Saturday, March 3, 2018

٥ جۆره‌ دار: به‌شی ٢

٦- داره‌ به‌ن: 
داره‌ دێمه‌. به‌ن دارێكی هه‌تا بلێی ڕه‌قه‌، بۆ ئاگر به‌كه‌لك ناهێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌په‌قیته‌وه.(ده‌ته‌قیته‌وه‌) هه‌ر كه‌سێكی له‌به‌ر ئاگری داره‌ به‌ن دانیشی، حه‌تمه‌ن به‌رگی ده‌سوتێ. ئاگری داره‌ به‌ن زۆر خۆش و گه‌ش ده‌بێت، به‌لام هه‌تا كۆتایی، په‌ق و تره‌قیتی له‌ ته‌قینه‌وه‌ و پڕوشك هاویشتن. داره‌ به‌ن، به‌رێكی زۆر خۆشی پێوه‌ دێت كه‌ به‌شێكی شه‌وچه‌ره‌ی زستانان، به‌ری داره‌ به‌ن بو، به‌پێی زاراوه‌ و ناوچه‌، ناوی جیاوازی هه‌ن. ناوه‌كان، قه‌سكوان، قه‌زوان، كه‌زوان، كه‌زان. ده‌كرێ ناویتریشی هه‌بێت. داره‌ به‌ن له‌ هه‌موو لك و پۆپ و تایه‌كانی، بنیشتی تێده‌چزی. كه‌سانی زیره‌ك ده‌توانن ته‌نها به‌ بنیشت به‌شێكی پێداویستی ماله‌وه‌یان دابین بكه‌ن. له‌هه‌مان كاتدا، بنیشت بۆ چه‌ندین كولك و ده‌رد به‌كار ده‌هات. ئه‌گه‌ر جێگایه‌كی داره‌ به‌ن بریندار بێت، بنیشتی زۆر تێهه‌لده‌دات. دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری برادۆست هه‌رگیز داره‌ به‌نیان بۆ بنیشت بریندار نه‌ده‌كردن و زۆر ده‌یانپارستن. به‌لام كۆتایی سالانی حه‌فتا، كه‌سانێك هه‌بون له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا ده‌هاتن و داره‌ به‌نیان بریندار ده‌كردن و شتێكیان له‌بن برینه‌كه‌ داده‌نا هه‌تا پڕ بنیشت ده‌بو. ئه‌گه‌ر دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌ بیانبینیبان، ڕێگایان پێ نه‌ده‌دان و نه‌یانده‌هێشت، داره‌كان بۆ بنیشت خراپ بكرێن. زۆر داره‌ به‌ن هه‌بون، ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ ده‌بون، ناوه‌ندیان قولێر ده‌بو، زۆر داره‌ قولێر مێشی هه‌نگوینی تێدا جێنشین ده‌بون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داری به‌ردار بو، دانیشتوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ر، داری به‌رداریان بۆ خاتری هه‌نگوین نه‌ده‌بڕیه‌وه‌ و مێشه‌كه‌ هه‌ر تێدا ده‌مایه‌وه‌. مه‌گه‌ر هرس (ورچ) داره‌كه‌ی دابایه‌ به‌ر قه‌پالان و تێكی دابا. داری به‌ن ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌ق بو، هرسه‌كانیش زه‌فه‌ریان پێیدا نه‌ده‌چو. به‌ری داره‌ به‌ن، قه‌سكوان پاییزان له‌ جۆنی و هاوندا ده‌كوتران و ده‌كرانه‌ كوشمه‌. زۆر كه‌س هه‌بون نانیان به‌ كوشمه‌ی قه‌سكوان و تاوك ده‌خوارد و باشترین پێخۆر بو بۆ برسی نه‌بون و خۆڕاگری.

٧- شنۆك: 
شنۆك (بنه‌وشۆك) هه‌مان جۆری داره‌ به‌نه‌، به‌لام گه‌وره‌ و به‌رز نابێت، هه‌ر تۆزێك له‌ عه‌رز به‌رز ده‌بنه‌وه‌، له‌ شێوه‌ی ته‌ڕاش. بنیشتیان پێوه‌ دێت به‌لام كه‌متر له‌ به‌ن یان به‌نۆك، قه‌زوانیشیان پێوه‌ دێن، به‌لام له‌ قه‌زوانی داره‌ به‌ن وردتر و ناسكترن و خۆشترن.

