Wednesday, January 4, 2017

كلتورو فه‌رهه‌نگی خۆ هه‌لكێشان.

كلتورو فه‌رهه‌نگی خۆ هه‌لكێشان.
كه‌سانی بێ بڕوا به‌خۆیان و كه‌م تواناو حه‌ز به‌ خۆ ناساندن و خۆ گه‌وره‌ كردن و خۆ به‌ هێز پێشانده‌ر، هه‌رده‌م ده‌ست بۆ نزمترین شت ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌همی بۆ خۆیان بخولقێنن یان واهه‌ست بكه‌ن كه‌ به‌و شێوه‌ له‌ناو خه‌لكدا شوهره‌ت په‌یدا ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ جێی مه‌دح و سه‌نای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان.

ئه‌و كلتوره‌ سه‌قه‌ت و بالۆنییه‌‌ له‌وانه‌وه‌ ده‌ستی پێ كردوه‌ كه‌ هه‌رده‌م حه‌زیان له‌وه‌ بووه‌ پێیان هه‌لبگۆترێ و به‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌و كاربه‌ده‌ست و كارگێڕو شێخ و ئاغاو به‌گ و مه‌لا و موختارو ڕوتبه‌دارو هه‌تا دوایی ناویان بهێنرێ و خۆیانی پێ ببه‌نه‌ پێش له‌ناو كۆمه‌لگادا.

كه‌سێك كه‌ بڕوای به‌ هه‌بون و قودره‌تی واقعی خۆی هه‌بێت، چ پێویست ده‌كات هانا به‌رێته‌ به‌ر كاری وه‌همی و خۆ هه‌لكێشان و زیاده‌ڕۆیی؟

زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ سه‌رۆك و به‌رۆك و سه‌ركرده‌ و سه‌ركاری كوردستانی عێڕاق ده‌زانن، سه‌ربارێكی قورس و كاره‌ساتبارن به‌سه‌ر شانی هه‌ژارانه‌وه‌ و له‌ كاری بازرگانی و تالانی و دزی و حیزی و تێكده‌ری و خۆفرۆشی و خیانه‌ت زیاتر هه‌تا ئێستا هیچیتریان لێ به‌رهه‌م نه‌هاتوه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش، سه‌رۆكی ولاتێك سه‌ردانی دام و ده‌زگاكانی خۆی ده‌كات له‌ كوردستان، یان خاوه‌ن كارگه‌ و كارخانه‌ بازرگانیه‌كان سه‌ردانی كارگه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌ كوردستان، 
ئه‌و نه‌فس نزم و بێ شه‌خسیاتانه‌ی خۆیان به‌سه‌ر هه‌ژارانی كورددا سه‌پاندوه‌ له‌ژێر نه‌قیزه‌ و پالپشتی هێزی سه‌رمایه‌داری ده‌ره‌كیدا، ده‌چن فه‌رشی سور بۆ ئه‌و سه‌ردانیكه‌رانه‌ به‌ قوتی هه‌ژاران ڕادێخن و پێشوازیان لێ ده‌كه‌ن و وێنه‌یان له‌گه‌ل ده‌گرن و له‌ مێدیای چه‌واشه‌كاردا بلاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆر گه‌وره‌ به‌ هاولاتیانیان ده‌فرۆشنه‌وه‌. 
بۆ نمونه‌، 
سه‌ردانی كردنی سه‌رۆكی فڕه‌نسا François Hollande 
بۆ به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ عێڕاق، 
پێشوازی كردنی له‌ لایه‌ن سه‌رانی پارتی و وابه‌سته‌كانیان، به‌ ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی هێنرایه‌ به‌ر باس و پێشانی هاولاتیانیان دایه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌داوێكی بۆ كورد پێ به‌سترابێته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌و كلتوره‌ وه‌همیه‌یه‌، وای له‌ زۆرێك له‌ كۆمه‌لگای كوردی كردوه‌، كه‌ هه‌موو شتێك بۆ خۆهه‌لكێشان و قوده‌یی به‌كار بهێنرێ. خۆ هه‌لكێشان به‌ وێنه‌ گرتن له‌گه‌ل سه‌رۆك و مه‌سئوله‌ 
خۆپه‌رسته‌كان، خۆهه‌لكێشان به‌ ئۆتۆمبێل، خۆهه‌لكێشان به‌ ته‌له‌فۆن، به‌ جل و به‌رگ، به‌ چه‌ك، به‌ پاره‌، به‌ واسته‌كاری، به‌ براده‌رایه‌تی، به‌ دین، به‌ هێز، به‌ خێل، به‌ ناوچه‌، به‌ شار، به‌ گوند، به‌ بنه‌ماله‌، خۆ هه‌لكێشان به‌ هه‌موو شتێكه‌وه‌، ته‌نها عه‌قل و ته‌ربییه‌ت و كردار نه‌بێت.

بۆیه‌ ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌لگادا هاتووه‌، به‌بێ گۆڕانكاری له‌ په‌روه‌رده‌ و هۆشیاری له‌ كۆمه‌لگادا، چاره‌سه‌ری ئاسته‌مه‌. پێویسته‌ له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ستی پێبكرێ.


ڕووی ئه‌م نوسینه‌ له‌و كه‌سانه‌ نییه‌ كه‌ وێنه‌ بۆ یادگاری ده‌گرن، نه‌ك بۆ قوده‌یی. 
چونكی جوانترین یادگاریی زیندوو، وێنه‌یه‌.

No comments:

Post a Comment