Saturday, April 15, 2023

کوچک، ئاگردان:


پێشی بێمە سەر باسی کوچک، دەمەوێ وەبیر خۆمانی بهێنمەوە کە هەتا کۆتایی سالانی حەفتاکانیش، لە زۆربەی ناوچەکانی شاخاویی برادۆست و دەوروبەریدا، حەز لە یەکتر کردنی کچ و کوڕان شتێکی ئاسایی بوو. دەکرا دایک و باب ڕێگری مندالەکانیان بوبن لە بە یەکتر گەیشتن و هەولیان دابێ ببنە بەربەست، بەس قەت نەدەگەیشتە ئاستی کوشتن و لەناو بردنی جگەرگۆشەکانیان لەسەر خۆش ویستن. بەس چاولەدەری و داوێن پیسیی ژنی مێرددار و پیاوی ژندار ڕێگەپێدراو نەبوو و دەکرا هانا بردرابا بەر کوشتن یان تەمبێ کردن و هەتک کردن. دیارە کەسانێکی عەقل دڕوندە ئەو سەردەمیش هەبونە و هانایان بردیتە بەر کەپبڕین، سەرتراشین و ماست بەسەری تراشراودا کردن و هەتا دوایی. 



بیستملە گوندێک پیاوێکی ناخ ڕەش و دلپیس ژنێکی لایێق و ژیر و هەردەم ڕوخۆش و سەعبەتچیی دەبێت. هەردەم دەر و دراوسێ بە ڕوگەشی و لاقردیەوە لەگەلی دەدوێن. مێردەکەی دلپیسیی لێدەکات و هەر پێیدەلێ ( تۆ چاولەدەری، تۆ دەستت لەگەل فلانی تێکهەل کردووە، فلانە پیاوە لەبەر تۆ هاتن و چونمان دەکات). بەهەرحال مێردەکەی توشی دەروون نەخۆشی دەبێت و بە ژنەکەی دەلێ،ئەو گوندە بەجێدەهێلین و مال بار دەکەین دەچینە گوندێکی تر“. چەندە ژنە لەبەری دەپاڕێتەوە و پێیدەلێ،خەلکی ئەو گوندە باش و جیران خۆش و یارمەتیدەرن، پێویست ناکات لێرە بارکەین“. مێردەکە قبول ناکات و بڕیاری بارکردن جێبەجێ دەکات. لە ڕۆژی بار لە پێڕۆیانان پێکوچکەکان دەهێنی و لەسەر سەرباری بارێک باریان دەکات. مێردەکەی بە سەرسوڕمانەوە دەلێکچێ ئەو بەردە قورسانە بۆ بار دەکەی، ما ئەو جێگایەی لەبۆی دەچین، بەردی لێنینە بیانکەینە پێکوچک؟ ژنەکەی وەلام دەداتەوە و دەلێما ئەو جێگایەی لەبۆی دەچین، نێرینەی لێنینە ئەگەر من داوێن پیس و چاولەدەر بم؟


هەر ئەوتۆ دەربارەی (پێکوچک)

ئەگەر کەسێک کرداری باش نەبان و لەبەر کردارەکانی باری کردبا، پێیاندەگۆتهەتا خاوەنی ئەو عەقل و کردارە خراپانە بێت، کوچک یان پێکوچکی لە هیچ جێگایەک بە تەنی نابن“. واتە ناتوانێ لە چ جێیەک تەواو بنەجی بێت و دامەزرێت.  پێکوچک بەو بەردانەی ڕۆخی کوچک (ئاگردان) دەگۆترێ.


جارێک من و باپیرم لەبەر حەیوانی بوین، واتە شوان بوین. باپیر ناردمی بۆ ئاگر هەلکردن و چایە لێنان. چوم هندەک بەردی زۆر بەرزم هێنان و کردمە پێکوچک. ئاگرم کردەوە و پڕ سەر دارم کردن و کتریی چایەم لەسەر پێکوچکان دانا. هەرچەندە دار و چیلک و زلک و قەزەپم دەخستنە سەر ئاگری، گوڕی ئەوەندە بەرز نەدەبویەوە کە تێن بگاتە کتری و بکولێ. باپیرم هات و چاوی بەو پێکوچکان کەوت، یەکسەر گۆتیکوڕە عیسالۆک ئەو پێکوچکە بلندانە چنە داتناون؟ ئاخر چۆن تێنی ئاگری دەگاتە کتریێ لەو بەرزاییە. پێکەوە هندەک بەردی نەوی و نزممان هێنان و پێکوچکمان گۆڕین بۆ ئەوەی زوو کتریی چایە بکولێ. باپیرم گۆتیدەزانم مێشکت گەورەتر لەخۆی بیردەکاتەوە بۆیە پێکوچکی بەرز و گەورەت داناون. دوور نییە لە ژیانتدا هەر گەورەتر لەخۆت بیر بکەیتەوە.


واتای پەیڤەکان:

پێکوچک واتە بەرد یان ڕەخەکانی کوچک. کوچک واتە ئاگردان. بەرۆکی کوچکی واتە پێش ئاگردان و ئەو جێگایەی پەلەمۆری ڕادەمالدرێتێ و چایە و خواردنی لەسەر دادەنێن هەتا لەسەر نەرمە تێنێ دەکەلی، یانیش سارد نەبیتەوە. کەپ واتە کەپوو، دفن، لووت، قەپۆز، پۆز. لێرەدا پۆز، واتە لووت. بەس لە هندەک زاراوەدا پۆز، واتە قوون.