Wednesday, August 23, 2017

خۆپاککردنەوە لە ناپاکانی ڕیفڕاندۆم



دەرفەت هاتووە بۆ گەلی کوردی هەرێم، بەتایبەتی شاری هەولێری داگیرکراو.

هەموو گەلانی ژێردەست و چەوساوە، چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکەن بۆ دەرباز بوون لە ژێردەستەیی و چەپۆکبەسەری. ئەگەر ڕیفڕاندۆم دوانەخرێ و بارزانی و دارودەستەی بە پالپشتی تورکیای داگیرکەر ڕیفڕاندۆم ئەنجام بدەن، دەرگای ئەو دەرفەتە لەسەر پشتەو ئەوا هەل بۆخۆی هاتۆتە خزمەتی گەلی چەوساوەی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانی نەعرەتەی عەقلانی و ژیرانەی گەلە. پێشی دەرفەت ئاشکرا بکەم، دەمەوێ هندەک کرداری دارو دەستەی کوردایەتیی نەفتدزو سەرۆکی ناشەرعیی ئێکسپایەر و گوێ لەدەستی خەلیفە ئەردۆغان، مەسعود بارزانیتان بێنمەوە یاد.

ئەوە زیاتر لە ٢٦ سالە حکوم بەدەست دارودەستی کوردایەتییەوەیەو بەبێ دەستگرتن و هێنانی ئەوان، یەک بیانی و دەولەتانی داگیرکەر نەیانتوانیوە بێنە ناو ئەو جوغرافیایەی بەدەست کوردەوەیە. کەچی هێزی دەرەکی نەماوە جەماعەتی کوردایەتی مەلایی و جەلالی دەستیان نەگرتبێت و نەیانهێنابێتە سەر عەڕزو نامووس و شەڕەفی ئەو کوردانەی لەژێردەستیانن. هێنانی جێش و پاسداری ئێران و جێشی ئەنفالکەر و کێمیابارانکەری ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس و دەبابەکانی دڕوندەترین و وەعشیترین داگیرکەری کوردستان، دەولەتی تورکی. لایەزال ١٨ بنکە و سەربازگەی خەلیفە ئەردۆغانی داعش پەروەر لەسەر عەرزو نامووسی کوردانن و مەسعود بارزانی و پارتەکەی بە قووتی هەژاران و چەوساوەکانی کوردی ژێردەستیان بەخێوی دەکەن. هەر لەژێر حوکمی ئەو سەرۆکە خێلەکیە نەخوێندەوارە ئێکسپایەرەدا، خەلکانی هەولێر ئاوارەی شاری سلێمانی کراون و دەکرێن و خەلکانی سلێمانیش ئاوارەی هەولێر کراون و دەکرێن. هەر لەژێر حوکمی مەلایی و جەلالیدا سوکایەتی نەما بە ئاوارەکانی شاری کەرکوک نەکرێ و ڕەزیل و ڕسوایان نەکەن لە هەولێرو سلێمانی.
٢٦ سالە مەلایی و جەلالی و گشت بەرهاویشتەکانیان یاری بە چارەنووسی کوردانی عێڕاق دەکەن و بەگژ یەکتریان وەدەنێن و دەیان ڕفێنن و زیندانیان دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن و ئاوارەی ناوەخۆو هەندەرانیان دەکەن. نانبڕاوو موچەبڕاویان دەکەن. ٢٦ سالە هزاران ژن و دایک و خوشک و هەرزەکار بەناحەق خوێنیان بەدەستی چەتەکانی مەلایی و جەلالی و وابەستەکانیان ڕژاوە و دەریای تاوانیان بەرپا کردووە و یەک تاوانباریش لە دادگایەکی دادپەروەرانە بە سەزا نەگەیەندراوە. 

