مالباتی شێمه‌د حاجی
به‌پێی زانیاریی به‌رده‌ستمان، شێمه‌د سێ كوڕی هه‌بون
حاجی و حهمهدعهلی و ڕه‌شید.
یوسف سۆفی حاجی،یش، ئامۆزایان بو.
به‌بیری من، دایك و باوكی هیچیان نه‌مابون، حاجی، له سه‌ره‌تای سالانی ١٩٥٠ كاندا له‌گه‌ل خوشكی حه‌سه‌ن و حوسێن شۆشنهیی ببونه هاوژین، هه‌تا كۆتایی ژیانیان، ده‌وری شه‌ش حه‌فت كوڕیان په‌یدا بون و هیچ كچیان نه‌بون. حاجی شێمه‌د كه‌سێك بو له مرۆڤه سه‌رناس و مێرخاس و دیاره‌كانی ئه‌و ناوچه. حهمهدعهلیی برای هه‌رده‌م پشت و په‌نای بوو هه‌رگیز له ته‌نگانه‌دا پشتی به‌رنه‌ده‌دا، حهمهدعهلی كه‌سێكی كه‌م دوێن و سه‌ر ڕاست و لێوه‌شاوه بو، هه‌رچیی له‌ده‌ستیشی هاتباو چه‌نده به‌توانا و كار
له‌ده‌ست هاتیبا، هیچ خۆی نهدهپهسنی، هه‌رده‌م له فه‌رمان و كرداری حاجیی برای لانه‌ده‌دا و پرس و ڕای پێده‌كردن و هاوده‌نگی بو. حهمهدعهلی له ناوه‌ڕاستی سالانی ١٩٥٠كاندا هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ل ژنێك پێك هێنابو به‌ناوی زێڕین. دێینه‌وه سه‌ر چیڕۆكی حهمهدعهلی و زێڕین-
ڕه‌شیدی برابچوكیان، كه‌سێكی زه‌عیف و بێ چنگ و لنگ بو، ژنی نه‌هێنا بو، هه‌ر له‌ناو مالی حاجیی براگه‌وره‌یدا ده‌ژیا و به ڕه‌شكۆ ناودێریان كردبو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌شكۆ له كۆتایی سالانی په‌نجاكاندا له ته‌مه‌نی لاوییدا توشی نه‌خۆشیه‌ك ده‌بێت، بۆ ئه‌و سه‌رده‌م و له‌و ناوچه‌دا، ده‌ردێكی بێ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، نه‌خۆشیه‌كه په‌نجه‌كانی ده‌ست و پێیانی ده‌گری و لێیده‌بێته خۆركه، پێست و سه‌ره په‌نجه‌كانی ڕووه و هه‌لوه‌رین و سه‌قه‌ت بون ده‌بنه‌وه، هه‌ر به‌و هۆی و ترسی گوازرانه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه، ئه‌ندامانی خێزانی برای، خۆی لێده‌پارێزن و وه‌ك پێویست خزمه‌تی ناكه‌ن، به‌بێ یارمه‌تی و پشتگوێ خراو ده‌مێنێته‌وه، بۆیه سه‌ره‌ڕای ژان و ئازاری نه‌خۆشییه‌كه‌ی، شه‌ڕی ده‌روونیشی ده‌بێته سه‌ربار.
