Tuesday, March 9, 2021

یادی ڕاپەڕین ٩-٣-٢٠٢١

 لە ١٩٩١ گەل ڕاپەڕی و خوێنی ڕژاند،

گەلحۆکانی کوردایەتییش هاتنە سەر حازری و خۆیان سەپاند.

 

نەمدەویست هیچ بنوسم لەسەر ڕاپەڕینی گەل و هاتنەوەی قوڕمساخەکانی کوردایەتیی، لەودیو سنورەکانەوە بە خۆیان و چەکی چەتەیی و پلاییس و کەتەرەوە بۆ بڕینی تێلی کارەباو دزینی عامودو بنیات نانی هێزی میلیشیایی بە پالپشتیی دەرەکی بۆ سوتاندنی ئومێدە گەشەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو. لێ بەپێویستم زانی بەو بۆنەیەوە، کورتە گەشتێکی ناو یادەوەریەکان بکەم. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ٩-٣-١٩٩١ لە ڕاپەڕینی شاری کۆیە، هاوڕێی پەروەردە جوان و پێگەیشتوم زرار ڕەشید بلباس جوانەمەرگ بوو، زۆر بەداخەوە کە نەمانتوانی یەکتر ببینینەوە و ماوەی خاتر خوازیمان لە یەکتر بۆ نەڕەخسایەوە. زرار لە سالی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ تەخەڕوجی کرد، بەس لەبەر ئەوەی بۆ حیزبی بەعثی ڕوخاوی ئیمزا نەکرد، وەزیفەی پێنەدرا، هەتا لە ڕاپەڕین شەهید بوو، نیمچە یاخی لە مالەوە مایەوە.

 

لە هاوینی ١٩٧٨ ڕژێمی بەعثی گۆڕبەگۆڕ گوندەکانمانی بە کانی و جۆگە و ئاوو خانییوە تێکدان و ئێمەی لە سروشتی بەهەشت ئاسای دەڤەری برادۆست دابڕاندین و لە خانییە تۆزو گێچەکانی بێ ئاوی کۆمەلگای زۆرەملێی بانی قەبران (دێگەلە) بەنادلی ئاکنجیی کردین. مەگەر پێشتر کەسانێکی کەم لە حوجرەکاندا فەقێ و کۆلکە مەلا بوبن، ئەگینا هەموومان نەخوێندەوارو کۆلەوار بوین.


مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەلایەتییە، ئێمەی مل بەتۆزو گێچ و نەخوێندەوارو لە زەوی و جۆتیاری و مەڕداری و بەرهەمداری قەتێندراو، پەیوەندیمان دروست کرد لەگەل هاوزمانانی دەشتی هەولێرو ناوچەی خۆشناوەتی و بلباسایەتی، بەتایبەتیش شاری کۆیە. لەو سەردەمیدا، یادی بەخێرو ڕوحی ڕەوان، ڕەشید بلباس دوکانێکی مامناوەندیی شتی کارەبایی هەبوو، بەو جۆرە دوکانان دەگۆترا، (وەکالەتی شەریکە ئەفریقی) ئێمەیش بۆ کڕینی پێویستیەکانی وەک (پانکە، مبەڕیدە، ثەلاجە، مجەمیدە، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن) ڕومان لە دوکانی مام ڕەشید دەکرد و ئەویش زۆر بە ڕووێکی خۆش و نورانی و داشکانەوە شتی پێدەفرۆشتین، پول و پارەیشمان پێنەبا، هەرچییەکی ویستمانبا، دەمانبردو پرسیاری لەسەر نەبوو. هەتا ئەوتۆ تێکهەلاو ببوین، جار هەبوو، کە دەچوینە دوکانەکەی، یەکسەر بانگی مێرد مندالێکی دەکردو پێیدەگۆت، ”بڕۆ لای فلانە قەساب، ئەوەندە گۆشتە بکڕە و بیبەرەوە بۆ مالی ئێمەو بلێ میوانمان هەن، نانی نیوەڕۆمان بۆ ئامادە بکەن“. ئیدی پرسی پێنەدەکردین، ئەگەر ئێمەیش گۆتمانبا مام ڕەشید، ئیشمان هەیە و ناکرێ و دەبێ بڕۆین، ئەوا بە پێکەنینەوە دەیگۆت، ”دەی بۆخۆتان هەر بیلێن، بەخوا ناڕۆن“. بەو شێوە تێکهەلاویێکی دۆستانە و خێزانیمان پەیدا ببوو. کوڕی نۆبەرەی مام ڕەشیدو مسری خانمی هاوسەری بەناوی زرارو کوڕی دووەمیان بەناوی سەلیم لە جامیعەی سەلاحەددین، کولیەی علوم دەستیان بە خوێندن کرد. زۆر جاران لە ڕۆژانی پێنج شەم و ئەینی سەردانیانم دەکردو پێکەوە دەچوینەوە بۆ کۆیە و دیداری مالەوەیان. جار هەبوو لە کۆیەیش سەر گەرمانە دەچوینە شاخی هەیبەت سولتان و چنارۆکێ و لەوێشەوە سەردانی مالە خالانی کاک زرارو کاک سەلیم،مان دەکرد لە گوندی بیستانە و هەتا پردی هیزۆپ دەڕۆیشتین و بۆ شەوێ دەگەڕاینەوە. مالە خالانیان زۆر خانەدان و سادە و میواندۆست بون. کوڕە خالێکیان بە ناوی مراد زۆر خوێن شیرین و قسە خۆش بوو. کە پێکەوە دادەنیشتین، لە خوا دەپاڕاینەوە کات و سات زوو نەڕواو بتوانین تێر گوێگری گفتوگۆو لەفز شیرینیی یەکتر بین.


بەندە زۆرم مەڕاق بوو فێری خوێندەواریەکی باش بم. من نەخوێندەوارو کاک زرارو کاک سەلیم، فێرخوازی کولیە، هەردەم شتم لێ دەپرسین و ئەوانیش دلسۆزانە وەلامی پرسەکانیان دەدامەوە. لەبیرمە کاک زرار زۆرێک لە گۆرانیەکانی داریۆشی بۆ کردبومەوە کوردی. لەسەر ئەو مەڕاقە بەردەوام بوم هەتا توانیم ببمە ئەو کەسە کە هەم هاوڕێی چالاکی خوێندنەوە بم، هەم بتوانم جار جارە یادە پەنگ داوەکانی ناخم هەلڕێژمە سەر ڕوپەلە سپیەکان.


زۆر دلگرانم کە لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ چەندان هاوڕێم گیان بەخت بون و بە یەکجاری مالئاواییان لە ژیان کرد. کۆڕەو،یش هەم بووە هۆی گیان لەدەست دانی دایکی خۆشەویستمان، هەم ئاوارەی کردین وبە  ناخ کواری خەم و پەژارەوە، کەوتینە ولاتانی غەریبی و ڕەشەبای پاییزی پەنابەر بون زۆرێک لە ئومێدەکانی شێوەی پەلکەدار هەلوەراندین.   


مام ڕەشید لە ١٩٩٨ کۆچی دوایی کردووە، ڕوحی شادو بەهەشتی بێت. 

مسری خانمی هاوسەری مام ڕەشید لە ٢٠١٧ چوەتە بەر دلۆڤانیی خوا، جێگەی بەهەشت بێت و تەمەنی درێژیان بۆ کاک سەلیم و خوشک و براو مندالەکانیان جێمابێت.

کاکە مراد بلباس لە ژیاندا ماوە، هیوادارین تەندروست و دلخۆش بێت.

سپاس و پێزانینم بۆ کاکە جێگر سەلیم ڕەشید و ناردنی وێنەی مام ڕەشیدی ڕەحمەتی بۆم

Friday, February 19, 2021

خۆشاو

 هەتا لە گوندان دەژیاین، وەرزی پاییز کە بەروبومی ڕەزو باغ پێدەگەیشتن، دەست دەکرا بە چنینی ترێ، وەشاندن و خڕ کردنەوەی کیوز، کرۆسک، گڕک، سێو، خۆخ، قەیسی، کیوشک و چنینی هنجیر. گەلەک جاران ڕۆژێ چوار پێنج چێنک هنجیرمان دەهێنانەوە.