وەسفی بێڕەوشتی و حوکمی چەوتی جەماعەتی کوردایەتیی مەلایی و جەلالی نەک بە کورتە نوسین ناکرێ، بەلکو پەرتوکخانەش جێی وەسفی تاوانی ئەوانی تێدا نابێتەوە. بەلام هەر ویستم زۆر بە سادەیی و کورتی، کردار و کوردایەتیی ئەوانتان بخەمەوە یاد و دەشزانم هەمووتان لەمن باشتر دەیانناسن و دەزانن کە هیچ لەبارترینن و چاوەڕوانی هیچیان لێناکرێ و لە بەدکاری و نەهامەتی و نیشتیمان فرۆشی و تالانکاری و دزی و حیزی زیاتر، بەرهەمیتریان نەبووە و نابێت. ئەگەر سەدان ڕیفڕاندۆم ببەنەوە و سەدان دەولەتیش تەشکیل بکەن و دامەزرێنن، هەر ئەوە دەبن کە ٢٦ سالە هەن. دەرفەت هاتووە و لەدەستی مەدەن. جەماعەتی کوردایەتیی دزکارو مافیاکار قراری خۆیان داوە بۆ ئەوەی تەمەنی تالانکاریان درێژتر بکەنەوە و بە ڕێپێدانی دەولەتی داگیرکەری تورکیا، ڕیفڕاندۆم ئەنجام دەدەن و ئەگەر ڕێیان لينەگیرێ بۆیان سەربگرێ، شەڕێکی نەخوازراو لە بەینی کوردو عارەب بەتایبەت کوردو شیعە بەرپا دەکەن و بەتەواوی کوردانی عێڕاق دەخەنە ژێرچەپۆکی دەولەتی تورکیاو درێژە بەو یاریە گلاوە دەدەن و بۆیان خەم نییە کە ئەگەر هەموو کورد بەدەردی شنگال ببەن و پیاوەکانی کورد زیندەبەچال بکەن. کچ و ژنانی کوردیش لە بازاڕی گەووادخانەکاندا بفرۆشرێن و نامووسی کورد هەڕاج بکرێ. ئەوەی بۆ ئەوان خەمە، تەنها درێژەدانە بە داردەستی و گەووادیان بۆ سەرمایەداری و بەردەوام بونیان بەو شێوەی دیوتانە، کە ٢٦ سالە بەڕێوەی دەبەن و کۆیلەخانەیان خولقاندووە بەناوی کوردستانەوە و بەشی هەرە زۆری کوردیان توشی نەخۆشی خەمۆکی و دروونی کردووە. 

بۆیە پێویستە ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە و تاوانباران سەزا بدەن، بەتایبەت سەرۆکی خێلی بارزان، سەرۆکی هیچلەبار، سەرۆکی کردار دڕوندانەترو وەحشیانەتر لە دوژمن و داگیرکەران، سەرۆکی قەلەم شکێن، سەرۆکی ڕۆژنامەوانکوژو سەرۆکی ناشەرعی، سەرۆکی شنگالفرۆش، سەرۆکی ڕۆبۆت ئاسای دەستی داگیرکەران و هتد. 

