Wednesday, June 22, 2016

عاره‌ب به‌ خوتبه‌ی كورد ڕازی نییه‌.

عاره‌ب به‌ خوتبه‌ی كورد ڕازی نییه‌.
مه‌لا مه‌شهور ده‌لێ، ئه‌گه‌ر من نه‌مردبام، گه‌له‌ گورگ كه‌ره‌كه‌میان نه‌ده‌خوارد.
دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عثی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌غدا، هه‌رچی گروپی تێكده‌رو تیرۆرستی جیهان هه‌یه‌، ڕویان كرده‌ لاشه‌ی بێخاوه‌نی عێڕاق و ده‌ستیان به‌ داپلۆسینی كردو سه‌ریان له‌ تێكڕای هاولاتیانی ئه‌و وه‌لاته‌ شێواندو توشی كوشت و بڕو تالان و ملشكان و ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ریان كردن.
هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانیش بێبه‌ش نه‌بون له‌ چاندنی تۆی تیرۆرو تۆقاندن و تالان كردن و برسی كردن و ته‌به‌سه‌ر كردن له‌لایه‌ن گه‌له‌ گورگی ناوه‌خۆو ده‌ستی ده‌ره‌كی، لێ دیسان وه‌ك په‌ناگه‌یه‌كی لێ هاتووه‌ بۆ ئه‌و هاولاتیه‌ مه‌سیحی و عاره‌به‌ ته‌نگ پێ هه‌لچنراوانه‌ی له‌ جنوب و ناوه‌ڕاستی عێڕاق ئاواره‌ ده‌بن و ده‌رفه‌تی ده‌رچونیان بۆ هه‌نده‌ران نه‌بووه‌.

بۆیه‌ به‌و هۆیه‌وه‌، گشت ناوچه‌و شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردان پڕ بون له‌ مه‌سیحی و عاره‌ب، به‌شێكی زۆری عاره‌بی مه‌ڕداریش، هه‌ر بۆ خۆشی و جه‌وی سازگار، ڕویان له‌ ناوچه‌كانی كوردنشین كردو خۆیان وه‌ك خاوه‌ن مال و خاوه‌ن ماف و هاولاتی عێڕاقێكی یه‌كپارچه‌یی ئه‌ژمار كردووه‌. عاره‌به‌ هه‌ژاره‌كانیش هه‌ر وه‌ك هه‌ژارانی كورد، له‌ بێچاره‌یی هانایان بردۆته‌ به‌ر دینداری و چاولێكه‌ری و به‌جێ گه‌یاندنی ڕوكن و ئه‌ڕكه‌كانی دینی ئیسلام. له‌و ڕۆژانه‌دا ناسیاوێكم كه‌ هه‌لگری ناسنامه‌ی ئه‌مه‌ریكایه‌ و به‌ نیازی خۆی به‌ یه‌كجاری گه‌ڕابویه‌وه‌ بۆ خاكی ڕه‌سه‌نی باپیرانی له‌ شاری هه‌ولێر، به‌لام به‌هۆی زۆرداریی گه‌له‌ گورگ و تالانكاران و بێ كارو كه‌سابه‌ت و ژیانێكی ناهه‌موارو پڕ له‌ ئێش و ئازاری ده‌ررونی. ناچار به‌ جل و به‌رگی له‌به‌ریان به‌ منداله‌وه‌ هه‌لدێنه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكاو من و خانه‌واده‌م پێشوازیمان لێیان كردن و له‌گه‌ل چه‌ند دۆستێكمان هه‌ولی جێنشین كردنه‌وه‌مان بۆ دان.

ئه‌و خێزانه‌ بۆیان گێڕامه‌وه‌ و گۆتیان، هه‌رێمی كوردستان جممه‌ی دێت له‌ عاره‌ب. عاره‌بێك و كوردێك ده‌بنه‌ دراوسێ و هه‌ردوكیان نوێژكه‌رو دین په‌رست ده‌بن و چوار پێنج خوتبه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌چنه‌ نوێژی خوتبه‌، پاشان له‌ ڕۆژێكی خوتبه‌دا، كورده‌كه‌ بانگی دراوسێ عاره‌به‌كه‌ی ده‌كات و ده‌لێ، كاتی خوتبه‌یه‌، هه‌سته‌ بابچین بۆ خوتبه‌، عاره‌به‌كه‌ ده‌لێ تۆ بڕۆ، من بڕیارم داوه‌ چیتیر نه‌چمه‌ خوتبه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، خوتبه‌كان ئایه‌ت و حه‌دیسی لێ ده‌ربچێ، باقی به‌ كوردی ده‌خوێندرێنه‌وه‌ و هیچی لێ تێناگه‌م، مادام لێی تێنه‌گه‌م، نه‌چونم باشتره‌ له‌ چون.

كورده‌كه‌ش پێی ده‌لێ، مالت به‌ قوڕێ گیرێ، ئێمه‌ی كورد هزارو چوارسه‌د ساله‌ ده‌چینه‌ خوتبه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دینه‌كه‌ سه‌رتاپای به‌ زمانی عه‌ره‌بیه‌ هیچی لێ تێنه‌گه‌یشتوین و تێی ناگه‌ین، به‌لام به‌بێ زانین و تێگه‌یشتن، هه‌ر به‌رده‌وام بوینه‌و به‌رده‌وامین له‌ خوتبه‌.

به‌ڕێزانم، ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر هزرێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ نییه‌ و من بۆخۆم وه‌ك مرۆڤ ته‌ماشای گشت جیاوازیه‌ كلتوری و جل و به‌رگی و زمانه‌كان ده‌كه‌م. به‌لام گه‌لێك كه‌ خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست دینێكی غه‌یره‌ زمان و به‌بێ لێتێگه‌یشتن و زانیاری ته‌واو، ته‌نها به‌ شیعاری مه‌لا مشه‌خۆره‌كانی ژیان له‌سه‌ر كیسه‌ی هه‌ژاران و سه‌رفتره‌و زه‌كات و نوشته‌و خێرات و ته‌مبه‌ل و ته‌وه‌زه‌ل، وه‌ هه‌رگیزیش ئاماده‌ نه‌بێت ڕۆژێك له‌ ڕۆژان گومانێك بكات و مافی پرسیار به‌خۆی بدات و هه‌ر به‌دوای ئاواز بكه‌وێت و سه‌ر له‌قێن بێت، چۆن ده‌توانێ خۆی له‌ ژێرده‌سته‌یی ڕزگار بكات و بڕوا به‌ هه‌بون و هێزو توانای خۆی بكات؟ 

دلنیام كه‌ ئه‌و گه‌له‌ هاژوران له‌ خوێن و ده‌ماره‌كانی دایه‌و هه‌رگیز ناتوانێ به‌و شێوه‌ ڕابه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بكات، ده‌بێ هه‌رده‌م له‌ لایه‌ن ده‌ستێكی زۆردار به‌ڕێوه‌ ببرێ و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ناوچه‌كه‌ش وابخوازێ كه‌ كوردی عێڕاق جیا ببێته‌وه‌ و حوكمی خۆمالی دروست ببێت، هه‌ر وه‌ك ئێستا، چه‌ند كه‌سێكی خۆپه‌رست ده‌بنه‌ شوانیان و به‌كه‌یفی خۆیان هه‌لیان ده‌سوڕێنن و ده‌یان كه‌نه‌ قوربانی به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌مترین ناڕه‌زایی ته‌بایی ده‌رببڕن.

No comments:

Post a Comment