بە جەستە لە یەکترەوە دوورین. بەس هەردەم بیرم لای کەسە خودنەویست و هاوڕێیانی ئەدەبدۆستی ئێوە و مانایە و گەورەترین دیاری لای بەندە وشە و ڕستە و نامیلکە و پەرتوکن. ئەوانیش لای بەهرەمەندان و قەلەم بەدەستانی خۆتان ئاسا دەست دەکەون. سەخاوەتی و دەستکراوەییتان مەرتەبەیەکی خواییە و وەسفی ناکرێ. هەر هەبن تەندروست و بەهرەدار و ژیان پڕ خێر و خۆشی. دوباره سپاس.
وێنەکە بەرگی هەردوو پەرتوکەکانە کە لەلایەن ڕێزدار مامۆستا محەمەد گۆران نوسراون و دەست خۆشیی لێدەکەین.
No comments:
Post a Comment