Friday, November 24, 2017

تیرۆر ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩

كاری تیرۆرستی.
تیرۆر له‌ سه‌رده‌می داعش به‌رپا نه‌بوه‌. به‌لكو داهێنانی تیرۆر له‌ سالانی په‌نجاكانه‌وه‌ به‌ده‌ستی چه‌كداره‌كانی كوردایه‌تی ئه‌نجام دراوه‌ دژی هه‌ژارانی گوندنشین.
سال ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩
مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ ڕوسیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و دارو ده‌سته‌ی ئه‌فه‌ندیه‌كانی كوردایه‌تی جله‌وی خۆیان ده‌ده‌نه‌ ده‌ستی و واده‌زانن له‌و ماوه‌ی له‌ ڕوسیا ماوه‌ته‌وه‌، شاره‌زاییه‌كی باشی په‌یدا كردووه‌ و له‌ كاری ڕێبه‌رایه‌تی و ماف و یه‌كسانیدا، باشترین كه‌س ده‌بێت بۆ به‌ره‌وپێش بردنی دۆزی كوردان و سه‌ركه‌وتو ده‌بێت و چیتر دژبه‌رایه‌تی عه‌شیره‌ته‌كان ناكات.

ئه‌و كاتی مه‌لا مسته‌فاو چه‌كداره‌كانی، له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بن له‌گه‌ل ده‌وله‌تی عێڕاق به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم.
چه‌كدارانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، به‌ ده‌ڤه‌ری دۆله‌مه‌ڕی و ده‌وروبه‌ری چیای حه‌سه‌ن به‌گدا بلاو ده‌بنه‌وه‌. 

كاروانه‌كی سۆفیه‌كانی شێخ ڕه‌شید لۆلانی هاتبونه‌ دیانا و چه‌ند ده‌وارێكیان له‌ شه‌كرو ئارد بار كردبون و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆلان. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا به‌ ده‌شتی دیانادا به‌ڕێده‌كه‌ون و  دێلزیاو شینكه‌كانی بادلیا به‌جێ ده‌هێلن و له‌ گه‌روی ئۆمه‌راغا به‌سه‌ر ده‌كه‌ون و شۆڕ ده‌بنه‌وه‌ به‌ره‌و شیوه‌ شێخان. ئه‌و كاروانچی سه‌رجه‌میان كه‌سانی خوایی و ساده‌ بون و غه‌ره‌زیان له‌ هیچ كه‌سێك نه‌بووه‌ و كوشتنی كه‌سیان له‌ خه‌یالدا نه‌بووه‌. ڕویان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێت و ته‌نها خه‌یالیان لای باره‌كانی ئاردو شه‌كره‌ كه‌ بیانگه‌یه‌ننه‌وه‌ جێی مه‌به‌ست و برسییه‌كانی چاوه‌ڕوانی كاروان لێی سودبه‌خش بن.

كاروان ده‌گاته‌ شیوه‌ شێخانێ. له‌شكری مه‌لا مسته‌فا ده‌نگیان ده‌ده‌ن و لێیان ده‌پرسن، ئێوه‌ كێن و بۆ كوێ ده‌ڕۆن؟ كاروانچیه‌كانیش له‌و ته‌بعانه‌ بون كه‌ بۆ پاراستنی ڕوحی خویشیان درۆ نه‌كه‌ن. زۆر ڕاشكاوانه‌ وه‌لامیان ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌لێن، ئێمه‌ كاروانچین و هاتوین هنده‌ك ئه‌رزاق بۆ مال و خێزان په‌یدا بكه‌ین و به‌ره‌و لۆلان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌. كه‌ ده‌بینن هه‌ر نۆ كاروانچیه‌كان سۆفیی ڕیشدارن و ته‌وبه‌داری شێخ ڕه‌شید لۆلانین، ده‌وره‌یان لێده‌ده‌ن و هه‌ر نۆ كاروانیه‌كان ده‌گرن و پشتاو پشت له‌ دارایان ده‌به‌ستنه‌وه‌. هه‌تا ویژدانیان ده‌هێنی، ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن و لێدان و ئیهانه‌یان ده‌كه‌ن. پاشان به‌ چه‌قۆ ده‌ست به‌ كه‌ول كردنیان ده‌كه‌ن، له‌ سه‌ره‌تادا به‌ساخی، ڕیش و سمێلیان كه‌ول ده‌كه‌ن. هه‌ر به‌ به‌ستراوه‌یی ده‌ماره‌ خوێنبه‌ره‌كانیان ده‌بڕن و به‌و شێوه‌ هه‌تا هه‌ر نۆ كاروانچی ڕوحیان ده‌رده‌چی و لاشه‌كانیان به‌ هه‌لواسراوی به‌جێ ده‌هێلن و ئه‌رزاقه‌كه‌شیان ده‌به‌ن و ده‌ڕۆن.

شوكور له‌و كاتیه‌وه‌ هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ل بێت، دادگایه‌ك په‌یدا نه‌بو كه‌ كه‌س و كاری ئه‌و نۆ كاروانیه‌ بێتاوان تیرۆر كراوانه‌ بتوانن داوای مافی ڕه‌وای خۆیان و خوێنی به‌ناحه‌ق ڕژاویان بكه‌ن. ئێستاش به‌شێك له‌ نه‌وه‌كانی ئه‌و تیرۆر كراوانه‌و نه‌وه‌كانی ماله‌ شێخیان، خزمه‌تی كوردایه‌تیی تۆقێنه‌ر ده‌كه‌ن.

