بەشی دووەم:
هندەک کەس هەبون، ئیشیان لەبەر دەڕۆیشت و باکیان بە هیلاک بون نەبوو. یادیان بەخێر لەو کەسانە، یەکیان لێ (مەحمودی خانمێ) بوو. لەناو هەر زبارەیەکدابا، بەقەد دو کەسان ئیشی دەکرد و ماندیاتیی پێوە دەیار نەبوو. ئەو ڕۆژەی کە زبارەچی تێدەگەیەندران بۆ ڕۆژی دیاریکراو، پێویست نەبوو خاوەن ئیش بەدوایاندا بگەڕێ، پاش نوێژی بەیانیان و ڕۆناکبون، هەر پالەیەک لە ڕاستەخۆیڕا بە پێمەڕەوە دەهات و لەسەر زەوی ئامادە دەبون. کابانیەکانی مالی خودان ئیش بەهاوکاریی کابانیانی دراوسێ، بەیانی زوو هندەک نانی گەرم و سەرتو و ماست و پەرنیریان بۆ سەرکێشت دەهینا سەر زەوی و ئاگرێکیان هەلدەکرد، سێ پێکوچیان دادەمەزراندن و کتریان لەسەر دادەنا. سەماواریان پڕ ئاو دەکرد و پەل (پۆل)ە ئاگریان تێدەکردن. کە چایە دێمی دەکێشا، بانگی پالایان دەکردو سەرکێشتێکی سەرپێییان دەخوارد و دەستیان بە ئیش دەکردەوە.
کابانیەک لە لای سەماوار و ئاگردان دەمایەوە بۆ بەردەو و یارمەتیدانی زبارەچیان، ئەوانیدیش دەچونەوە مالێ، کاروباری کێشت دروست دەکردنیان دەکرد. لە دەوری سعات هەشت بۆ نۆی ڕۆژێ کێشت پێدەگەیشت و دەیانهینا بۆ قۆناغی پشودانی زبارەچییان. کێشت پێکدەهات لە ماست، دۆ، پەنیر، مرتۆخە، ئاسیدە، لۆلکی کەشک، هارد، هەرمیشک و گیایەکانی لە ڕونکراو. چەند جۆرە گیایەکی وەک کوزرەکە، (زمانگا) تۆلکە، کەنگر، ئالۆ، کاردی لە ڕون دەکران و لەگەل هێلکە تێکهەلاو دەکران. هەر وەتۆ کادە کوڕادە، کادە ژاژی، کادە پەنیر، خورمەڕون و هەتا دوایی. پاشی کێشت خواردن، کارکەر بەردەبونەوە ئیش کردن هەتا دەوری نیوڕانێ. ئەودەمی دەچون لنگ و تەشک و دامەن و دەلنگیان تۆزێک خاوێن دەکردنەوە و دەستنوێژیان دەشوشتن و نوێژیان دەکردن. هەتا زبارەچی پەرت دەبونە سەر جۆلەکەی ئاوێ و لە نوێژ کردن دەبونەوە، کابانی نیوڕۆژیان ئامادە دەکرد. لازمبوو نیوڕۆژ پێکهاتبا لە گۆشت، پەلاو برنج، ئاپراغ، یان سۆغان، ساوار، دۆیین، دۆغاوە، ترشک، کفتە، لەهەماندەمدا کابانی ڕونی نیوشک،یان دەهینا، لە کاتی دەستپێکردنی خواردن، نیوشکیان دەقرچاندەوە هەتا باش داغ دەبوو، ئەوکاتی بەسەر زاتیاندا دەکرد و دەست دەکرا بە خواردنی. بەندە بۆخۆم یەکێک بوم لەوانەی، زۆر جاران سێنیم خوار دەکردەوە هەتا ڕون دەبووە گۆم و بە ملاکان فڕم دەکرد. نە گەدەمان دەئێشا، نە بەرسۆژمان دەگرت، نە پێی ناڕحەت دەبوین، بەلکو پێی سحەت خۆشتر دەبوین. ناوە ناوە، کەسێک بە دۆدان و ترگارێکەوە بەناوماندا دەگەڕاو پانگی دەکردو دەیگۆت، دۆی دەخۆنەوە؟ هەرچی بە ئا وەلامی دابایەوە، یەک ترگاری بۆ پڕ دۆی دۆدان دەکرد و ئەویش دەیخواردەوە و ڕایدەبوارد بۆ کەسێکی تر. کە گۆل هەلمالین و دروست کردن تەواو دەبون، ئەوجا کەسێک یان دوانی شارەزا جەنتای پڕ لە چەلتوکیان هەلدەگرتن و گۆل بەگۆل پێیدا دەچون و تۆیان دەچاند. دوای چاندن و تەواو بونی کارەکەیان. خاوەن ئیش داوای لە زبارەچیان دەکرد، کە لەگەلی بچنەوە مالێ و دەست و چاوو تەشک و دامەنیان لە قوڕو چلپاو بشۆن و هەرچی خوادای شیو بەیەکەوە بخۆن، ئەوجا بچنەوە مالی خۆیان.
