Wednesday, February 7, 2018

خدری زیندی.


سلاو بۆ سه‌رجه‌م هه‌ڤالان.
به‌ڕێزان، كه‌ مندال بوین و له‌ناو كۆمه‌لگایه‌كی دیندار و نه‌خوێنده‌وار و ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و دوور دوور له‌  په‌روه‌رده‌یه‌كی زانستی و فێركاری و فێرخوازیدا چاومان به‌ ڕۆناكیی ژیان هه‌لهێنا. ئێمه‌ی مندال ده‌بایه‌ وه‌ك زه‌لامان به‌شداری له‌ ئیش و پیشه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ماندا بكه‌ین. ده‌بایه‌ جۆتیاری و بژاره‌ و پشتی كێشانه‌وه‌ و په‌رژین و داربڕین و مه‌ڕداری و هه‌تا دوایی له‌گه‌ل گه‌وره‌كان به‌ڕێوه‌ ببه‌ین.  هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی مندالیشه‌وه‌ مێشكمان به‌ خوڕافیات و چیڕۆكی هه‌لبه‌ستراوو بێ بنه‌ما ئاخێندرابو. بڕوایان به‌ زۆر شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ و پێكه‌نیناوی بۆ دروست كردبوین.

ئه‌وه‌ زۆر باو بو كه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی شه‌ش حه‌فت سالان،  مندالان ناچار بكرێن به‌ نوێژ كردن و ڕۆژو گرتن و سه‌لاوات و ته‌هلیلاتی ئایینی. تاكه‌ جێگای په‌روه‌رده‌مان ته‌نها ماله‌وه‌ بو. ماله‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می په‌یدا كردنی ڕزق و قوتی ڕۆژانه‌یان بو، هه‌رگیز له‌ توانایاندا نه‌بو بیر له‌ خوێنده‌وار كردن و په‌روه‌رده‌ی زانستیی مندالانیان بكه‌نه‌وه‌.
وه‌ك ده‌زاندرێ، هه‌موو ڕێبازه‌كان، شتی جوان و ناشیرینی تێدا هه‌ن، شتی ڕاست و هه‌لبه‌ستراویشی تێدا جێگیر كراون و ده‌كرێن.