کە باسی مەلایی و جەلالیتان بۆ دەکەم، ڕووم لە گشتیانە، بە ڕاست و چەپەوە، بە گۆڕان و شاسوار و شای دزان و شای حیزان و شای تیڤیەکان و ڕادیۆکان و ڕۆژنامەکان و قەلەم فرۆشەکان و گشتیان، ئا ئا گشتیان، بڕوا بەهیچیان مەکەن، سەرجەمیان ماشێنی نەفتن، نەفتیان تێنەکرێ، بە چاک و خراپ ئیش ناکەن و ناگەڕێن. دەرفەت لەدەست مەدەن و لە سەروبەندی ڕیفڕاندۆمدا، مان بگرن و کەستان دەرگای مالەوەتان مەکەنەوە. لە مالەوە نێنە دەرەوە و بەشداری ڕیفڕاندۆم مەکەن نە بە بەلێ و نە بە نەخێر. بەلێ و نەخێر هەردوکیان دو تای یەک تەرازوون و هیچ جیاوازیان نییە. هەردو تای تەرازووەکە ژەهری چەوسانەوەتان هەلدەکێشن و هێلانەوە و لەناوبردنی بەدەست ئێوەی چەوساوەوەیە. ئەو ڕۆژەی بۆ دەنگان دیاری دەکرێ، بەبێ دەربڕین و خۆدەرخستن، مان بگرن و لەمالەوە دەرنەچن. بۆهیچ کارێک مەڕۆن و دەرگاکانتان بە داخراوی بهێلنەوە و هێز نییە بتوانێ لە مالەکانی خۆتان دەرتان بهێنی و بەشداری کردنتان چ بە بەلێ چ بە نەخێر، ڕازی بونتانە بە هەرچی خراپە کە بەسەرتان بهێنن. بەشداریتان، ئیمزا کردنە لەسەر ئەو عەقدەی کە لێی نوسراوە، مەلایی و جەلالی دەتوانن بەکارتان بهێنن، سواری ملتان بن، سوغرەتان پێبکەن، موچەتان پينەدەن، نانبڕاوتان بکەن، وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنتان پێوە بکەن، ملک و مالتان لێ داگیر بکەن، ژنەکانتان ليبستێنن و کچ و خوشکتان بەزۆر ببەن و سوکایەتیان پيبکەن و شەڕەف و کەڕامەتتان ببەن هەر وەک پیشەی هەمیشەییان. 

بەشداری کردنتان ئیمزا کردنە لەسەر ئەو عەقدەی کە تەواو خۆتان دەدۆڕێنن و هیچتان بەدەست خۆتان نابێت و ناشتوانن گلەیی لەکەس بکەن. چونکی کورد گۆتەنی خۆکردی، چارەسەری نییە. ئەگەر توانیتان ئەو کارە بکەن و شەقامەکان لە ڕۆژانی ڕیفڕاندۆم بەچۆلی بهێلنەوە و سندۆقەکانی ڕیفڕاندۆم بەبەتالی مانەوە، ئەوا ئۆتۆماتیکی، تاوانبارانی مەلایی و جەلالی بەسەزای خۆیان دەگەن و سومعەیان دەڕواو جیهان لێیان قبول ناکات چیتر بەدۆڕاوی خەلک بچەوسێننەوە. تاکە ڕێگا بۆ سەزادانیان هەر مان گرتنە لەناو مالی خۆتان. هەموو ڕێگاکانی تری مەدەنیانە گیرانەبەرو تاقی کرانەوە. کەچی، جەماعەتی کوردایەتی و ڕیفڕاندۆم شکەستیان بە هەموو هەولەکان هێناو ڕێزیان لە کاری مەدەنیانەو شارستانیانە نەگرت و باکیان بەهیچ نەبوو. تاکە ڕێگاو دەرفەتی زێڕین، مان گرتنەو بەشداری نەکردنە لە ڕیفڕاندۆم. 

