ته‌مه‌نی هه‌رزه‌ییمان.
له سه‌ره‌تای سالانی حه‌فتاكاندا، ئێمه كۆمه‌له هه‌رزه‌یه‌كی تازه پێڕاگه‌یشتوو بوین له گوندی به‌نه. هه‌ر له ته‌مه‌نی مندالایهتی و ههرزهییماندا په‌روه‌رده و خوێندنگامان شوان كاری و به‌رخ و مه‌ڕ و جۆتكاری بو. له سه‌رده‌می هه‌رزه‌ییمان له گونداندا، ته‌كنه‌لۆژیا بونی نه‌بو. نه سمارت فۆن، نه سمارت تیڤی، نه كۆمپیوته‌ر، نه سههۆلبهند، (ثهلاجه) نه قهڕسێنهر، (مجه‌میده) نه ئه‌لیكتریك، (كاره‌با) نه وێنه‌كێش، (كامیرا) نه زیندی، ( لایف ) نه خه‌زێنه ( بانق ) نه ئۆتۆمبێل (سه‌یاره) نه دكتۆر و په‌رستیار و داوو ده‌رمانی مخهددر، نه ده‌رزی و نه‌شته‌رگه‌ری، نه بنكه‌ی هه‌یته ( پۆلیس ) نه جاده و پڕوپاگنده‌ی سه‌رمایه‌داری، نه بانگه‌وازی ئازادیی درۆیینه،
نه به‌ندیخانه‌ی زۆرداریی، نه دادگای تاوانبار، نه پارێزه‌ری چه‌نه‌باز، نه بازرگانی جامباز و هه‌تا دوایی، هیچیان له ناوچه دوور و
دهرازهكانی ئێمه‌دا بونیان نه‌بو.
ئه‌وه‌ی هه‌بو، ژیانێكی سروشتیی دوور له كێمیایی و ههلئاوساندن و پفدان و حیله و كلاوات بو. به‌پێی توانا‌و زانینی ئه‌و سه‌رده‌م، هه‌ر خۆمان وه‌ستای خان‌و دروست كردن بوین، خۆمان دارتراش و سه‌رتراش و بیرێزهری ئاش و به‌رد بڕی باگوردان و جۆتیار و كه‌له‌خ بڕ و ئاودێر و ڕه‌زه‌وان بوین. نه نه‌خۆشخانه‌مان ده‌ناسین، نه ده‌رمانمان پێویست بون، نه نه‌خۆش ده‌كه‌وتین، نه هه‌واو سه‌رما و گه‌رماو ئاوگۆڕی و دژونی و زینده‌وه‌ر و ڤایرۆس كاریان تێده‌كردین. نه یاكترمان به‌كار ده‌هێناو نه یه‌كترمان به قه‌رزدار ده‌زانی و نه پێویستیمان به پاره‌ی زۆر و ژماره زانین و ئالاتی ژمێریار (حاسیبه) هه‌بو، نه درۆزنان ناویان له درۆكردن ده‌نا سیاسه‌ت، درۆكهر هه‌ر به درۆزن ناوی ده‌رده‌كرد نه‌ك به سیاسی و دبلۆماسی.
هه‌موومان له په‌یوه‌ندییه‌كی پاك و چاك و توند‌و بته‌و دابوین و به‌رده‌وام هه‌ره‌وه‌زی و زباره و نۆره‌ی درونه و دار‌و دیواری یه‌كترمان به گرینگ‌ترین ده‌زانین. سه‌ره‌ڕای كه‌ماسی و نه‌بونیش، دانیشتوانی گوندان زۆر چاوتێر و به قه‌ناعه‌ت بون. زۆربه‌ی جاران هه‌ر خواردنێك ده‌چووه سه‌ر كوچك و ئاگردانی هه‌ر مالێك، به‌شی جیرانه‌كان و هاوگوندیان ده‌درا.
ئێمه‌ی هه‌رزه و ئه‌وانه‌ی خۆمان به لاوی تازه پێگه‌یشتوو ده‌زانی، له جیاتی سمارت فۆن و لایف و سێلڤی، تاكه ئالاتێكی جوانكاری و خۆ تێڕا دیتنه‌وه، ته‌نها هه‌ر یه‌كه‌مان ئاوێنه‌یه‌كی گچكه‌ی چوار گۆشه‌مان هه‌بو، پێمان ده‌گۆت، قۆدیا چا‌وا. واته قۆدیی چاوان، یان ئاوێنه‌ی ده‌م و چاو له‌به‌ر جوانكردن. زۆرێك له‌و قۆدیه بچوكانه، دو ڕو بون، دیوه‌كیان ئاوێنه بو، دیوه‌كه‌یتر، وێنه‌ی كچی كافرۆشی له‌سه‌ر بو.