گوندیان و جۆتیاران زۆر به‌ گرینگیه‌وه‌ له‌ عه‌ید و عه‌ره‌فات و نوێژی عه‌یده‌كانیان ده‌ڕوانی. له‌ عه‌یده‌كاندا، به‌یانی پێشی ڕۆژ هه‌لبێت، له‌ مه‌زگه‌فت یان له‌ جێگایه‌كی دیاریكراو كۆده‌بونه‌وه‌. مندالانیش وه‌ها ڕاهێنرابون كه‌ عه‌ید ده‌بووه‌ جێی خوێن گه‌رمی و پێشوازی كردنێكی به‌ سه‌لیقه‌وه‌ بۆیان. له‌گه‌ل ڕۆژهه‌لات نوێژی جه‌ژن ده‌كرا. به‌و شێوه‌ باسیان بۆ ئێمه‌ی مندال كردبو كه‌ گوایه‌ زۆربه‌ی عه‌یده‌كان، خدری زینده‌ وه‌ك فریشته‌یه‌كی خوایی به‌شداری تێدا ده‌كات و له‌سه‌ر شێوه‌ی كه‌سێكی ئاسایی تێكهه‌لی عه‌یدگێڕان ده‌بێت. به‌تایبه‌ت له‌ نوێژی عه‌یداندا، ده‌كرێ خدری زینده‌ له‌ سه‌فی تۆدا، یال له‌ ده‌ستی چه‌پ و ڕاستی تۆدا بۆ نوێژ وه‌ستابێت. بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ سه‌لامی مل درایه‌وه‌ و نوێژ ته‌واو بو، له‌ كه‌سانی ڕێزی خۆته‌وه‌ ده‌ست به‌ ته‌وقه‌ و پیرۆزبایی جه‌ژن بكه‌یت. به‌تایبه‌ت كه‌ ته‌وقه‌ له‌گه‌ل هه‌ر ئاماده‌بوه‌ك ده‌كه‌یت، ده‌ستی به‌ توندی بكوشه‌. چونكی خدری زینده‌ وه‌ك فریشته‌ی خوایی، به‌ده‌نی بێ هێسكه‌ (ئێسك) و هیچ هێسكه‌كی ڕه‌ق له‌ناو ده‌سته‌كانیدا نییه‌. كه‌ ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ت كوشی كه‌ ته‌وقه‌یان له‌گه‌ل ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر خدری زینده‌ بو، به‌هۆی بێ هێسكیه‌وه‌ هه‌ستی پێده‌كه‌یت و ده‌توانی ده‌ستی به‌رنه‌ده‌ی و هه‌رچی مراد و ئاواتێكت هه‌بێت، لێی داوا بكه‌یت و بۆت جێبه‌جێ ده‌كات. واته‌ خدری زینده‌ وه‌ها وه‌سف ده‌كرا كه‌ فریشته‌یه‌‌كی نه‌مره‌ و له‌ لایه‌ن خوداوه‌ مخه‌یه‌ر كراوه‌ بۆ به‌هاناوه‌ چونی هه‌ر كه‌سێكی خوایی و یارمه‌تیدانی و جێبه‌جێكاریی هه‌ر ئاوات و ویست و داواكاریه‌كی هه‌یبێت و له‌ زۆربه‌ی بۆنه‌كانی خوداپه‌رستی و خێراتدا به‌شدار ده‌بێت.
بۆیه‌ چه‌ند به‌یت و بالۆره‌یان پێی هه‌لده‌گۆتن. دانه‌یه‌كم له‌بیره‌ و بۆتان به‌ نمونه ده‌هێنمه‌وه‌‌.

ده‌گۆترا:
خدر دبێ ئه‌ز خدرم،
هه‌تا هه‌تا وه‌ز نامرم، 
لهه‌ر جێگایانحازرم.

دیاره‌ مندالانیش به‌شێكیان ئه‌و خورافیاتانه‌یان زۆر به‌توندی وه‌رده‌گرتن، به‌شێكیشیان هه‌ر به‌ ساده‌یی لێیان ده‌ڕوانی و نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی توندڕه‌وی و قه‌تعی. 
خۆم بڕوای زۆرم به‌ خدره‌ زیندووه‌كان هه‌یه‌، به‌لام ئه‌و خدرانه‌ی من بڕوام پێیان هه‌یه‌، زۆر له‌خۆم بێچاره‌ترن و ده‌كرێ زۆرێكیان هه‌ر دیندار و خوداناسیش نه‌بن. چه‌نده‌ به‌دوای خدری زینده‌دا گه‌ڕاین و چه‌ندین خدری زینده‌مان بینین، كه‌چی هیچیان ئه‌وه‌ ده‌رنه‌چون كه‌ بتوانێ یه‌ك ئاواتی كه‌سێكی پێویست بهێنیته‌دی. دلنیاشم بچوكترین ئاواتی هیچ كه‌سێكیان پێناهێته‌دی. زۆرێك له‌ خدره‌كان ده‌ستیان له‌ تاوان و تۆقانیشدا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌.

مرۆڤگه‌ل له‌ حه‌یری مانی خۆی و سه‌ر ده‌رنه‌كردنی له‌ قودره‌ت و گه‌وره‌یی خوداوه‌ند، سه‌ر لێشێواوه‌ و هانا بۆ خه‌یال و خورافیات ده‌بات. هۆشیاری مرۆڤ له‌ زۆر شتی هه‌لبه‌ستراو دوور ده‌خاته‌وه‌. به‌و هیوایه‌ی په‌روه‌رده‌و پێگه‌یشتن و ژیانێكی ئارام، ئاوات و ئامانجی هه‌ر مرۆڤێك بێت.