خوری:
ناوەڕاستی بەهار مەڕ کەلەخ دەکرا، واتە دەبڕدرا و خوریی لێدەکرایەوە. (کەلەخبڕ، جەوبڕ) ئەو خوری دەشورا، لەبەر ڕۆژێ ڕادەکرا، واتە ڕادەخرا، کە هیشک دەبویەوە، هەول دەدرا لە دارو پرچک و نوسەک خاوێن بکرێتەوە، دەیانبسکوڕیەوە و لە شە (شانە)یان دەدا و خوریی پاک و بێ گرێ جیا دەکرایەوە بۆ ڕستن. زۆر جارانیش خوریان دەهێنا شار و دەچونە لای نەدافەکان و دەیان کردە کەپەن، تاتی، ڕایێخ.
پێچک:
پێچک ئەو داوە بەنەیە کە بە گرێ و پرچک و ساف نەکراوە. گۆریەی ناو بەفرێ و جانتاو خێدانکی شوانان و جوال و بەڕکیان پێ چاک دەکردن.
ئەوانەی سەرەوە گشتیان لە خوریی مەڕ دروست دەکران.
مو:
هەر لە وەرزی بەهاردا بزن شێوەی مەڕ کەلەخ دەکرا. موی بزنانیش لە شە (شانە) دەدراو دەیانڕست و گوریس، هەسوار (هەوسار)، جوالی شەلک، جەنتای شەلک، تور (پارزینک)، تەختەی ڕەشمالان (کیون) (کۆن) و زۆر شتی تریشی لێ دروست دەکران.
مەرەز:
بزنە مەرەز هەبوون، بەس لەبەر ئەوەی ناوچەی ئێمە چیایی و بەفرگرو سارد بوو، بزنە مەرەزی لێ بەخێو نەدەکران، چونکی بزنە مەرەز ناسکن و لە جێی بەفراوی و شاخاوی بەرگەی سڕو سەرما ناگرن. دیارە موی مەرەز زۆر بۆ ڕانی و بەرگوز (ڕانک و چۆغەل) (شەل و شەپک) بەکار دەهات.
ڕیس:
ڕیس بە خوریی ڕستراو دەگۆتراو دەگۆترێ.
ڕستن: خوریەکە ڕستراوە، دەیڕێسین، دەمانڕست، واتە کراوەتە بەن.
پەشتینەوە: دەیپەشتینەوە، پەشتیتمانەوە، بیپەشتنەوە، واتە بەنی ڕستراو دو داو لەبەر یەکتر دەدرێن و بادەدرێتەوە، بە تەشی دەپەشترێتەوە و کشت دەکرێ. پەشتینەوە، بادانەوە، دو داو لەبەر یەکتر دانەوە. تەشی ڕستن، تەشی ڕێس. بەنک، بەن، داوە بەن.
فرێتە:
فرێتە ئەو داوە بەنەیە کە بێ گرێ و پرچک و زۆر ڕێک و پێک و نەرمە. بەنی فرێتە بۆ گۆریەی نەخشین یان بلێین نەخشدارو ساقە و بەلەک پێچ و مافورو جاجم بەکار دەهات.
سەمتون، ئارموش، ئیپەک، دەزی: ئەوانە لە لۆکە، پەمو (پەمبو) پێک دەهاتن.
تێبینی:
بەندە شارەزایی تەواوم لەسەر ئەم بابەتە نییە و زیادتر لە چل سالە لەکاری مەڕداری و کەلخ بڕی و ڕستن و چنین دوورم، بەس کەمێکیانم لێ وەبیر دێنەوە، بۆیە ویستم ئەم بابەتە بورژێنم هەتا بە هەموومان بتوانین چەند وشەیەک لەبارەیانەوە بخەینەوە بەر چاوی خوێنەرانی ڕێزدار. بەو هیوایەی بە هەموومان بتوانین بابەتەکە تێرو دەولەمەند بکەین.
وێنە لە گوگل وەرگیراوە.
No comments:
Post a Comment