بەشی یەکەم:
لە سەرەتای سالانی ١٩٧٠دا، ژیانمان لەسەر چاندو جۆتیاری و ئاودێری و مەڕو مالات بوو. سەرەڕای مەڕو مالاتیش، دانەوێلەی وەک برنج، ماش، لۆپک (لۆبیە)، نۆک، نیسک، قونجی، شەدانی، گەنم، جۆ، گەنمۆک (گەنمەشامی)، هەرزن، تالە، گشتیانمان دەچاندن و پێویستیمان بە کڕینیان نەبوو. هەر ئەوتۆ توتن، هارو (خيار)، تەماتە، کرتۆپە (پەتاتە) باینجان، بامیە، بیاز (پیواز) سیر، کەرەوز، تەڕەتولە، ڕحان، گوڵ، شمتو (شفتی) (زەبەش) (شامی)، گندۆرە (کالەک)، چەند جۆرە قونک (کودی) (کودو) (کولند)ی خواردن و مەلەوانی، گولەسێو و زۆریتریش دەست چین و بەرهەمی خۆمالیمان بون.
بەس لێردا دەمەوێ وەک وەبیرهێنانەوە، کەمێک لەسەر شێوەی برنج و چاندنی ئەو سەردەمتان بۆ بنوسمەوە. ئەو زەویانەی دەکرانە برنج و ماش و لۆپک، تێکدەچون و نابا دو سال لەسەر یەک بکرێنەوە هەمان شت. لەبەر ئەوەی برنج دەبێ هەرگاو ئاوی لەسەر بێت و گۆلەکانی دێم نەبن. ماش و لۆپک وەک برنج ناکرێنە گۆڵ، بەس دەبێ زو زو شەوئاویان تێبگیرێ و تێر ئاو بکرێن، ئەگینا جوان نابن و کەلی و دانی پێویست ناگرن. زەویەکانی دەکرانە ماش و لۆپک وەبن قاڕوش دەکەوتن، بۆیە هەر سالی دواتر بەیار دەهێلدرانەوە و تیرمەی هاوینێ، شۆ و وەرد دەدرانەوە بۆ ئەوەی گیا قاڕوش و جۆرە بژارەکانیدیی تێدا نەمینێ و بکەونە بەر گەرمای تیرمەی هاوینێ و ببەتلێن. زۆر جارانیش ئەو زەویانەی بێخێر دەبون و وزەی دانەوێلە پێگەیاندیان تێدا نەدەما، پاییزان مەڕو بزنیان لەسەر دەدرانە هەوێز، بۆ ئەوەی پەین بکرێنەوە و بەهێزو بەرەکەت ببنەوە بۆ چاندن.
مەگەر مالێک زەویەکی زۆر بچوکیان بۆ برنج لێ چاندن تەرخان کردباو پێویستیان بە هاریکاریی ئەوانیدی نەبا، ئەگینا، زۆربەی جاران گۆل و مالکە برنجمان بە زبارە (هەرەوەزی) دروست دەکردن. خەلکی ئاوایی ئاگاداری یەکتریان دەکردو چەند کەسێکی زیخ (زیرەک) تەگبیرمان دەکرد، ڕۆژێکمان دیار دەکرد کە یارمەتیی مالێک بدەین و زەویەکی دیاریکراوی بۆ بکەینە گۆلە برنج. خودان زەوی، پێشتر جۆلەکە (جۆگە)ی ئاوی هەلدەمالی و خاوێنی دەکردەوە و دەراوەکانی جۆلەکەی دروست دەکردن بۆ ڕۆژی زبارە. هەکە باران کەم باریبان و زەوی زۆر هیشک و ڕەقالە بایە، چەند ڕۆژێک پێشتر، زەویەکە جوان ئاو دەدرا بۆ ئەوەی نەرم ببێتەوە و بە هاسانی جۆت بکرێ. ئیدی کەسێک جۆتە گایەکی ئامادە دەکردن، نیرو ئامور و گاسنی دەبردنە سەر زەویەکە، گای نیر دەکردن و ئاموری لە نیری دەبەست و مژانەی تێڕا دەکرد، گاسنی دەهاوێتە سەر دەندە و مساسەی هەلدەگرت و دەستی بە هاوژوانی جۆتەگا و کێلانی زەوی دەکرد هەتا تەواو دەبوو بۆ ئەوەی ئامادە بێت کە زبارەچی دەهاتن، چاوەڕێی جۆتکردنی ڕانەوەستن. ئیدی پاشان ئاو بەردەدرا سەر زەویی جۆتکراو، کەسێکی شارەزا وەک سەرپالە وەپێش دەکەوت، تەنها جێی بارستەو مالکی گۆلەکانی نیشان دەکردن و ئەوانیدی بەدوایدا دەهاتن، خۆیان پێخواس دەکرد، یەک لەدوای یەک گۆلەکانیان ڕاست دەکردن و هەلدەمالین. بارستەکانیان بە شێوەیەک دروست دەکردن کە ئاوی گۆلی یەکەم لە دەستە چەپ بێتە ناوو لە دەستە ڕاست بڕژێتە ناو گۆلی تەنشتی.. نابا بنی گۆلەکانیش تەواو هەلگیرێ و دەبایە هندەک قوڕو لیتاوی هەلکێلدراوی تێدا مابا. نابا گۆلەکان ئەوەندە لێژ بن کە ئاو بەڕژدی بڕوات و نابا ئەوەندەیش مەند بان کە ئاوی زیادی تێدا بپەنگێتەوە و ببیتە هۆی تەقین و بەسەردا ڕژان. دەراوی گۆلەکان بە هوردە بەرد دەبیرێزدران بۆ ئەوەی نەشورێن و ئاویان لێ کەم نەبێت. لە هەر سێ بارستانیش، دانەیەک پانترو بتەوتر دروست دەکرا بۆ ئەوەی جۆتیاران بتوانن بەسەریدا بگەڕێن و گۆلەکان ببینن. چونکی پاش چاندن و سەرهەلدانی برنج، چەندەها گیانداری وەک بۆق، کیسەلی ئاوی، جۆبڕکە، مارو هەتا دوایی، دەستیان بە ژیان دەکرد لەناو گۆلەکاندا. لە هەموویان مزوڕتر جۆبڕکە بون، جار هەبوو بارستەکانیان کون دەکردن و ئاو لە گۆلە لێژەکاندا چک دەبوو. هەر ئەوتۆ، سالانی زو، بەراز زۆر وێرانکەر بون. ئەگەر ڕەوە بەراز کەوتبانە ناو زەویە برنجێک، زۆربەی مالک و گۆلەکانیان هەلدەکۆلین و تێکدەدان و بەدوای خواردنی کرم و جۆبڕکەو شتی ئەوتۆدا دەگەڕان. لەبیرمە ناچار بوین چەندین جاران بە کۆمەل ئێمەی گوندی لە بەرازان هەلدەستاین و ڕاومان دەکردن و ڕاومان دەنان، لەو دەورو بەرمان دەتەقاندن، هەتا برنجمان لێ تێک نەدەن.
No comments:
Post a Comment