ڕووی ئەم نوسینەم لە کۆیلەکانی حیزب و کاربەدست و پول و پارە نییە. تەنها پەیامێکە بۆ ئەوانەی ناڕازین و هێشتان ئومێد و بڕوایان بە ژیانێکی ئازادانە و دادپەروەری هەیە و کوردایەتی و بەرژەوەندی لە پیاوەتیان نەخستوون. هزاران کوردی عێڕاقی ئاوارەی بەر حوکمی مافیایی بنەمالەی سەددام و بنەمالەی بارزانی و بنەمالەی تالەبانی و دارو دەستەکانیانن. منیش یەکەکم لەو ئاوارەبووانە و چەندین سالە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ژیان بەسەر دەبەم و هەموو تەمەنی جوانیم لە ئاوارەیی بەسەرچووە. چ باران تەڕت بکات، چ بە بەرگەوە خۆت لەئاو هەلێنی، تەڕ بوون هەر تەڕبوونە. بۆخۆم دەستم لەو دەولەتە هەلگرتووە کە بە مەلایی و جەلالی دادەمەزرێت، چونکی چاک دەزانم تۆز لە قوڕێ هەلناستی و دەولەتیش بە بنەمالە مێشکخێلەکان و مافیاکان دانامەزرێ. نەیاری هیچیانیش نیم و منەتی لیرەیەکی تورکی فاشیستیشیان لەسەرم نەبووە و نییە. تەنها ویژدانم ئازار دەچێژی کە دەبینم گەلێکی سادەو بێچارە بە درێژایی بیرەوەریەکانمان هەر بەدەستی ئەو تاخمە مافیایانەوە دەنالێنی. ماوەیەکیشە کەم دەنوسم و حەزم نەکردووە کاتی زێڕینی ژیانم بە هیچ و پوچەکانی مافیای کوردایەتییەوە بکوژم. بەس چەند شەوێک پێش ئێستا، لەگەل دۆستێکی دێرین و شارەزا باسی ئەو ڕێچارەیەمان کردو بڕیارمدا کە ئەو پەیامەشم بگەیەنم. ئەگەر پەیامەکە سودی هەبوو خەلکانی پێویست گوێیان لێیگرت و کاریان پێی کرد، ئەوا زۆر باشە و سوپاسی هۆشیاری و هەستیاری و کارپێکردیان دەکەم. ئەگەریش لە گوێی گادا نوستبن و هیچ لەخەوی بێهۆشیان ڕانەچلەکێنی و بەدوای بانگەوازی ڕیفڕاندۆم کەوتن بۆ دروست کردنی قوبڕسێکی تر بۆ دەولەتی تورکی فاشیست، ئەوا دیارە هەر شایەنی ئەو جۆرە حکومە چەوتەن و چارەسەر تەنها ئاه هەلکێشانمانە بۆ چەوساوەییان. 

عیسا سێودین
ئەمەریکا

وێنەکە لە کوردستانپۆست وەرگیراوە

Monday, April 24, 2017

ئینگلیزو ئاغاواتی كورد.

ئینگلیزو ئاغاواتی كورد.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردو كه‌ ئینگلیز توركی وه‌ده‌رناوه‌ و ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی داگیر كردوه‌، 
له‌ چلله‌ی زستاندا، نوێنه‌ره‌كانی ئینگلیز، هاتونه‌ته‌ ناو گونده‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ پیت و به‌ره‌كه‌تن و گه‌نم و جۆی زۆریان لێ به‌رهه‌م هێنراوه‌. 
له‌هه‌ر گوندێك، سه‌ردانی ئاغایان كردوه‌و كه‌وتونه‌ته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ل ئاغاو پێیان گۆتیه‌، ئاغا، هه‌وای گوندو ئاقاری گونده‌كه‌تمان پێ بفرۆشه‌، لێت ده‌كڕین. 
ئاغاو دارو ده‌سته‌كانیشی ئه‌وه‌نده‌ گێل و نه‌فام و نه‌زان بونه‌، دوای پرس و ڕا به‌ یه‌كتر كردن، گۆتیتیان ئه‌و ئینگلیزانه‌ زۆر بێ عه‌قلن، چۆن هه‌وا ده‌كڕن و چ سودی بۆ ئه‌وان ده‌بێت؟

ئیتر له‌به‌ر كه‌م عه‌قلی خۆیان، ئینگلیزیان به‌ بێ عه‌قل زانیوه‌ و پوخته‌ زۆربه‌ی ئاغاواتی كورد، هه‌وای گوندو ده‌شت و ده‌ری ناوچه‌كانیان به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م به‌ ئینگلیز فرۆشتوه‌ و ئینگلیز به‌ ڕه‌سمی عه‌قدی پێیان ئیمزا كردون و نوێنه‌ره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و دونیا بێ ده‌نگ بوه‌ هه‌تا ده‌غل و دان هاتۆته‌ دوورین و كێشراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر جۆخینان بۆ گێره‌و جه‌نجه‌ڕ كردن. 

