Wednesday, November 28, 2018

دڕوندایه‌تیی گورگ

دڕوندایه‌تیی گورگ

سالی ١٩٧٦ بۆره‌نگیه‌كی ساردی پاییز، پاییزێكی دره‌نگ و له‌ ژیان زیز، كه‌ردی بزنه‌كانمان كولب ئاسا سه‌ریان له‌ له‌وه‌ڕ به‌رز نه‌ده‌كرده‌وه‌ و به‌دوای ئێمه‌ی هیلاك و سه‌رما بردودا نه‌ده‌هاتنه‌وه‌ به‌ره‌و مال، ئێمه‌یش ده‌ست و پلك (په‌نجه)‌مان ته‌زی بون و سوڕكی بارانی پاییزیمان لێ هه‌لوه‌ستابون و به‌رگه‌ی زێده‌تر مانه‌وه‌مان نه‌ده‌گرت، په‌له‌مان بو بزنه‌كان داكه‌ینه‌ هۆل و بچینه‌وه‌ به‌ر تێنی سۆبه‌ (زۆپه‌)ی داری گزره‌، هه‌م به‌رگی ئاو هه‌لگرتومان كزر بكه‌ینه‌وه‌، هه‌میش نانێكی ده‌ستی دایكمان بخۆین و تۆزێك بحه‌سێینه‌وه‌. بزن داكرانه‌ هۆل و گاڕه‌ش داكرانه‌ پاگ و ده‌رگا له‌ پێچه‌ك دران و شه‌و ڕاشكا. 

باپیرمان كه‌سێكی خوایی و ڕوح زیندو بو، هه‌رده‌م شه‌وان سه‌ردانی هۆلی بزن و پاگی چێل و گۆلكانی ده‌كردو زه‌ینی ده‌دانێ نه‌وه‌ك شتێكیان به‌سه‌ر هاتبێ و به‌بن ده‌ست و پێی یه‌كتر كه‌وتبن، یانیش ده‌رگا و كوله‌نگ ته‌واو قه‌ییم نه‌كرابن و بێنه‌ده‌رێ و گورگ بیانخوا. دوای فڕ كردنی ماشه‌ برنجێكی ڕۆن و خواردنه‌وه‌ی چایه‌كی دێم كراو له‌سه‌ر په‌له‌مۆری ئاگردان‌ له‌به‌ر تێنی سۆبه‌ی داران و گه‌رم بونه‌وه‌مان، سه‌رماو ماندیبون وزه‌ی لێبڕیبوین و له‌شمان پێویستیی به‌ حه‌سانه‌وه‌ هه‌بو و خه‌و ده‌یبردینه‌وه‌، چاومان بلند نه‌ده‌بون، له‌و ساتیدا، ده‌نگی باپیرمان به‌رز بویه‌وه‌ و "گۆتی، كوڕه‌ عیسا، هۆلی بزنان نیوه‌چۆل دیاره‌، هه‌ستن بزانن بزنه‌كان هه‌موویان داكراون؟" ئێمه‌یش ناچار به‌ خه‌والووی ڕاپه‌ڕین و له‌گه‌ل باپیر چوینه‌ ناو هۆلی بزنان، باپیرمان سه‌رناسێكی نه‌قۆلا بو، ناوی چه‌ند بزنێكی هینا و گۆتی، "كوا بزنی مسیك‌، كوا بزنی گیوبه‌ل، كوا فلان فلان فلان،" به‌و شه‌وه‌زه‌نگی پێحاساین كه‌ زیادتر له‌ په‌نجا سه‌ری بزنه‌كانمان دانه‌كراون و له‌ ده‌ره‌وه‌ ماونه‌وه‌ته‌وه‌. ناچار له‌ جیاتی نوستن، به‌ربوینه‌ ده‌ودۆلی سولێ و ناو په‌رچ و دارستانی دێرێ و هه‌تا شیوی ڕه‌نیان و بزنمان پێ نه‌بیندرانه‌وه‌، شه‌و هه‌تا به‌یانی نه‌مانتوانی داكاسێین و نه‌نوستین و دانه‌نیشتین، بزنه‌كان هه‌ر نه‌دۆزرانه‌وه‌. به‌یان ڕۆنی كرد، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ورو باران بو، به‌س ئه‌ستێره‌كان هێدی هێدی له‌به‌ر ڕۆناكایی ڕۆژ كزتر ده‌بون، ئێمه‌ ڕومان دایه‌ ناو چه‌لكه‌كانی هنداو چه‌می سولكێ، له‌وێ به‌سه‌ر كه‌له‌شه‌ بزنێكماندا هه‌لنگوتین، وێوه‌تر چوین، كه‌له‌شێكتر و دوان و ده‌یان، هه‌تا چوینه‌ ئه‌وبه‌ری شیوی ڕه‌نیان، زیاد له‌ بیست كه‌له‌شه‌ بزنی مردار كراومان بینین له‌گه‌ل چه‌ندێكی بریندار و خوێن له‌ قوڕگ و كونه‌ كه‌پووان داڕژاو. هه‌ر به‌رده‌وام بوین له‌ به‌دواداچونمان، له‌ چخته‌ چیای به‌ینی گوندی زیاره‌ت و شیوی ڕه‌نیان گه‌یشتینه‌ ئه‌و بزنانه‌ی به‌ ڕوح له‌ هێرشی گورگان ده‌رباز ببون و خۆیان له‌ ئاسێیاتیی ئه‌و چیا دابوو هه‌تا گورگ نه‌یانگه‌نێ.  بزنه‌كان ئه‌وتۆ هه‌له‌ته‌ ببون، به‌زۆر توانیمان كۆیان كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی ساخ و برینداربون بیانهینینه‌وه‌ بۆ مالێ، له‌ مالێش خه‌ریكی ده‌رمان كردنی به‌شێكیان بوین، چه‌ندێكیش برینیان زۆر سه‌خت بو، ناچار بوین بیانكوژینه‌وه‌ و گۆشته‌كه‌یان خاوێن كه‌ینه‌وه‌ و به‌ناچاری بیانكه‌ینه‌ خێر و به‌سه‌ر گوندیانماندا دابه‌شیان بكه‌ین. ئێمه‌ی ته‌مه‌ن هه‌رزه‌ و بێ ئه‌زمون، زۆر خه‌فه‌تبار و داماو بوین به‌و ڕوداو. كه‌ باپیرمان بینیی، داماوی و غه‌مباری ڕوخساری تێكداوین و زۆر كاریگه‌ریه‌كی قورسی له‌سه‌ر ده‌رونمان جێهێشتووه‌، هاته‌ دلدانه‌وه‌مان و بانگی هه‌موومانی كرد، گۆتی، ئه‌و ڕوداوه‌ له‌بیركه‌ن، هه‌وله‌كانتان چڕتر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌و جۆره‌ ڕوداوانه‌ بگرن و ده‌رفه‌ت بۆ گه‌له‌گورگ نه‌ڕه‌خسێ، كه‌ ده‌رفه‌ت بۆ گه‌له‌گورگ ڕه‌خسا، كار له‌كار ترازا و خه‌مباری له‌ زه‌ره‌ری ده‌روونی و به‌ده‌نی به‌ولاوه‌ هیچ سودیتری نییه‌. پاشان ئه‌وه‌ی هیچی نه‌بێت، هیچی له‌ده‌ست ناچێت، ئه‌وه‌ی شتێكیشی هه‌بێت، ده‌كرێ له‌ده‌ستیشی بچێت، ئێمه‌ بزنمان هه‌بون و به‌شێكمان له‌ده‌ست چون، به‌س زۆر زیادترمان ماون و خزمه‌تی ئه‌وان بكه‌ن هه‌تا، چیترمان له‌ده‌ست نه‌چن. ئه‌وان به‌شی ئێمه‌ن و گورگه‌كان به‌شی خۆیانیان خواردن. قسه‌كانی باپیرمان ئارامیبه‌خش بون و زۆر یارمه‌تیده‌رمان بو بۆ له‌بیر چونه‌وه‌ی غه‌مباریی ئه‌و ڕوداو.