٨- تاوك: 
داره‌ تاوك، لك و پۆپه‌كانی وردی، زۆر قرپۆكن و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌چنه‌ سه‌ر داره‌كان، جێی متمانه‌ نین و ده‌كرێ ده‌ست باوێنه‌ هه‌ر لكێكی زراو، بشكێت.‌ داره‌ تاوك به‌ دارێكی پیڕۆز ده‌بیندرا و زۆر كه‌س هه‌بون، ته‌خته‌ دارێكی بچوكیان لێی دروست ده‌كرد و ده‌نه‌خشاند و له‌ ملی مه‌ڕ و بزنانیان ده‌كرد و بڕوایان وابو، بۆ چاوو زاران باشه‌ و مالاتیان ده‌پارێزرێ. خۆم بینیتم داری تاوكیان به‌ نه‌خشێكی زۆر جوان له‌ ملی مندالانیش ده‌كرد و بڕوایان وابو، به‌هۆی داری تاوك، ئه‌و مندال له‌ چاوو زاری پیس ده‌پارێزرێ. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی داری تاوكیان به‌ده‌ست ده‌كه‌وت، بهاران بزمكی كار و به‌رخیان لێ دروست ده‌كه‌رد و دارێكی خاوێنه‌، ده‌و (ده‌م) ی كارو به‌رخی كول نه‌ده‌كرد.
 به‌ر ده‌گری و به‌ره‌كه‌ی زۆر خۆشه‌، هه‌ر له‌سه‌ر ڕه‌نگی قه‌سكوانه‌. به‌ری داره‌ تاوك به‌ شینی ده‌خورێ و وشكیش ده‌كرێ و زۆر به‌ له‌زه‌ته‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی تاوكیان وشك ده‌كردن و پاییزان له‌ جۆنیدا ده‌یانكوتان و ده‌یان كردنه‌ كوشمه‌‌. تاوك زۆر نینه‌ وه‌ك داره‌ به‌ن و قه‌سكوان. داری تاوك. بنیشتی نییه‌. 

٩- گیوشك:  
دار گیوشك، (گێوژ) هه‌مووی دڕك و ستریه‌. زۆر كه‌س ملاك و كه‌وچكه‌ دۆو هسكیویان له‌ داری گیوشك دروست ده‌كردن و له‌ دوای ته‌واو بون، له‌ناو ڕونیان ده‌كولاندن و سۆر و ڕه‌نگ خورمایی هه‌لده‌گه‌ڕان. چه‌ندین جۆره‌ گیوشك هه‌یه‌ و به‌ری جیاواز ده‌ده‌ن. هنده‌ك گیوشك هه‌نه‌، به‌ری ئه‌وه‌ند خۆشه‌، مرۆڤ لێیان تێر نابێت. زۆربه‌ی پاییزان، كه‌ شوان ده‌هاتنه‌وه‌، به‌ جانتای پڕ له‌ گێوشكه‌وه‌‌ ده‌هاتنه‌وه‌. گێوشك پاییزان كلاشه‌یان ده‌كرد و ئاژه‌لان پێیان خه‌نی ده‌بون. كیوشكه‌ سۆر، كیوشكه‌ زه‌رد، كیوشكه‌ ڕه‌ش گیوشكه‌ شین هه‌نه‌.

١٠- كه‌وۆت: 
كه‌وۆت (كه‌ڤۆت) دارێكی له‌ ڕه‌نگی گیوشكه‌، به‌لام نه‌ به‌ری هه‌یه‌، نه‌ دڕكی پێوه‌نه‌.
شێنه‌ی كه‌وۆت ده‌كرانه‌ گۆپال و داری كه‌وۆت بۆنه‌كه‌ی زۆر خۆشه‌. داری كه‌وۆت (كه‌ڤۆت) هنده‌ك توره‌ی شێنه‌یی زۆر جوانی هه‌بون و بۆ دار جغاره‌ (دار جگاره‌، باسكه‌ جگاره‌) به‌كار ده‌هاتن و به‌ شیشك و كه‌وان ده‌سمتران و ده‌نه‌خشێندران و جگاره‌ی توتنی فه‌لیان پێ ده‌كێشران.

١١- به‌لالوك:
به‌لالوك (هه‌لهه‌لۆك) به‌لالوكی به‌ر سۆر و زه‌رد و سۆر تاری هه‌بون. له‌ خواردن هه‌موو ڕه‌نگه‌كانیان خۆش بون، به‌لام هه‌ركه‌سی ده‌یخواردن، به‌هه‌لكه‌وت نه‌ما، پێی زگچویی (ئیسحال) ده‌بون. شێنه‌داری به‌لالوك گۆپالی زۆر جوانیان لێ دروست ده‌بون. دارجگاره‌، باسكه‌ جگاره‌ی دڕێژ و سه‌یریان لێ دروست ده‌كردن. كه‌ داره‌ به‌لالوكیان به‌ شیشك و كه‌وان ده‌سمتن، ڕونیان لێده‌دا و دار جگاره‌كه‌ ده‌بووه‌ ڕه‌نگێكی ڕه‌ونه‌قداری خورمایی.