كه ئێمه به‌هۆی شه‌ڕی به‌ینی بنه‌مالی بارزانی و شێخ ڕه‌شیدی لۆلانییهوه ئاواره بوین، زستانی سالی ١٩٦٢ له‌سه‌ر ١٩٦٣ حاجی شێمه‌د و مسته‌فای باوكم و ڕه‌سول برایم، داوای هاریكاریان له سالح ئاغای ماوه‌رانی كرد، ئه‌ویش جوامێرانه یارمه‌تیی داین و جێگای بۆ چه‌ند خێزانێكمان كرده‌وه. گوندی ماوه‌رانێ له خوار شهقلاوایه، هه‌ر چۆن بێت، ئه‌و زستانی له‌وێ ماینه‌وه. كه سالح ئاغا ڕهشكۆی به‌و شێوه بینی و زانیی، مالی برای لهتوانایاندانییه به‌دوای چاره‌سه‌ر كردنیدا بگه‌ڕێن، داوای له حاجی و حهمهدعهلی كرد و گۆتی، من ڕه‌شكۆ ده‌به‌مه لای خۆم و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كه‌ی ده‌كه‌م. سالی ١٩٦٣ ئێمه ماوهرانمان به‌جێ هێشت و ڕه‌شكۆ له‌ناو مالی سالح ئاغادا مایه‌وه، پاشان سالح ئاغا ڕهشكۆی بردبووه به‌غدا و چه‌ند دكتۆرێكی تایبه‌تیان پێكردبو و نه‌خۆشیه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر كرابو. ئێمه‌یش له ئاواره‌ییدا ماینه‌وه هه‌تا بڕیاری ١١ی ئاداری سالی١٩٧٠، كه بڕیار درا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر گونده‌كانمان، حاجی و حهمهدعهلی چوبونه سه‌ردانی ڕهشكۆیی و داوایان لێ كردبو كه له‌گه‌لیان بگه‌ڕێته‌وه، به‌لام ڕه‌شكۆ پێیگۆتبون، برای دلسۆزی من سالح ئاغایه، هه‌ر ئه‌و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كه‌ی كردم و له دكتۆران گێڕامی و خه‌رجیی لێكردم، ئێستایش من خۆم به خزمه‌تكاری ئه‌و ده‌زانم و هه‌تا له ژیاندا مابم، كوڕی مالی ئه‌وانم و له‌گه‌لتان ناهێمهوه. ناچار براكانی به‌بێ ڕه‌شكۆ گه‌ڕانه‌وه. ڕه‌شكۆ به خزمه‌تكاری مایه‌وه هه‌تا سالح ئاغا كۆچی دوایی كرد، له سالی ١٩٧٨ گونده‌كانی ئێمه كه‌وتنه به‌ر تهڕحیل و وێران كردن و ئێمه‌یش ڕاگوازراینهوه بۆ كۆمه‌لگای بانیقهبران له نزیك ناحیه‌ی شۆڕش (دێگه‌له) دیسان براكانی داوایان له ڕه‌شكۆ كرد كه بگه‌ڕێته‌وه لایان، به‌لام ڕازی نه‌بو، له‌پاش كۆچی دوایی سالح ئاغا، ڕه‌شكۆ نه‌یتوانی به خزمه‌تكاری بمێنێته‌وه، هه‌ستا هاته هه‌ولێر و له‌سه‌ر جاده‌كانی هه‌ولێر پاكه‌ت فرۆشیی ده‌كرد بۆ په‌یدا كردنی بژێوی ڕۆژانه و درێژه‌دانی به ژیان.
له ١٨-٨-٢٠١٨ قسه‌م له‌گه‌ل نه‌وه‌یه‌كی حاجیی برای كرد‌و پرسیاری ڕه‌شكۆ،م لێی كرد، له وه‌لامدا، ”گۆتی، هه‌ر به‌رده‌وام بو له پاكه‌ت فرۆشی هه‌تا دو سال پێشی ئێستا، به‌لام ئه‌وه دو ساله بێ سه‌رو شوێنه و چه‌ندی پرسیمان و به‌دوایدا گه‌ڕاین، كه‌س هیچی لێ نه‌زانیوه. به‌ڕاستی من گۆتم، دوور نییه بوبێته كه‌رسته‌ی پیلانگێڕانی كوردایه‌تی و كارێكی نه‌گونجاویان پێ ئه‌نجام دابێت و فهووتاندیانبێت.
حه‌مه‌د عه‌لی و زێڕین له سالانی ١٩٥٠كاندا هه‌تا ناوه‌ڕاستی سالانی ١٩٦٠تهكان، هاوژین و دلسۆزی یه‌كتر بون، به‌خت ڕه‌شی بال به‌سه‌ر، زێڕین،دا ده‌كێشی و ژنێكی نه‌زۆك ده‌رده‌چی، چه‌ندی هانا ده‌به‌نه به‌ر دوعا‌و نوشته و شێخ و مشایێخان، هه‌وله‌كانیان بێ به‌رهه‌م ده‌بن، له‌پاش كورته‌یه‌ك له هۆیه‌كانی ئاواره بونمان، ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسی حهمهدعهلی و زێڕین.