به‌ڕێزان، ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌ڕداریان كردبێت، ده‌زانن كه‌ گورگ دڕونده‌یه‌كی چاوبرسییه‌، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی بۆ هات و به‌ناو كه‌رد و ته‌رشی مه‌ڕ و بزن كه‌وت، به‌ دانه‌یه‌ك و دوان و ده‌یان واز ناهێنی، هه‌تا هێزی له‌به‌ر دایه‌ و بتوانێت، مردار و بریندایان ده‌كات و له‌ هه‌لدێر فڕێیان ده‌داته‌خوار، ده‌كرێ په‌نجا دانه‌ مردار بكات و كیلۆیه‌ك گۆشتیان نه‌خوات، به‌س ئه‌وه‌ ته‌بیعه‌ت و خولقییه‌تی ئه‌و گیانه‌وه‌ره‌یه‌ كه‌ گورگی ناوه‌. گیانداره‌ گۆشتخۆره‌كانیتر وانین، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر هرس (ورچ) بكه‌وێته‌ ناو كه‌رده‌ مه‌ڕ، یه‌ك دانه‌ی ده‌باو ته‌واو، زۆر له‌ گۆشتخۆرانیتریش هه‌ر وه‌ك ورچ وان، ته‌نها گورگ نه‌بێت. به‌شێكیش له‌ مرۆڤه‌كان سیفه‌تی گورگیان هه‌یه‌، هزاران شتیان داهات بێت، چاوتێر نابن و به‌ شه‌رعی و ناشه‌رعی هه‌ر هه‌ولی زیادتر ده‌ده‌ن، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ڕوتاندنه‌وه‌ی هه‌ژاران و چه‌وسادنه‌وه‌ی نه‌داران، ئه‌و مال و سه‌روه‌ته‌ی كۆیشی ده‌كه‌نه‌وه‌، ڕوبعێكیان پێناخورێ، باقی ده‌بێته‌ میراته‌ و خه‌لكانیتری سیفه‌ت گورگ گلی ده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌ هه‌موویان سه‌روه‌ته‌كه‌ بێخێر ده‌كه‌ن و لێناگه‌ڕێن كه‌سیتر خێری لێببینێت. بۆیه‌ش په‌ندی پێشینان گۆتویه‌تی، (مالی نه‌خۆری، بۆ چه‌كمه‌بۆری) مرۆڤی ژیندۆست و چاوتێر، هه‌رده‌م خێرو به‌ره‌كه‌ته‌، به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ به‌شی خۆی ده‌خواو و به‌شی خه‌لكانیتر گلناداته‌وه‌. به‌و هیوایه‌ی هه‌موومان مرۆڤی به‌ قه‌ناعه‌ت بین و خۆمان دوور بگرین له‌ چاوچنۆك و چاوچنۆكی و به‌ به‌شی خۆمان ڕازی بین.