ئینگلیز به‌ ووردی مڕاقه‌به‌ی ناوچه‌كه‌ی كردوه‌، هه‌ر جۆخینه‌ك حازر كراوه‌ بۆ شه‌نه‌با كردن و له‌ سه‌ره‌دو بێژینگدان بۆ خاوێن كردنه‌وه‌ی دانه‌وێله‌، نوێنه‌ره‌كی ئینگلیز له‌سه‌ری حازر بووه‌و  به‌ جۆتیارانی گۆتیه‌، ئێمه‌ عه‌قدمان هه‌یه‌و هه‌وای ئێره‌مان كڕیوه‌ و ئێوه‌ ناتوانن شه‌نه‌با به‌ هه‌وای ئێمه‌وه‌ بكه‌ن هه‌تا نیوه‌ی داهاته‌كه‌مان پێ نه‌ده‌ن ڕێگاتان پێناده‌ین شه‌نه‌با بكه‌ن.

به‌بێ هه‌واش كاو دان له‌ یه‌كتر جیا نه‌ده‌كرانه‌وه‌ و خاوێن نه‌ده‌بونه‌وه‌. جۆتیاران په‌كیان كه‌وتوه‌، ناچار سه‌رجه‌م داهاتی گه‌نم و جۆیان له‌گه‌ل ئینگلیز نیوه‌ كردوه‌ هه‌تا به‌س ئینگلیز ڕێگای پێیان داوه‌ شه‌نه‌با بكه‌ن و كاو دان له‌ یه‌كتر جیا بكه‌نه‌وه‌. 

ئیتر ئه‌وه‌ پیشه‌ی ئاغاواتی كورد بووه‌ و هه‌رده‌م وه‌ك گیانه‌وه‌ری ڕه‌نگاله‌ خۆیان له‌گه‌ل ڕه‌نگی سه‌رده‌م گونجاندوه‌ بۆ هه‌رزان فرۆش كردنی داهاتی نیشتیمان و ڕوتاندنه‌وه‌ی جۆتیاران و كه‌دكاران و نه‌دارانیان. ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێش، جۆتیارێكی هۆشمه‌ند په‌یدا بوبێت و ناڕه‌زایی ده‌ربڕیبێت، هه‌ر زوو ڕه‌شه‌كه‌كانی ئاغا ته‌په‌سه‌رو بێده‌نگیان كردوه‌.

Monday, March 20, 2017

جه‌ژنی نه‌ورۆز

جه‌ژنی نه‌ورۆز
جه‌ژنی بهاری و گه‌شه‌ كردن و ڕه‌نگین بونی سروشت و ژیانه‌وه‌، له‌ هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ پیرۆز ده‌كه‌ین كه‌ مرۆڤدۆستانه‌ هه‌لسوكه‌وت له‌گه‌ل بۆنه‌كان ده‌كه‌ن و ڕێز له‌ گه‌لانی بڕواداری ئه‌و جه‌ژنه‌ بهاریه‌ ده‌گرن و به‌شداری خۆشی و شادیه‌كانیان ده‌بن.

جه‌ژنی نه‌ورۆز جه‌ژنی تاكه‌ گه‌لێك، یان ناوچه‌یی نیه‌. ئه‌و جه‌ژنه‌ بهاریه‌، له‌گه‌ل گه‌شه‌ كردنی شارستانیه‌تی كۆندا هه‌بوه‌ و بۆ دژایه‌تی هیچ بڕواو دین و مه‌زهه‌بێك دروست نه‌كراوه‌. وه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر هه‌ر بیرو باوه‌ڕێك بێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤانه‌و ژیاندۆست بێت، دژایه‌تی نه‌ورۆزو هیچ بۆنه‌یه‌كیتری خۆشی ده‌ربڕین ناكات. بڕواناكه‌م خوداكانی ناو دین و مه‌زهه‌به‌كانیش، مرۆڤ ئاسا ئه‌وه‌نده‌ ڕق و كینه‌ له‌دل و ده‌روون بن، كه‌ دژی جه‌ژن و خۆشیه‌كانیتر ڕابوه‌ستن.

