هەتا لە گوندان دەژیاین، وەرزی پاییز کە بەروبومی ڕەزو باغ پێدەگەیشتن، دەست دەکرا بە چنینی ترێ، وەشاندن و خڕ کردنەوەی کیوز، کرۆسک، گڕک، سێو، خۆخ، قەیسی، کیوشک و چنینی هنجیر. گەلەک جاران ڕۆژێ چوار پێنج چێنک هنجیرمان دەهێنانەوە.
بەروبومی ڕەزان ئەوەندە زۆرو پڕ بەرەکەت بوو، لە خواردنی ڕۆژانە زۆر زیاد دەبون و دەیان کردنە لەتک و مێوژو ستورک و هیشک دەکران بۆ وەرزی زستانێ. ئەو سەردەم، هیچ شتێکی وەک شەربەت و خواردنەوە غازاتیەکان نەبون. زۆر جاران بە مەنجەلی گەورە لەتکە سێو، کرۆسک، گڕک، لەتکە قەیسی، مێوژو قەسب تێکهەل دەکران و لەسەر کوچکی داران دادەنران، کە گەوزیان دەهاتێ، ئاگریان لە بن مەنجەل کەم دەکرد هەتا لەسەرەخۆ دەکەلی (دەکولا). لەپاش کەلین دەیان ستاندەوە و لە بێلاویێ دایاندەنا هەتا تەواو سارد دەبویەوە. ئیدی لەگەل جەمە خواردنەکان، ترگارێکیان پڕ لە خۆشاو دەکرد، کەوچکە دارێکیان لەناو دەنا، یان بلێین کەوچکە دۆ. هندەک بە کەوچکان خۆشاویان بە خلتەوە دەخوارد، هندەکیش ناوە ناوە ترگاریان بەسەر دەمی وەدەکرد و تەنها ئاویان فڕ دەکرد. خۆشاو بە لەزەتترین خواردنەوەی ئەو سەردەم بوو. هەرچەندە ئێستا خواردەمەنی و خواردنەوەی کارخانەکان ئەوەندە زۆرە، هیچ شتێک تام و بۆی پێشان نادات. وەک گوندانیش لەتکە کرۆسک و سێو، کڕک، لەبەر دەستان نینە. بەلکو تەنها مێوژ و قەیسی هاسان بەدەست دەکەون و دەیانکەینە خۆشاو، بەس بۆ من خۆشترین و بە لەزەتترین شەربەتە بۆ خواردنەوە. هەردەم لەگەل کێشت و نیوڕۆژ بادییەکی خۆشاو دادەنێین.
خۆشاو دروست کردن، ئاسانترینە و بەسودترین شەربەتیشە بۆ تەندروستیی مرۆڤ.
تێبینی:
لە وەرزی پاییزو پێگەیشتنی بەری ڕەزاندا، گڕک، کرۆست (هەرمێ) سێو، بێ، قەیسی، لێ دەکرانەوە و لەت لەت دەکران و لەبەر ڕۆژێ ڕادەکران هەتا هیشک دەبون. بەو جۆرانە دەگۆترا لەتکە، واتە لەت کراو، قاش کراو. هەر ئەوتۆ هندەک ترێ،یان دەچنی و لە ویشیەکانیان دادەڕنی و لەبەر ڕۆژێ ڕایاندەکرد هەتا هیشک دەبوو، واتە دەبووە مێوژو هەلدەگیرا. هندەکیش، ترێ،یان دەچنی، مەنجەلێکی گەورەیان لەسەر ئاگر دادەنا، هندەک خۆلی، (مشکی)یان تێدەکرد، ترێ،یان لەو ئاوە خۆلی هەلدەهێناو و پاشان لەبەر ڕۆژێیان ڕادەکرد هەتا وشک دەبو و دەبووە مێوژ.
فەرهەنگۆک:
ترگار، تاس، بادی، جام. \ کەوچک، یان بلێین کەوچکە دۆ، ملاکی گەورە بون، لە داری توو، داری گوز (گوێز) داری قەیسی دروست دەکران. ئەو سەردەمی ملاکی فافۆن و ستیل نەبون، یان بەدەست هەموو کەس نەدەکەوتن. \
No comments:
Post a Comment