بەڕێزان ئەو جۆرە کارانە زۆر زەحمەت بون. ئەوەندە هیلاک و ماندی دەبوین، پاش شیو خواردن، زو زو تەماشای کاتمان دەکردو بە پەلە بوین نوێژی عیشا ببیت و خۆمان لەکۆل بکەینەوە و بخەوین. لە وەرزەکانی بەهارو هاوین و پاییزدا، ئەوەندە پڕ کارو ڕێنجبەری بوین، نەماندەتوانی درەنگ بخەوین، چونکی دەبی لەگەل نوێژی بەیانی، یەکسەر بۆسەر کار بڕۆین بەبێ پشودان هەتا ئێوارە. تەنها وەرزی زستانان کە بەفرێکی زۆر دەباری، شەوان پێکەوە دادەنیشتین. لەو دانیشتناندا، بەیت و لاوک دەگۆتران. چیڕۆک و بەسەرهات دەگێڕدرانەوە. شەوچەرەی وەک گوێز، باوی (مادەم)، قەسکوان، قەسپ، سنجی، دەندەلۆشک، مێوژ، لەتکە سێو، لەتکە قەیسی و هەتا دوایی، دادەنران. مەتەلۆک دەگۆتران و یاریی هەمەڕەنگی وەک گۆرانێ، کەلەمستانێ، همبان دزیانێ، تەڕکێ بن بەڕکێ، ستوکێشکانێ، شخارتانێ و هەتا دوایی. هەروەها هەموو گوندیانمان شێوەی یەک خێزان بون و نێرو مێ، گچکەو گەورە پێکەوە بەشداری یاری و پێکەنین و دانیشتنەکان بوین. پەندێکیش لەسەر برنجی نەکوتایی هەبوو، دەگۆترا ( هەبو نەبوو، ماقولێ کراس بوزی هەبوو، کی تزانی ئەو چبوو؟) ماقولێ کراس بوزی، لەگەل برنجی سپی نەکراویان بوو. چونکی توکلی برنجی سپی نەکراو، زیک و زورە وەک ئەو پاتالە مەرەزەی دەکرێتە ڕانی و بەرگوز (ڕانک و چۆغەل).
خوێنەرانی خۆشەویست و قەدرگران، تکایە هەر وشەیەک لاتان غەریب بوو، بە پرسیار کردنتان خۆشحال دەبین و لە خزمەتتاندا دەبین بۆ شیکاریی واتای وشەکان.
هەر ئەوتۆ حەز دەکەم ئەوە بزانن کە ٤٢ سال تەمەنێکە بەندە لەو سروشت و کارو جۆتیاریی گوندو ڕەسەنی باپیرانمان دابڕاوم و زەحمەتە هەموو شتێکم وەک خۆی وەبیر بێتەوە. ئیدی هەر ئەوەندەم لەدەست هاتووە و بە گەورەیی خۆتان لە کەماسیەکانمان ببورن.
وێنەکە لە گوگل وەرگیراوە.
No comments:
Post a Comment