گێڕانه‌وه‌ی ژیانی هه‌ر كه‌سێكی ناوچه‌كه‌مان له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ڕابردودا، ناچارمان ده‌كات كه باسی شه‌ڕه‌كانی به‌ینی شێخ ڕه‌شید لۆلانی و شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی بخه‌ینه ناوی. چونكی به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌وه، خه‌لكان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر ببون. له‌و شه‌ڕاندا ده‌یان مال له هه‌ردو لایان بێ سه‌روه‌ر بون و چه‌ندان خانه‌دان تۆبڕ ببون، هه‌ر جاری لایه‌كیان كه‌مینیان بۆ لایهكهیتر داده‌نێن و هه‌ژاره گوێ لهمستهكان، یه‌كتریان له خوێن گهوزاندبو و منداله بێتاوانه‌كانیان هێتیم و سێوی خستبون و له برسا و ترسا‌و نه‌بونیدا تولاندبویانهوه. دیاره سۆفیه‌كانی شێخ ڕه‌شید لۆلانی به چه‌كی خۆیان و بڕوا‌و فیداكارییهوه له به‌رگریدا بونه بۆ پارێزگاری و مانه‌وه‌ی خۆیان و ته‌كیه‌ی لۆلان، هه‌رده‌م به‌رپه‌رچی هێڕشبه‌رانی بنه‌ماله‌ی بارزانیان داوه‌ته‌وه، نه‌مزانیوه هیچ كات سۆفی و برادۆستیهكان هێرشیان كردبێته سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆلی تابعانی بنه‌ماله‌ی بارزانی، ته‌نها له به‌رگری دابونه و توانیان بو، خۆڕاگرانه پارێزگاری له گونده‌كانیان بكه‌ن، هه‌تا مه‌لا مسته‌فا و شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و له‌شكریان چوبونه كوردستانی ئێران، به‌ناوی ئه‌وه‌ی به‌هانای قازی محهمدهوه ده‌چن بۆ دامه‌زراندنی كۆماری مهاباد. كه ئێران كۆماری مهابادی كۆنتڕۆل كردبووه‌وه، له مانگی چواری سالی ١٩٤٧دا ئێران ته‌نگی به چه‌كدارانی مه‌لا مسته‌فا و شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی ههلچنیبو و ناچار ببون به‌ره‌و سێگۆشه‌ی ئێران و عێڕاق و توركیا هه‌لبێن. شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی ته‌سلیمی ده‌وله‌تی عێڕاق ببویه‌وه. هندی مه‌لا مسته‌فا بو، نهیویستبو ته‌سلیم بێته‌وه و به‌خۆی و ده‌وری پێنج سه‌د چه‌كداره‌وه، ویستیانبو بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌ی شێروان و بارزان، هیچ ڕێگایتریشیان نه‌بو، ناچار ده‌بایه به‌ناو گونده‌كانی برادۆستاندا گه‌ڕابانه‌وه، بۆیه له‌سه‌ر سنور، مه‌لا مسته‌فا قاسدی ناردبونه لای شێخ ڕه‌شید لۆلانی و داوای یارمه‌تی و ڕێگا پێدانی لێی كردبو. شێخ ڕه‌شید لۆلانی ڕێگای پێدابون و وه‌عدی داب‌و كه یارمه‌تیان بدات هه‌تا ده‌ربازی ده‌ریا سۆریان ده‌كات، سه‌ره‌ڕای نزیكه‌ی