Wednesday, September 28, 2016

Hatinî berêz Nadia Murad bo Lincoln, NE

هاتنی به‌ڕێز: نادیه‌ موراد بۆ شاره‌كه‌مان.



گرد بونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ گوێگرتن له‌ ده‌ربڕین و ئاخاوتنی ناخی ئه‌و كچه‌ی وه‌ك سه‌دان كچیتری كوردانی ئێزدیی كه‌ له‌ شنگال و ده‌وروبه‌ری كه‌وتبونه‌ ده‌ستی تیرۆرستانی ئیسلامی (داعش) و به‌ سه‌بایه‌و كۆیله‌و به‌ند كرابون و كه‌س و وارسیان سه‌ر بڕابون و له‌ بازاڕی بێ ئه‌خلاقیی داعشدا، كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ كرابو.

دیاره‌ به‌خت یاوه‌ری نادیه‌ خان ده‌بێت و دوای مانه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌ستی تیرۆرستان، ده‌توانێ خۆی ده‌رباز بكات، له‌پاش ده‌رباز بونی، بوێرانه‌و جه‌ریئانه‌ ده‌ستی كردوه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و تاوانه‌ به‌دئه‌خلاق و به‌دڕه‌وشت و دوور له‌ ویژدانی مرۆڤایه‌تیی داعش كه‌ به‌رامبه‌ریان كراوه‌. 

وه‌ پێ به‌ پێ و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌بێ درێغی و پشودان، له‌ ڕۆژی ده‌رباز بونیه‌وه‌ هه‌تا ئێستا، كارێكی ژیرانه‌و دلسۆزانه‌ی كردوه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئه‌سیر كراوان و ڕاكێشانی سه‌رنجی زۆربه‌ی دانیشتوانی جیهان بۆ خۆی و قه‌تل و عام كردنی ئێزدیه‌كانی شنگال و ئه‌و ژن و كچانه‌ی وه‌ك سه‌بایه‌ كاریان له‌گه‌لدا كراوه‌و له‌ بازاڕه‌كانی كه‌ڕامه‌ت شكێنی مرۆڤایه‌تی ئیسلامیه‌كاندا كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ كراوه‌.
وه‌ چالاكیه‌كانی كاریگه‌ریه‌كی زۆریان هه‌بوه‌ له‌سه‌ر ڕای گشتی جیهان، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت و بتوانێ به‌رامبه‌ر ئه‌و چینه‌ برجوازو خۆپه‌رستانه‌ی ناوه‌خۆو ده‌ره‌كی بێلایه‌نی و كرداره‌ مه‌ده‌نی و مرۆڤایه‌تیه‌كانی بپارێزی، كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌تری لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ. به‌و هیوایه‌ی هه‌ر وابێت. 

وه‌ك ده‌زاندرێ، زۆرێك له‌ ده‌وله‌تانی زلهێز، نادیه‌ خان،یان بانگهێشت كردوه‌ و سه‌رۆكه‌كانیان چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌لی ئه‌نجام داوه‌، هه‌تا سه‌ردانی یونایتد نه‌یشنی United Nationی كردوه‌ و له‌وێشه‌وه‌ به‌ سه‌فیری نیازپاكی ده‌ست نیشان كرا‌وه‌.

ئێستا كاری نادیه‌ خان له‌وه‌ ده‌رچوه‌ كه‌ ته‌نها باسی به‌سه‌رهاتی خۆی بكات و هه‌ر خه‌می خۆی بێت و به‌س. به‌لكو ئه‌و ئێستا هه‌لگری بارێكی زۆر قورسی خه‌مه‌كانی ئه‌و ژن و مندال و كچانه‌ی به‌ كۆله‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا دیل و به‌ سه‌بایه‌ و كۆیله‌ كراوی ده‌ستی داعشن و نازاندرێ به‌ چ شێوه‌یه‌كی دوور له‌ ئه‌خلاق معامه‌له‌یان پێوه‌ ده‌كرێ و ئازاد نه‌كراون. هه‌ر ئه‌وتۆ خه‌می ئه‌وانه‌یه‌تی كه‌ مالوێران كراون و ڕاوه‌دو نراون و به‌شێكیان له‌ چادرو كه‌مپه‌كاندا ژیانێكی ناهه‌موارو ده‌روونی به‌سه‌ر ده‌به‌ن. وه‌ درێژه‌ به‌ تێكۆشانه‌كانی ده‌دات  بۆ ناساندنی ژێنۆسایدو تۆقاندن و تاوانه‌كانی داعش كه‌ به‌سه‌ر ئێزدیه‌كانیان هێناوه‌.
پێش ده‌ست پێكردنی قسه‌و باس، به‌ڕێز نادیه‌ خانمی هه‌ست فریشته‌یی و ناخ پڕ له‌ ئاهو ناسۆرو ڕوخسار به‌ ته‌می خه‌ماوی، به‌ناو ئاماده‌بواندا هات و چاك و چۆنیی له‌گه‌ل دایكان و خوشكان و باوك و برا جه‌رگ سوتاوه‌كانی ئێزدی ده‌كردو به‌شێك له‌ دایكان ڕووه‌و ڕوخساری خه‌ماویی نادیه‌ خان ده‌هاتن و باوه‌شیان پێیدا ده‌گرت و له‌گه‌ل باوه‌ش و ماچ كردن، چاوه‌كانیان دلۆپ دلۆپ فرمێسكیان داده‌ڕژاندن و به‌بێ ده‌نگی ڕومه‌تیان له‌ ئه‌سرینان ده‌ستڕیه‌وه‌، 
ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌ستێكی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌، ئه‌و دیمه‌نه‌ی ده‌دیت، ناخی پۆلایینیشبا توانای خۆڕاگریی نه‌ده‌بوو، زۆربه‌ی ئاماده‌بوان‌  چاوه‌كانیان ئاوتێزاوو هه‌ناسه‌ی ساردو ئاخ هه‌لكێشانیان تێكهه‌لاوی یه‌كتر ده‌بون. دلنیام كه‌ زۆر له‌ ئاماده‌بوان پێشتر به‌ نیازی ئه‌وه‌ بون كه‌ به‌شداری قسه‌ كردن بكه‌ن و له‌گه‌ل دیداری ئه‌و دیمه‌نه‌ ناخ ڕوخێنه‌، نوتقیان گیراو توانای ده‌ربڕینی هیچ په‌یڤێكیان نه‌ما.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و تاوانه‌ داخداره‌ی ده‌رحه‌قیان كراوه‌‌، خۆشبه‌ختانه‌ نادیه‌ خان توانایه‌كی خوایی و هێزداری هه‌یه‌ بۆ هێنانه‌ زمان و باس كردنی مه‌رگه‌سات و سوكایه‌تیی دژیان ئه‌نجام دراوه‌. تاوانه‌كانی ئه‌و ئیسلامیانه‌ی له‌ژێر په‌رده‌ی دین و ناوی ئه‌للاهو ئه‌كبه‌ڕدا به‌رامبه‌ر مرۆڤایه‌تی كردویانه‌و ده‌یكه‌ن، له‌كه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ به‌ ڕوخساری مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ و  ئازارو ناسۆرێكی نه‌بڕاوه‌یه‌ له‌ ناخی سه‌رجه‌م مرۆڤه‌ ویژدان زیندوه‌كانی جیهان.




عیسا سێودین

No comments:

Post a Comment