ئه‌و ئاوێنه هه‌رده‌م له گیرفانمان داب‌و. زۆر جوان به‌رگمان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌شكێ و مه‌حته‌ل نه‌بین. هندهكیش، ئاوێنه‌كه‌یان له‌به‌ر شوتك ( پشتبێند ) داده‌نا. زۆربه‌مان پشتبێندی پان و حه‌فت گه‌ڕمان ده‌به‌ست و ده‌مانتوانی شتی وه‌ك سابونۆك و قۆدیی چاوان و شه له‌به‌ر پشتبێند دانێین و نه‌كه‌ون. هه‌رچه‌نده زۆر پێویستی شه (شانه) نه‌بوین، چونكی به موس و گیوزان سه‌رمان لۆچ ده‌كرد، جار هه‌بو كه مووه‌كان سه‌ریان ههلدهدایهوه، له كلاومان ده‌چه‌قین، به‌زۆر نه‌مانده‌توانی كلاو له‌سه‌رمان بكه‌ینه‌وه. خونچه گوله تازه پشكوتو و نهژاكاوه كچه‌كانیش، هه‌ر یه‌كه‌یان كیسه كلدانێكی بچوكیان هه‌بو، هه‌م كل و كلچیو و شهی تێدا بو هه‌م قۆدیی چاوانیان له گیرفانی كلدان داده‌نا و قهیتانێكی بچوكی پێوه بو، به‌و قه‌یتان كلدان ده‌پێچرا. له‌هه‌ر جێگایه‌ك كاتیان هه‌با، كلدانیان ده‌كرده‌وه و چاوه‌كانیان كل ڕێژ ده‌كردن بۆ چاوبڕكانێ له‌گه‌ل هه‌رزه كوڕه ماندو نه‌ناسه‌كانی گوندی. هه‌ر وه‌ها شوان كار‌و به‌رخ و مه‌ڕی نێر‌و مێمان هه‌بون. واته مه‌رج نه‌بو ته‌نها كوڕگه‌ل شوانی بكه‌ن، زۆرێك له كچانیش شوانیان ده‌كرد. له هه‌موو ژیانی گوندانمدا، نه‌مبینی و نه‌مزانی ژنێك، كچێك، له‌سه‌ر ڤین و ڤینداری بكوژرێ. مرۆڤی دڕونده و بكوژ نه‌بون. هه‌ركاتی كه‌سێك ده‌مرد، ده‌نگی مردن به ناوچه‌كه‌دا بلاو ده‌بویه‌وه و ساف و هه‌یبه‌تێك له‌ناو گوندیان دروست ده‌بو و زیادتر ڕوویان له ئینسانه‌تی و خێرات و خودا په‌رستی ده‌كرد.
ژیانی سروشتیی گه‌نجانه‌یش هه‌ر په‌یڕه‌و ده‌كرا. هنده‌ك جاران، ئه‌گه‌ر كوڕه‌ك حه‌زی له كچێكی شوانكار بایه و نهیوێرابا له نزیكه‌وه حه‌زو ئاره‌زوه‌كانی بۆ بدڕكێنی، ئه‌وا له ڕۆژه خۆشه‌كاندا، له‌و ڕۆژانه‌ی سامال بان و گواله هه‌ور (عه‌ور) چاوی ڕۆژی بزر نه‌كردبا، ده‌چووه به‌رامبه‌ر كچه‌كه‌و دوور به دوور، جار هه‌بو، هه‌ر یه‌كه‌یان له به‌رێكی ڕوبار ئاوێنه بچوكه‌كه‌ی له‌به‌ر پشتبێند ده‌رده‌هێناو بركی قۆدیی ده‌دایه كچه‌كه. ئه‌گه‌ر كچه‌یش ڕه‌نگدانه‌وه و حه‌زی به‌رامبه‌ری هه‌بایه، ئه‌وا ئه‌ویش ئاوێنه‌كه‌ی له گیرفان و ناو كلدان ده‌رده‌هێناو به تیشك و بركی قۆدی، وه‌لامی ده‌دایه‌وه. ئه‌گه‌ر گهنجێكیتر هه‌ستی كردبا كه كچه‌ك ئه‌ڤینداری كوڕێكی لادێكهیهتی، به‌هیچ شێوه تخونی ئه‌و كچه نه‌ده‌كه‌وت و نهێنیه‌كانی نهدهدڕكاندن.