بیست سال خوێن ڕژان له‌به‌ینیان، له‌سه‌ر فه‌رمانی شێخ ڕه‌شید، سه‌رجه‌م گونده‌كانمان، خزمه‌تێكی بێوێنه‌یان بۆ مه‌لا مسته‌فا و هێزه‌كانیان كردبو هه‌تا ده‌ربازی ناوچه‌ی به‌ڕۆژیان ببونه‌وه به‌ره‌و ده‌ریا سۆر و گوندی شێروان، پاشان حكومه‌تی عێڕاق ڕاوی مه‌لا مسته‌فا و هێزه‌كانی نابون و ده‌رپه‌ڕیبون به‌ره و ڕوسیا، ئه‌و ماوه‌ی مه‌لا مسته‌فا و ڕه‌فیقه‌كانی له ڕوسیا مابونه‌وه و شێخ ئه‌حمه‌د له‌ژێر چاودێریی حكومه‌تی عێڕاق داب‌و، ناوچه‌ی برادۆست، ئه‌مینترین و بێكێشهترین جێگا بووه، كه‌واته هه‌لگیرسێنه‌ری شه‌ڕ و تێكدانی ئارامیی ئه‌و ناوچه، هه‌ر بنه‌ماله‌ی بارزانی بون و هه‌ر ئه‌وانیش درێژه‌یان پێیده‌دا. به‌س كه عه‌بدولكه‌ریم قاسم هاتۆته سه‌ر حوكم و ده‌رفه‌ت به مه‌لا مسته‌فا درابویهوه كه له ڕوسیا بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێڕاق، كه گه‌ڕابووه‌وه و له‌شكری دامهزراندبویهوه، یه‌كه‌م پاداشتی خزمه‌تی گونده‌كانی برادۆستی ئه‌وه بووه، كه ٩ سۆفیی شێخ ڕه‌شید لۆلانی كاروانچی ده‌بن له دیانا ده‌گه‌ڕێنه‌وه و هیچ بیریان بۆ ئه‌وه نه‌چوبو كه له‌شكری مه‌لا مسته‌فا ڕێیان لێ‌بگرن و بیانكوژن، له گه‌رووی ئۆمهراغا شۆڕ ببونه‌وه بۆ شیوه شێخان، چه‌كدارانی مه‌لا مسته‌فا هه‌ر ٩ كاروانیان گرتبون و پشتاوپشت له دارانیان بهستبونهوه و به دڕونده‌ترین شێوه ئه‌شكه‌نجه‌یان دابون هه‌تا ڕوحیان ده‌رچوبو. ( پێشتر له بابه‌تێكی تایبه‌تدا، باسی ئه‌و تاوانه‌م كردووه ) ئیتر تیرۆر كردنی ئه‌و ٩ كاروانی، ببووه په‌یامێك بۆ ته‌كیه‌ی شێخ ڕه‌شید و تێكڕای سۆفیه‌كان بۆ نوێبونه‌وه‌ی دوژمنداری له‌گه‌ل بنه‌ماله‌ی بارزانی. هه‌ر ئه‌وتۆ شه‌عب شه‌عبانێ به‌رپا ببو، له‌شكری بارزان ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسابو له‌گه‌ل هێزی شوعیگهرایی هێرشیان كردبووه سه‌ر ناوچه‌ی برادۆست، برادۆستهكانیش پشت و په‌ناو چه‌كی پێویستیان نه‌بووه، بۆیه شكهستبون و زۆربه‌یان ئاواره‌ی توركیا ببون، به‌شێكیشیان كه‌وتبونه ئه‌ودیوی سنوری ئێران، به‌شی زۆریان له سالی ١٩٥٩ هه‌تا ١٩٦٢ له له توریا و ئێران له ئاواره‌ییدا مابونه‌وه. پاشان ناچار ببون كه بگه‌ڕێنه‌وه و ته‌سلیم به ده‌وله‌تی عێڕاق ببنه‌وه، ئه‌و جاره‌یان ئاواره‌ی ده‌شتی هه‌ولێر ببون و گونده‌كانیان هه‌ر به چۆله‌وانی و وێرانیی ده‌ستی كوردایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا مابونه‌وه.
به‌دوای دادێت
وێنه‌كه حاجی شێمه‌د،ه
No comments:
Post a Comment