Tuesday, June 30, 2020

یادی تەمەنی مندالی

گەڕانەوە بۆ مندالی
لە ناوەڕاستی شێستەکاندا ئێمە چەند مالە جۆتیارێکی دەڤەری برادۆست بەهۆی شەڕی خێلەکیەوە ئاوارەی گوندی مەلاعمەر بوین. گوندی ناوبرا دەکەوێتە دەو زێی کەلەکی یاسین ئاغا. بڕهان ئاغای دزەیی خۆی بە خاوەنی ئەو گوند دەزانی. دیارە بڕهان چاوێکی نوقسان بو، بۆیە هەر بە بڕهانەکۆر ناودێر بو. بڕهانەکۆر پێشمەرگە بو، بەهۆی پێشمەرگایەتیەوە گوندی بەجێ هێلابو. حسارێکی زۆر گەورەی هەبوو، لە پیاوەتیی خۆی حساری دایەوە ئێمەی ئاوارە. مالی شێخۆ ناوخۆش و حەمەد و خدرو مستەفاو نیعمەت مۆمێ و مالی ئێمە هەموومان تێیدا
سترابوین و هندەک ژوری زیادەشی مابون.
ئێمە کۆمەلە مندالێکی هەژارو نەخوێندەوارو سەرەڕۆ و نەڕاوەستایی بوین.
ڕۆژێک خێزانی حەمەد ناوخۆش مەنجەلە ماستێکی هەوێن کردبو و نخاوتیبو هەتا دەمەیی. کتکە گوریەکی گەورەی هەبوو، کابان مژغولی ناومالێ دەبیت، کتک (پشیلە) دەڕوات سەری مەنجەلی ماستی لەسەر دەهاوێت و دەوی تێدەنێ، کاتێک کابان دەڕوا هەتا ببینی داخوا ماست مەییە، تەماشا دەکات کتک داکەتیتە ماستی و خەریکی خواردنیەتی. کابان شێت و هار دەبیت و مەنجەلی ماستی ئەوتۆ ڕێتە بەر سەرشۆیێ و کتکیش حەلات چوە ناو ژورێک لە ژورە بەتالەکان. ئێمەی مندال لەناو حەوشەی حسار خەریکی یاریی کەلانێ بوین. کابان زۆر بەتوڕەییەوە هاتو پێیگۆتین کوڕە بڕۆن ئەو کتکەی بکوژن، مەنجەلی ماستی لێ خەسار کردم. ئەو بیری لەوە نەکردەوە کە مندال گەمەی ئەوتۆ نازانن و شتەکان بە جددی و ڕاستی وەردەگرن. ئێمەی مندالیش بەدوای کتکدا چوین، دەبینین لە ژورێکی بەتال وەرکەتیە. هەموومان پێکەوە دەستمان دایە خڕکەبەردان و دیوی دەرگاین لێگرت و وەرگەڕاینە سەر کتکێ و دەتگۆت ژنی زیناکەری ئیسلامیەکانە، ئەوتۆ بەردبارانمان دەکرد، هەر جاری شێلکە بەردێکمان پێکەوە ڕادەوەشاندنێ، کتک دەیمیاواندو لە قاڕیای دەدا، لەتاو ڕوحی شیرینی بەدیواریدا هەلدەگەڕاو بە خڕکە بەردان بەرمان دەدایەوە خوارێ. کتک ئەوەندە ڕح چر بو، نێزیکەی چل خولەکی برد هەتا کوشتمان، بە غاردانە چوینەوە لای کابانێ و پێمانگۆت، کتکمان کوشت، ئەویش هێشتان هەر توڕە بو و خەیالی هەر لەلای مەنجەلی ماستەکەی بو، یەکسەر گۆتی داستو خۆش بن. هەر لەدو خۆ پرسیاری کرد و گۆتی، بەڕاستی کوشتتان؟ ئەمەش گۆتمان ئا ئا بە بەردان کوشتمان، تۆزێک بە سەتحی بونەوە تەماشای کردین، گۆتی لەکێندەڕێ کوشتتان؟ گۆتمانێ لە فلان ژورە. هەر باوەڕی نەدەکرد. گۆتی کوڕە بەڕاستیتانە؟ گۆتمان ئەرێ وللا بەڕاستیمانە کوشتمان و جارەکیدی ماستێ تو ناخۆت. کابان گۆتی کا کوڕە سەر شین درۆ ناکەن، کا نیشا من بدەن. هەموو پێکوە بەپێشی کەتین و بردمانە سەر مەیتێ کتکێ. کە چاوی بە کتکێ کەوت و بینیی ئەو دیوار تێکدا ببوە خینا کتکێ و کەلەشەکی بێ ڕوح و تخینێ گەوزیی. هەر شێت بو، گۆتی کوڕە هەی سەرو تقوڕێ نێن، ئەنگۆ بۆ کتکا من کوشت؟ مەش هەمیا پێکەوە گۆتی، دی تو نەگۆتە مە هەڕن بکوژن؟ کابانێ گۆت، کوڕە هەی سەرو کاپێلکو شین بن، من بسەعبەت وەگۆت، خو نەمگۆت پڕاستی هەڕن بکوژن؟ تازە کار لەکار ترازاو هەم مەنجەلە ماستی چۆ هەم کتک.

لەپاش کوشتنی ئەو کتکە، منی مندال ناخێکی ناسک و سادە و خۆشباوەڕم هەبوو. هەر جاری باسی کتکیان دەکرد و دەیانگۆت، کتک گیاندارێکی زۆر پیرۆزە، دەبێ زۆر بەجوانی بپارێزدرێ و نابێ عەزیەت بدرێ. دەیاگێڕاوە و دەیانگۆتڕۆژێک کتکێک لەسەر لەوەندیی پێغەمبەر (دخ) لەسەر بێت نوستبو، کاتی نوێژ کردن هات، پێغەمبەر بۆ ئەوەی کتک لەخەو هۆشیار نەبێتەوە، لەوەندیی کراسەکەی بڕی و ڕۆیشت بۆ نوێژ“. هندەک جاریش دەیانگۆت،هەرکەسی کتکەک بکوژی، ڕۆژی قیامتێ دەبی کەولی کتکێ پڕ زێڕ بکات ئەگینا لەبن سەزای دەرباز نابێت و خوا لێینابوری“. ئەو قسانە لێم ببونە گرێیەکی دەرونیی زۆر گران و هەردەم بیرم دەکردەوە و لە دلدا دەمگۆت، باشە چۆن ئەوەندە زێڕەم پێ پەیدا دەبن! بۆ ئەو قەباحەتەم کرد و بەشداریی کتک کوشتنم کرد! هەتا گەورە بوم ئەوکاتی بۆم دەرکەوت کە ئێمەی مرۆڤ هەر کتک ناکوژین، بەلکو هەموو زیندەوەرێک لەدەست دڕوندایەتیی مرۆڤدا ژیانی لە خەتەر دایە و مرۆڤ خۆبەخۆیش یەکتر کوشت و بڕو وێران دەکەن.  

No comments:

Post a Comment