ئه‌وانه‌ی به‌ناوی خوداپه‌رستی و دین و مه‌زهه‌به‌وه‌، هه‌ر جه‌ژنێك كه‌ خۆشی هێنه‌ربێت بۆ زۆرێك له‌ مرۆڤه‌كان و نه‌بێته‌ دژبه‌ری بۆ گه‌لانیترو نه‌بێته‌ ئاژاوه‌گێڕی، به‌بێ هۆ حه‌ڕام و یاساغ ده‌كه‌ن، ئه‌وان نه‌ دیندارن، نه‌ خوداپه‌رستن، نه‌ كردار مرۆڤن. به‌لكو دڕونده‌ ئاسا ناوی دین و خوداپه‌رستیش له‌كه‌دار ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست و ڕێگرو ئاژاوه‌چی و خۆشی و شادمانی هزاران مرۆڤ تێك و پێك ده‌ده‌ن. ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌دوای پڕوپاگنده‌ی ئه‌و چین و زۆردارو تێكده‌رانه‌ش ده‌كه‌ون كه بۆنه‌كان به‌ناوی جیاجیاوه‌ حه‌ڕام و یاساخ ده‌كه‌ن و به‌ربه‌ست له‌به‌ر شادمانی گه‌لاندا، داده‌نێن، به‌شداری تاوانی زۆردارانن و ئه‌گه‌ر خودایه‌كی عادل و دادپه‌روه‌ر هه‌بێت، حیساب له‌گه‌ل ڕوحی شه‌ڕه‌نگێزو ئاژاوه‌گێڕیان ده‌كات و له‌ ڕوحم و به‌زه‌یی خۆی بێبه‌شیان ده‌كات.

له‌م كورته‌ نوسینه‌دا، نه‌مویستوه‌ به‌ مێژوودا بچمه‌وه‌ و چیڕۆك و ئه‌فسانه‌كانی دامه‌زرانی جه‌ژنه‌كان داڕێژمه‌وه‌، خودا ده‌یكرد، دوێنێ جه‌ژنێك داده‌مه‌زرا. مادام ئه‌و جه‌ژنه‌ ده‌بێته‌ هۆی خۆشی و شادی بۆ كۆمه‌لگاكانی به‌شه‌ریه‌ت، ده‌بێ به‌ جه‌ژنێكی پیرۆز دابندرێ و شادمانی و خۆشیی ئه‌و گه‌لانه‌ پیرۆز بكرێ و لێیان تێكنه‌درێ و فتواو قراری نامرۆڤانه‌ به‌ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ ده‌رنه‌كرێ و ده‌رنه‌بڕێ بۆ دژایه‌تی كردن و خۆشی تێكدان.

جه‌ژنی نه‌ورۆز، ته‌نها جه‌ژنی گه‌لی كورد نیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ دین و ئاگرپه‌رستیه‌وه‌ نیه‌. ته‌نها گه‌لانی زۆرده‌ست و داگیركه‌ر، هه‌رده‌م بۆ كۆنتڕۆل كردنی مێشكی ژێرده‌ستان، پڕوپاگنده‌ی نابه‌جێ و ناڕه‌وایان به‌ناوی دینه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ناوو ناتۆره‌ی هه‌لبه‌ستراویان بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز هه‌لبه‌ستوه‌ و بوینه‌ به‌ربه‌ست و دژایه‌تی نه‌ورۆزیان كردوه‌ و ناوی ئاگرپه‌رستیان بۆی به‌كار هێناوه‌. 