پاییزان بهردهبوینه ناو لێری دار مازین و ده‌ستمان به مازی چنین ده‌كرد. ئێواران كه جه‌نتاو تور و بهرامپیلمان پڕ له مازی ده‌كردن، به‌ره‌و گوندی ده‌گه‌ڕاینه‌وه. هه‌رچی زووتر خه‌لاس ده‌بو، له گه‌رووی داوه‌تیان چاوه‌ڕوان ده‌بو هه‌تا هه‌موومان له‌وێ ده‌گه‌یشتینه‌وه یه‌كتر و ئه‌گه‌ر هیچ ته‌مه‌ندار و سۆفیمان له‌گه‌ل نه‌بان، ئێمه‌ی ته‌مه‌ن بهاریی نێر و مێ، ده‌ستمان به داوه‌ت و دیلان ده‌كرد، به‌و داوه‌ت كردن، هیلاكهتیی ته‌واوی مازی چنینمان له‌بیر ده‌چویه‌وه. كه تێر داوه‌ت و سهعبهت و پێكه‌نین ده‌بوین، ئه‌وجا تێلهكهی مازیهكانمان له پشتێ ده‌داو به‌ره‌و مالان ده‌گه‌ڕاینه‌وه. (به‌ڕێزان، گه‌رووی داوه‌تیان، نهقهبێكه ده‌كه‌وێته قه‌د چیا به‌ن. ئه‌وانه‌ی كه ده‌چونه لێڕستانی ناوچیان و كه‌لێتان و ناومێرگان، گشتیان له‌و نه‌قه‌ب، ده‌گه‌یشتنه‌وه یه‌كتر).
به‌لێ ژیانمان سه‌خت و ناله‌بار بو، به‌لام هه‌موو شتێك تام و چێژ و نرخی خۆی هه‌بو. ته‌ندروستیه‌كی زۆر بته‌ومان هه‌بو. مێشكمان به هیچه‌وه جه‌نجال و مژول نه‌بو. وه‌ك شاره مێروستان، هه‌ر یه‌كه‌مان كاری خۆمان ده‌زانی و له‌گه‌ل نوێژی سبیانێ ده‌ستبه‌كار ده‌بوین. وه‌ك ده‌گۆترا ( شۆل شێره، كه ده‌ستت هاویشتێ، ده‌بێته ڕوی (ڕێوی)، ئه‌و په‌نده ڕاست بو، هیچ شۆل و كارێك خۆی له‌به‌رمان ڕانه‌ده‌گرت. ناوچه‌كه‌مان زۆر ئاسێ بو. ڕوباری بۆش و ترسناك و هه‌لدێر و پڕ سولاغمان هه‌بون. جار هه‌بو ڕوباره‌كان سه‌رجه‌م پرده‌كانیان ڕادهمالین. هه‌تا پرد دروست ده‌كرانه‌وه، گوردمان به‌كار ده‌هێنان بۆ په‌ڕینه‌وه. هه‌موو كه‌س نه‌یده‌وێرا به گورد بپه‌ڕیته‌وه، چونكی زۆر به ترس بو. گورد، داوه ڕست بو، له هه‌ردو دیوی ڕوباری ده‌به‌سترا و بۆسه‌یه‌ك (حه‌لقه) له دار دروست ده‌كرا. شته‌كان و مرۆڤه‌كان به‌و بۆسه، ههلدهواسران و به داوه ڕستێكیتر له‌و به‌ر بۆ ئه‌و به‌ر ڕادهكێشران و ده‌په‌ڕینه‌وه. زۆر كه‌سی شاره‌زاو زیره‌كیش هه‌بون، له به‌رده‌باز ده‌په‌ڕینه‌وه. ئه‌وانه‌ی بۆ په‌ڕینه‌وه ده‌چونه به‌رده‌باز، كه‌سانی شاره‌زا بون. له‌بیرمه به‌رده‌بازێك له به‌ینی شیوی ڕهنیان و گۆڕه گیوشك هه‌بو. ئه‌گه‌ر پرد نهمابان و گوردیش نه‌با، ناچار ده‌چوینه ئه‌و به‌رده‌باز بۆ ده‌رباز بون له ڕوبار.
به‌ڕێزانی خوێنه‌ر، بابه‌تی ژیانی گوندان، ڕۆمانێكه، ڕۆماننوسی لێوه‌شاوه‌ی پێویسته. هه‌رگیز ئه‌و ڕۆمانه به كه‌سێكی ساده‌ی خۆم ئاسا، به تێر‌و ته‌سه‌لی نانوسرێته‌وه. به‌لام هه‌ر هه‌ولم داوه، كه‌مێك له‌و ژیانه جوانه‌ی گوندان به‌بیر بهێنمه‌وه.
No comments:
Post a Comment