بەروبومی ڕەزان ئەوەندە زۆرو پڕ بەرەکەت بوو، لە خواردنی ڕۆژانە زۆر زیاد دەبون و دەیان کردنە لەتک و مێوژو ستورک و هیشک دەکران بۆ وەرزی زستانێ. ئەو سەردەم، هیچ شتێکی وەک شەربەت و خواردنەوە غازاتیەکان نەبون. زۆر جاران بە مەنجەلی گەورە لەتکە سێو، کرۆسک، گڕک، لەتکە قەیسی، مێوژو قەسب تێکهەل دەکران و لەسەر کوچکی داران دادەنران، کە گەوزیان دەهاتێ، ئاگریان لە بن مەنجەل کەم دەکرد هەتا لەسەرەخۆ دەکەلی (دەکولا). لەپاش کەلین دەیان ستاندەوە و لە بێلاویێ دایاندەنا هەتا تەواو سارد دەبویەوە. ئیدی لەگەل جەمە خواردنەکان، ترگارێکیان پڕ لە خۆشاو دەکرد، کەوچکە دارێکیان لەناو دەنا، یان بلێین کەوچکە دۆ. هندەک بە کەوچکان خۆشاویان بە خلتەوە دەخوارد،  هندەکیش ناوە ناوە ترگاریان بەسەر دەمی وەدەکرد و تەنها ئاویان فڕ دەکرد. خۆشاو بە لەزەتترین خواردنەوەی ئەو سەردەم بوو. هەرچەندە ئێستا خواردەمەنی و خواردنەوەی کارخانەکان ئەوەندە زۆرە، هیچ شتێک تام و بۆی پێشان نادات. وەک گوندانیش لەتکە کرۆسک و سێو، کڕک، لەبەر دەستان نینە. بەلکو تەنها مێوژ و قەیسی هاسان بەدەست دەکەون و دەیانکەینە خۆشاو، بەس بۆ من خۆشترین و بە لەزەتترین شەربەتە بۆ خواردنەوە. هەردەم لەگەل کێشت و نیوڕۆژ بادییەکی خۆشاو دادەنێین.

خۆشاو دروست کردن، ئاسانترینە و بەسودترین شەربەتیشە بۆ تەندروستیی مرۆڤ.


تێبینی:

لە وەرزی پاییزو پێگەیشتنی بەری ڕەزاندا، گڕک، کرۆست (هەرمێ) سێو، بێ، قەیسی، لێ دەکرانەوە و لەت لەت دەکران و لەبەر ڕۆژێ ڕادەکران هەتا هیشک دەبون. بەو جۆرانە دەگۆترا لەتکە، واتە لەت کراو، قاش کراو. هەر ئەوتۆ هندەک ترێ،یان دەچنی و لە ویشیەکانیان دادەڕنی و لەبەر ڕۆژێ ڕایاندەکرد هەتا هیشک دەبوو، واتە دەبووە مێوژو هەلدەگیرا. هندەکیش، ترێ،یان دەچنی، مەنجەلێکی گەورەیان لەسەر ئاگر دادەنا، هندەک خۆلی، (مشکی)یان تێدەکرد، ترێ،یان لەو ئاوە خۆلی هەلدەهێناو و پاشان لەبەر ڕۆژێیان ڕادەکرد هەتا وشک دەبو و دەبووە مێوژ.


فەرهەنگۆک:

ترگار، تاس، بادی، جام. \ کەوچک، یان بلێین کەوچکە دۆ، ملاکی گەورە بون، لە داری توو، داری گوز (گوێز) داری قەیسی دروست دەکران. ئەو سەردەمی ملاکی فافۆن و ستیل نەبون، یان بەدەست هەموو کەس نەدەکەوتن. \