هه‌ر به‌ هۆی یاساخ و به‌ربه‌ست كردنیش، له‌ سه‌ده‌ی بیست و هه‌تا ئه‌مڕۆ، جه‌ژنی نه‌ورۆز بۆ گه‌لی كورد، وه‌ك ڕۆژی سه‌رهه‌لدان و ڕاپه‌ڕین و ژیانه‌وه‌ هاتۆته‌ ئه‌ژمارو بلندو پیرۆز ڕاگیراوه‌. ئه‌ویش، كاردانه‌وه‌یه‌ دژی داگیركاران و زۆرداران و به‌ربه‌ست دانه‌ران. جه‌ژنتان پیرۆز بێت و نه‌فره‌ت له‌وانه‌ش كه‌ به‌ربه‌ست داده‌نێن و ئه‌وانه‌شی كه‌ پالپشتی له‌ به‌ربه‌ست ده‌كه‌ن. ئازادی بۆ ئاشتیخوازان. شه‌رمه‌زاری بۆ داگیركه‌ران و پیلانگێڕان.

عیسا سێودین

Sunday, March 5, 2017

یاده‌وه‌ری ڕاپه‌ڕین و به‌رهه‌می دوای ڕاپه‌ڕین.

زۆر به‌كورتی له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕین.
ڕاپه‌ڕین به‌ كورد كراو ته‌سلیم به‌ مه‌لایی و جه‌لالی كرا.
كه‌ ده‌لێم مه‌لایی و جه‌لالی، حیزبه‌ هورده‌واله‌كانیش له‌ هه‌مان عه‌قلیه‌تدا به‌ڕێوه‌ ده‌ڕۆن و نه‌یانتوانیوه‌ سه‌ربه‌خۆو هه‌لقولاوی ناخی جه‌ماوه‌ر بن.

هیچ هێزێكی ژیرو بیرتیژیش له‌ناو كوردی عێڕاقدا نه‌بو كه‌ عه‌قلی پێدا بشكێ و بزانێ كه‌ مه‌لایی و جه‌لالی له‌ بناغه‌وه‌ دروستكراوی ده‌ستی ده‌ره‌كین و ده‌بێ له‌و به‌رنامه‌و ڕێگایه‌ ده‌رنه‌چن كه‌ بۆیان داندراوه‌ و ده‌ستنیشان كراوه‌.

دوای ئه‌زمونی زیاتر له‌ بیست و پێنج سالیش، هه‌ر كه‌سێك دلی به‌ به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین و كوردایه‌تی مه‌لایی و جه‌لالی خۆش بێت و به‌ سه‌ركه‌وتنی بزانێت، له‌و ناوانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌رناچێت.
به‌رژه‌وه‌ندیداری بێ ویژدان، سه‌رسه‌ری و بێعار، گه‌مژه‌و كۆیله‌، نه‌زان و هه‌لخه‌له‌تێندراو، گه‌وادو نیشتیمان لاقه‌كه‌ر.
كێش له‌گه‌لم هاوڕا نیه‌، با بۆخۆی بچێته‌ به‌ر ئاوێنه‌و خۆی بدۆزێته‌وه‌.


عیسا سێودین. ٥-٣-٢٠١٧

Thursday, February 16, 2017

Messenger : په‌یامبه‌ر

تێبینی: له‌سه‌ر په‌یڤی(پێغامبه‌ر) په‌یامبه‌ر
به‌ كوردی ده‌گۆترێ، 
پێغامبه‌ری خودا.
به‌ عه‌ره‌بی ده‌گۆترێ، 
رسول الله.
به‌ فارسی ده‌گۆترێ، 
رسول خدا.
به‌ توركی ده‌گۆترێ، 
Tanrının elçisi
به‌ سپانی ده‌گۆترێ، 
mensajero de Dios
به‌ ئینگلیزی ده‌گۆترێ، 
The Messenger of God