به‌ڕێزان، ئه‌و نۆ كه‌سه‌ی باسی تیرۆر كردنیانم كردون، نه‌ بینیومن، نه‌ده‌یانناسم. به‌لام له‌ ده‌یان كه‌سی به‌سالاچوی ناوچه‌ی برادۆست بۆم گێڕدراوه‌ته‌وه‌ و به‌شێكی ئه‌و كه‌سانه‌ ئێستاش له‌ ژیاندا ماون كه‌ زۆر به‌ ده‌قیقی ئاگاداری تیرۆر كردنی ئه‌و كاروانچیه‌ بێتاوانانه‌ن و ناوی یه‌كه‌ یه‌كشیان ده‌زانن. هه‌رئه‌وتۆ له‌ جێگای تیرۆر كردنی هه‌ر یه‌ك له‌و نۆ كه‌سه‌دا، خه‌له‌ به‌ردێك دروست كراوه‌ و هه‌تا بیست و شه‌ش سال پێش ئێستا كه‌ هێزی كوردایه‌تی له‌ دیمه‌شق و تاران و ئه‌نقه‌ره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر حازری، قلۆتكه‌ به‌رده‌كان هه‌ر مابون. ده‌كرێ هه‌تا ئێستاش مابن، ئه‌گه‌ر كوردپه‌روه‌ران نه‌یانڕوخادبن بۆ ئه‌وه‌ی ئاساڕی تیرۆر دیار نه‌بێت.

مه‌به‌ستی من له‌ نوسینه‌وه‌ی ئه‌م تیرۆره‌، نه‌ دژایه‌تیه‌، نه‌ ڕق لێبونه‌وه‌یه‌، نه‌ لایه‌نگیریه‌. ته‌نها مه‌به‌ستم، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێ مرۆڤ مێژووی خۆی له‌بیر بكات و هه‌روا به‌ئاسانی پشتگوێیان بخات. له‌هه‌مان كات، مه‌به‌ستمه‌ له‌ خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست و هه‌موو كوردانی عێڕاق بپرسم و بلێم، ده‌بێ چ شۆڕشێك بێت، هه‌رده‌م  هاولاتیان و هاوزمانانی خۆی به‌ دڕونده‌ترین شێوه‌ تیرۆر كردبن و درێژه‌یش به‌هه‌مان ڕێباز بدات؟ 
دیسان ده‌پرسم و ده‌لێم، ئه‌وه‌ زیاتر له‌ په‌نجاو هه‌شت ساله‌ دوای ئه‌و ڕوداوه‌ و هزاران ڕوداویتری خراپتر به‌ده‌ستی كوردایه‌تی به‌سه‌ر كورددا هاتونه‌ و به‌رده‌وامیشن. هه‌تا ئێستا له‌ ماوه‌ی ئه‌و په‌نجاو هه‌شت ساله‌دا، یه‌ك دادگای عادل و مافناس و حه‌قستێنه‌وه‌ له‌ناو كورد دروست نه‌بوه‌ كه‌ كه‌سێك بتوانێ داوای حه‌قی خۆی له‌سه‌ر تاوانبار تۆمار بكات و تاوانبار خۆی له‌ دادگادا ببینێته‌وه‌ و هه‌رچی هاتو به‌ئاسانی ڕۆیشت و به‌بێ لێپێچینه‌وه‌ بێدنگیی لێكرا. 

من خوێنی خۆم ده‌كه‌مه‌ كاسه‌ كه‌ ده‌ست بۆ هنده‌ك نوسینی ناوچه‌كه‌ ده‌به‌م و ده‌زانم ده‌یان كه‌س ئاگاداری هنده‌ك له‌و ڕوداوانه‌ن و له‌ ژیاندا ماون، كه‌چی ناوێرم په‌یوه‌ندیان پێوه‌ بكه‌م و ورده‌كاریی ڕوداوه‌كه‌یان لێپرسم، نه‌وه‌ك له‌ ترسی حوكمی كوردایه‌تی نه‌توانن وه‌لامم بده‌نه‌وه‌ و ڕاستیه‌كان وه‌ك خۆی بگێڕنه‌وه‌. له‌هه‌مانده‌مدا، هزاران كه‌س به‌بێ تاوانی به‌ده‌ستی كوردایه‌تی تیرۆر كراون و ئه‌ولاده‌كانیان ناوێرن باسی بكه‌ن، نه‌وه‌ك ئه‌وانیش به‌ده‌ردی باوك و باپیرانیان تیرۆر بكرێن و خوێنیان به‌فیڕۆ بڕوات. ده‌شزانم ئه‌و جۆره‌ ڕوداوانه‌ له‌ هه‌موو حیزبه‌ كوردیه‌كانی عێڕاق وه‌شاوه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانی عێڕاق ڕویانداوه‌، لێ من زانیاریم له‌سه‌ر ڕوداوه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ تێیدا ژیاوم. ده‌كرێ، هه‌ركه‌سێك لای خۆی ڕوداوه‌كانی ناوچه‌ی تێیدا ژیاوه‌، بخاته‌وه‌ به‌رچاوو بێده‌نگی بشكێنن و نه‌هێلن دوای تیرۆر كردنمان، مێژووشمان تیرۆر بكرێ.

دواپرسیارم له‌ كوردایه‌تی ئه‌وه‌، ئه‌رێ شۆڕش و تێكۆشانتان بۆ كورد كردوه‌ و ده‌یكه‌ن، یان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئێوه‌ی كوردپه‌روه‌ر، بۆ بڕینی شاده‌ماری كوردانی بنده‌ست دروست كراون و كار بۆ داگیركه‌ران ده‌كه‌ن؟؟؟؟