كه‌واته‌ (كه‌لیمه‌)ی په‌یامبه‌ر به‌ ته‌نیا بۆ نێردراوانی خودا به‌كار ناهێنرێ. ئه‌و (كه‌لیمه‌) ده‌تواندرێ بۆ هه‌ر كه‌سێكیتر به‌كار بهێندرێ. به‌لام ئه‌گه‌ر گۆتت په‌یامبه‌ری خودا، ئه‌وه‌ یه‌كسه‌ر مانای ناردراوانی خودا ده‌دات كه‌ له‌ كورده‌واریدا، به‌ (پێغامبه‌ری خودا) مه‌شهورن و به‌و شێوه‌ به‌كار ده‌هێنرێ. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ سه‌رجه‌م زمانه‌كانی جیهان، كه‌س به‌ ته‌نیا په‌یڤی (پێغامبه‌ر) په‌یامبه‌ر بۆ ناردراوانی خودا(رسول) به‌كار ناهێنی. له‌ گشت زمانه‌كاندا، ناوی خودا به‌كار ده‌هێنن و وه‌ك ئه‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ده‌لێن پێغامبه‌ری خودا. باقی ئه‌گه‌ر ناوی خودای پێوه‌ نه‌لكێنرا، (كه‌لیمه‌)ی (پێغامبه‌ر) په‌یامبه‌ر ده‌توانرێ بۆ هه‌ر كه‌سێك به‌كار بهێنرێ. بۆ نمونه‌، كۆمه‌لێك یان گروپێك یان بلێین گه‌لێك ناڕه‌زایی دژی سیسته‌می حوكومڕانی ده‌رده‌بڕن و خۆپێشاندان ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی كاربه‌ڕێكه‌رن و كاربه‌ده‌ستن، ناتوانن بهێن و قسه‌ له‌گه‌ل یه‌ك به‌ یه‌كی ناڕازیبوان بكه‌ن، ناچارن داوا له‌ ناڕازیبوان بكه‌ن و بلێن نوێنه‌رتان بنێرن هه‌تا داواكاریه‌كانتان به‌ ئێمه‌ بگه‌یه‌نن، نوێنه‌ره‌كان ده‌ڕۆن و په‌یامی ناڕازیبوان به‌ كاربه‌ده‌ستان ده‌گه‌یه‌نن، له‌و حالاتاندا، ده‌كرێ به‌ نوێنه‌ران بگۆترێ، پێغامبه‌ری جه‌ماوه‌ر، واته‌ په‌یامبه‌ری ناڕازیان، واته‌ په‌یامی بۆ بردن و په‌یامی بۆ گه‌یاندنه‌ كاربه‌ده‌ستان و بونه‌ په‌یامبه‌ر. ئیتر به‌ چ زمانێك باسی ئه‌و په‌یڤه‌(كه‌لیمه‌) بكرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌كار ده‌هێنرێن و هیچ ناشازی و ناله‌باری و حه‌ڕامی و حه‌لالیی تێدا نیه‌.


تێبینی: بۆیه‌ ئه‌و كورته‌ نوسینه‌م له‌سه‌ر ئه‌و په‌یڤه‌ نوسی، چونكی زۆربه‌ی كۆمه‌لگا پاشوه‌ماوه‌كان و دواكه‌وتوه‌كانی وابه‌سته‌ به‌ ئایینه‌كانه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی مانای په‌یڤه‌كان بزانن، له‌ كه‌س قبول ناكه‌ن ئه‌و (كه‌لیمه‌) وه‌ك مانای خۆی بۆ كه‌سانێكیتر به‌كار بهێنن و زۆرێك پێیان وایه‌ كوفره‌ ئه‌و په‌یڤ بۆ كه‌سانی ئاسایی به‌كار بهێنرێ و به‌ به‌كار هینانی توڕه‌ ده‌بن و هه‌لده‌چن و ده‌ست به‌ دژایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌كاربه‌ران ده‌كه‌ن و سوكایه‌تیان پێ ده‌كه‌ن.

عیسا سێودین